سەرەکی » دۆسێ » پێداچوونەوەیەکی مێژوویی بە پەیوەندییەکی ئاڵۆزداپەڕە 24

پێداچوونەوەیەکی مێژوویی بە پەیوەندییەکی ئاڵۆزدا

پەیڤێک

کێشەی کورد لە تورکیادا رەگوڕیشەیەکی دێرینی هەیە و لەگەڵ دروستبوونی کۆماری نوێی تورکیاش لەلایەن مستەفا کەمال دامەزرێنەری کۆماری نوێی تورکیاوە کێشەی کورد دەکەوێتە قۆناغێکی تەواو دژوار و سەختەوە.
نکوڵیکردن و سەرکوتکردنی کورد کراوەتە سیاسەتی سەرەکی لەلایەن دەوڵەتی نوێی تورکیاوە.
زۆر گرنگە بۆ ئێمەی کورد لە رەگوڕیشەی تێڕوانینی مستەفا کەمال دامەزرێنەری کۆماری نویێ تورکیا ئاگادار بین و بزانین هۆکاری ئەم سیاسەتە توندەی لە چییەوە هاتووە، ئایا لە سەرەتاشدا هەمان بۆچوونی هەبووە یان جیاواز تربووە.
لەم لێکۆڵینەوەیەدا کە لە لایەن « ئەندرو مانگۆ» وە نووسراوە و مامۆستا محەمەد حەمەساڵح تۆفیق لە ئینگلیزییەوە کردویەتی بە کوردی، زۆر شتی گرنگی باسکردووەو بەرچاوروونی باشیشی تێدایە بۆ ئەو سیاسەتەی کۆماری نوێی تورکیا بەرامبەر بە کورد.

کوردستانی نوێ

نووسینی : ئەندرو مانگۆ

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمە ساڵح تۆفیق

بەشی دووەم و کۆتایی

بێجگە لەوەش ئەو ئەم ئەنجومەنە بەکارهات لە مەجلیسەوە گۆڕا بۆ شوورا و لەبنەڕەتدا لەلایەن ریفۆرمخوازە عوسمانییەکانەوە هەڵبژێردرا و وەک زاراوەیەکی ئیسلامیی رەسەن بۆ ئەنجومەنێکی راوێژکاری، شوورا لەدوای شۆڕشی بەلشەڤیک وەک دەلالەتێک بە «سۆڤیێتەوە» بەسترا (شوورا لە زمانی فارسیی نوێدا و شوورەوی وەرگێڕانی ستانداری ناو و ئاوەڵناون بۆ «سۆڤیێت»). ئەو حکومەتەی کە سوپای عوسمانی بەجێیهێشت کاتی ناچار بوو لەپاش ئاگربەس قارس چۆڵ بکات ناوی «قارس میللی ئیسلام شوراسی» بوو، کە بە باوەڕی من دەکرێت پێی بڵێین سۆڤیێتی نیشتتمانیی ئیسلامیی قارس. نموونەیەکی تری ئیلهامبەخشیی سۆڤیێتیی هەیە لە دەستووری ساڵی 1921دا و ئەو زاراوەیەی بەکارهێنرا بۆ دەسنیشانکردنی حکوومەتی ئەنقەرە بەم شێوەیە بوو «ئیجرا وەکیللەری هەیئەتی icra vekilleri heyeti» کە دەقی وەرگێڕانەکەی بەمجۆرە دێت «کۆمیتەی کۆمیسیارانی راپەڕاندن» و (بە زمانی رووسیش کورتکراوەتەوە بۆ ئیسپۆڵکۆم)، کە ناوی حکوومەتە بەلشەڤیکەکەی مۆسکۆ بوو. لە دەقە فەرەنسییەکاندا وەکیل وەرگێڕدراوە بۆ کۆمیسیێر.

مستەفا کەمال ئاماژە بەو بنەما دەستوورییانە دەکات کە پەیوەندییان بە حکومەتی ناوخۆییەوە هەیە لەو راسپاردانەدا کە ناردوویەتی بۆ نیهاد پاشا (ئەنڵمش)، کەوا بە فەرماندەی بەرەی باشووری جزیرە لە حوزێرانی 1920دا48 و راسپاردەکان شایانی ئەوەن کە بەتەواوی و دەقاودەق بگوێزرێنەوە ئێرە:

«1- سیاسەتی ناوخۆییمان پێویستی بە داڕشتن و دامەزراندنێکی پلە بە پلەیە لە سەرانسەری وڵاتدا و لە کایەیەکی بەرفراوانی کارگێڕیی ناوخۆدا بە بەشداریی راستەوخۆ و کاریگەری جەماوەری خەڵک. سەبارەت بەو ناوچانەش کە کوردیان تێدا نیشتەجێیە، ئەوە بە پێویستی دەزانین بۆ سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەمان کە حکوومەتیکی ناوخۆیی پێکبێنین بەشێوەیەکی قۆناخ بە قۆناخ.

2 – مافی گەلان بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی خۆیان سەرەتا و پرەنسیپێکی قوبووڵکراوە لە سەرانسەری دنیادا و ئێمەش ئەم پرەنسیپەمان قوبووڵ کردووە. وا چاوەڕوان دەکرێت کە تا ئەوکاتە کوردەکان حکوومەتی ناوخۆیی تایبەت بە خۆیانیان رێکخستبێت و سەرۆک و ناودارەکانیان بە هاوکاریی ئێمە سەربکەون لە جێبەجێ کردنی ئەم ئامانجەدا، کاتێک کە لە رێگەی دەنگدانیانەوە پێویستە ئەوە ئاشکرا بکەن کە لە ژێر سایەی بەڕێوەبردنی ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵادا دەبن و ئەوکاتە بەڕاستی دەبنە خاوەن چارەنووسی خۆیان. گەرماندەیی بەرەی جزیرە بەرپرسە لە ئاڕاستەکردنی هەموو کاروبارەکان لە کوردستاندا بەگوێرەی ئەم سیاسەتە.

3 – هێڵە گشتییەکانی ئەم سیاسەتە رەچاوکراوە ئەو ئامانجانە لەخۆدەگرێت وەک بەرزکردنەوەی ناکۆکی و ململانێی چەکداری تا ئاستی بەردەوامبوونی دوژمنایەتیی کوردەکانی کوردستان دژ بە فەرەنسییەکان و بەتایبەتیش بەریتانییەکان لە سەر سنووری عێراق، بۆ رێگرتن لە هەر رێککەوتنێکی نێوان کورد و بیانییەکان، بۆ ئامادەکارییەکی شێنەیی دامەزراندنی دەزگاکانی حکوومەتی ناوخۆ و بەوپێیە راکێشانی دڵی کورد بە لای خۆماندا و بەهێزکردنی پەیوەندیمان بە سەرۆکە کوردەکانەوە بە دامەزراندنیان لە پۆست و پێگەی مەدەنی و سەربازیدا.

