سەرەکی » دۆسێ » مانگی داهاتوو عیراق و ئەمریكا دانوستانەكانیان دەستپێدەكەن

بۆ پاشەكشەكردنی هێزەكانە

مانگی داهاتوو عیراق و ئەمریكا دانوستانەكانیان دەستپێدەكەن

پاشەكشەكردنی هێزەكانی عیراق سەرلەنوێ‌ سەرهەڵدەداتەوە و لەمجارەدا بەرپرسانی عیراق لەڕێی نوستانەوە لەگەڵ ئەمریكاییەكان، كار بۆ دەركردنی ئەو هێزانە دەكەن كە لە دوای رێكەوتنی ستراتیژی نێوان واشنتۆن و بەغدا و تێكشكاندنی رێكخراوی داعش لە عیراقدا ماونەتەوە.

وادەیەك بۆ دەستپێكردنی دانوستانەكان
وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق رایدەگەیەنێت، عیراق و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا دانوستانەكانی نێوان دەستپێدەكەن، ئامانج لەو دانوستانەش دانانی خشتەیەكی كاتییە بۆ پاشەكشەكردنی تەواوەتی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق.

لیوا عەبدولكەریم خەڵەف وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق لە 27ی نیسانی 2020 بە رۆژنامەی (الصباح)ی عیراقی رایگەیاندبوو»بڕیاری دەستپێكردنی دانوستان پشت بە بڕیارەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی دەبەستێت بۆ چوونەدەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا، ئەمەش بەپێی رێكەوتنێك دەبێت لەنێوان هەردوو لایەنی عیراقی و ئەمریكایی، پەیوەندییە ئەمنییەكانی نێوان عیراق و ویلایەتە یەكگرتووەكانیش بەردەوامدەبن لە چوارچێوەی پرۆسەكانی مەشق و گۆڕینەوەی پسپۆڕی لە حاڵەتی جێبەجێكردنی بڕیاری پاشەكشەوكردنەكە».

بە وتەی لیوا عەبدولكەریم خەڵەف»حكومەتی عیراق نامەیەكی لەلایەن ئەمریكاییەكانەوە پێگەیشتووە كە ئەرێنی بووە و تێیدا پەیوەندییە ستراتیژییەكان بە هەموو شێوازەكانی لەنێوان هەردوولادا بەجیا تاوتوێ‌ كراون».
وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، تەئكیدی لەسەر تاوتوێكردنی پاشەكشەكردنی هێزە بیانییەكان كردەوە لەلایەن عیراق «بەشێوەیەكی ورد و راستەقینە»، ئاماژەی بە كەمكردنەوەیەكی زۆری زۆری هێزەكانی ئەمریكاش كردووە كە: بەڕێكەوتن بووە لەگەڵ حكومەتی عیراق، وەك دەستپێشخەریی نیازپاكی و بوونی لێكگەیشتن و دەرخستنی دەستەواژە ئەرێنییەكان».

بڕیاری پاشەكشەكردنی هێزە بیانییەكان
لە سەرەتای ساڵی 2020 و لە دانیشتنێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بڕیاردرا لەسەر گرتنەبەری 5 رێوشوێن و حكومەتی عیراقیش پابەندكرا بە كۆتایی هێنانی بە بوونی هێزە بیانییەكان لە وڵاتدا.

ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارە ئامادەبووەكان دەنگی بۆ بەرژەوەندی بڕیاردەكەدا كە پابەندكردنی حكومەتی عیراق بە هەڵوەشاندنەوەی داوای یارمەتی لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە رێكخراوی داعش لەخۆدەگرێت، ئەمەش لەدوای كۆتایی هێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازیی و جەنگییەكان لە عیراق و هێنانەدی سەركەواتن و رزگاركردنی ناوچەكان و پابەندكردنی حكومەتی عیراقی بە كۆتایی هێنان بە بوونی هەموو هێزە بیانییەكان لەسەر خاكی عیراق و رێگرتن لە بەكارهێنانی خاك و ئاو و كایەی ئاسمانی عیراق بۆ هەر هۆكارێك، بە هەمان شێوە حكومەتی عیراقی پابەندكرا، چەك تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بهێڵێتەوە.

