سەرەکی » کەلتوور » شۆفێری تەکسی، پیشەیەک بۆ خزمەتی هاووڵاتی

شۆفێری تەکسی، پیشەیەک بۆ خزمەتی هاووڵاتی

سەڵاح شاكەلی‌

پیشەیی‌ بوون یان پابەند بوون بە زانستی‌ پیشە و پرەنسیپەكانی‌ كاركردن دەستەواژەیەكن زۆر جار لە میانی‌ هەڵسەنگاندنی‌ كاری‌ ڕۆژنامەوانیدا بەرچاو دەكەون بەڵام پیشەیی‌ بوون هەموو كەسێكی‌ پیشەكار دەگرێتەوە پیشەكەی‌ هەرچیەك بێت چونكە پیشەیی‌ بوون و زانستی‌ پیشە بە تەنیا ئەنجامی‌ كار نین بەڵكو پیشەیی‌ بوون فراوانترە و دڵسۆزی‌ بۆ كار و ئارەزووی‌ پێشكەوتنی‌ پیشە و چۆنیەتی‌ مامەڵەكردن لەگەڵ خەڵكیشدا دەگرێتەوە و بە تەنیا زانستی‌ پیشە و بەبێ هونەری‌ مامەڵەكردن لەگەڵ دەوروبەردا بەس نییە و هەردوو لایەنەكە تەواوكەری‌ یەكدین . لێرەدا ئاماژە بە پیشەی‌ شۆفێری‌ دەكەم بە تایبەتی‌ ئەو شۆفێرانەی‌ كە نەفەر دەگوێزنەوە وەكو تاكسی‌ و پاس كە لە وڵاتی‌ خۆماندا هێشتا بێجگە لەو دووە ئامڕازی‌ دیكەمان نییە ، شۆفێری‌ تاكسی‌ و پاس ڕۆژانە لەگەڵ ژمارەیەكی‌ زۆری‌ مرۆڤدا هەڵسوكەوت دەكەن ڕووبەڕووی‌ ڕەخنە و پێزانینیش دەبنەوە لەلایەن نەفەرەوە بەهەر شێوەیەك بێت .نوسەری‌ میسڕی‌ (د.جلال امین) دەڵێ : (هەڵەیە گەر بڵێین هەموو شۆفێرەكان كەسانی‌ خراپن چونكە ئەوانەی‌ خراپەیان لەدەست دێ كەمن و هەر خودی‌ ئەوانن كە بە بەرتیل شكۆی‌ یاسا دەشكێنن بۆ ڕزگاربوون لەسەرپێچیەكانیان كە شكۆی‌ یاساشیان شكاند چیتر پێمان ناكرێت داوای‌ پیشەیی‌ بوون و ڕەفتار بەرزیان لێبكەین)، لە وڵاتاندا كۆمپانیای‌ كەرتی‌ تایبەت كاری‌ گواستنەوەی‌ خەڵك ڕایی‌ دەكەن و كەسانی‌ شیاو و دەست و دەم پاك دەكەنە شۆفێری‌ تاكسی‌ و پاسەكانیان چونكە شۆفێر خەسڵەتە جوانەكانی‌ كۆمەڵگای‌ تێدا دەخوێندرێتەوە و لە جم و جوڵ و قسە و زماندا وریان و بە قسەی‌ وشك و گۆرانی‌ بێزاركەر و جگەرە كێشان و بەكارهێنانی‌ مۆبایل نەفەرەكانیان ناتۆرێنن كە بەداخەوە لە كوردستاندا هەندێك شۆفێی‌ تاكسی‌ و هەندێكیش لە شۆفێری‌ پاسەكانی‌ نێوان شارەكانیش كە ڕێگاكەیان ئەوپەڕی‌ قەرەباڵغە و قیرەكەی‌ هەڵوەشاوەتەوە و ڕێگاكە چاڵ چاڵ بووە هەندێك شۆفێر بێگوێدانە چارەنووسی‌ بیست و یەك نەفەر دوو هاندیان پێیە و لە گەراجی‌ یەكەمەوە تاكو گەراجی‌ شاری‌ دووەم بە نۆرە و بەردەوام قسەیان پێدەكات و كاتێكیش نەفەرێك بۆ ساتێك جامەكەی‌ بكاتەوە لە ئاوێنەكەیەوە تەماشای‌ دەكات و لێی‌ تووڕە دەبێت ، یان هەندێك شۆفێری‌ تاكسی‌ كە دەستی‌ لێ ڕادەگرێت بەبێ ئەوەی‌ دابەزێت هاوكاریت بكات بۆ جێكردنەوەی‌ جانتا و كەرەستەكانت لە سندوقەكەیدا ، بە ئۆتۆماتیكی‌ سندوقەكە دەكاتەوە و بە مۆنێكەوە دەڵێ (لەسەر خۆ پێوەیدە) ، پێویستە شۆفێری‌ تاكسی‌ سەڕەڕای‌ زمانی‌ خۆی‌ بەلایەنی‌ كەمەوە زمانێكی‌ دیكە بزانێت و گەر كەتەلۆك یان دەلیلی‌ شوێنە گشتیەكان لە ئارادا نەبوو دەبێ خۆی‌ شارەزای‌ سەرجەم شوێنەكانی‌ شارەكەی‌ بێت و بە تەواوی‌ تێبگات كە نەفەرەكە بۆ كوێ دەچێت ، ئەگەر بیانی‌ یان نەشارەزا بوو لە كرێ وەرگرتندا زیادی‌ لێنەستێنێ . هەرچەندە بەشێكی‌ زۆری‌ پاسەكانی‌ كوردستان كۆنن بەڵام تێكڕا پەردەیان