سەرەکی » وتار » لەتیف فاتیح فەرەج‌ » دوا قسەی ناوخورجەكە

خورجە

دوا قسەی ناوخورجەكە

1
نازانم چەندێكەو ماوەكەی چەندە من ئەو گۆشەیە بۆ كوردستانی نوێ‌ دەنێرم،لێ‌ گەیشتمە باوەڕی ئەوەی ئیدی ئەمە دوا قسەی نێو ئەو خورجەیە بێت، ئەگەر چی هێشتا هەمانەكە زۆر شتی تێدا ماوەو وەك توركەكەی رەسوڵی حەمزا تۆف هەر شۆڕیكەوەو هەر دەڕژێ‌، من لەم گۆشەیەدا هەندێك جیاوازیم نواندو لە تەك نوسینەكاندا شیعریشم ئاوێزان كرد، بۆ شیعرەكان ناگەڕامەوە سەر دیوانەكەو پشتم بە خەیاڵی خۆم دەبەست هیوادارم، هەمیشە خەیاڵم بە ملی هەڵەیدا نەبردم، ئەم شێوازی دابەشكاری ژمارەیەش بۆ گۆشەكە، گەر بیرم مابێت هەر خۆم زۆر زوو لە گۆڤاری پشوی كوردستانی نوێ‌ هەمان رێگەم دیاری كرد بۆ نووسن، نازانم پێشتریش كرابێت، ئیدی ئەمەش دەبێتە دیرۆك .

جار جارەش شیعری خۆم تێهاویشتوە، گەرچی وەك عارف سائیب دەڵێت :

شیعرم وەكو تەبعم كە پەرێشان و خەراپە
مەحجوب و سەر ئەفگەندەی جەمعی شوعەرا خۆم

2
نایشارمەوە من لە بری ئەو گۆشەیە دەموویست شێوازێكی تری گۆشەی تەنز بە شیعر بنووسم كاتی خۆی چەند دانەیەكم لە ئاسۆ بڵاو كردبوەوە، ئیتر ئەوەم نەكردو ئەمەم كرد، بە دەست گۆشەكەشەوە، یەك لە هاوڕێ‌ باشەكانم كاك مەحمود شێرزاد كە بەڕیش و قەڵەمی قامەتی باریكیەوە دەڵێی لە حزوری ئیبن سینادا وانەی « تەنئەندازی و تەنڕێكی « خوێندەوە زۆر ماندوو دەبوو، لەوەش بترازێ‌ سەرنووسەریش كە هەمیشە لە گەرمەی شیرو تیر سوانیشا لێنەگەڕاوە پشتبكەمە كوردستانی نوێ‌ ئەو رۆژنامەیەی لە 1993ەوە تێیدا دەنووسم و بە ماڵی خۆمی دەزانم قەرزاریشیان نیم، ئەویش هەمیشە سور بووە كە نابێ‌ دەرگا وازەكە دابخەین، ئەوە لەو دوایە گۆرانیەكی زۆر جوانم گوێ‌ لێبوو لە سەر واز كردنی دەرگا، خۆزگا هونەرو ئەدەب و گۆرانی دەچونەوە ئاستی جاران و حورمەتیان بۆ دەگەڕاوە.

3
ئیتر ئەركی نوسەرو نوسیار قورس و خەم و ئازاریشە، ئەو مەگەر چاوودڵ و زمان لە گرێژنە بدات دەنا هەرگیز ناتوانێ‌ نەڵێ‌، باباتاهیری هەمەدانی چوارینێكی هەیە كە شەجەریانی گەورە كردویەتی بە گۆرانی،لە ئێران داوی دوو سیدی شەجەریان و شارامی نازریم كرد لەبەر دەستم دانرابوو كابرا نەیدامێ‌ وتی تۆ نەتگوتوە ئوستاد شەجەریان و ئوستاد شارام بۆیە سیدی نیە، جا لوڕی دەفەموێت:

زدست دیدەودل هردو فریاد
كە هرچە دیدە بیند دل كند یاد
بسازم خنجری نیشش زفولاد
زنم بر دیدە تا دل كردد ئازاد

شێخ محەمەدی خاڵ بەمجۆرە كوردانویەتی:

لە دەست چاولە دەست دڵ هەردوو فەریاد
كە چاو هەرچی دەبینێ‌ دڵ ئەكا یاد
ئەكەم من خەنجەرێ‌ نوكی لە پۆڵا
ئیتر ئەیدەم لە چاو تا دڵ بێ‌ ئازاد

مەرگتان نەبینم هەرگیز!

print

 267 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*