سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » ئیلهام ئەحمەد: ئەمریكاو ئەوروپا لەچوارچێوەی پرسێكی مرۆیی تەماشای دۆزی كورد دەكەن، نەك سیاسی

لەدیدارێكیدا لەگەڵ كوردستانی نوێ:

ئیلهام ئەحمەد: ئەمریكاو ئەوروپا لەچوارچێوەی پرسێكی مرۆیی تەماشای دۆزی كورد دەكەن، نەك سیاسی

سەرتیپ جەوهەر – بەشی هەشتەم

دوای بینینی باخچەی خوێنەران، نیوەڕۆی رۆژی سێیەمی سەردانەكەم چوومە نووسینگەی هاوڕێم ئەمجەد عوسمان كە وتەبێژی ئەنجومەنی سوریای دیموكراتە، دیاربوو كۆبونەوەیەكی حزبیی خۆی هەبوو. ئەو سەرۆكی بزووتنەوەی چاكسازییە و بەشدارە لە ئەنجومەنی سوریای دیموكرات.

قاوەیەكمان خواردەوە، شوێنەكە بەرهەتاوێكی گەرم و نایاب بوو كە بریتی بوو لە بالكۆنی نووسینگەكەیان.
بۆ دوای نیوەڕۆ من مەوعیدم لەگەڵ خاتوو ئیلهام ئەحمەد-ی هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكراتدا هەبوو لە بارەگای فەرمانگەی پەیوەندییەكانی رێڤەبەری خۆسەر.
پێشنیازی ئەوەی بۆ كردم كە بچین لە خوارنگەیەكی ناسراوی میللی قامیشلۆ نان بخۆین.

ئەمجەد بۆخۆی پێشتر لە سلێمانی بوو، ماوەیەكی درێژ لە سلێمانی پێكەوە بووین و هاوڕێیەتییەكەمان هاوڕێیەتی تەمەنە، دیسانەوە بەپێ بەرەو بازاڕ رۆیشتین تا گەیشتینە خواردنگەی حەجی یونس كە خواردنگەیەكی چكۆلانەی لاچەپەك بوو، بەقسەی خۆیان تەمەنی ئەو خواردنگەیە زیاتر لە 85 ساڵە و یەكەمجار بەناوی ئارام كێشان بووە. سەروپێ و جگەر و گۆشت و شۆربای هەمەجۆری هەیە.

خەڵك لە دەرەوەی قامیشلۆوە رووی تێدەكەن، ئێمەش ئەو نیوەڕۆیە سەرێكمان لەوێ دا تا بزانین چییەو چۆنە.
من خواردنەكەم زۆر بەدڵ نەبوو، چونكە حەز لە خواردنی چەور و گران ناكەم، بەهەرحاڵ خواردن و خواردنگەیەكی تایبەت بوو، بینیم خەڵكی لادێ و دەرەوەی شار روو لەو خواردنگەیە دەكەن ئەگەرچی شوێنێكی چكۆلانە و چەپەكیشە.
دواتر بەرە و فەرمانگەی پەیوەندییەكان بەڕێكەوتین، مەوعیدەكەمان دوای دەوامی رەسمیی فەرمانگەكە بوو، تەنها چەند كارمەندێكی پەیوەندییەكان لەوێ مابوونەوە.
عەبدولكەریم عومەر لێپرسراوی فەرمانگەكە بەگەرمی پێشوازیی لێكردین و ئیلهام ئەحمەد سەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات چاوەڕێی ئێمە بوو.

لەكۆتایی ساڵی رابردوودا ئیلهام ئەحمەد لە ئەمریكا دەگەڕایەوە، لە فڕۆكەخانەی هەولێر من و هاوڕێیەكم پێشوازیمان كرد، لە هەولێر قاوەیەكمان پێكەوە خواردەوە و بەدرێژیی باسی رەوشی سوریا و گۆڕانە چاوەڕانكراوەكانی ناوچەكەمان كرد. هەروەك چەند تێبینی و گلەیی و گازندەی تایبەت بە ئیدارەدانی رۆژئاوای كوردستانم لەگەڵدا باسكرد.
كە بینیمەوە حەزی دەكرد ئەو گفتوگۆیەی لە هەولێر تەواومان نەكردبوو بەهۆی نەبوونی كات و گەڕانەوەی ئەو بۆ رۆژئاوای كوردستان، تەواوی بكەین، بۆیە بەشێك لە باسەكانم لەگەڵیدا درێژەی هەمان ئەو باسانە بوو كە لە دانیشتنەكەی هەولێردا تەواومان نەكردبوو.

