سەرەکی » راپۆرت » چۆن دڵه‌ڕاوكێ و ترس له‌ كۆرۆنا كه‌م بكه‌ینه‌وه‌؟

چۆن دڵه‌ڕاوكێ و ترس له‌ كۆرۆنا كه‌م بكه‌ینه‌وه‌؟

ئاماده‌كردنی: ئیسماعیل مه‌حمود

بڵاوبوونه‌وه‌ی خێرای په‌تای كۆرۆنا، كه‌شێكی ترسناكی له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهاندا دروست كردووه‌، ئه‌مه‌ وێڕای ئه‌وه‌ی تا ئه‌م ساته‌ش نه‌توانراوه‌ ڤاكسینی ئه‌م په‌تایه‌ بدۆزرێته‌وه‌، ئه‌م دوو هۆكاره‌ش بوونه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی خه‌ڵكانێكی زۆر له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهاندا رووبه‌ڕوی ترس و تۆقان و دڵه‌راوكێیه‌كی زۆر ببنه‌وه‌.
دیاره‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی خێرای په‌تاكه‌ به‌و شێوه‌ خێرایه‌و جگه‌ له‌وه‌ش نه‌دۆزینه‌وه‌ی ڤاكسینی چاره‌سه‌ر، هه‌ردووكیان وایانكردووه‌ هه‌موو تاكێكی ئه‌م سه‌رڕووی زه‌وییه‌ هه‌ست به‌ مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ بكه‌ن و هه‌ست به‌وه‌ بكه‌ن كه‌ ئه‌مڕۆ یان سبه‌ی ئه‌وانیش تووشی ئه‌م په‌تایه‌ ده‌بن.
له‌و باره‌یه‌وه‌ رۆژنامه‌ی گاردیان-ی بریتانی راپۆرتێكی له‌سه‌ر ئه‌م دۆخه‌ ده‌روونییه‌ خراپه‌ به‌ناویشانی (چۆن ئیداره‌ی ئه‌و دڵه‌ڕاوكێیه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا بده‌ین؟) بڵاوكردۆته‌وه‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌ی گاردیان -دا هاتووه‌: رۆبیرت لایهی به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یمانگای چاره‌سه‌ری مه‌عریفی له‌ ئه‌مریكا ده‌ڵێت: ئێمه‌ هه‌موومان به‌ شۆكێكی مرۆڤایه‌تی نێوده‌وڵه‌تی گه‌مارۆ دراوین، هه‌مووان هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌ین ژیانی خۆمان و ژیانی ئه‌وانه‌شی خۆشمان ده‌وێن له‌ مه‌ترسیدایه‌، بۆیه‌ هه‌موو كه‌س هه‌ست به‌ دڵه‌ڕاوكێ ده‌كات.

هه‌ر له‌و راپۆرته‌دا هاتووه‌: چۆن ده‌توانین له‌م كاره‌ساته‌دا كۆنترۆڵی هه‌ست و سۆزه‌كانمان بكه‌ین كه‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا دروستیكردووه‌؟.
هه‌ربه‌پێی راپۆرته‌كه‌ و به‌ ئامۆژگارییه‌كانی زانا ده‌رونناسه‌كان، یه‌كه‌م هه‌نگاوی روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ئه‌م ترسه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ دیدگایه‌كی راسته‌وه‌ رووبه‌ڕووی مه‌ترسییه‌كه‌ ببینه‌وه‌.
كریس ویتی كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ راوێژكاره‌ پزیشكییه‌ گه‌وره‌كانی حكومه‌تی بریتانیا، ده‌ڵێت: “تا ئه‌م ساته‌ رێژه‌ی مردن له‌ بریتانیا 1% تێپه‌ڕی نه‌كردووه‌، به‌ڵام 2018-2019 له‌ وه‌رزی ئه‌نفلۆوه‌نزدا 26408 حاڵه‌تی گیان له‌ده‌ستدان تۆمار كراوه‌ له‌و وڵاته‌، بۆیه‌ پێویسته‌ كۆنترۆڵی ئه‌و هه‌سته‌ خراپه‌ زۆره‌ بكه‌ین كه‌ كۆرۆنا دروستیكردووه‌.

