سەرەکی » دۆسێ » باس لە حوكمڕانییەكەی عەبدولمەهدی دەكرێت

تەنیا ساڵێك درێژەی كێشا

باس لە حوكمڕانییەكەی عەبدولمەهدی دەكرێت

كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوە، لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی 2018 لەلایەن پەرلەمانی عیراقەوە متمانەی پێبەخشرا، لە سەرەتای هەمان مانگدا لە 2019، واتا دوای تێپەڕبوونی تەنیا ساڵێك بەسەر دەستبەكاربوونی حكومەتی دوای هەڵبژاردنەكانی 2018، خۆپیشاندانی بەرین بەغدا و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراقی گرتەوە.
بەپێی ئامارە نافەرمییەكان، لە خۆپیشاندانەكان زیاتر لە 600 كەس كوژران و نزیكەی 25 هەزار كەسی تر برینداربوون، دەوترێت ئەو ساڵە خوێناویترین بووە لە مێژووی عیراقی نوێ‌ سەبارەت بە كوژرانی خۆپیشاندەران و خەڵكی ناڕازیی كە بۆ داواكردنی ماف و باشتركردنی حاڵ و گوزەرانیان هاتبوونە سەر شەقام.
حكومەتەكەی عەبدولمەهدی لەگەڵ ئەوەی میراتگری زۆرێك لەو كێشە و تەنگژانەدا بوو كە عیراقییەكان ناڕەزایی بەرانبەر دەردەبڕن، بەڵام بە بەرپرسی یەكەمی ڕژانی خوێنی خۆپیشاندەران تۆمەتبار دەكرێت، بەو پێیەی سەرۆكی دەسەڵاتی ڕاپەڕاندن بووە لەو ماوەیەدا و دەیتوانی ڕێگە لە سەركوتكردن و تەوژمەكانی توندوتیژی لە خۆپیشاندەران بگرێت، یان لانی كەم ئەو لایەنانە دەستنیشان بكات كە دەستییان لە كوشتنی خۆپیشاندەراندا هەبوو.
لەو باریەوە غالب شابەندەر سیاسەتمەداری عیراقی ڕایدەگەیەنێت، نە لە ئێستا ونە لە ئایندەدا كەس ناتوانێت عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوە لە نەفرەتی ئەو خوێنەی ڕژا، پاكبكاتەوە.
شابەندەر لە تویتێكیدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) ڕایگەیاندبوو”عادل عەبدولمەهدی (خوێناوی)، خوێناوی بە لاوازییەكەی، ئەو هەرچەندە بە دەستی خوێنی نەڕشتووە، بەڵام ئاسانكاریی بۆ كردووە، لاواز بوو كاتێك بێدەنگ بوو لەبەرانبەر ئابڕوبردنی بكوژان”.
بە وتەی غالب شابەندەر”ئەو لەلایەن ئەبو جیهاد هاشمییەوە هێنرابوو، ڕۆیشت بەبێ‌ ئەوەی داخی بۆ هەڵبكێشرێت، بەرپرسیارێتی زۆربەی ئەو ڕووداوانەی ڕویاندا دەكەوێتە ئەستۆی”.
ئەو سیاسەتمەدارە عیراقیە پێیوایە”نە لە ئێستا و نە لە ئایندەدا كەس ناتوانێت عەبدولمەهدی لە قوڕی سەرشۆڕی و نەفرەتی ئەو خوێنەی ڕژا، پاكبكاتەوە”.
هەر لەبارەی عادل عەبدولمەهدی و حوكمڕانییەكەی، موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر رایگەیاندبوو، سەردەمی حكومڕانی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی عیراق «شكستێكی ئاشكرایە و توشی سەرسوڕمانی كردوم»، دەشڵێت «هاوپەیمانی چاكسازی بەهۆی بەرژەوەندی تایبەتەوە شكستی هێناوە».
سەدر لە دیمانەیەكدا لەگەڵ كەناڵی (الشرقیە) لە 24ی شوباتی 2020 رایگەیاندبوو» دوای ئەوەی سەرۆك كۆمار محەمەد تۆفیق عەلاوی بۆ پێكهێنانی حكومەت راسپارد «پێویست دەكات ئەركی سەرەكی بریتی بێت لە دیاریكردنی كەسانی سیاسی و بەتوانا بۆ پۆستە وەزارەتەكان، نەك تەنیا كەسانی بێلایەن، چونكە كێشەی عیراق جگە خزمەتگوزاری و ئابوری، كێشەیەكی سیاسیشە».
بە وتەی رابەری رەوتی سەدر» هاوپەیمانی چاكسازی كە دوای هەڵبژاردنەكان پێكهات لە ئەرك و كارەكانی سەركەوتوو نەبوو، ئەوەش بەهۆی «بەرژەوەندی تایبەتی هەندێك لایەن، بەتایبەت حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر و سیاستەكانی عەمار حەكیم».
لەبارەی هەماهەنگیشی لەگەڵ هاوپەیمانی فەتح سەدر رایگەیاندبوو»هیچ هەماهەنگی لەگەڵ هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح نییە، تەنیا لە كاتی دانانی عادل عەبدولمەهدیدا هەماهەنگیان هەبووە»، لەبارە ئێرانیش دەڵێت «تاران ئاگاداری كردونەتەوە كە دەستلەكاروباری ناوخۆی عیراق وەرنادات».
پەست بە رەوشی سیاسی عیراق و دوای قۆناغی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوە، عزەت شابەندەر سیاسەتمەداری سەربەخۆی عیراقی، هۆشداریی دابوو لە “قۆناغە هەرە مەترسیدارەكە” لەسەر سەقامگیری عیراق و پێیوایە ئەو قۆناغە كاریگەریی بۆسەر یەكێتی خاكی عیراق دەبێت.
عزەت شابەندەر، سیاسەتمەداری سەربەخۆی عیراقی، لە تویتێكیدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) نوسیبوی دوای 17 ساڵ لە شكست و بێئومێدی، گەمەی ململانێ‌ لەسەر دەسەڵات لە عیراق لە قۆناغی: (یان یاریی دەكەم یان یاریگەكە تێكدەدەم) دەگاتە قۆناغی: (تەنیا خۆم یاریی دەكەم یان یاریگەكە تێكدەدەم)».
بە وتەی شابەندەر”ئەم قۆناغە مەترسیدارترینە لەسەر سەقامگیری عیراق و یەكێتی خاكی عیراق لە دوای ساڵی 2003وە تائێستا”.
لەسەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی 2019وە خۆپیشاندانی بەرین لە بەغدا و شارەكانی تری ناوەڕاست و باشووری عیراق بەردەوامە، بەهۆیەوە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران دەستلەكاركێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند، لەئێستاشدا لەڕێی حكومەتی راگوزەرییەوە، ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكرێت لە وڵاتدا، بەڵام تائێستا ئاسۆی ئایندەی سیاسی لە عیراقدا ڕوون نییە كە تێكەڵ بە ململانێ‌ ئیقلیمییەكان بووە و وەك بەشێك لەو هاوكێشەیە تەماشا دەكرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*