سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » راسپاردنی زورفی كاردانەوەی نێوخۆیی ‌و نێودەوڵەتی لێدەكەوێتەوە

راسپاردنی زورفی كاردانەوەی نێوخۆیی ‌و نێودەوڵەتی لێدەكەوێتەوە

د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، رۆژی 17/3/2020 لە مەراسیمێكدا عەدنان زورفی بە شێوەیەكی رەسمیی بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران ‌و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق راسپارد.

زورفی: پشتیوانی هێزەكانی پێشمەرگە دەبم
لە یەكەم وتاریشیدا دوای راسپاردنی، زورفی وتی: هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بەغدا ‌و هەرێم دەدەم ‌و بە هەموو شێوەیەك پشتیوانی هێزەكانی پێشمەرگە دەبم.
روونیشیكردەوە: دەستبەجێ كاردەكەین بۆ بە سزاگەیاندنی ئەو كەسانەی لە پشت هێرشكردنە سەر خۆپیشاندەرانەوە بوون ‌و رووبەڕووی دادگایان دەكەینەوە. هەروەها گەندەڵی لە ناو وەزارەتەكان ‌و دامەزراوە حكومییەكاندا بنەبڕ دەكەین. وتیشی: پەیوەندییەكانمان لە چوارچێوەی دۆستایەتی ‌و هەماهەنگی ‌و گەشەپێدانی ئابووری وڵات لەگەڵ دراوسێكانمان رێكدەخەینەوە ‌و رێگە بە هیچ وڵاتێكیش نادەین كە خاكی وڵاتەكەمان بۆ مەبەستی سیاسی بەكاربهێنێت ‌و دەبێت رێز لە سەروەریی خاكی عیراق بگیرێت.

نەتەوە یەكگرتووەكان: پاراستنی یەكڕیزیی نیشتمانی
خاتوو جێنین هێنس بلاكشارت نوێنەری گشتیی سكرتێری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: پێشوازیی لە راسپاردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران بۆ پێكهێنانی حكومەت دەكەین، بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانە سیاسی ‌و ئەمنی ‌و ئابووری ‌و تەندروستییەكان. روونیشیكردەوە: عیراق پێویستی بە كابینەیەكی وەزاری كارا ‌و چالاك هەیە، چونكە ئاستەنگ ‌و كاری سەختی لەبەردەمدایە. وتیشی: پاڵپشتیی هەموو هێز ‌و لایەنە سیاسییەكان ‌و پاراستنی یەكڕیزیی نیشتمانی لەم دۆخەدا زۆر گرنگە.

هەڵوێستی ئەمریكا
مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە تویتێكدا لە تویتەر، رایگەیاند: عیراقییەكان حكومەتێكیان دەوێت كە سەروەریی وڵاتەكەیان بپارێزێت ‌و پێداویستییە گرنگەكانیان دەستەبەر بكات ‌و مافەكانی مرۆڤ بپارێزێت ‌و گەندەڵی نەهێڵێت. وتیشی: ئەگەر سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو ئەو داخوازییانە بكاتە پێشینەی كارەكانی خۆی، ئەوا پشتیوانیی ئەمریكا ‌و نێودەوڵەتی بەدەستدەهێنێت.

دادگای فیدراڵی: دەستوورییە
هەر لەو چوارچێوەیەدا، دادگای فیدراڵی عیراق رایگەیاند: بەپێی مادەی 76ی دەستوور ‌و دوای تێپەڕوونی 15 رۆژ بەسەر دواكەوتنی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو لە پێكهێنانی كابینەكەی، سەرۆك كۆمار دەتوانێت لای خۆیەوە كەسێكی تر بۆ پێكهێنانی حكومەت رابسپێرێت، بۆیە هەنگاوەكەی سەرۆك كۆمار، دەستوورییە.

یەكێتی: پێشوازی لێدەكەین
ئەمین بابەشێخ وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند: یەكێتی پێشوازی لە راسپاردنی عەدنان زورفی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق دەكات وەك ئیستحقاقێكی دەستووری ‌و لەگەڵ هێزە كوردستانی ‌و نیشتمانییەكانی تردا گفتوگۆ دەكات بۆ یەكخستنی هەڵوێست ‌و جەختكردنەوە لەسەر پێویستی پشتیوانیكردنی چاكسازییە داواكراوەكان بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان ‌و بەجێگەیاندنی داخوازییەكانیان ‌و دەستەبەركردنی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان ‌و گەیشتن بە هەڵبژاردنێكی دیموكراسییانە ‌و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەكانی رووبەڕووی عیراق بوونەتەوە.