بۆ نەكراوە بۆ پاراستنی‌ نەفەرەكان لە تیشكی‌ خۆر هەندێك لەوانەشیان كە پەردەیان هەیە گەر نەفەرێك پەردەكە بكاتەوە بۆ خۆپاراستن لە تیشكی‌ خۆر شۆفێرەكە چاوی‌ لێیەتی‌ و پێش سەیتەرەكان بە كیلۆمەترێك بانگ ئەكات پەردەكان لادەن یان دەڵێت دوایی‌ وەك خۆیان لولی‌ بكەنەوە ، بێجگەلەوانە بەستنی‌ پشتوێنی‌ سەلامەتی‌ مایەی‌ گرنگی‌ نییە و هەندێ شۆفێر لە ترافیكدا یان لە كاتی‌ وەستانی‌ مەفرەزەی‌ پۆلیسی‌ هاتوچۆدا سەری‌ پشتێنەكە دەخەنە بنباڵیان و بە نەفەرەكەی‌ پێشەوەش ناڵێن بیبەستە ، لەڕووی‌ پاك و خاوێنیشەوە نابینی‌ جامی‌ پاسەكان پاك و ڕووناك بن هەمیشە دەڵێی‌ خۆڵیان بەسەردا كراوە و گوێ بە هەست و نەستی‌ نەفەرەكان نادەن . شۆفێری تاكسی taxi driver
ناونیشانی‌ فیلمێكی‌ ئەمریكیە و ساڵی‌ 1976لەلایەن (مارتن سكورسیزی‌) دەرهێنراوە (ڕۆبێرت دی‌ نیرۆ) ڕۆڵی‌ پاڵەوانی‌ تێدا دەگێڕێت ناوەڕۆكی‌ فیلمەكە دەربارەی‌ كەسێكە بە ناوی‌ (ترافیس بیكڵ) كە شۆفێری‌ تاكسیە و پێشتر لە هێزی‌ دەریایی‌ ئەمریكادا سەرباز بووە و بەشداری‌ شەڕی‌ ڤێتنامی‌ كردووە و ترافیس كە خانەنشین كراوە كاری‌ تاكسی‌ لێخوڕینی‌ هەڵبژاردووە و سەڕەڕای‌ پەیداكردنی‌ بژێوی‌ ژیان ئەوەندەی‌ پێی‌ كرابێت زانیاری‌ وردی‌ لەسەر هەموو ئەو كەسانە كۆكردۆتەوە كە دەستیان لە خراپە كاری‌ و فریودانی‌ خەڵكی‌ بیانی‌ و دزی‌ و قۆڵبڕین و ئەوانەیش كە شیرازەی‌ ڕەونەقی‌ كۆمەڵایەتیان دەشێواند یان سوكایەتیان بە موڵكی‌ گشتی‌ و بەرژەوەندی‌ خەڵكەوە دەكرد ناوبراو بەو كارەی‌ هاوكاریەكی‌ گەورەی‌ دەزگاكانی‌ حكومەتی‌ كردووە و ئەم فیلمە لە لایەن بینەران و ڕەخنەگر و دەرهێنەرەكانەوە باشترین فلمی‌ ئەو ڕۆژگارە بووە و چوار جاریش بۆ خەڵاتی‌ ئۆسكار هەڵبژێردراوە ، لە ساڵی‌ 1994دا لە زنجیرەی‌ فیلمە نیشتمانیەكانی‌ ئەمریكادا لە لایەن كتێبخانەی‌ كۆنگرێسەوە پۆلێنكراو وەك بەرهەمێكی‌ ناوازەی‌ شارستانیانەی‌ مێژوویی‌ ناودێر كرا . بێگومان هەر گلەیی‌ و گازندەیەك ئاڕاستەی‌ شۆفێری‌ تاكسی‌ و پاس دەكرێت لە پێشدا لایەنی‌ فەرمی‌ وەزارەتی‌ گواستنەوە و گەیاندن ، سەندیكای‌ شۆفێران و پۆلیسی‌ هاتوچۆ لێی‌ بەرپرسیارن چونكە مەرجدار كردنی‌ ئەو پیشەیە و جێبەجێكردنی‌ ڕێنماییەكان پێویستی‌ بە چاودێری‌ وردی‌ ئەو لایەنانەیە ، پێویستە هاوڵاتی‌ یان نەفەری‌ تاكسی‌ و پاس هەڵوێستی‌ جوان و دەستپاكی‌ ئەو شۆفێرانەیان لەبەرچاو بێت كە لەماوەیەكی‌ كەمدا بەئاسوودەیی‌ لەگەڵیاندا چوونەتەشوێنێك ، ساڵی‌ 2015 لە شاری‌ لەندەن خانمێكی‌ كوێتی‌ سواری‌ تاكسیەك دەبێت ڕەفتار و هەڵسوكوتی‌ شۆفێرەكەی‌ زۆر بەدڵ دەبێت بڕیاردەدات بیدۆزێتەوە و گەر ڕێكیشبكەوێت هاوسەرگیری‌ لەگەڵدا بكات . بۆ هەموو پیشەكارێك گرنگە ڕەزامەندی‌ خەڵك بەدەست بێنێت نەك یادەوەریەكی‌ ترش و تاڵ بە پارە بگۆڕێتەوە .

سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە :
– سائق التاكسی أو زوربا المصری – د.جلال أمین.
– مضایقات سائق تاكسی هم اخر للمرأة‌ العراقیة‌ – جریدة المدی‌ 26-3-2015.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*