4 – هەماهەنگی کردن لە سیاسەتی ناوخۆی کوردستاندا و بەڕێوەبردنی لە لایەن سەرکردایەتیی بەرەی جزیرەوە. فەرماندەیی بەرە لەم رووەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵادا چێدەکات. کاربەدەستانی بەرپرسی مەدەنیش راپۆرتی خۆیان لەسەر ئەم مەسەلەیە دەدەنە فەرماندەیی بەرە، کە ئەمیشیان کاروباری پێویست لەگەل دەسەڵاتدارانی ناوچەکە رێکدەخات.

5 – فەرماندەیی بەرەی جزیرە پێشنیازی چەشنی گۆرانکاریی کارگێڕی و دادوەری و دارایی پێویست ئامادە دەکات49.

نیهاد پاشا نەیتوانی دڵ و مێشکی کەسایەتییە کوردەکان بەلای خۆیدا رابکێشێت، یان هەر هیچ نەبیت کەسیاتییە کوردەکانی ناوچەکەی خۆی. هەندێک لەوانە سکاڵای خۆیان گەیاندە ئەنجومەن لە ئەنقەرە و بە ملهوڕی و کاری نایاسایی تۆمەتباریان کردبوو.

لیژنەی دادوەریی ئەنجومەن، پاش ئەوەی گوێی لە بەرگرییەکەی گرت، راپۆرتی ئەوەی دا کە هیچ کردەوەیەکی لەگەل نەکرێت و لە 22ی تەمووزی 1922 راپۆرتەکە وەک خۆی وەرگیرا، سەرەرای ناڕەزایی و دەنگ هەڵبڕین لە لایەن هەندێک لە نوێنەرانەوە و بەتایبەتی فەیزی ئەفەندیی نوێنەری مەڵاتییە. هەرچۆنێک بوو نیهاد پاشا گوێزرایەوە بۆ ئەنقەرە و کرا بە سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی سەربازی50. مستەفا کەمال لەمەدا دەستێوەردانی نەکرد، وەک پێشتر کردی لە کێشەی نوورەدین پاشای «ریشندا» لە سوپای ناوەند، کاتێ کە لە نێوان نیسان و حوزێرانی 1921دا راپەڕینی کوردەکانی قۆچگیریی دامرکاندەوە لە قەدپاڵی باکووری چیاکانی دەرسیمدا.

ئەم توندوتیژی و دڵڕەقییەی نوورەدین پاشا سەرکۆنە کرا، بەتایبەتی بەکارهێنانی کەسانی نانیزامیی بە فەرماندەیی لام عوسمانی بەدناو (تۆپاڵ عوسمان) ی خەڵکی گیرەسون، لەسەر پێشنیازی ئەمین بەگی نوێنەری ئەرزنجان، کە لە بازنەی هەڵبأاردنی ئەمدا راپەڕیەکە روویدابوو.

ئەمین بەگ، لە کاتی قسەکردنی لە دانیشتنێکی نهێنیی ئەنجومەندا، 4ی ئۆکتۆبەری 1921، رایگەیاند کە ئەو کاری سزادانەی دەرهەق بە خەڵکی دەرسیم ئەنجامدراوە بە هیچ شیوەیەک قوبووڵکراو نیە، بگرە لە بەرانبەر «بەربەرەکانی ئەفریقاشدا» و ئەم کار و کردەوە دڕندانە تەنانەت لەگەڵ ئەرمەنەکانیشدا نەکراوە51. ئەنجومەن بڕیاریدا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بنێرێت، کە مەبەست تەماشاکردنی لێکەوتە و دەرەنجامەکانی رەفتاری نوورەدین پاشاش بووە لە کاتی راگواستنی گریکەکاندا لە سامسۆن.

ئەنجومەن ویستبووی نوورەدین پاشا بدرێتە دادگا، بەڵام لە دانیشتنی نهێنیی رۆژی 16ی کانوونی دووەمی 1922دا، مستەفا كەمال پێی لەسەر ئەوە داگرتووە کەوا هەرچەندە نوورەدین لە پۆستی فەرماندەیی بەخشراوە، بەڵام ئەو تۆمەتانەی کە ئاڕاستەی کراوە پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی زیاترە. پاشان ئەمە قوبووڵ کرا52 و دواتر هەرگیز دادگایی نەکرا. مەسەلەکە وەک دەڵێن لە دەر چاوی کاڵی نوورەدین نەبوو، بەڵام وەک مستەفا كەمال لە برووسکەیەکیدا بۆ کازم قەرەبەکر لە 13ی نۆڤەمبەری 1921دا، دەڵێ کەوا نیگەرانە لەو هێرش و گەلەکۆمەکییەی دژ بە فەرماندە سەربازییەکان کە بۆ جەنگ پێویستی پێیانە53.

رۆبەرت ئۆڵسن54 لەبارەی هێزی راپۆرتەکانی هەواڵگریی بەریتانیاوە دەڵێت کەوا بێجگە لە کۆمیسیۆنەکەی قۆچگیری، کۆمیسیۆنێکی تر نەخشەی پرۆژە یاسایەکیان داناوە سەبارەی بۆ ئیدارەدانی کوردستان، کە بڕیاردرابوو لە دانیشتنی نهێنیی 10ی شوباتی 1922دا گفتوگۆی لەسەر بکرێت. ئەم پرۆژە یاسایە، کە دەقەکەی لە بەڵگەنامەکانی بەریتانیادا هاتووە، بە زۆرینەی 373 دەنگ لە بەرانبەر 64 دەنگدا بەئاشکرا رەتکراوەتەوە و زۆربەی نوێنەرە کوردەکان لەدژی دەنگیان داوە.

دێڤيد ماکدواڵ باس لە گفتوگۆیەک دەکات لەسەر دەرسیم لە دانیشتنێکی نهێنیی ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵا لە 9ی ئۆکتۆبەری 1921دا، کە بڕیاریکی لە 10ی شوباتدا بەدوادا هاتووە بە دامەزراندنی «بەڕێوەبەرێتییەکی سەربەخۆ بۆ میللەتی کورد کە بگونجێت لەگەل دابونەریتی نەتەوەییاندا»55.

بەڵام بەپێی ئەو کۆنووسانەی بڵاوکراونەتەوە، هیچ کۆبوونەوە و دانیشتنیکی نهێنیی ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵا نەکراوە نە لە 9ی ئۆکتۆبەری 1921 و نە لە 10ی شوباتی 1922دا، بەڵکو لە 3ی ئۆکتۆبەردا گفتۆگۆیەک بووە لەبارەی یاخیبوونەکەی قۆچگیری و (دەرسیمەوە) و لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان بۆ هەڵبژاردووە لە پێنج ئەندام. گفتوگۆکە رۆژانی 4 و 5ی ئۆکتۆبەر بەردەوام بووە. لە کۆتاڕۆژدا، کۆمیسار (یان وەزيری) ناوخۆ، رەفعەت (بەلە) پاشا، دژ بەو داواکارییانەی خەڵکی دەرسیم وەستاوەتەوە کە ناوچەکەیان دۆخێکی بەڕێوەبەرێتیی جیایان هەبێت و وتوویەتی مەسەلەکە وا باشتر و پەسەندترە کە بەشیک نەبن لە ویلایەتی مەعمورەتولعەزیزی دەوڵەمەندتر56.

