سەرەکی » ئابووری » داهاتی نەوتی عیراق بەراورد بە مانگی رابردوو هاڕە دەكات

داهاتی نەوتی عیراق بەراورد بە مانگی رابردوو هاڕە دەكات

ئامادەكردنی: ئیدریس جەبار

داهاتی نەوتی عیراق بەشێوەیەكی بەرچاو ڕِووی لە دابەزین كردووە و هۆكاریی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا.

لەماوەی مانگەكانی رابردوودا كە نرخی بەرمیلێك نەوت لەنێوان 50 بۆ 60 دۆلاردا بوو، داهاتی نەوتی عیراق لەنێوان 6 بۆ 7 ملیار دۆلاردا بووە، بەڵام ئێستا كە نرخەكە لە بازاڕەكانی جیهاندا بۆ خوار 25 دۆلار دابەزیووە، داهاتی عیراق لەو سامانە سروشتییە كە بە بڕبڕەپشتی ئابوریی وڵات و 90%ی كۆی گشتی داهاتی وڵات دادەنرێت، ناگاتە 3 ملیار دۆلار.

وەزارەتی نەوتی عیراق، لە دوایین داتایدا بڕی هەناردە و داهاتی بەدەستهاتووی مانگی ئاداری رابردووی راگەیاند كە ئەمەش بە پشتبەستن بە ئامارێكی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ ).

عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە: لە مانگی ئاداری رابردوودا، لە كێڵگە نەوتییەكانی باشووری عیراق، بڕی (101) ملیۆن و (395) هەزار 907) بەرمیل نەوت هەناردەكراوە، لە كیڵگە نەوتییەكانی كەركوكیش بەرەو بەندەری جەیهان، (3) ملیۆن و (287) هەزار و (439) بەرمیل نەوت هەناردە كراوە، لە كێڵگەی نەوتی گەیارەش (129) هەزار و (41) بەرمیل نەوت هەناردەكراوە، بڕی (290) هەزار و (450) بەرمیل نەوتیش بۆ ئوردن هەناردەكراوە.

بە وتەی عاسم جیهاد: “كۆی گشتیی هەناردەی رۆژانەی نەوت لە مانگی ئاداری رابردوو گەیشتووەتە (3) ملیۆن و (390) هەزار بەرمیل كە (3) ملیۆن و (271) هەزار بەرمیلیان لە بەندەرەكانی بەسرەوە هەناردەكراوە و لە بەندەری جەیهانی توركیاشەوە هەناردەی رۆژانە گەیشتووەتە (106) هەزار بەرمیل، هەناردەی رۆژانەی نەوتی كێڵگەكانی گەیارەش (4) هەزار بەرمیل بووە و بڕی (9) هەزار بەرمیلیش بۆ ئوردن هەناردەكراوە.

هەر لە بەیاننامەكەی وەزارەتی نەوتدا هاتووە: تێكڕای نرخی بەرمیلێكی فرۆشراو بە (28.436) دۆلار بووە، كۆی داهاتی نەوتە هەناردەكراوەكەش (2) ملیار و (988) ملیۆن و (711) هەزار دۆلار بووە.

ئەم داهاتە بەراورد بە مانگی شوباتی رابردوو كە 29 رۆژ بووە، دابەزینێكی بەرچاوی بەخۆوە بینووە، بەڵام لە مانكی رابردوودا “تێكڕای فرۆشتنی بەرمیلێك نەوت بە 51 دۆلار بووە”.

لە مانگی شوباتی رابردوودا یراق بڕی 98 ملیۆن و 347 هەزار و 884 بەرمیل نەوتی فرۆشت، لەكاتێكدا مانگ 29 رۆژ بوو، كۆی گشتی داهاتی بەدەستهاتووش لە فرۆشتنی نەوت 5 ملیار و 52 ملیۆن و 528 هەزار دۆلار بوو، رێژەی هەناردەی رۆژانەش لە مانگی رابردوودا، 3 ملیۆن و 391 بەرمیل بووە.

دابەزینی داهاتی عیراق لە فرۆشتنی نەوت، بە بۆچوونی زۆرێك لە چاودێران، كاریگەریی نەرێنی لەسەر ئابووریی وڵاتەكە دەبێت و رەنگە لە ماوەكانی داهاتوودا، حكومەت بۆ دابینكردنی خەرجیی مووچەی فەرمانبەران و خەرجییەكانی تری دەوڵەت، دەست بۆ یەدەگی فیدراڵی ببات، ئەمەش وەك رێگەچارەیەكی ناچاری، كە زیانی گەورە بە رەوشی ئابووریی عیراق دەگەیەنێت.

print

 25 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*