سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » ئاسه‌واره‌ خراپه‌كانی دوای كۆرۆنا

ئاسه‌واره‌ خراپه‌كانی دوای كۆرۆنا

بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا به‌ جیهاندا، به‌شێوه‌یه‌كی دیار كاریگه‌ریی نه‌رێنی كرده‌ سه‌ر ئابووری وڵاتان و كارگه‌ و كۆمپانیا گه‌وره‌ و به‌رهه‌مهێنه‌كان داخران، ئاڵۆگۆڕی بازرگانی نێوان وڵاتانی بۆ ئاستێكی زۆر نزم دابه‌زاند، به‌ راده‌یه‌ك كه‌ وه‌ك ئابووریناسان ده‌ڵین، له‌ 100 ساڵی رابردوودا وێنه‌ی نه‌بووه‌. له‌ دوای ته‌نگژه‌ی ئابووری ساڵی 2008 كه‌ وڵاتان توشی بوون، ئه‌وه‌نده‌ی نه‌برد كه‌وتنه‌وه‌خۆ و ئاسه‌واری خراپی ته‌نگژه‌كه‌یان سڕییه‌وه‌، به‌ڵام به‌پێی پێگه‌ی ئابووریناسی “بروجیكت سیندیكت”، كاریگه‌ریی ڤایرۆسی كۆرۆنا زۆر له‌وانه‌ی پێش خۆی كاریگه‌رتر ده‌بێ و ئاسه‌واره‌ خراپه‌كانی بۆ ماوه‌یه‌كی نزیكی داهاتوودا له‌ چه‌ند بوارێكدا ده‌رده‌كه‌ون.

كه‌مبوونه‌وه‌ی داهاته‌كانی ناوخۆ
كه‌مبوونه‌وه‌ی داهاتی به‌رهه‌مه‌كانی ناوخۆی وڵاتان و مایه‌پووچبوونی زۆرێك له‌و كارگه‌ و كۆمپانیا و فابریكه‌ به‌رهه‌مهێنانه‌ كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر كرێكار و كارمه‌ند تێیاندا كار ده‌كه‌ن، به‌هۆی وه‌ستانی كاره‌كانیان، ده‌بێته‌ هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی داهاتی تاك و خێزانه‌كان، كه‌ ئه‌مه‌ش خۆی له‌ خۆیدا قه‌یرانیك دروست ده‌كات، به‌تایبه‌تی له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ حكومه‌ت خۆی كه‌مده‌رامه‌ته‌ و ناتوانێت یان نایه‌وێت قه‌ره‌بووی زیانه‌كانی هاووڵاتیانی بكاته‌وه‌.

كه‌رتی ته‌ندروستی
ته‌نگژه‌یه‌كی تر كه‌ رووبه‌ڕِووی وڵاته‌ پیشكه‌وتووه‌كان ده‌بێته‌وه‌ به‌تایبه‌تی ئه‌وروپا ‌و ئه‌مریكا و ئوسترالیا، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ژماره‌یه‌كی بێشومار پیر و په‌ككه‌وته‌ و به‌ ته‌مه‌نیان هه‌یه‌ له‌ خانه‌ و شوێنه‌ ته‌ندروستییه‌كان، كه‌ له‌ كاتی ئاساییشدا خه‌رجییه‌كی زۆریان پیویسته‌ به‌ چاودێریكردنیان، چ جای ئه‌وه‌ی له‌ سه‌رده‌می كۆرۆنادا خه‌رجییه‌كان چه‌ند قات بوونه‌ته‌وه‌ بۆ رێگرتن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ به‌ناویاندا یان بۆ بواری چاره‌سه‌ركردنیان، چه‌ند قاتبوونه‌وه‌ی خه‌رجی و بودجه‌ی حكومه‌ته‌كان بۆ كه‌رتی ته‌ندروستی لایه‌نێكی تره‌ كه‌ كاری نه‌رێنی ده‌كاته‌ سه‌ر ئابوورییه‌كه‌یان.

نزمبوونه‌وه‌ی به‌های دراوه‌كان
هه‌رچه‌نده‌ حكومه‌ته‌كان له‌گه‌ڵ بانكه‌كان هه‌وڵ ده‌ده‌ن پاره‌ی زیاتر بخه‌نه‌ بازاڕه‌وه‌، به‌ڵام زۆربوون و پێدانی قه‌رز و قۆڵه‌ واده‌كات به‌های دراوه‌كان زۆر دابه‌زێت، كه‌ ئه‌مه‌ش كاری نه‌رێنی ده‌كاته‌ سه‌ر داته‌پینی ئابووری زۆرێك له‌ وڵاتان. حكومه‌ته‌ پێشكه‌وتووه‌كان هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌هۆی یارمه‌تییه‌كانی حكومه‌ت بۆ خه‌ڵك و ده‌زگاكان ئاسه‌واره‌ خراپه‌كه‌ نه‌هێڵن، به‌ڵام ئه‌وه‌ش دیسان نرخی شمه‌ك و كاڵاكان زیاد ده‌كا و كاری نێگه‌تیڤ ده‌كاته‌ سه‌ر ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵك به‌گشتی.