لە ماوەی نێوان 16 – 17ی کانوونی دووەمی 1921، کاتێ کە ئەنجومونی نیشتمانیی باڵا گفتوگۆی لەسەر ئەگەری دادگایی کردنی نوورەدین پاشا کردووە، یوسف عیززەت پاشای ئەندامی لیژنەی لێکۆڵینەوە وتوویەتی کەوا لیژنەکە کاری خۆی تەواوکردووە، بەڵام چاوەڕێی گەڕانەوەی دوو کەس پە پێنج ئەندامەکە دەکەن بۆ تەواوکردنی راپۆرتەکە. بەڵام هەر لەو سەروبەندەدا، ئیدیعای ئەوەی کردبوو کە نوورەدین پاشا دەسەڵاتی خۆی تێنەپەراندووە57. بەڵام لە گفتوگۆکەدا هیچ ئاماژەیەک نیە بۆ لیژنەیەکی دووەم یان هەر نەخشە و پلانێک بۆ ئۆتۆنۆمیی کوردستان.

پێدەچێت راپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوەکە بێ هیچ شوێنەوارێک نوقم بووبێت و هیچ ئاماژەیەک بۆ هیچ پلانێکی ئۆتۆنۆمی نیە لەو بەرگرییە دوورودرێژەی نیهاد پاشای فەرماندەی بەرەی جزیرە بەرزی کردووەتەوە، کە بە سادەیی دەڵێ «ویلایەتەکانی كوردستان دەتوانرێت تەنها لەو رێگایەوە دڵبەندی حکوومەتی نیشتمانی بکرێت کەوا کاربەدەستان بەتەواوی دەستپاک بن»58.

تا ئەو کاتەی بەڵگەی پێچەوانەی ئەمەمان دەستدەکەوێت، وایبۆدەچم کە ئەو راپۆرتە بەریتانییانەی ئۆڵسن و ماکدوواڵ دەیانکەنە سەرچاوەی خۆیان سەبارەت بە بوونی پیلانێکی دیاریکراوی تورکی بۆ ئۆتۆنۆمیی کوردستان بە وردیان نازانم، هاوچەشنی زۆرێکی تر لە راپۆرتەکانی هەواڵگریی بەریتانیا. رەنگە ئەم زانیارییانە لەسەرچاوە کوردییەکانەوە دەستکەوتبن، لەوانەیە لە سەید عەبدولقادرەوە بووبێت لە ئەستەمبووڵ و پشتیان یان بەو بەڵگەنامانە بەستووە کە شەرعییەتی یاساییان نییە یان بە سادە و ساکاری بڵێین تەنها بیرکردنەوە بووە لە خولیا و ئاوات.

مستەفا كەمال رای خۆی نەگۆڕیبوو، بەڵکو بەردەوم بوو لە بیرکردنەوەی ئۆتۆنۆمیی کورد لە چوارچێوەی حکوومەتی ناوخۆیی لە سەرانسەری وڵاتدا و بە ئاشکرا و راشکاوانە ئیشارەت بۆ کورد دەکات لەو کورتە وتەیەدا کە لە 16/17ی کانوونی دووەمی 1923دا لە ئیزمیت بۆ رۆژنامەنووسانی باسکرد، لە کاتێکدا کەوا کۆنگرەی لۆزان لە پشوودا بوو.

جارێکی تر دەڵێینەوە کە راگەیاندنەکە شایانی ئەوەیە بەتەواوی بگوێزرێتەوە و مستەفا كەمال وتوویەتی:
«کێشەیەکی کوردیی وا نییە کە ئێمە تووشی نیگەرانی بکات وەک تورکیا، لەبەرئەوەی وەک دەزانن، توخم و رەگەزە کوردییەکان بە شێوەیەک لە ناو سنووری نیشتمانیماندا چارەسەر کراوە کە تەنها لە چەند ناوچەیەکی دیاریکراوی تەواو سنوورداردا چڕبوونەتەوە. ئەوان لەگەڵ کەمبوونەوەی چڕییان و تێکەڵبوونیان لە ناو توخمە تورکییەکاندا، سنوورێکی [ئیتنیکی] دروستبووە بە شێوەیەک وامان لێدەکات کە ئارەزووی سنوورکێشانیک بکەین بە ناوی کوردبوونەوە [كورتلك] کە وا پێویست بکات تورکبوون و تورکیا تێکبشکێنرێت. بۆ نموونە، ئەمە وا پێویست دەکات کە سنوورێک هەبێت درێژببێتەوە بۆ ئەرزڕووم و ئەرزنجان و سيواس و خەرپوت. هەروەها نابێت هۆزە کوردەکانی بیابانی قوونیەش لەیادبکرێن. لەبەرئەوە، لەبری وێناکردنمان بۆ کوردبوون بەم رەنگە، ئەوە ئۆتۆنۆمییە ناوچەییەکان هەر چۆنێک بێت بەپێی دەستوورەکەمان (کە یاسای رێکخستنی بنەڕەتییە) جێبەجێ دەبن.

لە ئەنجامدا، لە هەرکوێیەک دانیشتوانی ناوچەیەک یان [لیوایەک] کورد بن، ئەوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ خۆیان حوکمی خۆیان دەکەن. بەدەر لەمە کاتێ کە باس لە گەلی تورکیا دەکرێت دەبێت ئەوانیش (واتە کوردەکان) بگرێتەوە. خۆ ئەگەر نەیگرتنەوە دەکرێت سکاڵا بەرز بکەنەوە. ئێستا ئەنجومونی نیشتمانیی باڵای تورکیا لە نوێنەرانی بەتوانای هەردوک تورک و کورد پێکهاتووە و هەردوو توخم و رەگەز بەرژەوەندی و چارەنووسی خۆیان یەکخستووە و دەزانن کە ئەمە شتێکی هاوبەشە. بۆییە هەوڵدان بۆ سنوورکێشانێکی جیا راست نیە»59.

هەڵبەت عیسمەت (ئینۆنو)، بەو پێیەی کە سەرۆکی وەفدی تورکیا بوو بۆ کۆنگرەی لۆزان، هەمان هێڵ و رێبازی گرتەبەر و داکۆکیی لە داواکاریی وڵاتەکەی کرد بۆ ویلایەتی مووسڵ، بە بەڵگەیەی کە حکوومەتی تورکیا حکوومەتی کوردیش بووە60. بەڵام من باوەڕم وایە کەوا هەڵەیە هەڵوێستی مستەفا كەمال بگێڕینەوە بۆ حوکمکردنی کورد لە تورکیادا بە ئومێدی گێڕانەوەی مووسڵ، چونکە لە هەمان ئەو چاوپێکەوتنە کورتەی کە لە ئیزمیت لەگەڵ رۆژنامەنووسان ئەنجامیدا، ئەو هەر بیروڕای شەخسیی خۆی دەربڕی کەوا مەحاڵە مووسڵ بە شەڕ وەربگیرێتەوە، یان بە واتایەکی تر لە رێگەی شەڕکردنی بەریتانییەکانەوە، هەرچەندە وتی کەوا بەریتانییەکان دەیانەوێت حکوومەتێکی کوردی لە مووسڵدا دروست بکەن و ئەگەر ئەوە بکەن رەنگە ئەو ئایدیایە لەناو کوردەکانی سنووری تورکیادا بڵاوببێتەوە61.

