سەرەکی » دۆسێ » كۆرۆنا عیراق دەخاتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

ترسی ئەوە هەیە لە ئێرانەوە دزە بكات

كۆرۆنا عیراق دەخاتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

رەوتەكان-

دوای دەركەوەتنی چەندان حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە چەند ناوچەیەك لە كۆماری ئیسلامی ئێران، وەزارەتەكانی تەندروستی و گواستنەوە، چەند رێوشوێنێكیان بۆ بەرگرتن لە دزەكردنی ئەو ڤایرۆسە بۆ نێو خاكی عیراق گرتەبەر.
لەگەڵ ئەوەی وەزارەتی تەندروستی عیراق رەتیدەكاتەوە هیچ حاڵەتێكی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتدا تۆماركرابێت، بەڵام كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عیراق، داوای لە حكومەت كردبوو، باری نائاسایی تەندروستی لە وڵاتدا رابگەیەنرێت، نوێنەری عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای ئایینیش، بەپێویستی دەزانێت دامەزراوە تەندروستییەكان خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەكە ئامادە بكەن، دوای ئەوەی توشبوون بەو ڤایرۆسە لە ئێرانی دراوسێی عیراق تۆماركرا و ژمارەیەكیش بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستدا.

رێگرتن لە هاتنەناوەوەی ئێرانییەكان
وەزارەتی ناوخۆی عیراق، بڕیاردا پێدانی ڤیزەی گەشتیاری بۆ هەڵگرانی پاسپۆرتی ئێرانی ڕابگرێت.
وەزارەتی ناوخۆی عیراق، لە 20ی شوباتی 2020 بڕیاریدا پێدانی ڤیزەی گەشتیاری بۆ هەڵگرانی پاسپۆرتی ئێرانی ڕابگرێت، ئەمەش لەكاتێكدایە كە پێشتر شانەی قەیران لە وەزارەتی تەندروستی چەند پێشنیارێكی سەبارەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، پێشكەش كرد.
پێشینارەكانی وەزارەتی تەندرستی عیراق، ڕێگرتن لە هاتنەناوەوەی ئێرانییەكان و ڕێگرتن لە گەشتی عیراقییەكان بۆ ئێران لەخۆدەگرتبوو.
پێشتر وەزارەتی تەندروستی حكومەتی فیدراڵ، ڕەتیكردبۆوە داوای داخستنی مەرزە سنورییەكانی كردبێت لەگەڵ ئێران و لەو باریەوە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو”ئەو هەواڵانەی باسیان لە داواكاریی وەزارەتی تەندروستی كردووە سەبارەت بە داخستنی مەرزە سنورییەكان لەگەڵ ئێران بەهۆی دەركەوتنی حاڵەتەكانی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، دوورن لە ڕاستییەوە”.
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی فیدراڵ داوای كردووە، میدیاكان لەكاتی گواستنەوەی هەواڵەكاندا بەدیقەت بن و زانیارییەكان لە سەرچاوە فەرمییەكانەوە وەربگرن.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، غەیدا كبمش، پەرلەمانتاری عیراقی، داوای لە حكومەت كردبوو، دەستبەجێ‌ سنورەكان لەگەڵ ئێراندا دابخرێن، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئێران.

راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكان
وەزارەتی گواستنەوەی عیراق، گەشتە ئاسمانییەكانی كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عیراقی بۆ ئێران ڕادەگرێت، ئەمەش دوای ڕاگەیاندنی حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ناوچە ئێرانییەكان.
بەپێی بەیاننامەیەك كە لە 21ی شوباتی 2020 لەلایەن وەزارەتی گواستنەوەی عیراقەوە بڵاوكرایەوە”گەشتە ئاسمانییەكانی كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عیراق، بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران لە لەمڕۆ 20ی شوباتی 2020 ڕاگیرا تا وادەیەكی نادیار، دوای ڕاگەیاندنی بوونی حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە چەند ناوچەیەك لە ئێران”.
هەر لە بەیاننامەكەی وەزارەتی گواستنەوەدا هاتبوو”بەپێی ئەو ڕێنماییانەی لە وەزارەتی تەندروستییەوە پێیانگەیشتووە، بۆ گرتنەبەری ڕیوشوێنی پێویست لەپێناو بەرگرتن لە هاتنەناوەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆنێو خاكی عیراق، ئەو بڕیارەیان دەركردووە كە فڕۆكەخانەكانی بەغدا و نەجەف دەگرێتەوە، جگە لە شاندە دیپلۆماسییەكان و ئەو عیراقیانەی ئێستا لە ئێرانن كە دەبێت لەكاتی گەڕانەوەدا پشكنینی پزیشكیان بۆ بكرێت لەلایەن تیمەكانی وەزارەتی تەندروستی”.
وەزارەتی گواستنەوەی عیراق دەڵێت”ئامادەن بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی، ئەو عیراقیانەی لە ئێرانن بگوازنەوە بۆ عیراق، دوای ئەوەی پكشنینی پێویستییان بۆ دەكرێت و تەئكید لە سەلامەتییان دەكرێتەوە لەلایەن تیمە تەندروستییە پسپۆڕەكان”.

