سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » دۆزینەوەی ڤاكسینێك لە نێوان مرۆڤایەتی و بازرگانیداپەڕە 23

دۆزینەوەی ڤاكسینێك لە نێوان مرۆڤایەتی و بازرگانیدا

وڵاتان و كۆمپانیاكانی بواری تەندروستی و دروستكردنی دەرمان لە كێبڕكێیەكی خێرادان بۆ دۆزینەوەی ڤاكسین و دەرمانی دژە كۆرۆنا بۆ ئەوەی هەرچی زیاترە قازانجی مادییان دەست بكەوێ و بازاڕگەرمی پێوە بكەن.

كۆمپانیاكان لە ژێر فشاری تونددان
بەپێی پێشبینی شارەزا و پسپۆڕانی بواری ڤایرۆس و تاقیگەكان: كێشەی هەڵمەتی بەرەنگاریی ئەو ڤایرۆسە لە هەموو لایەكەوە 18 مانگی پێویستە و تا ئەو ماوەیە دەبێت خەڵك ماسك و دەستكێش بەكاربهێنن و پاكوخاوێنی بپارێزن و لە یەكتری دووربكەونەوە. ئەو كۆمپانیایانە هەوڵدەدەن لەلایەك ببنە پێشەنگی دۆزینەوەی ڤاكسینەكە و قازانجێكی زۆری مادی بكەن، لەلایەكی تریشەوە بەرهەمەكانیان بە هەموو جیهاندا بڵاوبكەنەوە و پڕوپاگەندەی بازرگانی بكەن.

زۆرێك لەوانە پێشبینی دەكەن كە لە وەرزی پایزی داهاتوودا ڤاكسینەكە بەرهەم دەهێنرێت ‌و هەندێكی تر ماوەیەكی دوورتریان بۆ داناوە، بۆیە جارێ دیار نییە ئایا كەی ڤاكسینەكە دروست دەكرێت؟
پسپۆڕێكی بواری دەرمان لە ئەڵمانیا، دەڵێت: ئێستا كۆمپانیاكان لە ژێر فشارێكی توندی سیاسەتمەدار و دەزگا تەندروستییەكاندان كە پەلە بكەن لە بەرهەمهێنانی ڤاكسینێكدا، خۆ ئەگەر زووش دروست بكرێت، ئەوا كێشەی دابەشكردن و فرۆشتن هەر دەبێت، چونكە وڵاتە پێشكەوتووەكانی وەك ئەندامانی یەكێتیی ئەوروپا و روسیا و ئەمریكا و ئوسترالیا و كەنەدا و یابان و چین و كۆریا دەتوانن بیكڕن و بەنرخێكی گونجاو بیخەنە بازاڕەكانی خۆیانەوە، یان لە نەخۆشخانەكان بەخۆڕایی بیخەنە خزمەتی هاووڵاتیانەوە، بەڵام وڵاتە دواكەوتووەكان ‌و بەتایبەتیش ژمارەیەك وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتی تر، لە دەستخستنیدا كێشەیان دەبێت.

كەمدەرامەتەكان كێشەیان دەبێت
خاتوو ئیلۆنا كیكبۆش پسپۆڕی دروستكردنی دەرمان دەڵێت: كاتی خۆی كە نەخۆشی ئیبۆلا بڵاوبۆوە، پارەیەكی زۆر بەردەست خرا بۆ دروستكردنی دژە ڤایرۆسەكە، بۆیە كێشەی گەورە پەیدا نەبوو، بەڵام ئێستا هەر وڵاتە و هەر كۆمپانیایەك بەجیا و بەبێ كۆنتاكت لەگەڵ یەكتر، لەپێناوی بەدەستخستنی پارە و سامانێكی زۆر كێبڕكێ دەكەن لەسەر دۆزینەوەی دژە ڤایرۆسەكە، بۆیە لە ئەنجامدا كەمدەرامەتەكان كێشەیان دەبێت.

لەلایەكی تریشەوە، یۆرگم فاسیم مامۆستا ‌و پسپۆڕ لە زانكۆی دیوسبۆرگ، ئەو كێبڕكێ و ململانێیە بە باش دەزانێت بۆ هەرچی زوو دۆزینەوەی ڤاكسینەكە. بەپێی قسەكانی ئەو شارەزایە، ئێستا چارەنووسی ژیانی هەموو جیهان كەوتۆتە دەستی ئەو كۆمپانیایانە و ئەوان سەرپشكن لەسەر چۆنێتی گوزەرانی خەڵك لە سەرتاسەری جیهاندا، چونكە ئەمساڵ دەیان كۆمپانیا و تاقیگە بەتەمان ڤاكسینەكە لەسەر مرۆڤ تاقیبكەنەوە، بەتایبەتی كۆمپانیاكانی وڵاتانی ئەمریكا و چین و ئەڵمانیا كە هەنگاوی ئەرێنییان لەم بارەیەوە ناوە.

هەڵوێستی وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا وەك یەكە
لەسەر ئەمە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند: دۆزینەوەی ڤاكسینێك لە دژی كۆڤید 19 بەرژەوەندیی هەموو دونیای تیدایە و دەبێت پەلە بكرێت. نێوەندە جیهانییەكانیش خەریكی تاوتوێكردن و كۆكردنەوەی كۆمەكن بۆ پێشخستنی پرۆسەكە و یەكێتیی ئەوروپا و دەزگای بیڵ گەیتس پێشنیاری كۆكردنەوەی نزیكەی 8 ملیار یۆرۆیان كردووە بۆ ئەم مەبەستە.

لەسەر ئەمە خاتوو ئەنجێلا مێركل راوێژكاری ئەڵمانیا لە وتارێكیدا لە رۆژنامەی فرانكفۆرتە ئەلگێماینە زایتۆنگ، پشتیوانی گەورەی ئەو بیرۆكەیەیە و پێیوایە كە مادەم هەڵوێستی وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا وەك یەكە، كەواتە دەبێت زووبەزوو پارەكە كۆبكرێتەوە و بخرێتە خزمەتی دروستكردنی ئاژانسێكی سەرتاسەری. هەریەك لە سەرۆكی فەرەنسا و سەرۆك وەزیرانی ئیتالیا و نەرویژ و ئیسپانیا پەلە دەكەن بۆ كۆكردنەوەی كۆمەكەكە.

لەسەر ئەمە، ئیلۆنا كێبكوش پێیوایە كە ئەگەر دەزگایەكی لەو شێوەیە دروست بكرێت، ئەوا لەكاتی دابەشكردن و فرۆشتنیدا كێشە نابێت، چونكە ئەو دەزگایە سەرپشك دەكرێت لە دابەشكردن بەسەر وڵاتاندا. زۆربەی كۆمپانیا ئەڵمانییەكانیش كە لە مشوری دروستكردنیدان، پێشوازییان لە دامەرزاندنی دەزگایەكی لەو جۆرە كردووە.

 

سەرچاوە: دۆیچەڤێلا، فراكفۆرتە ئەلگێماینە زایتۆنگ

 395 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*