مستەفا کەمال، لە وتاردانێکی زۆر دوورودرێژدا بۆ خەڵکی ئەزمیر لە 2ی شوباتی 1923دا، جارێکیتر ئاماژەی بە خەسڵەتی فرەئیتنیکی تورکیا کردەوە و وتی: «توخمێکی سەرەکی هەیە کەوا دەوڵەتی تورکیای دامەزراندووە و پاشان توخمەکانی تر کۆشش و مێژووی خۆیان بەستەوە بەو توخمە سەرەکییانە و هەروەها هاووڵاتییانێکیش لەم توخمانەدا هەن»62. ئەو نموونەیەی کە ئەمجارە مستەفا کەمال هێنایەوە چەرکەس یان کورد نەبوو، بەڵکو جوولەکە بوون، کە حازربەدەست لە ئەزمیردا بیرکەوتنەوە، چونکە گەڕەکەکەیان لە شاردا ساڵی پێشتر لە ئاگرکەوتنەوەیەکی گەورە رزگاری بوو و کۆمەڵگەی جوولەکە رێگەیان بە نوێنەرانی یەکەم کۆنگرەی ئابووریی دا، کە مانگی پێشتر بەسترابوو، خانەیەکی منداڵانی بێسەرپەرشت و هەتیوان دامەزرێنن63.

سیاسەتمەداری سۆشیالیستی تورک دۆغۆ پەرنچەک، کە سەرنجی ئێمەی ئێمەی بۆ راسپاردەکانی مستەفا کەمال راکێشاوە بۆ نیهاد پاشا و راگەیاندنەکەی ئیزمیتی لەسەر کورد و لە رووداوەکانی دوای ساڵی 1923 دەپرسێ بۆ رێگرتن لە تێهەڵکێشی بیر و ئایدیاکانی مستەفا کەمال لە دەستووری ساڵی 1924 64. بەواتایەکی تر، ئاخۆ چارەسەر چارەسەر لە چوارچێوەی ئەو ئەحکامانەی دەستووردا نەبوو کە تایبەتن بە دابینکردنی حوکمی ناوخۆیی و لەسەر بنەمای دانپیانان بە کورد و توخمە ئیتنیکییەکانی تر لە تورکیادا؟

لەپاش ماوەیەکی کەم لەم راگەیاندنەی مستەفا کەمال لە هەردوو شاری ئیزمیت و ئیزمیر هەڵبژاردن بەڕێوەچوو. لە 13ی ئابی 1923دا مستەفا کەمال دانیشتنی یەکەم دووەم ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵای بە وتاردانێک کردەوە کە تێیدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بەرقەرارکردنی یاسا و نیزام ئەرکی یەکەمی حکوومەت دەبێت، بەڵام ئەوەشی وت کەوا دەوڵەتی تازەی تورکیا دەوڵەتی خەڵکە65. ئەنجومەن کۆمیتەیەکی هەڵبژارد بۆ دانانی دەستوورێکی نوێ (Kanun-u Esasi Encumeni) و سەرۆکەکەی رۆژنامەنووس یونس نادی بوو، کە تورکێکی نەتەوەپەرستی بیر و بۆچوون رادیکاڵ و چەپڕەو بوو، بەو واتایەی کە فاشیزم لەسەرەتادا بزووتنەوەیەکی چەپڕەو بووە.

یەک لە ئەندامە کاریگەرەکانی تری کۆمیتەکە ئەحمەد ئاغائۆغڵوو بوو، کە رۆشنبیرێکی لەدایکبووی ئازەربایجان و کەسێکی چالاکی جارانی جەمعییەتی ئیتتیحاد و تەرەقی CUP بوو، کە بەلای هەڵوێستێکی نەتەوەیی لیبراڵدا دایدەشکاند.

سەبیحە (سەرتەل)، کە خۆی وا لەقەڵەمدەدا لەو کاتەدا سۆشیالیستێکی تووباوی بووە و تازە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان گەڕابووەوە و کاتێ چووبوو بۆ ئەنقەرە بۆ لای زەکەریای هاوسەری کەوا بە بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن دامەزرابوو، چاودێریی گفتوگۆکانی کۆمیتەکەی کردبوو.66 سەبیحە دەڵێ کەوا مستەفا کەمال فرەجار لە کاری کۆمیتەکەی دەستووردا بەشداریی کردووە کاتێ کە لە ماڵی بەڕێوەبەری وێستگەی شەمەندەفەردا لە ئەنقەرە کۆدەبوونەوە.

بەپێی سەبیحە سەرتەل بێت، مشتومڕیکی زۆر بەرپابووە لەسەر مادەی چوار (لە دەستووری 1921دا) کە دەقەکەی بەم شێوەیە «ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵا لەو ئەندامانە پێکدێت کە خەڵکی هەرێمەکان هەڵیاندەبژێرن»67. بە پێی قسەی ئەو بێت وشەی «ویلایەت یان هەرێم» واتای «شاری سەرەکیی هەرێمیکی» دەگەیاند و ئەوانەی بەرپەرچی ئەم ئەم بۆچوونەیان دەدایەوە چەندوچوونیان لەسەر پێویستیی نوێنەرایەتیکردنی شارۆچکە و گوندەکان دەکردەوە و وایبۆدەچوو کە مەترسیی ئەو ناڕەزایەتیانە لەوەوە بووە لە دەستەبژێری ویلایەت یان هەرێمەکان – کە لە فەرماندە سەربازییەکان و کەسایەتییە ناودارەکان و خاوەن زەوییەکان پێکدەهاتن – بەزۆری لە گیرفانی مستەفا کەمالدا بوون و ئەو ئەندامە هەڵبژێردراوانەی ئەنجومەنیش پێگەی ئەویان وک دکتاتۆرێک بەهێزدەکرد. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، دەقەکە بەم شێوەیە گۆڕانکاری تێدا کرا «ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵای تورکیا لەو نوێنەرانە پێکدێت کە لەلایەن گەل/ نەتەوەوە هەڵدەبژێردرێ بە پێی یاسای پەیوەندیدار».

هەروەها سەبیحە سەرتەل ئیدیعای ئەوەش دەکات کەوا لەلای یەک لە هەڤاڵە نزیکەکانی مستەفا کەمال سکاڵای کردووە، کە مەزهەر موفید (كانسو) بووە و لەوکاتەدا نوێنەری دنیزلی بووە69 و پێیوتووە کەوا لە دەستووردا هیچ شتێک نیە لەبارەی چاکسازیی زەویوزار و کشتوکاڵ و مافی کرێکارەوە و وەڵامی مەزهەر موفید وابووە کە « مستەفا کەمال دەیەوێت گەلێک چاکسازی بکات و سەبارەت بە ریفۆرمی زەویوزار قسەی لەگەڵ خاوەن مڵکەکان [ئاغاکان] کردووە، بەتایبەتی خاوەن زەوییە کوردەکان و نوێنەرە کوردەکانی وەک فەیزی بەگ.70 ئەم کێشەی چاکسازیی زەویوزارە تابڵێن قورسە و مەحاڵە بچێتە ئەقڵێ ئاغاکانەوە و چارەسەری ئەم کێشەیە واتای لەدەستدانی تەواوی ئاغا و پیاوماقووڵان دەگەیەنێت. لەبەرئەوە لەئێستادا جارێ سەری مەسەلەی چاکسازیی زەویوزارمان ناوەتەوە»71.

