سەرەکی » وتار » شوان کەریم کابان » غەزەبی ترەمپ

غەزەبی ترەمپ

دۆناڵد جۆن ترەمپ، سەرۆكی ئێستای ئەمریكا، ساڵی 1946 لەدایكبووە، ملیاردێر و خاوەن كار و بازرگانێكی گەورەشە، كەسایەتییەكی سینەمایی و تەلەفزیۆنیش بوو، سەرۆكی رێكخراوی ترەمپ-ە.
ترەمپ لە بواری بازرگانیدا باڵادەستە و خاوەنی ژمارەیەكی زۆر ئوتێل و گازینۆ و شوێنی گەشتیاری و گۆڕەپانی یاری گۆڵف-ە.
ماوەیەك پێشكەشكاری بەرنامەی تەلەفزیۆنی بووە ‌و دیارترین بەرنامەش كە پێشكەشكاری بوو، بەرنامەی ئەپرینسس بوو لە تەلەفزیۆنی ئێن بی سی. هەروەها بەرهەمهێنەری فیلم و بەرنامەی تەلەفزیۆنییە، جگە لەوە لە بواری نواندنیشدا كاری كردووە و چەند رۆڵێكی بچووكی لەو فیلمانەدا گێڕاوە كە خۆی بەرهەمی هێناون.
ترەمپ لە بواری كاری بازرگانیدا كاریگەریی گەورەی باوكی بەسەرەوە بووە و هەر ئەوەش وایكردووە كاری سەرەكی لە بواری بازرگانی تەلار و خانووبەرەدا هەڵبژێرێت و ناوی لە لیستی گۆڤاری فۆربێس-ی ئەمریكادایە بۆ ملیاردێرەكان. ساڵی 1987 دەستی داوەتە كاری سیاسی، ساڵی 2000 وەك كاندیدی پارتی ریفۆرمی ئەمریكایی چووە پێشبڕكێی سەرۆكایەتییەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی پشتگیری خەڵكی بەدەست نەهێنا، هەر زوو كشایەوە. پاشان پەیوەندیی كردووە بە پارتی كۆماری و ساڵی 2016 وەك كاندیدی پارتەكە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا بەشداری كرد و لە خاتوو هیلاری كلنتۆنی بردەوە و بووە 45 ەمین سەرۆكی ئەمریكا.
دوناڵد ترەمپ سەرۆكی ئێستای ئەمریكا بە چەند هەڵسوكەوتێك لە سەرۆكەكانی ئەمریكا جیادەكرێتەوە، لەوانە بەكارهێنانی تویتەر بۆ دەربڕینی را و بۆچوونە سیاسی و رەسمییەكانی، زۆر دەركەوتن لەسەر شاشەكانی TV ، زوو پەشیمان بوونەوە لە هەندێ بڕیار و بۆچوون، لە هەمووشی دیارتر، لابردن و دەركردنی ژمارەیەكی زۆر لە وەزیر و فەرمانبەرە باڵاكانی ئیدارەكەی، بەهۆی ئەوەی بەبڕوای خۆی سیاسەت و رێنماییەكانی ئەو جێبەجێ ناكەن و لە خواست و ویستەكانی ئەو لایانداوە، یان بەقسەیان نەكردووە.
لیستی ئەوانەی ترەمپ لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا لایبردوون، یان دەریكردوون، زۆر دوور و درێژە، هەروەك نموونە ئاماژە بە ژمارەیەكیان دەدەین:
-ریكس تیلرسۆن وەزیری دەرەوە، بڕیاری لەكارلابردنی لەڕێی تویتەرەوە بڵاوكردەوە.
-جۆن بوڵتن راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی.
-ئەلكساندەر فیندمان ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی لە كۆشكی سپی، بەهۆی ئەوەی شایەتی دابوو لەسەر ترەمپ، لابرا.
-یفگینی فیندمان برای ئەلكسندەر فیندمان، لابرا.
-گوردن سوندلاند باڵیۆزی ئەمریكا لە یەكێتیی ئەوروپا، لابرا.
-باڵیۆزی ئەمریكا لە ئۆكرانیا، لابرا.
-جەیمس كۆمی بەڕێوەبەری ئێف بی ئای، لابرا.
-جەیمس ماتیس وەزیری بەرگری، لابرا.
-جۆن كیلی گەورە فەرمانبەری كۆشكی سپی، لابرا.
-پاتریك شاناهان وەزیری بەرگری بە وەكالەت، لابرا.
-نیكی هیلی باڵیۆزی ئەمریكا لە UN ، لەبەر رێكنەكەوتنی لەگەڵ ترەمپ دەستی لەكار كێشایەوە.
-سكۆت پروت سەرۆكی ئاژانسی پاراستنی ژینگە، لابرا.
-جێف سینز وەزیری داد، لەسەر داوای ترەمپ دەستی لەكار كێشایەوە.
-دیڤید شولكن وەزیری كاروباری جەنگاوەرە دێرینەكان، لابرا.
-هێربێرت ماكماستر راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی، لابرا.
-گاری كۆهین گەورە راوێژكاری ئابووری، دەستی لەكار كێشایەوە.
-هۆپ هیكس بەڕێوەبەری كۆمەنیكەیشنی كۆشكی سپی، دەستی لەكار كێشایەوە.
-رۆب پۆرتەر سكرتێری كاروباری فەرمانبەرانی كۆشكی سپی، دەستی لەكار كێشایەوە.
-ئەندریو مكابی یاریدەدەری پێشووی ئێف بی ئای، لابرا.
– تۆم برایس وەزیری تەندروستی، دەستی لەكار كێشایەوە.
– ستێڤ بانۆن راوێژكار لە كۆشكی سپی، لابراوە.
– ئەنتۆنی سكاراموتشی بەڕێوەبەری كۆمەنیكەیشنی كۆشكی سپی، لابرا.
– رینس پریبوس گەورە فەرمانبەری كۆشكی سپی، لەسەر داوای ترەمپ دەستی لەكار كێشایەوە.
– شون سپایسر، دەستی لەكار كێشایەوە.
– مایكل فلین راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی، لابرا.
– سالی بیتس جێنشینی وەزارەتی داد، لابرا.
– برێت بهارارا داواكاری فیدراڵی لە نیویورك، لابرا.
– بوول مانفورت بەڕێوەبەری پێشووی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ترەمپ، لابرا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*