سەرەکی » راپۆرت » کۆرۆنا و پشکنینە تەندروستییەکان لە گوندەکاندا
1201066812

کۆرۆنا و پشکنینە تەندروستییەکان لە گوندەکاندا

ئامادەکردنی: گوندستانی نوێ

جیهان و ناوچەکە و عیراق و هەرێمی کوردستانیش لەو نێوانەدا، چاویان لەسەر دوایین هەواڵەکانە لەبارەی کۆرۆناوە. گوندنشینان باسی ئەوە دەکەن کە هەر هەوڵێک لەپێناو بەرگریکردن لەم ڤایرۆسەدا کارێکی باشە.
کاروان محەمەد یاریدەدەری پزیشکی و گوندنشین دەڵێت: ئێستا نەخۆشییەکە بووەتە شتێکی باو لە جیهاندا، جگە لە خۆپارێزیی و مانەوەمان لە ماڵەکانماندا، هیچ چارەسەرێکی دیکەمان نییە.
کاروان هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە ئەوان لە دەرەوەی شارەکانن و هۆیەکانی پشکنینیان نییە یاخود تیمە تەندروستییەکانیش بەهۆی سەرقاڵییانەوە لە شارەکاندا ناچنە گوندەکان و خوانەخواستە ئەگەر هەر حاڵەتێکیش هەبێت، پێی نازانرێت.
کاروان هەروەها دەڵێت: نابێت ئێمە پشت بە کەش و هەوای گوندەکان ببەستین و پێمانوابێت بەهۆی پاکی و بێگەردیی ژینگەکەمانەوە هیچ مەترسییەکی کۆرۆنامان لەسەر نییە، کۆرۆنا بووەتە مەترسی لەسەر جیهان و ئێمەیش دەبێت ئامادەکاریی بکەین و دژی رێنماییە تەندروستییەکان نەجوڵێینەوە.

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا رایگەیاند: وڵاتی چین کە لەسەرەتاوە بەشێوەیەکی مەترسیدار ڤایرۆسی کۆرۆنا لەناو هاووڵاتیانەکەیدا بڵاوبووەوە، ڕایگەیاند پێدەچێت لە ڕۆژانی ئایندەدا کۆنترۆڵی نەخۆشییەکە بکات.
وەک دەگوترێت کۆرۆنا یەکەم وەسیلەی نەرێنییە کە جیهان دەخاتە یەک بەرەوە و خۆشی لەیەک بەرەدا شەڕی مرۆقایەتی دەکات.

هاووڵاتییەکی دیکە بەناوی محەمەد رۆستەم بە گوندستانی نوێی راگەیاند: ئێمە چەندە دووربین لەم نەخۆشییە و لێی نەترسین، بەڵام ناکرێت بڕوامان پێی نەبێت و ئاگامان لە رێنماییە تەندروستییەکان نەبێت.
ڕاشیگەیاند: گوندەکان دوورن لە ناوەندی شارەکانەوە و جەنجاڵی و قەرەباڵغییان کەمترە بەراورد بە شارەکان، بەڵام بەو مانایە نییە ئەم بەڵایە بۆ ئێمەی گوندنشین کاریگەریی نییە و مەترسیدارنییە.
محەمەد ڕۆستەم دەشڵێت: گوندنشینەکان هەنوکە لە رێگەی ئاژەڵ سەربڕینەوە خێر دەکەن بەو هیوای ئەم نەخۆشییە دووربێت لە ناوچەکەمان.
وتیشی: گرنگە هۆیەکانی پشکنینی نەخۆشییەکە و ڕێنوێنییە پزیشکییەکان لەگوندەکانیشدا بڵاوبکرێتەوە. بەداخەوە کە لەم مەترسییەشدا دیسان گوندەکان بێبەشن و ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە کە پێویستە هاووڵاتیان خۆیان خەمی خۆیان بخۆن و پارێزگاری لەخۆیان بکەن.

وڵاتانی جیهان و بەتایبەت ئەمریکا، سەرقاڵی دۆزینەوەی چارەسەرن بۆ نەخۆشییەکە. بەپێی زانیارییەکانی دەزگای دەرمان و خۆراکی ئەمریکا: نزیکەی ۱٠ هەزار زانای بوارە جیاوازەکانی تەندروستی کار لەسەر بەرهەمهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا کاردەکەن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*