سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » میدیاو میدیاكاری‌ یه‌كێتی

لەناو روداوەکاندا

میدیاو میدیاكاری‌ یه‌كێتی

دوای‌ كۆنگره‌..

به‌شی یه‌كه‌م

له12/1/2020 یادی گه‌وره‌ترین میدیای كاغه‌زی ڕۆژنامه‌ی‌ (كوردستانی‌ نوێ)مان كرده‌وه‌. زۆرجار خوێنه‌ران و نوسه‌رانی ده‌ره‌وه‌ی (كوردستانی‌ نوێ) ده‌یانوت ئێوه‌ خۆتان حیزبین و له‌ناو ڕۆژنامه‌كه‌دا كارده‌كه‌ن بۆیه‌ ئه‌و ده‌زگایه‌تان له‌لا گه‌وره‌ و گرنگه‌ و ڕۆحی یه‌كێتی بوون وایكردووه‌ خۆشتان بوێت، به‌ڵام واقیعی یاده‌كه‌ و هاتنی ئه‌و هه‌موو میوانه‌ كه‌ به‌شێكیشی كادیر و نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسی ناو یه‌كێتی نه‌بوون، به‌ڵگه‌ی‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ ڕۆژنامه‌ی‌ (كوردستانی‌ نوێ) بۆ میدیاكارانی كوردستان هه‌مان ئه‌و قوتابخانه‌ فه‌لسه‌فی و كلاسیكی و ڕۆمانتیكیانه‌ كه‌ خوێندكاره‌كانی‌ چه‌ند لێی داببڕێن و هه‌ندێكجاریش دژی بووه‌ستنه‌وه‌، به‌ڵام له‌دواجاردا هه‌ر كوڕی ئه‌و قوتابخانه‌ و ڕێبازه‌یه‌.
ئه‌وه‌ی‌ له‌ ساڵیادی ڕۆژنامه‌ی‌ (كوردستانی‌ نوێ)دا بینیم له‌ كادیران و میدیاكارانی یه‌كێتی كه‌ هێشتان وه‌ك دیارییه‌كی به‌نرخی (سه‌رۆك مام جه‌لال) وه‌سفی (كوردستانی‌ نوێ) ده‌كه‌ن و به‌ هه‌مان ڕۆحی جاران و زه‌مه‌نی‌ «مام» له‌ خه‌می پێشكه‌وتنی ڕۆژنامه‌كه‌یاندا، جێگه‌ی‌ دڵخۆشی بوو، به‌ڵام كاتێك گه‌وره‌تر له‌ پرسه‌كه‌م ڕوانی و به‌گشتی وێنایه‌كی میدیای‌ یه‌كێتی جارانم هێنایه‌وه‌ یاد، توشی ڕاچڵه‌كینێك بوومه‌وه‌ كه‌ میدیای یه‌كێتی و میدیاكاری‌ یه‌كێتی له‌ پاشه‌كشێ دایه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و مێژووه‌ گه‌وره‌ و گرنگه‌ی‌ یه‌كێتی كه‌ ده‌كاته‌ چوار ده‌یه‌ و نیو.
ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌وێ بڵێم: هه‌ر چی به‌سه‌ر میدیا و میدیاكاری‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بێت، هیچ به‌رپرسیارێتییه‌كی ئه‌خلاقی و حیزبی ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ میدیاكاره‌كان كه‌ مۆراڵی و ئیتیكی كار ناكه‌ن و هیچ حه‌ز و خۆشه‌ویستییه‌كیان بۆ حیزبه‌كه‌یان نییه‌، به‌ڵكو هۆكار هه‌ر پاشه‌كشێیه‌ك له‌ میدیای‌ یه‌كێتییدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ هەندێک لەو سەرکردانەی كه‌ نه‌ك میدیاكانی‌ یه‌كێتییان لاوازكرد به‌ڵكو خودی یه‌كێتی خۆیشیان لاوازكردو كارێكی وایانكرد كه‌ میدیاكاره‌كانی‌ یه‌كێتی به‌لێشاو كۆچ بكه‌ن بۆ میدیای دیكه‌و حیزبی دیكه‌.