پێویستە ئەم شایەتییەی سەبیحە سەرتەل لە بەر رۆشنایی پابەندبوونی دواتری بە مەسەلەی کۆمۆنیستییەوە تەماشا بکرێت. بەڵام ئەوە راستییەکە کەوا لە دووەم ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵادا خاوەن مڵکی خەڵکی باشووری رۆژهەڵات هەبوون و دوو نوێنەری مەڵاتییە وەک ئاغا دەسنیشان کراون72، بەڵام هیچ سەرۆک عەشیرەتێک لە یەکەم ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵادا دەسنیشان نەکراوە73. بێگومان خاڵی سەرەکیی جێبایەخ لە مشتومڕ و گفتوگۆکانی کۆمیتەی دەستوور و پاشانیش لە کاتی گفتوگۆی پرۆژەی دەستووردا، دەسەڵاتەکانی سەرۆک مستەفا کەمال و مەسەلە پەیوەندیدارەکان بووە بەو دەسەڵاتەوە. لەبەرئەوە حکوومەتی ناوخۆیی، کە گریمانەی ئەوەی هەبوو نەژادی کورد لەناویدا جێبکرێتەوە هیچ بایەخێکی پێنەدرا. بەپێی پرۆفیسۆر سونا كيلي بێت، «شتیکی کەم نەبێت گفتوگۆیەکی ئەوتۆ نەکرا لەسەر ئەو بەشەی دەستوور کە تەرخانکرابوو بۆ بەڕێوەبردنی ویلایەت و هەرێمەکان»74.

لە گفتوگۆکانی ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵادا، خاڵیس تورگوتی نوێنەری سیواس (کە لە ساڵی 1926دا لەسێدارەدرا بە ئیدیعای تێوەگلانی لە پیلانی تیرۆرکردنی مستەفا کەمالدا لە ئیزمیر)75 سکاڵای لەوە دەکرد کە ئەنجومەنی پارێزگاکان (کە لەسەر مۆدێلی ئەنجومەنە گشتییەکانی فەرەنسا بوون) دەسەڵاتی راستەقینەیان نییە و پێویستە هەرێمەکان بتوانن کاروباری تایبەتی خۆیان بەڕێوەببەن76.

لێرە بەدواوە زاراوەی «ئۆتۆنۆمی یان خودموختاری» (muhtariyet) لە ئەحکامەکانی حکوومەتی ناوخۆیی لابرا و زاراوەی شوورا بۆ ئەنجومەن بەکاردەهات. هەروەها شەش مادەکەی حکوومەتی ناوخۆیی دەستووری ساڵی 1921 کەمکرایەوە بۆ دوو مادەی کورت لە دەستووری ساڵی 1924دا، کە ئەمانەن: مادە 90 «هەرێمەکان و شارەکان و شارۆچکەکان و گوندەکان قەوارەی یاسایین» و مادە 91 «کاروباری هەرێمەکان بەپێی پرەنسیپی درێژکردنەوەی دەسەڵاتەکان و جیاوازیی نێوان کار و فرمانەکاندا بەڕێوەدەبرێن»77 (تەڤسی مەئزوونییەت و تەفریقی وەزائیفی ئەساسی). ئەم دەستوورە تاڕادەیەک بە کۆدەنگی پەسەندکرا لەلایەن ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵاوە لە 20 ی نیسانی 1924دا78.

ئەدەمە هیچ بەرهەڵستییەکی فەرمی لە ئەنجومەندا نەبوو، چونکە مستەفا کەمال زۆربەی ئەندامەکانی دیاریکردبوو. بەڵام ئەمە رێگەی لە جموجووڵە سەرکەوتووەکان نەگرتبوو بۆ سنووردار کردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆک لە هەندێک مەسەلەی وەک هەڵوەشانەوەی پەرلەمان گێرانەوەی یاساکان بۆ چاوپێداخشانەوەیان. یەک لەو نوێنەرانەی بەرهەڵستیی ئەوەیان کرد مافی ڤیتۆ بدرێتە سەرۆک پارێزەر فەرەیدوون فکریی نوێنەری هەرێمی دەرسیم بوو کەوا زۆرینە کوردە79 و دواتر بوو بە ئەندامی پارتی کۆماریی پێشکەوتنخوازی بەرهەڵستکار80. بەلام نە ئەو و نە هیچ کەسیکی تر باسیان لەو ئایدیایە نەکرد، کە ساڵێک لەوەوپێش مستەفا کەمال مشتومڕی لەسەر کردبوو، سەبارەت بە پێدانی مافی ئۆتۆنۆمی بەو هەرێمانەی کە زۆرینە کورد بوون لە چوارچێوەی حکوومەتی ناوخۆیی پەرەسەندوودا. هەڵبەت پلانەکە لەم کاتەدا بەتەواوی لە گفتوگۆی گشتی چووبووە دەرەوە.

باشە ئەم مەسەلەیە بۆچی وایلێهات؟
کێشەی مووسڵ هێشتا هەر بێ چارەسەر مابووەوە و بەوپێیە مسۆگەرکردنی دانیشتووە کوردەکانی باکووری عێراق هێشتا هەر پێویست بوو، هەر هیچ نەبێت لەڕووی تیۆرییەوە. بەڵام وەک تێبینی کرا پەیامە کورتەکەی ئیزمیت لە کانوونی دووەمی 1923دا ئاماژە بوو بۆ ئەوەی کەوا مستەفا کەمال مووسڵی سڕییەوە. دەکرێت بە گاڵتەجاڕییەوە بگوترێت کەوا مەسەلەی ئۆتۆنۆمیی کورد لە چوارچێوەی تورکیادا رێکوڕەوان بە ئیمزاکردنی پەیمانی لۆزان لە 24ی تەمووزی 1923دا پشتگوێخرا و دان بە مافی سەروەریی حکوومەتی تورکیادا نرا بەسەر خاکەکەیدا. بەڵام ئەمە شکستی ئۆپۆزسیۆنی یاسایی و رۆژنامەنووسیی بەرهەڵستکار ناگەیەنێت بۆ هەر لاکردنەوەیەک لە خەسڵەتی ئیتنیکیی دانیشتووانی وڵات، کە مستەفا کەمال خۆی دانی پێدانابوو لە سەردەمی جەنگی سەربەخۆییدا.

من وایدەبینم کە وەڵامی ئەو پرسیارە هەمیشە قورسە کەوا سەگەکە بۆچی نەوەڕی و – لەم حاڵەتەدا هۆکاری پاشەکشەی مەسەلەی ئۆتۆنۆمیی کوردە لە سیاسەتی ئەنقەرە و ئەستەمبووڵ لە ساڵی 1924دا – خۆی لەو راستییەدا دەبینێتەوە کەوا مەسەلە لەپێشینەکان گۆڕانکارییان بەسەرداهات.