گرتنەبەری رێوشوێنی توند لە دەروازە سنورییەكان
هەر لەو چوارچێوەەیدا بەڕێوەبەری دەستەی دەروازە سنورییەكانی عیراق رایگەیاندبوو، داوایان لە یەكەی تەندروستی دەروازە سنورییەكانی عیراق لەگەڵ ئێران كردووە بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەو وڵاتەدا رێكاری پێویست بۆ پشكنینی هەمو ئەو كەس و كەلوپەلانە بگیرێتەبەر كە دێنە ناو خاكی عێراق.
بەپێی راگەیەندراوێك كە لەلایەن عومەر وائیلی بەڕێوەبەری دەستەی دەروازە سنورییەكانی عیراقەلە 20ی شوباتی 2020 بڵاوكرایەوە «بەشی تەندروستی لە ئیدارەی خاڵە سنورییەكان ئاگادار كراوەتەوە كە لەمەودا رێكار و پشكنینی پێویست بۆ هەموو ئەو هاووڵاتی و كەلوپەلانە بگیرێتەبەر كە لە وڵاتی ئێرانەوە دێنە نێو خاكی عێراق».
هەر لە رایگەیەندراوەكەدا هاتووە» رێنمایی وەزارەتی ناوخۆ پەیوەست بە ئاسانكاریكردن بۆ هاتنەوەوەی هاوڵاتیانی ئێرانی وایكردووە لە خاڵە سنورییەكان ژمارەیەكی بەرچاوی خەڵك سەردانی عیراق بكەن، «جێبەجێكردنی ئەو بڕیارەش لە ئیستادا پێویستی بە زیادكردنی توانای مرۆیی هەیە».
دوابەدوای ئەمەش، چەند مەرزێكی سنوری لەگەڵ ئێران، لەوانەش موزریە و زرباتیە و مەندەلی و هەندێك مەرزی تر بۆ ماوەیەكی كاتی داخران.

راگەیاندنی باری نائاسایی
داوا لە حكومەتی عیراق كرا، باری لەنائاسایی تەندروستی ڕابگەیەنێت.
كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عیراقدا لە ڕاگەیەنراوێكدا لە 22ی شوباتی 2020 رایگەیاندبوو، لەپێناو پاراستنی هاوڵاتییان و بۆ ڕێگریكردن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، پێویستە حكومەت باری لەناكاوی تەندروستی تا ئاستی (جیم) ڕابگەیەنێت.
هەروەها داواشی كردبوو، بۆ زیاتر هۆشیاری خەڵك و ڕێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە، سەرجەم دامەزراوە حكومی و ناحكومییەكان و میدیا هاوكار و هەماهەنگبن.

چەند حاڵەتێكی توشبوون بە كۆرۆنا ڕادەگەیەنرێت
وەزارەتی تەندروستی عیراق لە 21ی شوباتی 2020 ڕایگەیاندبوو، هیچ حاڵەتێكی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عیراقدا تۆمارنەكراوە.
بەپێی بەیاننامەیەكی كورت كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە بڵاوكرایەوە”هیچ حاڵەتێكی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عیراقدا تۆمارنەكراوە”.
سیستانی داوای ئامادەباشی دەكات
نوێنەری مەرجەعیەتی باڵای ئاینی لە عیراق، بەپێویستی دەزانێت دامەزراوە تەندروستییەكان خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئامادە بكەن، دوای ئەوەی توشبوون بەو ڤایرۆسە لە ئێرانی دراوسێی عیراق تۆماركرا.
شێخ ئەحمەد سافی نوێنەری عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای ئاینی لە وتاری نوێژی هەینی رابردوو لە شاری كەربەلا ڕایگەیاند”پێویستە دامەزراوە تەندروستییەكان چارەسەریی ڕیشەیی و ڕاستەقینە دابنێن و كێشەكە دیاریی بكەن، پێویستە ئامادەكارییەكان لەئاستی ئەو مەترسییەدابن”.
بە وتەی ئەحمەد سافی”خۆپاراستن لە چارەسەركردن باشترە، بۆیە دەبێت ئاگاداربین و لایەنەكانیش لەئاستی بەرپرسیارێتیدابن و وڵات و بەندەی خودا لەو مەترسییە بەدووربگرن”.
بەپێی وێستگەی (ئێران ئینتەر ناشیوناڵ) 11 كەس بەهۆی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئێران گیانیان لەدەستداوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی فەرمی وڵاتەكە ئاماژە بە گیانلەدەستدانی تەنیا 4 كەس دەكەن بەهۆی توشبوون بە ڤایرۆسەكە.
لەدوای دەركەوتنی نەخۆشییەكە لە ئێران، عیراق چەند ڕێوشوێنێكی گرتەبەر، لەوانە ڕێگرتن لە هاتنەناوەوەی ئێرانییەكان بۆ ماوەی سێ‌ ڕۆژ و ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەكان لە هەردوو فڕۆكەخانەی بەغدا و نەجەف بۆ ئێران تا وادەیەكی نادیار.
بەپێی دوایین پێشهاتی تایبەت بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ‌، لە 24ی شوباتی 2020، وەزارەتی تەندروستی عیراق، تەئكیدی لەسەر حاڵەتێكی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا كردەوە لە پارێزگەی نەجەف كە خوێندكارێكی ئێرانییە و لە ڕۆژی دواتردا ڕەوانەی وڵاتەكەی كرایەوە.
لە 25ی شوباتی 2020، بە هەمان شێوە وەزارەتی تەندروستی عیراق ڕایگەیاندبوو، 4 كەس لە پارێزگەی كەركوك كە هەموویان ئەندامی خێزانێكن توشی كۆرۆنا بوون، ئەمەش لەكاتێكدایە كە پێشتر ئەو خێزانە سەردانی وڵاتی ئێرانیان كردبوو.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*