لەمیانی دیدارو كۆبوونەوەكانی سەرۆكو سەركردەكانی وڵاتان لەپەراوێزی كۆبوونەوەكانی كۆڕبەندی ئابووریی جیهان لەداڤۆس. دوێنێ، د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار لەكۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، تاوتوێی چەند پرسێكی گرنگیان كرد.
لەكۆبوونەوەكەدا، سەرۆك بەرهەم ساڵح، جەختیكردەوە لەسەر پێویستیی چڕكردنەوەی هەوڵەكان بەئاراستەی چەسپاندنی ئاسایشو ئارامی لەهەردوو ئاستی هەرێمایەتیو نێودەوڵەتی. ئاماژەشیكرد بۆ چەسپاندنو پتەوكردنی ئاسایشو سەقامگیریی وەك تاكە رێگەچارەیەك بۆ زامنكردنی هێنانەدیی ئاشتیی سەرتاسەری لەناوچەكەدا.
لەبەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك كۆمار، رایگەیاند: عیراق سوورە لەسەر دروستكردنی پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ تەواوی دۆستو هاوپەیمانەكانی، كە ببێتەمایەی پتەوكردنی سەروەریی عیراقو رێزگرتن لەبڕیاری سەربەخۆو بەدیهێنانی بەرژەوەندییەكانی گەلی عیراقو بەردەوامیدان بەگەشەسەندنی ئابووریو بنیاتنانەوەو رێگەنەدان بەوەی عیراق ببێتە گۆڕەپانی ململانێكانو یەكلاكردنەوەی كێشەكان.
لای خۆیشییەوە، سەرۆكی ئەمریكا، پشتیوانیی وڵاتەكەی نیشاندا بۆ سەقامگیریی عیراقو سوربوونی لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییە هاوبەشەكانو فراوانكردنی مەودای هاریكارییەكان لەنێوان عیراقو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا، كە خزمەت بەبەرژەوەندیی هەردوو گەل بكات. هاوكات رۆڵی میحوەریی عیراقیشی بەرزنرخاند لەناوچەكەدا.
هەر لەدیدارەكەدا، سەرۆك كۆمارو سەرۆكی ئەمریكا، تاوتوێی بوونی هێزە بیانییەكانو كەمكردنەوەی ژمارەیان لەعیراقو گرنگیی رێزگرتن لەداواكاریی گەلی عیراق بۆ پارێزگاریكردن لەسەروەریی نیشتمانیو چەسپاندنی ئاسایشو سەقامگیرییان، كرد.
133 جار بینراوە