سەرەکی » ئاراستە » گوندنشینان و کۆرۆنا

گوندنشینان و کۆرۆنا

هیوا سەرهەنگ / هۆڵەندا

ئەو دەم لە شاخ ، لە کن ئاوی سازگار و چیای بڵند و سروشتی قەشەنگ و هەوای ئازدیدا، هەمیشە لەبەردەم گوندنشیناندا هەروا گوتراوە، بوونمان بە بوونی ئێوەوەیە، ئێ هەرواش بووە و بنکەی ئارامی حەوانەوە و خۆ رێکخسنەوەمان لە تەک خزمەتە بێ وێنە و دڵە فراوانە پڕ سۆز و نیشتمانپەروەرییەکانیانەوە بووە، حاجی و مامە و خاڵە و دایە و پوورێ و دادە و کاکەی راستگۆ و پڕ وەفا بوون بۆمان، دروست جێی دایک و باوک و براو خوشک و خاڵ و مامیان بۆ گرتبووینەوە، خۆ ئەمڕۆکەش هەروایە و رەنگە سەرمان لێتێک دابن، دەنا هەر خەڵکە پەرۆش و ماندوو پڕخزمەتەکەن بۆ تەواوی خەڵکی کوردستان.
لێرەوە سەرێک حەوادەدەم بۆ هەمان دەشتی بن کێوان و سەرچاوەی ئاوی پڕ وزە و بۆڵە ترێی رەزە پر بریقەکانی کازیوە و هیچ نابینم، هەر هیچ، دەڕوانمە دەشتە بەرینەکانی پڕ بەرەکەت و ئەملاو ئەولاکردنی کاکۆڵ زێرینی گەنم و جۆ، کە وەک شەپۆلی دەم کەناراوەکان دەهاتن و دەچوون، کەچی هیچ نابینم هەر هیچ، ئاخر بەرهەمی گوندنشینانمان خۆراکە، دەرمانە، قەڵغان و سوپەرمانە، ئەمانە بەشێکن لەژێرخانی ئابووری کە ئەمڕۆ بە دڵنیاییەوە ئەمڕۆ جۆرێکە لە فریادرەس بۆمان، ئەم نەخۆشییە دوابڕاوە ئەم کۆرۆنا ناموبارەکە بەرۆکی جیهانی گرتووە و ئێمەش بەشێکیمان بەرکەوتووە، ئاخر ئێمە چیبکەین دەروازەکانمان داخەین یان لێمان دابخەن، هەناردە و هاوردەمان بوەستێنین یا بیوەستێنن، گوندنشینان لە گوندستانە پر بەرهەمەکانیان گەر پشتوپەنا و ئاسانکاری تەواویان بۆ بکرایە و لە خزمەتگوزارییەکانی ژیان و شارستانییانە هەموو سەرچاوەیەکی ژیانیان بۆ دەستەبەر بکرایە و سەمادی پێویست و رێنمایی دروست و پشتگیری مادیان بکرایە بەتەواوی وەک هەموو ئەو وڵاتانەی خاوەن زەوییەکی پڕ پیتن، ئەوا ئیستا باکمان بە دەروازەیەکەوە نەبوو، بە هاوردەکردنێکەوە نەبوو، باکیشمان زۆر بە کۆرۆناوە نەبوو، دەمانتوانی سەرچاوەکانی ئەم جۆرە نەخۆشییە درمیانە کەم کەینەوە و کۆمەڵانی خەڵک بپارێزین، بۆیە دیسان شیاوی خۆیەتی بوترێتەوە ئەوان چیان بە ئێمە بەخشی، ئێمەش چیمان بەوان بەخشییەوە و لە بەرامبەریشدا بۆ دەرئەنجامی ئەم هاوکێشەیە گوندستان دەتوانێت چیبکات؟

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*