پەیوەست بە مستەفا کەمالەوە، دامەزراندنی تورکیایەکی مۆدێرنی سێکولار بوو بە مەسەلەیەکی لەپێش و پێویستی بە هێزێکی رەها بوو بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە. لەبەرئەوە هەر جۆرێک لە ئۆتۆنۆمیی هەرێمی دەبووە کۆسپ و تەگەرە لەبەردەم نەخشە و پلانەکانیدا، بەتایبەتی خۆی و تەواوی دەستەبژێری تورکیش ئەم ناوچەیەی ئۆتۆنۆمییان بە شوێنێکی دواکەوتوو لەقەڵەمدەدا.

پەیوەست بە ئۆپۆزسیۆنی لیبراڵیش، کاری لەپێشینە جڵەوکردنی هێز و دەسەڵاتی مستەفا کەمال بوو. سەبارەت بە چەپی رادیکاڵیش، کە سەبیحە سەرتەڵ شایەتحاڵێتی، ئەوە کوردبوون یان ناسیۆنالیزمی کوردی (کورتچلک Kurtculuk) خزمەتی بەرژەوەندیی خاوەن موڵکەکان و سەرۆک خێڵە فیوداڵەکان و «کۆنەپەرستەکانی» تری دەکرد. ئەوە دەکەوێتە دەرەوەی ئەم توێژینەوەوە کە لەسەر ئەوە راوەستین کەوا لە چ قۆناخێکدا لینین و پاش ئەویش ستالین ئەو شتەیان پێ پەسەند بووە کە دەکرێت پێی بگوترێت فیدراڵیزمی درۆینە، بەڵام بە شێوەیەکی فەرمی ناوی لێنراوە چاودێری کردنی کولتووری نەتەوەیی لە فۆرمدا بەڵام سۆشیالیستی لە ناوەرۆکدا، کەوا کۆمۆنیست و مارکسییەکانی تورکیا پێیەوە پابەند بوون، بەڵام فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە نەبووە لە ساڵی 1924دا.

لەپاش ساڵی 1923، دەستێوەردانی سەرەکیی مستەفا کەمال لە مەسەلەی کورددا لە شوبات – مارتی 1925دا بوو لە کاتی یاخیبوونەکەی شێخ سەعیددا بوو و لەو سەروبەندەدا حکومەتەکەی فەتحی (ئۆکیار) یاسای عورفیی راگەیاند و کەوتە جێبەجێ کردنی کردەوەی سەربازی دژ بە یاخیبووان. پارتی کۆماریی پێشکەوتنخوازی ئۆپۆزسیۆنیش پشتگیریی لە کردەوەکانی حکومەت کرد. بەڵام مستەفا کەمال بڕیاریدا کە مەسەلەکە پێویست بە کار و کردەوەی توندتر دەکات و بەو هۆیەوە عیسمەت (ئینۆنو) ی پیاوی دەستەڕاست و جێمتمانەی خۆی لە ئەستەمبووڵەوە بانگ کرد و کارێکی کرد کەوا پارتی گەل، کە حیزبی خۆی بوو، فەتحی بخاتەلاوە و عیسمەتی هێنایە سەر دەسەڵات بۆ وەرگرتنی کار و کردەوەی توند بە مەبەستی دامرکاندنەوەی یاخیبوونەکە.

کاتێک کە ئەنجومەن یاساکەی عیسمەتی پەسەندکرد بۆ پاراستنی توندوتۆڵی نیزام لە 4ی مارتی 1925دا، بە زۆرینەی 122 دەنگ لەبەرانبەر 22 دەنگدا، کە 37 نوێنەری ناوچە کوردییەکان لەگەل حکومەتدا بوون و تەنها حەوتیان بەرهەڵستکار بوون.

لە راگەیاندنەکەی 7 مارتی 1925، مستەفا کەمال هۆکاری یاخیبوونەکەی گێڕایەوە بۆ هەندێک کەسایەتیی دیاریکراو، کە دادگا تاوانباری کردن (kanunen mucrim olan bazi muteneffizan) و دەمامکی ئاینیان بەکارهێنابوو بۆ شاردنەوەی نیاز و مەبەستی خۆیان. پاشان بەردەوام بوو لەسەر راگەیاندنی ئەوەی کە یاسا و نیزام پارێزراو دەبن وەک بنەمایەک بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری82.

خولی نوێی ئەنجومەن لە 1ی نۆڤەمبەری 1925دا کرایەوە و بە سادەیی یاخیبوونەکەی بەوە وەسفکرد کە «رووداوێکی کۆنەپەرستانە» بووە (ئیرتیجاع حادیسەسی). دوابەدوای یاخیبوونەکەی شێخ سەعید، پارتی کۆماریی پێشکەوتنخوازی ئۆپۆزسیۆن داخرا. لەگەڵ ئەوەشدا، جەنەراڵ کازم قەرەبەکری سەرکردەی ئەم حیزبە لە ساڵانی 1922 / 23دا راوبۆچوونی خۆی بەو جۆرە دەربڕی کەوا دەمارگرژیی ئاینی باکارهاتووە بۆ هاندانی یاخیبوونی کوردەکان. بە قسەی قەرەبەکر بێت سەبارەت بە کورد ئەوەی کە گرنگە ژمارەکەیان نیە، بەڵکو قەبارەی ئەو خاکەیە کە داگیریان کردووە، لەبەرئەوە پێشنیازی چارەسەرێکی زۆر تایبەت و هەستەوەری کرد و دەیوت پێویستە ئەو رۆشنبیرانەی لە کۆڵێجە ئاینی و یاساییەکانی ئەستەمبووڵ دەخوێنن و راهێنانیان پێبکرێت و فێری زمانی کوردی بکرێن و جێگەی شێخە کوردەکان بگرنەوە، هەروەها پێویستە دوو راڕەوی ستوونی و ئاسۆیی بە دەوری دەریاچەی واندا بکرێتەوە بۆ زەمانەت کردنی دەسەڵاتی حکوومەت بەسەر کوردستاندا لەڕووی سەربازی و سیاسی و ئاینییەوە83. مستەفا کەمال و فەتحی (ئەکیار) و کازم قەرەبەکر رێکنەدەکەوتن لەسەر شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ راپەڕینە کوردییەکاندا، بەڵام هەر هەموو کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندی دەبێت بشکێت بە سەر تەواوی وڵاتدا.

لەکاتێکدا کەوا حکوومەت ئامادەکاریی دەکرد بۆ قەدەغەکردنی «پارتی کۆماریی پێشکەوتنخواز»ی ئۆپۆزسیۆن، دۆستێکی رەوف (ئۆربای)، کە یەکێک بوو لە هەڤاڵە دێرینەکانی مستەفا کەمال لە ئەنادۆڵدا بەڵام لەو ماوەیەدا بووبوو بە نەیارێکی سیاسی، کەوتە بەر لێپرسینەوە لەلایەن پۆلیسەوە بەهۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کورددا. ناوی ئەم دۆستە عومەر فەوزی ماردین ئەفسەرێکی خانەنشین بووە و ئەنوەر پاشا رایسپاردووە کە یارمەتیی رەوف بدات بە ئەرکێکی نهێنی لە ئێران لە سەرەتای جەنگی گەورەدا (جەنگی جیهانیی یەکەم – و).

