سەرەکی » راپۆرت » دووبارە جەخت لە خۆپیشاندانی هێمنانە دەكرێتەوە

دووبارە جەخت لە خۆپیشاندانی هێمنانە دەكرێتەوە

بۆ رۆژی دووەم خۆپیشاندان لە شارو شارۆچكەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی و چەند ناوچەیەكی دیكە بەردەوام بوو. بەپێی ئامارە ناڕەسمی دەزگا تەندروستیەكانیش، كوژراو و بریندار لەچەند ناوچەیەك هەیە. حكومەت و پەرلەمانی كوردستانیش پەیامیان بۆ خۆپیشاندەران هەیە. داواش لەخۆپیشاندەران دەکرێت سەنگەری خۆیان بۆ داواکردنی مافە رەواکانیان، لە گێرەشێوێنان جیابکەنەوە.

بڵاوە بە خۆپیشاندەران كرا
لەشاری سلێمانی، بەیانی دوێنێ مامۆستایان و فەرمانبەران و بەشێك لەهاووڵاتیان لەبەردەم بینای بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی رۆژئاوا گردبوونەوە و بەوتەی خۆپیشاندەرانیش، لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە بڵاوەیانپێكراوە. هاوكات بەشێك لە خۆپیشاندەران ویستیان ناڕەزایەتیەكان بگوێزنەوە بۆ بەردەم سەرای ئازادی سلێمانی، بەڵام هێزە ئەمنیەكان بەمەبەستی دروستنەبوونی گرژی و رێگەگرتن لەكاری توندوتیژی، رێگرییان لە گردبوونەوەكە كردو بە غازی فرمێسك رێژ بڵاو لەگردبوونەوەكە گیرا.
سەبارەت بە بریندارانی رووداوەكانی سلێمانی، د.میران محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند: «تا ئێوارەی دوێنێ لەناو بەشی فریاكەوتنی سلێمانی هیچ بریندارێكی لێ نەماوە. چەند بریندارێك هەبوون كە بەهۆی بەردو غازەوە برینداربوون، برینەكانیان سوك بووەو هەر زوو چارەسەریان بۆ كراوەو رەوانەی ماڵەوە كراونەتەوە».

بارەگاكان سوتێنران
هەر سەبارەت بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەكانەوە، خۆپیشاندەران لە قەزای كۆیە بارەگای مەڵبەندی یەكێتی و بارەگای پارتی و مەكۆی گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ و بینای قائیمقامیەتی شارەكە سوتێنران.
دواتر بەشێكی زۆری فەرمانگە حكومیەكانی شاری كۆیە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە سوتێنران‌و بەهۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزیشەوە، ژمارەیەك خۆپیشاندەر برینداربوون.

لە چەمچەماڵ كرا بە پشوو
لەناحیەی تەكیەش، هاوشێوەی شار و شارۆچكەكانی تر، خۆپیشاندەران بارەگا حزبیەكانی ناحیەكەیان سوتاندو داوایانكرد، بەپەلە كێشەی موچەی فەرمانبەران و نەبوونی خزمەتگوزاری چارەسەربكرێت.
هاوكات لەقەزای چەمچەماڵ، خۆپیشاندانەكان گرژی و ئاڵۆزییان لێكەوتەوە و هەوڵدرا كە وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای شارەكە بسوتێنرێت، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە رێگرییان لێكرا. بۆیە بەرپرسانی وێستگەكە بەناچاری‌و بۆ چەند سەعاتێك كارەبایان كۆژاندەوە.
لەوبارەیەوە، دوێنێ قائیمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا ئاگاداری دانیشتووانی قەزاكەی كردەوە كە سەرجەم دەسەڵاتەكانی لیژنەی ئەمنی قەزا دراوە بە دەسەڵاتی سەربازی‌و لە سەعات 8ی شەوی رابردووشەوە، جموجۆڵی هاتوچۆ لەشارەكە راگیرا.
هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، ئەمڕۆ چوارشەممە لەسەرجەم دامودەزگاكانی سنوری چەمچەماڵ كرا بە پشووی فەرمی، جگە لە دەزگا ئەمنی و فریاگوزارییەكان.

لە رانیە قوربانی لێكەوتەوە
لە خۆپیشاندانەكەی قەزای رانیەش چەندین بارەگای حزبی و كەناڵی گەلی كوردستانیش سووتێنراو گرژی و ئاڵۆزیی كەوتەوە، كە بەپێی زانیارییەكان ژمارەیەك هاووڵاتی برینداربوون و بەوتەی خۆپیشاندەرانیش، چەند خۆپیشاندەرێك بوونەتە قوربانی.
خۆپیشاندەران لە رانیە، بارەگای تەواوی لایەنە سیاسیەكان سوتێنران‌و بەوتەی شایەتحاڵانیش، لەبەردەرم بارەگای پارتی لەشارەكە، تەقە بە ئاراستەی خۆپیشاندەران كراوە و چەند سەرەنجام ژمارەیەك قوربانی لێكەوتۆتەوە.