شكاندنی جیهانگیری
به‌وپێیه‌ی كه‌ جیهانگیری بۆته‌ پایه‌یه‌كی به‌هێز بۆ خێراكردن و ته‌شه‌نه‌كردنی كۆرۆنا به‌ هه‌موو كونجێكی ئه‌م دونیایه‌دا و جیهان له‌ رێی ئه‌م بواره‌دا كه‌ قازانجی زۆری لێبینیوه‌، ئه‌مجاره‌ زیانی زۆری لێبینی و رۆڵێكی خراپی گێڕا له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و ڤایرۆسه‌دا، بۆیه‌ له‌مه‌ودوا كه‌رته‌ ئابوورییه‌كان به‌تایبه‌تیش بانك و كۆمپانیا و كارگه‌یان ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر ئاستی جیهان كارده‌كه‌ن، هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌ناوی”ئاسایشی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی”یه‌وه‌ سنوورێك له‌ نێوان خۆیان و عه‌وله‌مه‌دا دابنێن و په‌رده‌یه‌كی ره‌شی له‌سه‌ر دروست بكه‌ن، نه‌بادا جارێكی تر ڤایرۆسێكی تری پێدا تێپه‌ڕ ببێت، ئه‌مه‌ش شكاندن و له‌كه‌داركردنی جیهانگیرییه‌ و ئاڵوگۆڕه‌ بازرگانییه‌كانیش ته‌گه‌ره‌یان ده‌خرێته‌ به‌رده‌م، كه‌ دیسان زیانی زۆر به‌ ئابووری ده‌گه‌یه‌نێت.

نێوانی چین و ئه‌مریكا گرژتر ده‌كات
به‌و پێیه‌ی سه‌ره‌تا كۆرۆنا له‌ وۆهانی چین سه‌ری هه‌ڵدا و خێرا به‌ هه‌موو جیهاندا بلاوبۆوه‌، ئه‌و وڵاته‌ش خۆی له‌خۆیدا كێشه‌ی ئابووری و بازرگانی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا هه‌یه‌ و هه‌ریه‌كێكیان ده‌یه‌وێت هه‌ژموون و كڕیاری خۆی له‌ وڵاتان په‌ره‌پێبدا و نه‌یاره‌كه‌ی بشكێنێت، بۆیه‌ دۆناڵد تره‌مپ و كۆشكی سپی كه‌وتوونه‌ته‌ قسه‌ له‌ چین و لۆمه‌ی ده‌كه‌ن له‌ رێگه‌دان به‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و په‌تا جیهانییه‌ ‌و چینیش هه‌موو پڕوپاگه‌نده‌كانیان ره‌تده‌كاته‌وه‌.

ئه‌و به‌ریه‌كه‌وتنه‌ جیۆستراتیژییه‌ واده‌كات له‌ داهاتوودا دژایه‌تییه‌كه‌ توندتر بكا و هه‌ریه‌كه‌یان ژماره‌یه‌ك وڵاتی دۆست بۆخۆی له‌دژی ئه‌وی تر دروست بكات، ئه‌مه‌ش مه‌ترسی دروستبوونی شه‌ڕی سارد یان گه‌رمی لێ بكه‌وێته‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامدا جیهان زیانی زۆری پێده‌گات.

زیانی دیكه‌
هه‌ندێك پێیانوایه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م ڤایرۆسه‌ شه‌ڕی بایۆلۆژی بێت و ده‌ستكردی مرۆڤ بێت، ئه‌وا كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی مرۆڤایه‌تییه‌ و له‌ داهاتوودا دووباره‌ و سێ باره‌ ده‌بنه‌وه‌ و وڵاتان له‌ دژی یه‌كتر به‌كاریده‌هێنن، كه‌ ئه‌مه‌ش كاری نه‌رێنی ده‌كاته‌ سه‌ر ژینگه‌ی مرۆڤایه‌تی و تێكدانی كه‌شوهه‌وا و زیانگه‌یاندن به‌ هه‌موو كایه‌كانی مرۆڤایه‌تی.

سه‌رچاوه‌: ئیندیپێندت

print

 265 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*