عومەر فەوزی ماردین بە لێکۆڵەرەوانی پۆلیسی وتووە کە دایکی کچی بەدرخان پاشا بووە و ئەمەش تاقە پەیوەندیی ئەو بووە لەگەڵ کورددا. بەڵام وەک ئەفسەرێک هەمیشە خزمەتی مەسەلەی یەکگرتنی هەموو رەگەز و نەژادەکانی کردووە لە سایەی یەک ئاڵادا – واتە ئەو کۆمەڵگە ئیتنیکی و نەژادییانەی – لە وڵاتدا دەژین84 و مستەفا کەمالیش بە دەستەواژەی هاوشێوە دەدوا لە سەروەختی جەنگی سەربەخۆییدا، بەلام وا ئێستا کات و سەردەم گۆڕاوە.

لە 8ی ديسەمبەری 1925دا، وەزارەتی خوێندن و فێرکردن گشتاندنێکی دەرکرد و تێیدا بەکارهێنانی ئەو زاراوانەی قەدەغەکرد کە جیاوازی و دابەشبوون دەورووژێنن وەک کورد و چەرکەس و لاز و کوردستان و لازستان85. مستەفا کەمال بیری نوێی لە نامیلکەی پەروەردەی مەدەنیدا روونکردووەتەوە کە لە ساڵی 1930دا بۆ عیففەت عینانی کچە لەخۆگرتووەکەی نووسیوەتەوە و دەقی بڕگە پەیوەندیدارەکەی لێرەدا دەنووسینەوە:

«لەناو یەکێتیی سیاسی و کۆمەڵایەتیی گەلی تورکی ئەمڕۆدا هاوڵاتییان و هاونەتەوە هەن هاندراون وا بیر لەخۆیان بکەنەوە کە کوردن یان چەرکەسن یان لازن یان بۆسنین. بەڵام ئەم ناولێنانە – کە بەرهەمی سەردەمە رابوردووەکانی ستەم و ملهوڕین – هیچی لەگەڵ خۆ نەهێناوە لە خەم و مەینەت بەولاوە بۆ تاکەکانی گەل و ئوممەت، ژمارەیەکی کەمی کۆنەپەرستانی مێشک پووچی لێبەدەر، کە بوون بە داردەستی دوژمنان. ئەمە لەبەرئەوەی ئەو تاکانەی گەل و نەتەوە هاوبەشن لەگەڵ کۆی کۆمەڵگەی تورک لەهەمان رابوردوو و مێژوو و چەمکی مۆراڵ و یاساکاندا».

لێرەدا باسێکی دیاریکراو نییە بۆ بنەچەی هاوبەشی رەگەز و نەژاد. بەڵام لەهەمان ساڵدا، مستەفا کەمال رەزامەندیی دا لەسەر بڵاوکردنەوەی «کورتەیەک لە مێژووی تورک» (Turk Tarihinin Ana Hatlari) – کە ئەمەش ناونیشانیکە ئەو کتێبە مێژووییەی دانراوی ئێج. جی. وێڵزمان بیردێنێتەوە بەناوی «نەخشەی مێژوو» و ئەتاتورک پێی سەرسام بوو. «نەخشە» تورکییەکە تێزە مێژووییە تورکییەکانی وا داڕشتووە کە ئیدیعای ئەوە دەکات کەوا زۆربەی شارستانییەتەکان لەلایەن ئەو گەلانەوە بنیاتنراون کە بە بنەچە تورکن. ئیدیعاکە میدییەکانیش87 دەگرێتەوە کەوا کورد بە باوباپیرانی خۆیانیان دەزانن و بە هەمان شێوە ئەخمینییەکان و پارسەکانیش.

پاشان، لە 14ی حوزێرانی 1934دا، یاسای سەرلەنوێ نیشتەجێکردنەوەiskan Kanunu) 88) تەواوی هاونیشتمانییانی وڵاتی ئاوێتەی کولتووری تورک کردووە – سەرنج بدە وشەی «کولتوور» – وەک سیاسەتێکی فەرمیی حکومەت. هەڵبەت، دەکرێت پێداگریی لەسەر «کولتوور» بگێڕینەوە بۆ زيا گوێکئەلپ، کە یەکێکە لە ئایدیۆلۆجیستە سەرەکییەکانی ناسیۆنالیزمی تورکی. لێرەدا مۆدێلەکە، وەک هەمیشە، فەرەنسا بوو، کە تێیدا بریتۆنی و ئۆکیتانی و ساڤۆیارد و فلێمینگەکان و .. تاد. هەر هەموو لە کولتوور و فەرهەنگی فەرەنسیدا تێکەڵ و ئاوێتە کران. حکومەتی کۆماری تورکیا سووربوو لەسەر دووبارە نەکردنەوەی ئەو هەڵەیەی کەوا نامیق کەمال لە سەدەی رابوردوودا سەرکۆنەی کرد و بۆی بەداخ بوو کاتێک کە بەرنامەکانی – خوێندن بە زمانی تورکی – جێبەجێ نەکرا، بەڵام ئەمجارە چیتر ئەو مەسەلەیە پشتگوێ ناخرێت.

ئەتاتورک بەرهەڵستیی ئەم سیاسەتەی نەکرد و ئەگەر وانەبوایە دەیوەستاند. بەڵام بایەخدانی رووی لە شوێنیکیتر بوو – واتە پرۆژەی مەزنی نوێکردنەوەی خوێندن و فێرکردن بوو. لێرە بەرقەرارکردنی یاسا و ئاسایش بۆ حکومەتەکەی عیسمەت ئینۆن و قۆرخ بوو و ئەتاتورک ئەوەی بۆ رەخساندبوو. کاتێک کە یاساکان و دەزگا و دامەزراوەکان گۆڕانکارییان تێدا کرا و کێشە و تەگەرە سەریانهەڵدا، ئەتاتورک دەستیکرد بە سەردانی بەردەوام بۆ هەرێم و ناوچەکان، بەڵام دیاربەکر و باشوری رۆژهەڵات، کە لە ساڵی 1919وە بەڵێنی سەردانی دابوو، تا دواساڵی ژیانی لە گەشتەکانی دەرکرابوو.

دواجار، لە 12ی نۆڤەمبەری 1937دا، ئەتاتورك لە ئەنقەرەوە بە شەمەندەفەر رۆیشت بۆ دیاربەکر بە هاوڕێتیی جەلال بایاری سەرۆک وەزیرانە نوێکەی. لە رێگا، سەردانی شوێنی بونیاتنانی کارگەیەکی نوێی رستن و چنینی کرد لە مەڵاتییە لە 14ی نۆڤەمبەردا. بۆ رۆژی دواتر لە کۆنسێرتێکی موزیکدا ئامادە بوو لە ماڵی گەلدا لە دیاربەکر. لەوێ لە وتاردانێکدا وتی: «وا لەدوای بیست ساڵ، جارێکیتر خۆم لە دیاربەکردا دەبینمەوە و گوێ لە موزیکی جوان و مۆدێرن دەگرم لە یەکێک لە جوانترین تەلارەکان لە جیهاندا و بە ئامادەبوونی خەڵکی شارستانی لەم ماڵەی گەلدا»89. بۆ رۆژی دوایی، پرۆژەی درێژکردنەوەی هێڵی ئاسنی کردەوە بۆ ئێران و عێراق بەسەر دیاربەکردا.

