سەرەکی » راپۆرت » سەرۆک وەزیرانی نوێی پۆڵۆنیا ماتێوش مۆراڤێچکی کێیە؟

سەرۆک وەزیرانی نوێی پۆڵۆنیا ماتێوش مۆراڤێچکی کێیە؟

لە ئێوارەی رۆژی دوو شەممە 11-12-2017 ماتێوش مۆراڤێچکی وەک سەرۆک وەزیرانی نوێی پۆڵۆنیا دەست بەکاربوو پاش خواردنی سوێندی یاسایی لەبەردەم سەرۆک کۆمار.

ماتێوش مۆراڤێچکی کێیه‌؟
پێشتر ماتێوش مۆراڤێچکی جێگری سەرۆک وەزیران  و وەزیری ئابوری و گەشەپێدان بوو لە حکومەتەکەی بێیاتە شیدوۆ ( Beata Szydło). کاتێک وەزیری ئابوری و گەشەپێدان بوو چەند سەرکەوتنێکی گەورەی لە بواری ئابوری بەدەست هێنا بەمەش بووە ئەستێرەیەکی دیار لە ناو سیاسەتی پۆڵۆنیا. هەروەها توانی بەرنامەیەکی نوێی کۆمەلایەتی جێبەجێ بکات لەگەڵ باشترکردنی  سیستەمی وەرگرتنی باج و کەمکردنەوەی کورتهێنانی بودجە. کە لە ئەنجامدا پۆڵۆنیا ئێستا بۆتە یەکێک لە وڵاتانەی، کە بەشێوەیەکی زۆر خێرا پێشدەکەوێت لەناو وڵاتانی ئەوروپا، هەروەها پارتی یاسا و دادپەروەری دەسەلاتدار ناوبانگی لە نێوخەڵکی زیاد دەکات، ئەمەش دەبێتە پاڵپشتیەکی گەورە بۆ ئەم پارتە لە پرۆسەی دەنگدانەکانی داهاتووی وڵاتی پۆلۆنیا . گرنگترین پەیامی ماتێوش مۆراڤێچکی وەک سەرۆک وەزیران بریتیە لە: باشترکردنی وێنەی پۆڵۆنیا بە جیهانی دەرەوە.

ئه‌وروپا
سەرۆک وەزیرانی پێشوو بێیتا شێدوۆ بەناوبانگ بوو لە نێوەخۆی پۆڵۆنیا، بەڵام بە بەردوام ناکۆکی هەبوو لەگەڵ سەرکردەی وڵاتانی ئەوروپا، لەنێو ئەم ناکۆکیانەش ڕەتکردنەوەی وەرگرتنی کۆچبەران و مشتومری چاکسازی سیستەمی دادوەری کە لەلایەن ئەوروپاوە جێگای گومانن. دەبینرێ کە سەرۆک وەزیرانی نوێ شانسێکی گەورە بێت بۆ نزیک بوونەوەو رێکەوتن لەگەڵ ئەوروپا، زمانەکانی بیانی بە باشی دەزانێت، لە وڵاتانی ئەڵمانیا و ئەمەریکا خوێندوویەتی، پەیوەندییەکی زۆر باشی سیاسی و ئابووری هەیە له‌گه‌ڵ جیهان، کە دەستی پێکردووە لە ساڵی ٢٠٠٧ تاوەکو ٢٠١٥ ، هەروەها سەرۆکی لێژنەی بانکی زاخۆدنیی بوو (Bank Zachodni WBK) کە گەورەترین بانکی پۆڵۆنییە.

بنه‌ماڵه‌یه‌کی خه‌باتگێڕ
زۆر گرنگە ئاماژە بەوەش بکەین، کە ماتێوش مۆراڤێچکی کوڕی کۆرنێل مۆراڤچکییە (Kornel Morawiecki) کە ئەویش ئەندام پەرلەمان و سەرۆکی فەخری پەرلەمانی  پۆڵۆنیایە و یەکێکیش بووە لە چالاکوانە ئەکتیڤەکانی بزوتنەوەی سۆلیداریتی، کە لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکان ئۆپۆزۆسیۆن بوون دژی سیستەمی کۆمۆنیزم.

دۆستی کورده‌
وەک ئەندام پەرلەمان کۆرنێل مۆراڤچکی بە بەردەوام  پشتگیری  خۆی لە سەربەخۆی کوردستان ڕاگەیاندووە، هەروەک لەکاتی کۆنگرەی رۆژنامەوانی لەگەڵ زیاد رەئوف نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپۆڵۆنیا، لە ١٢سێپتێمبەر دووپاتی کردەوە. هەروه‌ها لە ٢٥ سێپتێمبەریش وەک چاودێر لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی  لە کوردستان ئاماده‌بوو.  پاش گەڕانەوشی  لە میدیاکانی پۆلۆنیا دەریبڕی، کە ئەو پێکەوەژیانەی لە کوردستان بوونی هەیە پێویستە ببێتە نمونەیەک بۆ هەموو رۆژهەلاتی ناوەراست.

print

 13 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*