سەرەکی » راپۆرت » گفتوگۆ لێدوانەكانی تێنەپەڕاندووە

هەرێم ئامادەیە و بەغدا بێ وەڵامە

گفتوگۆ لێدوانەكانی تێنەپەڕاندووە

هەرێمی كوردستان جارێكی دیكە ئامادەیی خۆی بۆ «دەستپێكردنی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا لەپێناوی چارەسەری كێشەكاندا» دووپاتكردەوە، بەڵام «تائێستا بەغدا ئامادەنییە»، ئەمەش بەپێی نوێترین لێدوانی سەرۆك وەزیرانی هەرێم.

UN تەئكید لە چارەسەر دەكاتەوە
لێدوانەكەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، دوای كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیران لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا خرایەڕوو، هاوكات لەگەڵ ئەو لێدوانەشدا هەردوێنێ نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیران و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم پێشوازییان لە یان كۆبیش نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق كرد و هەردوولا جەختیان لەسەر «پێویستی گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر هەردوو ئاستی تەكنیكی و سیاسی بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەكان»، كردەوە. سەرۆك وەزیران رۆڵی نەتەوە یەكگرتووەكانی بۆ زەمینەخۆشكردن بەمەبەستی دەستپێكردنی گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا، دووپات كردەوە.

سەرۆك كۆمار بەردەوامە لە هەوڵەكانی
لەلایەكی دیكەوە، د.فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆمار بەردەوامە لە هەوڵەكانی بۆ نزیكردنەوەی هەولێر و بەغدا، دوێنێش لە بەغدا بەجیا لەگەڵ ئوسامە ئەلنوجەیفی جێگری سەرۆك كۆمار و هادی ئەلعامریی ئەمینداری گشتیی رێكخراوی بەدر، نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق و باڵیۆزانی ئەمریكا و بەریتانیا، كۆبۆوە و تەئكیدی لە هەرچی زووتر دەستپێكردنی «دیالۆگی برایانە و بنیاتنەری نێوان هەولێر و بەغدا» كردەوە.
لەمبارەیەوە راپۆرتێك لە ل4 بخوێنەرەوە
ئەنجومەنی وەزیران دۆخی كەركوك و خورماتووی تاوتوێكرد
لە كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانیشدا، راپۆرتێكی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەكان سەبارەت بە هەردوو شاری كەركوك و خورماتوو، بارودۆخی ئاوارەكان خرایەڕوو. هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانیشی راسپارد بۆ كۆكردنەوەی بەڵگە و بە دۆكیومێنتكردنی ئەو تاوانانەی لەو ناوچانە روویانداوە.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك وەزیران لەبارەی سەردانەكەی فەرەنساوە رایگەیاند: فەرەنسا و سەرۆك ماكرۆن پشتگیریی لە پاراستنی ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و هەڵوێستی حكومەتی هەرێم دەكات كە ئامادەیە ناكۆكییەكان لە رێگەی دیالۆگەوە لەسەر بنەمای دەستوور لەگەڵ حكومەتی فیدرال چارەسەر بكات، بۆ ئەمەش فەرەنسا و سەرۆك ماكرۆن هاوكار دەبن و هانی عیراق دەدەن بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆیەكی نیشتمانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان. هەر بۆ هەمان مەبەست لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەكەوێتە پەیوەندیی.

هەڵوێستی حكومەتی هەرێم
سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە بەشێكی دیكەی كۆنگرە رۆژنامەنووسییەكەیدا، لەبارەی گفتوگۆی نێوان بەغدا و هەرێمەوە، وتی: تائێستا هیچ گفتوگۆیەكی تەكنیكی و سیاسی لە نێوان ئێمە و بەغدادا نییە. چەندینجار ئەوەمان دووبارە كردۆتەوە و خەڵكیشمان بێزار كردووە كە دەڵێین ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆ، دووبارەی دەكەینەوە ئامادەین بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا و چارەسەركردنی كێشەكان لە چوارچێوەی دەستووری عیراقدا، بەڵام تائێستا هیچ گفتوگۆیەك لەنێوان ئێمە و بەغدادا نییە و ئەوان ئامادە نین، ئەگەرنا ئێمە ئامادەین، وتیشی: سەرۆكی فەرەنسا ئامادەیی نیشانداوە بۆ هەموو هەوڵێك لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا.

هەڵوێستی حكومەتی عیراق
سەعد حەدیسی وتەبێژی حكومەتی عیراقیش لە لێدوانێكدا كە ئاژانسەكانی هەواڵ بڵاویانكردۆتەوە، رایگەیاند: ئێستا پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و عیراق بەرەو ئاراستەیەكی راست هەنگاو دەنێت، «پێویستە هەردوولا بە جددی كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بكەن، بە شێوەیەك جێگەی رەزامەندیی و لە بەرژەوەندیی هەردوولادا بێت». جارێكی دیكەش داوای لە حكومەتی هەرێم كرد «سەرجەم بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی جێبەجێ بكات و پابەندبێت بە دەستوور لەپێناوی بەزوویی چارەسەركردنی سەرجەم كێشە و ئاڵۆزییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لە هەموو بوارەكاندا».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*