پاشان بۆ ماوەیەکی کورت لە ئەلعەزیز (مەعموورەتولعەزیز) وەستا و دەسەڵاتداران دڵنیابوونەوە لەسێدارەدانی سەرکردەکانی راپەڕینەکەی دەرسیم لەپێش سەردانەکەدا90. سەبیحە گوێکچەنی کچەکەی ئەتاتورک بە هەڵگرتنەوە و فڕۆکەوانی سەربازی پێشتر بەشداریی کردبوو لە هێرشکردنە سەر یاخیبووان بە فڕۆکە و بۆمباران کردنیان.

لە 18ی نۆڤەمبەردا، ئەتاتورك گەیشتە ئەدەنە و ماوەی پێنج رۆژ لە باشووری رۆژهەڵات مایەوە91، بەڵام مۆرکێکی هەمیشەیی تێا بەجێهێشت، بە دەرکردنی بڕیاری سەرۆکایەتی کەوا پێویست دەکات ناوی بگۆڕدرێت لە دیاربەکیرەوە بۆ دیاربەکر و ئەلعەزیز بۆ ئیلازیغ Elazig بەپێی تیۆریی رۆژ لە زماندا کە رەگوڕیشەی تورکیی بۆ هەموو شتێک و هەر وشەیەکی بنەچە بێگانە دەدۆزییەوە. لە گەڕانەوەیدا، ئەتاتورک رایگەیاند کەوا دڵخۆش بووە بە بینینی دانیشتوانی هەر یانزە ویلایەتەکەی کە سەردانی کردوون و بە خواست و ئارەزووی خۆیان پارە دەدەنە گەنجینەی دەوڵەت بێ هیچ دوودڵییەک و بە گیانێکی قوربانیدان و خۆبەختکردنەوە و ئەوەش لە پێداویستیی رۆژانەی خۆیان زیادبووە و لەپێناوی کۆمارێکی تورکیی دەوڵەمەند و بەهێز و مەزندا92.

عاسم ئووسی نوێنەر و رۆژنامەنووس لە پارتی گەلدا، لە یاداشتەکانیدا تێبینیی ئەوەی کردووە کەوا ئەتاتورک لە کاتی گەشتەکەیدا بۆ رۆژهەڵات فەرمانیداوە بە دروستکردنی رێگەوبانی سەربازی لە دەرسیم (کە دواتر ناوی تونجەلی لێنرا)، بەڵام تەرخانکردنی چوار ملیۆن لیرەی بۆ دروستکردنی قوتابخانە و ملیۆنێک لیرەش بۆ چاککردنەوەی ئەو زەرەر و زیانانەی کە جەردە و رێگرەکان بەرپایان کردبوو، بە پێی ئەو بنەمایەی کە وا باشترە دانیشتوانی ناوچە شاخاوییەکان لە پێدەشتە بەپیتەکانی ناوچە و هەرێمەکانی نیشتەجێ بکرێنەوە93.

بەکورتی بڵێین، کەوا لە ساڵانی جەنگی سەربەخۆییدا، مستەفا کەمال بەدیاریکراوی دانیناوە بە خەسڵەتی فرەڕەگەزی دانیشتوانە موسڵمانەکانی تورکیادا، بەڵام لەهەمان کاتیشدا سووربووە لەسەر یەکگرتوویی برایانەیان. هەروەها بەڵێنی داوە کە حکومەتە ناوخۆییەکان تایبەتمەندیی ئیتنیکی و نەژادی لەخۆدەگرێت، بەڵام لەپاش ساڵی 1923، هەموو ئایدیا و بۆچوونێک لەبارەی حوکمی خۆکردنی تاکتاکی رەگەز و نەژادی کۆمەڵگە ئیسلامییەکان لە ئەجێندای سیاسیی تورکی دەرکرا. لێرە بەدواوە مستەفا کەمال وزە و توانای خۆی بۆ پتەوکردنی هێز و شۆڕشە کولتوورییەکەی تەرخان کرد و کاتی کەم بوو بۆ کوردەکان.

ئاخۆ بیر و بۆچوونی گۆڕابوو، وەک جۆن سیمپسۆن لە ئێستگەی رادیۆی بەریتانی BBC بۆیدەچێت، ئاخۆ کەوتبووە بانگەشە و برەوپێدانی ئەو ئەفسانەیەی دەڵێت کەوا تورک تاقە گرووپی ئیتنیکین لە تورکیادا؟ بێگومان ئەوەی کرد و بەو مانایەی کەوا هەموو کاتێک کە باسی دێت لە مێژوودا رەگ و بنەچەی تورکە و کوردەکانیش لەمە بەدەر نین.

ئەو ئایدیۆلۆجیایەی سیاسەتی حکومەتەکانی کۆماری تورکیای پێکهێنابوو لەبەرانبەر هاونیشتمانییە کوردەکانیدا بۆ پێش ئەتاتورک دەگەڕێتەوە. بەشداریی سەرەکیی ئەو لە ئیدارەدانی سەرکەوتووی کێشەی کورددا لە ماوەی جەنگی سەربەخۆییدا بوو، بەڵام پاش ئەوە، پێداویستییەکانی دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی مۆدێرن بوون بە کاری لەپێشینەی. ئەوە راستە کەوا شۆرشی کولتووریی ئەتاتورک تەگەرەیەکی تر بوو لە بەردەم کولتوورە ئیتنیکییە جیاوازەکاندا چجای جێبەجێکردنی ئۆتۆنۆمیی ناوخۆیی، بەڵام لە کۆمەڵگەی تورکیدا داواکارییەکی روون و ئاشکرا نەبوو بۆ هیچکام لەمانە. لەم بارودۆخەدا، ئەتاتورک دەیتوانی ئیدارەدانی کوردەکان بسپێرێتە حکومەتەکەی.

ئەمرۆ تێزە مێژووییەکەی تورکیا هاوشان و هاوکات لەگەڵ تیۆریی رۆژدا لەبارەی زمانەوە تووڕدراوە و رەگوڕیشەی ئیتنیکی و نەژادیی جۆراوجۆری خەڵکی تورکیا بەئاشکرا مشتومڕی لەسەر دەکرێت و ئەمرۆ وشەی «مۆزاییک mosaic» بووە بە کڵێشەیەک لە باسوخواستی وێنەی ئیتنیکی و نەژادیی وڵاتدا. ئێمە ئێستا گەڕاوینەتەوە بۆ ئەو زمانەی کە مستەفا کەمال (ئەتاتورك) بەکاریدەهێنا و ئەو بیر و ئایدیانەی لە ماوەی جەنگی سەربەخۆییدا دەیخستنە بەر باس. ئا لێرەوەیە گرنگی و بایەخی تۆمارکردن و شیکردنەوە دێت بۆ ئەوەی کە باوکی دامەزرێنەری کۆماری تورکیا وتوویەتی لەو سەردەمە یەکلاکەرەوەی مێژووی تورکیادا.

سەرچاوەو پەراوێزەکان لای کوردستانی نوێ پارێزراون.

print

 465 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*