سەرەکی » مانشێت » لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە‌سە‌رپە‌رشتی قوباد تاڵە‌بانی کۆبۆوە و چەند بڕیارێکی دا

لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە‌سە‌رپە‌رشتی قوباد تاڵە‌بانی کۆبۆوە و چەند بڕیارێکی دا

 * سوپاسی هاووڵاتیان کرا لە پای پابەندبوونیان بە رێنماییەکان و ستایشی وەزارەت و کارمەندانی جێبەجێکاری بڕیارەکان کرا

ئەمڕۆ دووشەممە ٦ی ٤، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لە رێگە‌ی ڤیدیۆ كۆنفراسە‌وە‌، سەرپەرشتی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا-ی لە ھەرێمی كوردستان، کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە دوا رێکار و ئامادەکارییەکانی قۆناغی داھاتووی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا كرا لە هەرێمی کوردستان، هەروەها هەڵسەنگاندن و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیار و رێنماییە تەندروستییەکان، کرا.

جیگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ستایشی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارە جێبەجێكارەكانی پلانی پاراستنی ھاووڵاتیانی لە‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا كرد، ھە‌روە‌ھا سوپاسی خەڵكی كوردستانی كرد لە‌بە‌ر پابە‌ند بوونیان بە‌ رێنماییە‌كان و ئاماژە‌ی بە‌وە‌دا؛ كە‌ ئەركی حكومە‌تە‌ پێش ھە‌موو شتێك ژیانی ھاووڵاتیانی ‌بپارێزێت، و ئە‌م پلانانە‌ی حكومە‌تیش هەر بۆ ئە‌و مە‌بە‌ست و ئامانجەیە.

دواتر وەزیری تەندروستی راپۆرتێکی لەبارەی دواپێشهاتەکانی بڵاوبوونەوەو ئامارەکانی تووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد، هەروەها ئاماژەی بە پلانەکانی وەزارەتی تەندروستی كرد بۆ قۆناغەی داهاتوو و پێداویستییەکانی خستەڕوو بۆ ئەوەی پلانەکانیان بە باشترین شێواز جێبەجێ بکەن.

پاش گفتوگۆیەکی ورد لەبارەی دوا رێکارەکان و هەنگاوەکانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئە‌م بڕیارانە دران:

١-بەردەوام بوونی بڕیاری پێشووی قەدەغەکردنی هاتوچۆی تەواو بۆ ٤٨ سەعات وەک ئێستا تاوەکو کاتژمێر ١٢ ی ئەمشەو.

٢-بۆ ڕێکخستنەوەی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ کە تا ١٠-٤-٢٠٢٠ بەردەوام دەبێت ڕاگەیاندراوی نوێ لە لایەن وەزارەتی ناوخۆ وپارێزگارەکان و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان دەردەچێت بۆ دابینکردنی پێداویستی ڕۆژانەی ھاووڵاتیان لە ڕێگای ڕێکاری نوێ و دیاریکردنی کات و شێوازی کارکردنیان بە ڕەچاوکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکانی خۆپارێزیی و تایبەتمەندیی یەکە کارگێڕییەکان بەو شێوەیەی لەلایەن بەڕێز وەزیری ناوخۆ لە کۆبوونەوەکەدا خرایەڕوو.

٣- کاتێک دیاری بکرێت بۆ رێزگرتن لە فەرمانبەران و کارمەندانی ماندوونەناس کە خزمەتی هاووڵاتییان دەکەن و ژیانیان دەپارێزن، دواتر شێوازی رێزگرتنەکە دیاری دەکرێت.

٤- سوپاسی هاووڵاتیان دەکرێت لەپای پابەندبوونیان بە رێنماییەکان، هەروەها ستایشی وەزارەت و کارمەندانی جێبەجێکاری بڕیارەکان کرا.

5-وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بە جێبەجێکردنی رێکار و رێنماییەکان، راسپێردران کە راپۆرتی خۆیان ئامادە بکەن بۆ قۆناغەکانی داهاتوو، بە ڕەچاوکردنی ژیان و سەلامەتی هاووڵاتیان. 6-وەزارەتی ناوخۆ لیژنەیەک پێکدەهێنێت بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوی پەلاماردانی پزیشكێك لە سنووری پارێزگای سلێمانی بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی لەو حاڵەتە بگیرێتە بەر.

print

 17 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*