سەرەکی » راپۆرت » سەرنشینانی كەشتییەكی گەشتیاریی، بەرەو مەرگپەڕە 3

كۆرۆنا

سەرنشینانی كەشتییەكی گەشتیاریی، بەرەو مەرگ

ئا/ عەلی كاشان

كەشتیی (شازادەی ئەڵماس)، زیاتر لە 3600 سەرنشینی هەڵگرتووەو لەگەشتدایە. لەدوای شاری وۆهانی چین-ەوە، دووەم شوێنە كە ژمارەی تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنای تێدایە‌و زیاتر لە دوو هەفتەیە لە كەناراوەكانی یابان لەنگەری گرتووەو سەرنشینەكان رێیان پێنادرێت بڕۆنە دەرەوەی كەشتییەكە.

پیاوێك هۆكارە
ئاشكرابوونی ڤایرۆسەكە لەسەر ئەو كەشتییە دوای ئەوەبوو یەكێك لەسەرنشینەكان، پیاوێكی چینی تەمەن 80 ساڵ كە لە بنەڕەتدا نەخۆشی شەكرەی هەبووە، لە هۆنگ كۆنگ لە كەشتییەكە دابەزیوەو دوای پشكنین دەركەوتووە هەڵگری ڤایرۆسەكەیە.
دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكەش لەسەر كەشتییەكە بەهۆی بوونی ژمارەیەكی زۆر رەگەزنامەی جیاوازی گەشتیاران لەسەر كەشتییەكە كاردانەوەی وڵاتان دەستیپێكرد، كە دواترینیان ئەمریكایە‌و داوای گواستنەوەی سەرجەم سەرنشینە ئەمریكییەكانی سەر كەشتییەكە دەكات، كە ژمارەیان نزیكەی 400 كەسە. هاوكات حكومەتی كەنەداش داوادەكات لەڕێگەی گەشتێكی تایبەتەوە هاووڵاتیانی خۆی بگێڕێتەوە بۆ وڵاتەكەی لەژێر چاودێریی وردی تەندروستیدا.
حكومەتی ئیسرائیلیش رایگەیاندووە سێ هاووڵاتی ئیسرائیلی لەسەر هەمان كەشتین. بۆ ئەوەش ئامادەیی دەربڕیوە تیمی تایبەتی پزیشكی وڵاتەكەیان بنێرن بۆ هاوكاریكردنیان. حكومەتی چینیش تەنها رێگە بەسەرنشینەكانی دەدات كە رۆژانە چەند جارێك لە پەنجەرەكانی كەشتییەكەوە یان لە بەلەكۆنی ژوورەكانی سەر كەشتییەكەوە هەوای پاك هەڵمژن و رێگەی هاتنە خوارەوەیان پێنادرێت.

355 تووشبوو
كەشتییەكە لەڕۆژی پێنجی ئەم مانگەوە لەكەناراوەكانی یۆكۆهامای نزیك تۆكیۆی پایتەختی یابان لەنگەری گرتووە، وەزارەتی تەندروستیی یابانیش رایگەیاندووە تا ئێستا پشكنین بۆ 1219 سەرنشینی سەر كەشتییەكە كراوە، كە 355 كەسیان هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان.
تەندروستی یابان ئەوەشی ئاماژەپێكردووە كە دوو هەفتەیە رێگەیان نەداوە سەرنشینانی كەشتییەكە دابەزن‌و هیچ جۆرە جوڵەیەك بكەن، بەبەردەوامیش پشكنین بۆ سەرنشینەكانی دەكرێت و هەڵگرانی ڤایرۆسەكە رەوانەی نەخۆشخانە دەكرێن لە یابان‌و رێوشوێنی توندیش گیراوەتەبەر بۆ رێگریی لەبڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە.

70 هەزار تووشبوو
بەپێی نوێترین ئامارەكان ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا گەیشتۆتە 70 هەزار كەس‌و نزیكەی 1700 كەسیش بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گیانیان لەدەستداوە.

print

 21 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*