فەتح رازی نییە
بەگوێرەی سەرچاوەكانی دەنگوباس: لە مەراسیمی راسپاردنەكەی زورفی-دا، نوێنەرانی هاوپەیمانی فەتح سەر بە هادی عامری ئامادەنەبوون، بەڵام ژمارەیەك لە نوێنەرانی سەر بە لایەنەكانی دیكەی ئەنجومەنی نوێنەران ئامادەبوون. لەو رووەشەوە هاوپەیمانی فەتح لە راگەیەنراوێكدا سەرۆك كۆماری بە نادەستووری ‌و لە دەرەوەی رێكارە دەستوورییەكان ناوی برد، بەوەی كاندیدی گەورەترین كوتلەی ئەنجومەنەكە رابسپێردرێت ‌و دەشبێت بە سازانی لایەنە سیاسییەكانیش بێت.
حەلبوسی شەش وەزارەتی دەوێت
باسم خشان ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند: ئەگەر زورفی مل بۆ خواستی فراكسیۆنە سیاسییەكان نەدات، هەمان چارەنووسی محەمەد تۆفیق عەللاوی دەبێت. وتیشی: محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لە بەرامبەر پێدانی شەش وەزارەت، پشتیوانی لە پێدانی متمانە بە كابینەكەی زورفی دەكات ‌و ئەگەر ئەو كارەش بكات، ئەوا متمانەی بەشێكی زۆر لە فراكسیۆنە سیاسییەكانی سوننە كە سەر بە ئوسامە نوجێفی-ن، لەدەستدەدات، بۆیە متمانە بەخشین بە عەدنان زورفی ‌و كابینەكەی لەلایەن نوێنەرانەوە، كارێكی سەخت دەبێت ‌و رەنگە شكست بهێنێت.

لەنێو خۆیاندا دابەشبوون
واسق سەماوی راڤەكاری سیاسی عیراق دەڵێت: لەگەڵ ئەوەی لە كاتی مەراسیمی راسپاردنەكەی عەدنان زورفیدا، نوێنەرانی هەردوو كوتلەی سەدر ‌و دەوڵەتی یاسا ئامادەبوون، بەڵام ئەوانە ناتوانن كار بكەنە سەر بڕیارەكانی كوتلەكانیان.
پێدەچێت قسەكانی واسق سەماوی جۆرێك لە لۆجیكی تێدابێت، چونكە لەسایەی نەبوونی هەڵوێستێكی رەسمی مەقتەدا سەدر دەربارەی راسپاردنەكەی، سەدرییەكان لەنێو خۆیاندا دابەشبوون ‌و كوتلە شیعە گەورەكان هەڵوێستێكی روونتریان هەیە لەو هەڵوێستەی كە پێًشتر لە بەرامبەر عەللاوی هەیانبوو ‌و هەر دوای چەند سەعاتێك لە راسپاردنی، زورفی-یان رەتكردەوە.

زورفی پێویستی بە موعجیزەیە
ئاژانسی دەنگوباسی رۆیتەرز لە زاری ئەندامێكی شیعەی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بڵاویكردەوە: زورفی لە ئەنجومەنی نوێنەران دووچاری ئاستەنگی سەخت دەبێتەوە ‌و بۆ پەسەندكردنی حكومەتەكەی، پێویستی بە موعجیزەیە.
ئاماژەی بەوەشكردووە: ئەگەر زورفی بتوانێت رەزامەندیی نوێنەران بەدەستبهێنێت، ئەوا تاكو ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پێشوەخت ئیدارەی وڵات دەكات.
راسپاردنی عەدنان زورفی وەك سەرۆك وەزیران ‌و بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق، دوای ماوەیەك دێت لە وازهێنانی محەمەد تۆفیق عەللاوی لەو پۆستە، كە بەهۆی دەستەوستان بوونی لە جێبەجێكردنی داواكاریی خۆپیشاندەران ‌و چاكسازی ‌و پێكهێنانی كابینەی نوێ، دەستی لەكاركێشایەوە.

سەرچاوە، ئاژانسەكان

print

 19 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*