سەرەکی » ئابووری » عیراق وەڵامی روسیا دەداتەوە

لەبارەی گرێبەستەكەی رۆسنەفت لەگەڵ هەرێم

عیراق وەڵامی روسیا دەداتەوە

لە وەڵامی لێدوانێكی ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی روسیا كە تیایدا ئاماژەی بەوە كردبوو روسیا بەنیاز نییە كۆتایی بە كاروبارەكانی كۆمپانیای روسنەفتی وڵاتەكەی لە هەرێمی كوردستان بهێنێت، وەزارەتی نەوتی عیراق سوورە لەسەر رەتكردنەوەی هەر جۆرە سەودا و مامەڵەیەكی نەوتی ئەگەر بەبێ رەزامەندیی حكومەتی ناوەندی بكرێت.

بە رەزامەندیی حكومەتی ناوەندی بێت
لەوبارەیەوە، عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاندووە: وەزارەتی نەوت سوورە لەسەر هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە رەتكردنەوەی هەر جۆرە سەودا و مامەڵەیەكی نەوتی ئەگەر بەبێ رەزامەندیی حكومەتی ناوەندی بكرێت، ئەوەش لە وەڵامی لێدوانێكی سەرۆكی روسیا كە تیایدا دووپاتی كردبووەوە، روسیا بەنیاز نییە كۆتایی بە كاروبارەكانی ئەو كۆمپانیایە لە هەرێمی كوردستان بهێنێت.
وتەبێژەكەی وەزارەتی نەوتی عیراق ئاماژەی بەوەشكردووە: ئەلكساندەر نۆڤاك وەزیری وزەی روسیا لە میانەی سەردانەكەیدا بۆ بەغدا، حكومەتی عیراقی دڵنیاكردۆتەوە لەوەی هەر رێككەوتن و سەودانامەیەكی نەوتی لە هەر شوێنێكی عیراق بكرێت، پێویستە بە رەزامەندیی حكومەتی ناوەندی بێت.

كاركردنی كۆمپانیا روسیەكان لە هەرێم
پێشتریش ئەو وەزیرەی حكومەتی روسیا لە پەیامیكیدا لەڕێی تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەرەوە و دوای سەردانەكەی بۆ بەغدا جەختی كردبووەوە لەوەی حكومەتی عیراق لاری نییە لە كاركردنی كۆمپانیا روسیەكان لە هەرێمی كوردستان، بەڵام عیراق زۆر بە توندی ئەو لێدوانانەی رەتكردۆتەوە و دووپاتی كردۆتەوە كە نەوت پرسێكی سیادییە و هەر سەودانامەیەك لەو بارەیەوە بكرێت پێویستە رەزامەندیی بەغدای لەسەر بێت، دەنا ئەو كۆمپانیایانە بەرپرس دەبن لە ئاكامەكانی.
وتەبێژەكەی وەزارەتی نەوت عیراق وتووشیەتی: هەریمی كوردستان بەردەوامە لەسەر هەناردەكردنی نەوت و هێشتا كێشەكانی پەیوەست بەو پرسە چارەسەر نەكراون.
سەرۆكی روسیا لە لێدوانێكیدا رایگەیاند: كۆمپانیای رۆسنەفی روسی بەردەوام دەبێت لەكارەكانی لەهەرێمی كوردستان و پەیوەندیەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كاریگەریی لەسەر راگرتنی كارەكانمان نابێت.
كۆمپانیای رۆسنەقتی روسی، لەناوەڕاستی ئەمساڵ گرێبەستێكی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجامدا كە ناوەڕۆكەكەی بریتییە لە پەرەپێدانی پێنج كێڵگەی نەوت لەهەرێم و هەروەها راكێشانی بۆرییەكی نەوت بۆ بەندەری جەیهان كە توانای هەناردەی نزیكەی ملیۆنێك بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەیە.

print

 91 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*