حكومەت پەیامی هەبوو
لەڕۆژی یەكەمی خۆپیشاندانەكەش، حكومەتی هەرێم راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە كە تێیدا هاتووە:»حكومەتی هەرێم خۆپیشاندان بە مافێكی رەوای هاووڵاتیان دەزانێت‌و هەمیشە بەرگری لەو مافە كردووە و بەرگری لێدەكات، بەڵام بەنیگەرانییەوە دەڕوانێتە ئەو كردەوە ناشارستانی‌و توندوتیژانەی كە لەچەند شارو شارۆچكەیەكی كوردستان‌و بەتایبەتی لەسنووری پارێزگای سلێمانی روویاندا».
رونیشكردەوە:»خۆپیشاندانی ئارام‌و شارستانی بۆ داواكردنی مافەكان لەچوارچێوەی یاسادا، كارێكی دیموكراسیانەی بە تەواوی رێگەپێدراوە، بەڵام قۆستنەوەی ئەو مافەو داواكاریی هاووڵاتیان بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی‌و زیانگەیاندن بە موڵك‌و ماڵی هاووڵاتیان ‌و نانەوەی پشێوی‌و تێكدانی ئارامی‌و سەقامگیری، هیچ سوودو خزمەتێك بە كەس ناگەیەنێت».

پەیامی پەرلەمان
هاوشێوەی حكومەت، پەرلەمانی كوردستانیش راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا ئاماژەی بەوەدا، مافی خۆپیشاندانی هاووڵاتیان، بەمافێكی رەوای گەلی كوردستانی دەزانین، لەسەر كێشەو داخوازیەكانیان بەشێوازێكی هێمنانە‌و مەدەنیانەی دوور لەتوندوتیژی گوزارشت لەڕاوبۆچوونی خۆیان بكەن.
لەبەشێكی دیكەی راگەیەنراوەكەی پەرلەماندا هاتووە:»توندوتیژی ئامانجی راستەقینەی هاووڵاتیان‌و هێنانەدی خواستە رەواكانتان بەلارێدا دەبات، خزمەتیش بە نەیارانی گەلەكەمان دەكات، كە دەیانەوێ ئاژاوە بنێنەوە‌و ئامانجیان لەباربردنی قەوارەی سیاسی‌و دەستووری هەرێمی كوردستان و خوێنی شەهیدانە».

هێزەكانی 70 هاتەدەنگ
هاوكات، فەرماندەیی هێزەكانی 70 لەڕاگەیەنراوێكدا، داوای لەحكومەتی هەرێم كرد داوا رەواكانی هاووڵاتیان‌و هێزەكانی پێشمەرگە جێبەجێبكات.
لەڕاگەیەنراوەكەی فەرماندەیی هێزەكانی 70دا هاتووە: ((هەرێم بەهەلومەرجێكی سەخت‌و مەترسیداری پڕ لەقەیرانی ئابووری‌و سیاسیدا تێپەڕدەبێت‌و ناحەزانی گەلەكەشمان لەهەموولایەكەوە پلان‌و نەخشەی دوژمنكارانەی خۆیان بەرامبەر گەل‌و خاكی كوردستان دادەنێن)).
هێما بەوەشكراوە، «هێزی پێشمەرگە بەشێكە لەجەماوەری كوردستان‌و نیگەرانین لەخراپی بژێوی پێشمەرگەو خەڵك، بەڵام پێمانوایە هەلومەرجی ئێستای كوردستان بەرگەی قەیرانی لەوە زیاتر ناگرێت‌و تێكدانی ئارامی ئاسایشی هەرێم‌و سوتاندنی دامەزراوە حكومیەكان‌و بارەگا حزبیەكانیش بەكارێكی ناڕەوا دەزانین».
وەزیری رۆشنبیریی هەرێم: ئەركی میدیا بانگەشە نییە بۆ توندوتیژی
هەروەها، خالید دۆسكی وەزیری رۆشنبیریی هەرێم لەڕاگەیەندراوێكدا، پشتیوانی لە خۆپیشاندانی هێمنانەو داوا رەواكانی هاووڵاتیان دەكاتەوەو داواش لە دەزگاكانی راگەیاندن دەكات بە ئەركی پیشەیی خۆیان هەستن و نەبنە بەشێك لەئاڵۆزكردنی رەوشەكە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەركی میدیا رووماڵكردنی رووداوەكانە نەك بانگەشە‌و لایەنگری بۆ لایەنێك و ناوزڕاندن و تەخوینكردنی بەرامبەر‌و بەلاڕێدابردنی رەوشەكەو وروژاندنی سۆزی جەماوەر.

داوكاری گشتیی هەرێم: پشتیوانی خۆپیشاندانی رێگەپێدراوین
سەرۆكایەتیی داواكاری گشتی هەرێمی كوردستانیش لەپاڵ پشتیوانی لە خۆپیشاندانی رێگەپێدراوو یاسایی هاووڵاتیان، داوا لەخۆپیشاندەران دەكات بەرپرسیارانە مامەڵە بكەن و خۆیان بەدووربگرن لە رەفتاری نایاسایی و سوتاندن و رێگەگرتن، بەپێچەوانەوە ناچار دەبن رێوشوێنی یاسایی لەبەرامبەر سەرپێچیكاران بگرنەبەر. داواش لە حكومەتی هەرێم دەكات بەدەم داوای هاووڵاتیانەوە بچێت ‌و رێگەی گونجاو بدۆزێتەوە بۆ باشكردنی ژیان‌و گوزەرانی هاووڵاتیان.

 835 جار بینراوە