به‌نده‌ نامه‌وێت میدیاو میدیاكاری یه‌كێتی به‌راورد بكه‌م به‌ میدیاو میدیاكاری هیچ حیزبێكی دیكه‌، چونكه‌ هه‌موو ئه‌و ئه‌زمونه‌ میدیاییه‌ی‌ ئێستا له‌ كوردستان هه‌یه‌ به‌رهه‌می میدیاو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌ و هه‌موو ئه‌و ئه‌زمونه‌ یه‌كێتی به‌ڕێژه‌ی‌ 70% دروستی كردووه‌ و هێشتان زه‌مه‌نێك نییه‌ له‌ڕووی ئازادی و پێگه‌یاندنی میدیاكاری‌ باشه‌وه‌ زه‌مه‌ن و توانای‌ یه‌كێتی تێپه‌ڕاندبێت. واته‌ ده‌توانین بڵێین میدیا یه‌كێتی ئه‌و قوتابخانه‌ مێژووییه‌یه‌ كه‌ هیچ میدیاكارێكی باش نییه‌ له‌ كوردستان ڕۆژانێك له‌ بێستانی‌ سه‌وزی‌ ئه‌م ماڵه‌ گه‌وره‌یه‌ی یه‌كێتییدا پشوویه‌كی نه‌دابێت و كه‌شكۆڵی خۆیی پڕ نه‌كردبێت و گوزه‌ری‌ نه‌كردبێت.
ئه‌وه‌ی‌ له‌دوای‌ كۆنگره‌ له‌ یه‌كێتی چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ین ئه‌وه‌یه‌؛ وه‌ك چۆن هه‌موو كادیر و دڵسۆزانی‌ یه‌كێتی چاوه‌ڕێی به‌هێزبوونه‌وه‌ی‌ یه‌كێتی ده‌كه‌ن و خه‌ونیانه‌ یه‌كێتییه‌كی نوێ ببینن دوای‌ كۆنگره‌، ئه‌وا به‌هه‌مان شێوه‌ پێویسته‌ یه‌كێتی نوێ میدیایه‌كی نوێ و سه‌رده‌مێكی نوێ له‌ كاری میدیاو میدیاكانیشی دروست بكات و وه‌ك هه‌ر كایه‌ و لایه‌نێكی دیكه‌ سه‌ركردایه‌تی نوێ گرنگی به‌ میدیاكانیشی بدات و شۆڕشێكی میدیایی باش له‌ ئاینده‌دا به‌رپا بكات و ئه‌و گوته‌زایه‌ بكاته‌ واقیع كه‌ شۆڕشی سیاسی و لقه‌ شۆڕشه‌كان له‌ میدیاو كاری‌ ڕێكخراوه‌یی و ئازادی و …..هتد كاری‌ یه‌كێتی خۆیه‌تی.
ئه‌ركی كۆنگره‌ ته‌نها گه‌نجكردنه‌وه‌ و تازه‌كردنه‌وه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نەبووە، به‌ڵكو پێداچوونه‌وه‌ و نوێكردنه‌وه‌ی‌ ته‌واوی‌ جومگه‌كانی‌ یه‌كێتییه‌ به‌جۆرێك له‌گه‌ڵ واقیعی ئێستای كوردستان و ناوچه‌كه‌ بگونجێت كه‌ میدیا یه‌كێكه‌ له‌و جومگانه‌. ئه‌و هه‌موو خه‌ونه‌ی بۆ نوێبوونه‌وه‌ی‌ یه‌كێتی هه‌یه‌ خه‌ونی نوێبوونه‌وه‌ی‌ میدیاكانی یه‌كێتیش له‌خۆی ده‌گرێت. به‌هیچ كلۆجێك په‌سه‌ندكراو نییه‌ ئه‌م توانا میدیاییه‌ باشه‌ی‌ یه‌كێتی له‌ ئێستادا نه‌خرێته‌ چوارچێوه‌ی‌ میدیایه‌كی باشی ئه‌وتۆوه‌ كه‌ شایانی یه‌كێتییه‌كی نوێیش بێت، ئه‌گه‌ر بڕیاره‌ یه‌كێتی نوێ بكه‌ینه‌وه‌ ئه‌وا ئه‌م نوێبوونه‌وه‌یه‌یش پێویستی به‌ میدیایه‌كی نوێی ئه‌وتۆ هه‌یه‌ بارته‌قای زه‌مه‌ن و هێز و جوڵه‌ی‌ یه‌كێتییه‌ نوێكه‌مان بێت.
ئۆباڵی خراپی میدیاو شێوازی‌ میدیاكاره‌كانی‌ یه‌كێتی له‌ئه‌ستۆی سه‌ركردایه‌تی نوێی یه‌كێتییدایه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*