بڕیارەكە ئەوەش لەخۆدەگرێت كە حكومەتی عیراق بە نوێنەرایەتی وەزیری دەرەوە بەشێوەیەكی خێرا بچێتە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و سكاڵا لە دژی ویلایەتە یەكگرتووەكان پێشكەش بكات لە دژی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەهۆی ئەو پێشێلكارییە مەترسیدارانەی لە بەزاندنی ئاسایش و سەروەریی عیراقدا ئەنجامیداوە، لەگەڵ رەخساندنی بواری زیاتر بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی داڕشتنی یاسای هەڵوەشاندنەوەی رێكەوتنی ستراتیژی نێوان عیراق و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.

دانگدانەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەسەر بڕیاری پاشەكشەپێكردنی هێزە بیانییەكان لە وڵاتدا، دوای ئەو ئۆپەراسیۆنە بوو كە ویلایەتە یەكگرتووەكان لەڕێی هێرشێكی ئاسمانییەوە ئەنجامیدا و تێیدجا ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانی كردە ئامانج كە دوای كەمتر لە هەفتەیەكیش بوو لە هێرشێكی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا كە پێگە سەربازییەكانی سەر بە حەشدی شەعبیان لە قەزای قائیمی خۆرئاوای پارێزگەی ئەنبار كردە ئامانج.

رێكەوتنی ستراتیژی
دوای نزیكەی پێنج ساڵ بەسەر پرۆسەی رزگاردنی عیراق و روخاندنی رژێمەكەی سەدام حسێن لە بەغدا، ولایەتە یەكگرتووەكان و حكومەتی عیراق رێكەوتنێكیان ئیمزاكرد كە دیاریكردنی «ئەحكام و پێداویستی سەرەكی بوونی كاتی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق و چالاكییەكانیان و پاشەكشەكردنیان لەخۆدەگرێت».

بەپێی رێكەوتنەكە، دەبێت هەموو هێزەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان لەسەر خاكی عیراق لە وادەیەكدا كە نابێت 31ی كانوونی یەكەمی 2011 تێبپەڕێنێت، پاشەكشەبكەن.

هەموو هێزە شەڕكەرەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە شار و گوندەكانی عیراق لە وادەیەكدا كە نابێت ئەو مێژووە تێبپەڕێنێت پاشەكشەبكەن و هێزە عیراقییەكان لەو ناوچانەدا بەرپرسیارێتی ئەمنی تەواوی پارێزگەكانی عیراق لەئەستۆبگرن، تا ئەو دەمەی هێزەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان لەو ناوچانەدا لە وادەی دیاریكراوی 30ی حوزەیرانی ساڵی 2009دا پاشەكشە دەكەن.

ئەو هێزە ئەمریكاییانەی پاشەكشە دەكەن لەو رووبەر و دامەزراوانەی رێكەوتنیان لەسەر كرا، لە دەرەوەی شار و شارۆچكە و گوندەكان جێگیردەكرێن، ئەمەش لەلایەن لیژنەیەكی هاوبەشەوە دیاریی دەكرێت بۆ هەمانگی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان.

ویلایەتە یەكگرتووەكان دان بە مافی سەروەریی حكومەتی عیراقیدا دەنێت لەڕووی داواكاریی پاشەكشەكردنی هێزەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە عیراق، لە هەركاتێكدا بیەوێت.

بە هەمان شێوە حكومەتی عیراقیش دان بە مافی سەروەریی ویلایەتە یەكگرتووەكاندا دەنێت لەڕووی پاشەكشەپێكردنی هێزەكانی لە عیراق، لە هەر كاتێكدا بیەوێت.

هەردوولا لەسەر دانانی میكانیزمەكان و رێكارەكانی كەمكردنەوەی ژملارەی هێزەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان لەماوەیەكی دیاریكراودا رێكدەكەون، و دەبێت رێكەوتن لەسەر ئەو شوێن و پێگانەش بكەن كە هێزەكانی تێدا جێگیر دەكرێت.

print

 195 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*