قاوەو چای رۆژئاوا گفتوگۆكەی گەرم كردین، ئیلهام بۆخۆی ژنێكی لەسەرخۆو هێمنە، بەكورتی وەڵامی پرسیارەكان دەداتەوە، هەندێكجاریش كە پرسیارم لێ دەكرد و دەمخستە بارودۆخێكەوە كە وەڵامدانەوەی روون بۆ ئەو زەحمەت بوو، هەوڵیدەدا پێكەنینێك بكاتە وەڵامی پرسیارەكەم، وەك ئەوەی پێم بڵێت “تۆ راست دەكەیت، بەڵام چیبكەین؟”.
ئیلهام ئەحمەد پێی وابوو ئەنجومەنی سوریای دیموكرات، نوێنەرایەتی زۆرینەی خەڵكی رۆژئاوای كوردستان و رۆژهەڵاتی فورات دەكات بەهەموو پێكهاتە نەتەوەیی و سیاسییەكانەوە، هەروەك پێی وابوو ئەنەكەسە لەبەرئەوەی لەناو ئیئتیلافی ئۆپۆزسیۆنی سوریادایە، ناتوانێت ببێتە ئەندام لە هیچ هاوپەیمانێتییەكی دیكەدا.

وتیشی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا كە نوێنەرایەتیی یان بوونیان لە رۆژئاوادا هەیە، لەسەر بنەمای پێكهاتەیەكی سیاسی و نوێنەرایەتی زۆرینەی فیدرالییەتی باكوور و رۆژئاوای سوریا مامەڵە لەگەڵ ئەنجومەنی سوریای دیموكرات دەكەن، وتیشی: ئێمە پڕۆژەكەمان روونە كە بریتییە لە پڕۆژەی دەوڵەتێكی لامەركەزیی فرە حزبیی دیموكراتیی ئازاد، ئەوە ناونیشانە سەرەكییەكەیەتی و دەبێ‌ت ورد بكرێتەوە.
ئەو پێیوابوو ئەو وڵاتانەی بەشدارن لە هاوپەیمانێتی دژی داعش، بەتایبەتی ئەمریكا و ئەوروپا بە گشتی لە چوارچێوەی پرسێكی مرۆییدا تەماشای دۆزی كورد دەكەن، نەك لەسەر بنەمای سیاسی، ئەوان پێیانوایە كورد وەك پێكهاتەیەك لە سوریا نابێت لەناو ببرێن و رووبەڕووی كوشتن و لەناوچوون ببنەوە.

بەدەم قاوەخواردنەوە و گفتوۆگۆی گەرمەوە كاتەكەمان درەنگ كرد. بەگەرمییەوە دوعاخوازیمان كردو بەڕێیان كردین تا بەردەرگا.
تا ئۆتۆمبێلەكەمان هات، كەمێك بەپێ رۆیشتین، لەرێگە ئەو هاوڕێیەم خۆیكرد بە بارەگای حزبێكدا و تەماشام كرد دەمناسین.

بارەگای رەوتی ئایندەی كورد لە سوریا (تیار المستقبل الكرد فی سوریا) كە حزبێكە دامەزرێنەرەكەی مەشعەل تەمۆ-یە كە لە تشرینی یەكەم (ئۆكتۆبەر)ی 2011 لەلایەن دەستێكی نادیارەوە تیرۆركرا. كە هەندێك پێانوابوو لەلایەن رژێمی سوریاوە تیرۆركراوە، بۆیە هەر ئەو شەوەی تیرۆركرا، هەزاران كەس لە قامیشلۆ و عامودا هاتنە دەرەوە و خۆپێشاندانی گەورەیان كرد و پەیكەری حافز ئەسەدیان لە قامیشلۆ شكاند. ئەگەرچی تائێستاش روون نەبۆتەوە كە كێ‌ و بۆچی تیرۆری كرد.

ئەو حزبە لە دوای نەمانی دامەزرێنەرەكەی، تائێستا پێنج جار جیابوونەوەی بەخۆیەوە بینیووە و سێ گروپ لەوانەی لەو حزبە جیابوونەتەوە لەناو ئەنجومەنی نیشتیمانی كورد لە سوریا (ئەنەكەسە)دان و یەكێكیان لەناو ئەنجومەنی سوریای دیموكراتە و ئەوی دیكەشیان روون نییە، دوایین جیابوونەوەشیان لە شوباتی 2020 بوو كە وەك گروپێك خۆیان راگەیاند.

لەرۆژئاوای كوردستان حزب و لایەنی سیاسی زۆر هەن، بەڵام لە مێژووی سیاسیی ئەو پارچەیەی كوردستاندا جیابوونەوە بە شێوەیەكی جیاواز روویداوە. حزب هەیە زیاتر لە پێنج جار جیابوونەوە تێیدا روویداوە. چەندین حزب بەیەك ناو یان نزیك لەیەكتر هەن و پێشتر یەك حزب بوون.

هۆكاری جیابوونەوەكان بەشێوەیەكی گشتی روونە، ئەویش دەستێوەردانی حزبە گەورەكان یان دەستێوەردانی دەرەكی.
لەناوخۆی رۆژئاوای كوردستان پەیەدە دەستێكی درێژی هەیە و خاوەنی هەژموون و كاریگەرییەكی گەورەیە، لە دەرەوەی رۆژئاوای كوردستانیش پارتی دیموكراتی كوردستان- عیراق، رۆڵێكی كاریگەری هەیە لەناو بەشێك لە حزبەكاندا، بەتایبەتی لەناو چوارچێوەی ئەنەكەسەدا كە ژمارەیەك حزبی جیاوازن و وەك دەوترێت لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە پشتیوانییان لێدەكرێت.

print

 275 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*