هه‌ر به‌پێی راپۆرتێكی ئیندیپێنده‌نت-یش، چه‌ند ئامۆژگارییه‌ك هه‌ن ده‌توانین به‌و ئامۆژگارییانه‌ هه‌ستی ترس و دڵه‌ڕاوكێكانمان كۆنترۆڵ بكه‌ین و كه‌میان بكه‌ینه‌وه‌:

گوێگرتن له‌ زمانی عه‌قڵ
مایكڵ سینكلیر راوێژكار له‌ پزیشكی ده‌روونیدا جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ راستییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره‌ ترس و دڵه‌ڕاوكێ له‌ئاستێكی به‌رزدایه‌، ئێمه‌ هه‌موو ته‌ركیزمان له‌سه‌ر مردن و خه‌مۆكییه‌ و مردن و خه‌مۆكیش بۆته‌ ته‌وه‌ری بیركردنه‌وه‌مان، به‌ڵام له‌م ساته‌ وه‌خته‌دا پێویسته‌ ته‌وه‌ری بیركردنه‌وه‌كانمان له‌سه‌ر زیره‌كی و هه‌ستی مانه‌وه‌ چڕبكه‌ینه‌وه‌ له‌ ژیاندا نه‌ك مردن و خه‌مۆكی.

نووسین
ئیلیزابیس تۆرب له‌ كۆمه‌ڵه‌ی رێنمایی و چاره‌سه‌ری ده‌روونی بریتانی (ABCP) پێیوایه‌ به‌پراكتیكی كارێك هه‌یه‌ هه‌موومان ده‌توانین بیكه‌ین و به‌وه‌ش له‌ دڵه‌ڕاوكێ و ترسی كۆرۆنا رزگارمان ببێت، ئه‌ویش نووسینه‌وه‌ی تێبینییه‌كانمان یان چیرۆك نووسین یان نووسینه‌وه‌ی هه‌ر شتێكی تر كه‌ به‌بیرتدا بێت.

سوككردنی سه‌رچاوه‌كانی تر
هه‌ر له‌ راپۆرته‌كه‌ی ئیندیپێنده‌نتدا هاتووه‌ د.سیلڤا نیڤیس پێیوایه‌ به‌به‌رده‌وامی نابێت له‌ سۆشیال میدیا و تیڤییه‌كانه‌وه‌ خه‌ریكی وه‌رگرتنی خوله‌ك به‌ خوله‌كی هه‌واڵه‌كانی ئه‌م نه‌خۆشییه‌ بین كه‌ راسته‌وخۆ و به‌په‌له‌ بڵاوده‌كرێنه‌وه‌، به‌ڵكو پێویسته‌ سنوور بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و هه‌واڵانه‌ دابنێین، هه‌ر به‌پێی رێنماییه‌كانی د.سیلڤا پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌رتاكێك رۆژانه‌ یه‌ك جار خۆی به‌ وه‌رگرتن و گوێگرتن له‌و هه‌واڵانه‌وه‌ خه‌ریك بكات.

گومانه‌ خراپه‌كان
سه‌باره‌ت به‌ كۆنترۆڵی باری ده‌رونی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵیش له‌و راپۆرته‌ی رۆژنامه‌كه‌دا هاتووه‌: “دانیال فریمان كه‌ مامۆستای ده‌رونناسیی كلینیكییه‌ له‌ زانكۆی ئۆكسفۆرد، پێیوایه‌ گومانه‌ خراپه‌كان بۆ داهاتووی ئه‌م په‌تایه‌ له‌خۆمان دووربخه‌ینه‌وه‌، زۆر به‌دواداچوون و بیستنی هه‌واڵه‌كان مرۆڤ تووشی دڵه‌ڕاوكێیه‌كی بێ سنوور ده‌كات، ئه‌مه‌ش مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ دوا هه‌واڵ و زانیارییه‌كان و ئامۆژگارییه‌كانیش له‌ باشترین و باوه‌ڕپێكراوترین سه‌رچاوه‌كانه‌وه‌ وه‌ربگرین.

با په‌یوه‌ندییه‌كان نه‌پچڕێن
هه‌ر له‌و راپۆرته‌ی رۆژنامه‌ به‌ریتانییه‌كه‌دا هاتووه‌: جیرارد بارنز سه‌رۆكی جێبه‌جێكاری پسپۆڕی ته‌ندروستی مێشك (TMS Smart) به‌لایه‌وه‌ باشه‌ تێكه‌ڵاویی مرۆڤه‌كان به‌رده‌وام بن، چونكه‌ له‌كاتی ترس و دڵه‌ڕاوكێدا زۆر ئاساییه‌ حه‌ز به‌ ته‌نیایی ده‌كه‌ین (به‌تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر زۆر ترسمان له‌ ڤایرۆسه‌كه‌ هه‌بێت)، بۆیه‌ جیرارد بارنز به‌لایه‌وه‌ باشه‌ په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ كه‌سوكار و هاوڕێكانمان به‌رده‌وام بێت ئه‌گه‌ر سنوورداریش بێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*