سەرەکی » مانشێت » رێكەوتنی دەباشان،ئومێدێك بۆ داهاتووپەڕە 24

رێكەوتنی دەباشان،ئومێدێك بۆ داهاتوو

Pukmedia

چوار ساڵ بەسەر رێككەوتنی دەباشانی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان تێدەپەڕێت، ئەمەش لەكاتێكدایە كە پەیوەندییەكانی هەردوولا لەدوای كۆنگرەی چوارەمی یەكێتییەوە چوەتە قۆناغێكی نوێوەو لە زۆر بواردا هاوهەڵوێستن.

رێكەوتنی دەباشان لە 17/5/2016 لە نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بەئامادەبوونی سەرۆك مام جەلال و نەوشیروان مستەفا، ئیمزاكرا. لەو مەراسیمە مێژووییەدا بەشێكی زۆر لەئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان ئامادەییان هەبوو، هەروەها كەناڵەكانی راگەیاندنیش راستەوخۆ مەراسیمەكەیان پەخش كرد.

هەمان رۆژیش لەشاری جوان لەسلێمانی مەراسیمێكی بەرفراوان سەبارەت بە رێككەوتنی نێوان یەكێتی و گۆڕان، بەڕێوەچوو.

كۆسرەت رەسوڵ عەلی: رێكەوتن لەپێناوی یەكدەنگییە
لەمەراسیمەكەدا، كۆسرەت رەسوڵ عەلی، پیرۆزبایی لەخەڵكی كوردستان‌و كەسوكاری شەهیدان‌و پێشمەرگە قارەمانەكان كرد بەبۆنەی ئەو رێكەوتنە مێژووییەی نێوان یەكێتی‌و گۆڕان‌و رایگەیاند: ئەو رێكەوتنە لەپێناوی ئەوەیە بەردی بناغەی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان دابنرێت، بارو گوزەرانی هاووڵاتیان باش بكرێت، ببێتەمایەی تەبایی؛ نەوەك دژایەتی، لەپێناوی ئەوەیە هەموولایەك یەكدەنگ بین لەبابەتە نەتەوایەتی و نیشتمانییەكان تا دروستكردنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ.

نەوشیروان مستەفا: ئەم رێككەوتنە بۆ چاكسازی و شەفافیەتە لەكوردستاندا
لای خۆیشییەوە، رەوانشاد نەوشیروان مستەفا رایگەیاند: رێكەوتنی یەكێتی و گۆڕان بