سەرەکی » ئابووری » حكومەتی عیراق:وردبینی لە لیستی مووچەخۆرانی هەرێم بەردەوامە

نوێنەرانی كورد: هیچ لیستێكی مووچە لای بەغدا نییە

حكومەتی عیراق:وردبینی لە لیستی مووچەخۆرانی هەرێم بەردەوامە

حكومەتی عیراق وردبینی لەو داتابەیسە دەكات كە سەبارەت بە لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەبەردەستیدایە و ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش كە نزیكە لە سەرۆك وەزیرانی عیراق جەختی كردۆتەوە، حكومەت وردبینیی سەرەتایی لە ناوەكاندا كردووە و دەركەوتووە لەو ژمارەیە تەنها ٦٨٣ هەزاریان شایستەی ئەوەن مووچەیان پێبدریت.

لە مووچەیەك زیاتر وەردەگرن
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق نزیك لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق جەختی كردۆتەوە لەوەی حكومەت وردبینی لەو داتابەیسە دەكات كە سەبارەت بە لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەبەردەستیدایە و ژمارەكەی دەگاتە ملیۆنێك و ٢٣٠ هەزار فەرمانبەر.
جاسم محەمەد جەعفەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر لیستی دەوڵەتی یاسا بە ماڵپەڕی (بەغدادولیەوم)ی راگەیاندووە: «زۆرینەی ئەو ناوانەی لەو لیستەدان دووبارەن و هەندێكیشیان لە مووچەیەك زیاتر وەردەگرن و بەشێكیشیان تەمەنی خزمەتیان تێپەڕیوە و لە سەروو ٧٠ ساڵەوەن و لەگەڵ ئەوەشدا خانەنشین نەكراون».

تەنها ٦٨٣ هەزاریان شایستەن
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاماژەی بەوەشكردووە: «حكومەت وردبینیی سەرەتایی لە ناوەكاندا كردووە و دەركەوتووە لەو ژمارەیە تەنها ٦٨٣ هەزاریان شایستەی ئەوەن مووچەیان پێبدریت». روونیشیكردۆتەوە: حكومەت مووچەی ئەوانی تر نادات و وتووشیەتی پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان رێگەچارەیەكیان بۆ بدۆزێتەوە.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە لەكۆبوونەوەی نێوان سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان، باسی ئەوە كرا، كە چاوەڕوان دەكرێت وەفدێك رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بكرێت بۆ تاووتوێكردنی دۆسێیە هەڵواسراوەكانی نێوان هەولێر و بەغداد، كە دیارترینیان پرسی دابینكردنی مووچەیە.

دیوانی چاودێری دارایی و لیژنەی تایبەتمەند
هاوكات، سەعد حەدیسی وتەبێژی سەرۆك وەزیرانی عیراقیش ئاماژەی بەوەكردووە: حكومەت وردبینی لە داتابەیسی فەرمانبەرانی هەرێمدا دەكات، بەمەبەستی دابینكردنی مووچە و وتووشیەتی: «دیوانی چاودێری دارایی و لیژنەی تایبەتمەند لە ئەنجومەنی نوێنەران ئەو كارەیان پێ سپیردراوە، ئامانجیش لێی دڵنیابوونە لە نەبوونی هەر ئاماژەیەی گەندەڵی، هاوشێوەی سەرجەم دامودەزگا فیدراڵیەكانی تری عیراق».
وتەبێژەكەی عەبادی ئاماژەی بەوەشكردووە: پڕۆسەی وردبینیكردن لەو داتا بەیسەدا، ئەو دۆسێیە بە تەواوی یەكلایی دەكاتەوە و وتوشیەتی: «پێویستە دڵنیابینەوە لەوەی ئەو بڕە پارەیەی بۆ ئەو مەبەستە تەرخاندەكرێت دەگاتە دەست فەرمانبەرانی راستەقینە، نەك كەسانی تر». جەختیشی كردۆتەوە لەوەی پڕۆسەكە لە نزیكترین كاتدا بە ئەنجام دەگات.
ئەو لێدوانانەی كاربەدەستانی عیراق لەكاتێكدایە پێشتر پەرلەمانتارانی كورد لە بەغداد دووپاتیان كردووەتەوە بەغداد هیچ لیستێكی مووچەخۆرانی هەرێمی لەبەردەستدا نییە.

print

 31 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*