سەرەکی » ئابووری » جاك ئەتالی: جیهان ناگەڕێتەوە دۆخی پێشتری

كۆرۆنا و گۆرانكاریی ریشەیی

جاك ئەتالی: جیهان ناگەڕێتەوە دۆخی پێشتری

جاك ئەتالی تیۆریستی فەرەنسی‌و بیرمەندی سسیۆلۆژی‌و راوێژكاری (فرانسۆ میتەران) سەرۆكی پێشووتری فەرەنسا، وتارێكی لەبارەی كاردانەوەكانی (ڤایرۆسی كۆرۆنا) نووسیوە، كە تێیدا پێشبینی گۆڕانكاری گەورەو ریشەیی دەكات لە تەواوی جیهاندا. گۆڕانكارییەك كە دەبێتە داڕٍمانی جیهانگیریی كلاسیكی‌و نەگۆڕە كۆمەڵایەتییەكان.

ئەمەش بەشێكە لە بیروبۆچوونەكانی ئەو بیرمەندە فەرەنسییە لەبارەی كۆرۆنا‌و دەرئەنجامەكانی:
ئەوەی ئێستا روو دەدات بریتییە لە پەلەكردن بۆ كۆنترۆڵكردنی شەپۆلەكانی تسۆنامییەكی مەترسیداری تەندروستی‌و ئابووری كە ماوەی چەند مانگێكە هەموو جیهانی گیرۆدە كردووە. تائێستاش هەوڵەكانی كۆنترۆڵكردنی ئەم پەتایە هیچی لێ سەوز نەبووە، بۆیە چەند ساڵێكی نادیار و تاریك لە بەردەم كۆمەڵگای مرۆڤایەتیدایە، بەڵام دڵنیانین لە روودانی كارەسات.

لەسەردەمانی كۆندا هەموو پەتایەكی گەورە بۆتە هۆی گۆڕانكاری‌و وەرچەرخان لەناو سیستمی سیاسی‌و رۆشنبیریی گەلانی دونیا، بۆ نموونە یەكێك لە دەرئەنجامەكانی بڵاوبوونەوەی پەتای تاعون لە سەدەی چواردەهەمدا لە كیشوەری ئەوروپا كە سێ بەشی دانیشتووانەكەی بوون بە قوربانی، بریتی بوو لە پێداچوونەوەی بنەڕەتی بە پێگەی سیاسی پیاوانی ئاینی‌و سەرهەڵدانی دامەزراوەی پۆلیس وەك لایەنێكی گرنگ‌و چالاك بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان، دواتر لە دایكبوونی دەوڵەتی نوێ‌و پێشكەوتنی توێژینەوەی زانستی بەمەبەستی خزمەتكردنی تەندروستیی خەڵك. ئەمە لەكاتێكدا دەسەڵاتی كەنیسەو پیاوە ئاینییەكان دەستەو وەستان بوون لە رزگاركردنی خەڵك لەو پەتا كوشندەیە.

لە كۆتاییەكانی سەدەی (18)یشدا، هەمان گۆڕانكاری دووبارە بۆوە كاتێك پزیشك جێگەی پۆلیسی گرتەوە لە رووبەڕبوونەوەی گیان لەدەستدانی مرۆڤ.
بەو جۆرەش لەماوەی چەند سەدەیەكدا بازدانێكی جۆرایەتی لە سیستمی سیاسی روویاندا، “گۆڕینی دەسەڵاتی دامەزراو بە بیرو باوەڕی ئاینی بە دەسەڵاتێك كە لەسەر بنەمای رێز و هێز دامەزراوە، پێش ئەوەی جیهان بگاتە ئەو دەسەڵاتەی كە لەسەر پرنسیپە یاساییەكان بەڕێوەبچێت.

هەر نموونەیەكی دیكە بهێنرێتەوە، ئەوە بە روونی تێدەگەین كە هەركات برسێتیەك لە كیشوەرێكدا بڵاوبوبێتەوە، رووی ساختەو راستەقینەی سیستمە دەسەڵاتدارەكان ئاشكرا بووە، بەتایبەت لەڕووی شكستهێنانیان لە پاراستنی گیانی خەڵك، سەرەنجام ئەوانەی لەو قەیرانانە رزگاریان بووە تۆڵە لە سەرووی خۆیان (دەسەڵاتداران) دەكەنەوە لە بەرامبەر شكستەكانیان.
ئێستاش كە ڤایرۆسی كۆرۆنا بە دنیادا بڵاوبۆتەوەو بووە بە مۆتەكە، ئەگەر دەسەڵاتدارانی خۆرئاوا سەركەوتوو نەبن لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ نەهامەتیەكانی پشت ئەم پەتایە، ئەوە هەر دەسەڵاتێكی سیاسی‌و ئایدۆلۆجی لە بەردەم پێداچوونەوەی ریشەیی‌و گۆڕانكارییە بۆ جۆرێكی دیكەی دەسەڵات‌و حوكمڕانی كە لەسەر بنەمای متمانەو بەهای بنیاد بنرێت.
چانسمان هەیە، هەندێك وانە لەم قەیرانانە فێر دەبین ئەوەش ویستی خەڵكە بۆ ژیان، ئەمە تێڕوانینە بەهێزەكەیە، لە كۆتایشدا هەر خەڵك ئەو دۆخە تێدەپەڕێنێت.
لەدوای پێداچوونەوەیەك بە چەمكی دەسەڵات‌و حوكمرٍانی لەسەردەمی ئەمڕۆدا، ئاراستەكان بەرەو لەدایكبوونی حوكمڕانی نوێن، دەسەڵات‌و حوكمڕانییەك كە جێگای متمانە بێت‌و نزیك بێت لە خەڵكی‌و بەشدارێكی راستەقینەی دابەشكردنی داهاتەكان بێت.

لەدوای ئەو قەیرانە (ڤایرۆسی كۆرۆنا)، چیتر دەست بڵاو نابین لە كڕینی هەموو كاڵاو شمەكێكی نا پێویست، بەڵكو دەگەڕێینەوە بۆ پێداویستییە سەرەكییەكانی ژیان، خەڵك لە بەها‌و دەگمەنیی هەسارەی زەویش تێدەگات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*