سەرەکی » دۆسێ » ناكۆكییەكان لەسەر كابینە حكومییەكەی عەللاوی

كورد و سوننە ناڕازیین

ناكۆكییەكان لەسەر كابینە حكومییەكەی عەللاوی

رەوتەكان-

وێڕای ئەوەی بڕیاربوو 24ی شوبات كابینەی حكومەتی نوێ لەلایەن پەرلەمانی عیراق دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام بەهۆی ناكۆكییەكان و نەبوونی كۆدەنگی لەسەر حكومەتی نوێ‌، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كۆبونەوەكەی بۆ كاتێكی تر دواخست، پەرلەمانتارێكی كوردیش لەو بارەیەوە رایگەیاندبوو «ئەگەر كۆبونەوەكەی سبەی بكرێت، رێژەی ئامادەبوانی یاسایی نابێت، چونكە كورد و سونە و بەشێكیش لە شیعەكان بایكۆتی دەكەن».
لە 15ی شوباتی 2020، محەمەد تۆفیق عەللاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو رایگەیاندبوو، لە ماوەی هەفتەیەكەدا كارنامەی حكومەتەكەی و ناوی وەزیرەكانی كابینەكەی پێشكەش بە پەرلەمان دەكات، هیواخوازیشە وەزیرەكان لەلایەن پەرلەمانەوە متمانەی پێبدرێت.
لەبارەی دانیشتنەكەی پەرلەمانەوە، پەرلەمانتارێكی كورد رایگەیاندبوو، هەرچەندە سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو داوای لە پەرلەمان كردووە 24ی ئەم مانگە كۆبونەوەیەك بۆ دەنگدان لەسەر كابینەكەی سازبكرێت، بەڵام رێكارەكانی ئەو داوایە، نەناردنی ناوی وەزیرەكانی لەخۆگرتووە بەر لە 48 كاتژمێر و نەرێككنەكەوتنی پێكهاتەكانی لەسەرە، بۆیە پێناچێت كۆبوونەوەكە سازبكرێت.
بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە كە قسەی بۆ یەكێك لە میدیاكان كردبوو»بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ، تەنیا سەرۆك كۆمار، سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك وەزیرانی عێراق دەتوانن داوای كۆبونەوەی نائاسایی پەرلەمان بكەن و ئەوەندەی ئەوان ئاگادارن هیچ كام لەوانە داوایەكی لەو شێوەیەیان پێشكەش نەكردووە، لەگەڵ ئەوەشدا عادل عەبدولمەهدی بەهۆی ئەوەی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەرە، ناتوانێت داوای كۆبونەوەی نائاسایی بكات».
لەبارەی هەڵوێستی كوردیش، ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت» ئەوان چاوەڕێی وەفدی كوردن بۆ ئەوەی ئەنجامی گفتوگۆكان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بۆ پەرلەمانتاران رونبكەنەوە، بەبێ بەرچاوڕونیش كورد، سوننە و لەناو پێكهاتەی شیعەشدا ئەندامانی دەوڵەتی یاسا بەشداری كۆبونەوەكەی پەرلەمان ناكەن».
لە ماوەی چەند رۆژی رابردودا ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان چەندان لێدوان و راگەیەندراوی دژبەیەكیان لە بارەی كاتی كۆبونەوەی پەرلەمان و شێوازی كۆبونەوەكە بڵاوكردبوە، ئەمەش رەنگدانەوەی بۆچوونی جیاوازی پێكهاتەكانە لەبارەی حكومەتەكەی عەللاوی، چونكە ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی نوێنەرایەتی پێكهاتەی كورد و شیعە و سوننە دەكەن.
هەر لەو باریەوە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق رایگەیاندبوو، سەرۆكایەتی پەرلەمان هیچ وادەیەكی بۆ كۆبونەوەی پەرلەمان دیارینەكردووە چونكە «پێویست دەكات كارنامەی حكومەت و ناوی وەزیرەكان دوو رۆژی پێش كۆبونەوە بگاتە پەرلەمان».
حەلبوسی رۆژێك دوای ئەو لێدوانەی داوایكردبوو، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كۆببێتەوە، ئەمەش بۆ تاوتوێكردنی ئەو داواكاریانەی بۆ كۆبونەوەیەی نائاسایی بەمەبەستی دەنگدان لەسەر حكومەتی نوێ پێشكەشكراون.
سەرۆكی پەرلەمانی عیراق داوایكردبوو، لە دانیشتنەكەدا رۆژی كۆبونەوەی پەرلەمان بۆ دەنگدان بە كابینەی وەزارییەكەی محەمەد تۆفیق عەللاوی دیاریبكرێت.
هەروەها حەسەن كەعبی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كە لە هەمانكاتدا ئەندامی هاوپەیمانی سائیرونە كەلەلایەن موقتەدا سەدرەوە پێكهێندراوە لە راگەیەندراوێكدا رونیكردوەتەوە، كۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق كە بڕیاربو رۆژی دوشەممە بەڕێوەبچێت بۆ رۆژی چوارشەممە 26ی شوبات دواخراوە.
هەروەها 22ی ئەم مانگەش بەشیر حەداد، جێگری دوەمی سەرۆكی پەرلەنی عێراق لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنوسیدا باسی لەوەكرد، بە گوێرەی یاسا دەبێت بەر لە 48 كاتژمێر سەرۆك وەزیران كارنامەی حكومەت و كاندیدی وەزارەتەكان بۆ پەرلەمان بنێرێت، دواتر سەرۆكی پەرلەمان لیژنەیەكی پێداچونەوەی تایبەت بە كارنامەی حكومەت بە سەرپەرشتی یەكێك لە جێگرەكانی پێكدەهێنێت.
رونیشیكردەوە، دوای ئەوەی لیژنەكە راپۆرتی خۆی ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكات سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق وادەی كۆبونەوەكە دیاریدەكات، بەڵام تائێستا ئەوە نەكراوە بۆیە «پێموایە كۆبونەوەكەی رۆژی دوشەممە ئەنجامنادرێت».
دوای بەڕێوەچونی دو كۆبونەوەی سەرۆكی زۆرینەی پارتە سەرەكییەكانی عێراق لە ماڵی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان، لەبارەی ئەركی داهاتوی حكومەت و شێوازی دیاریكردنی وەزیرەكان نەگەیشتنە رێككەوتن.
لەوبارەیەوە فادی شەمەری، سەركردە لە رەوتی حیكمەی نیشتیمانی رایگەیاند، لە دانیشتنەكەی شەوی 19ی ئەم مانگەدا لیژنەی بچوككراوە لە پارتە سیاسیەكان سەركەوتو نەبوە لە دروستكردنی كۆدەنگی بۆ دەنگدان بە حكومەتەكەی محەمەد تۆفیق عەلاوی، چونكە لایەنی كورد و سونە لە داوكارییەكانیان سازشیان نەكردوە.
لەبارەی كۆبونەوەی پەرلەمانیش بەبێ كۆدەنگی فراكسیۆنەكان، ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی پارتی ئەوەی خستەڕو، لە كاتێكدا حكومەتی نوێ پێویستی زۆرترین پشتیوانی هەیە بۆ راپەراندنی ئەركەكانی كە ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت و لێپرسینەوەی لە بكوژی خۆپیشاندەران و چاكسازیی گشتگیرە، بەڵام بەشێك لە لایەنەكان دەخوازن بە دەنگی 50+1ی ئەندامانی پەرلەمان (165 پەرلەمانتار) حكومەتی نوێ لەسەر بنەمای زۆرینە تێپەڕێنن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*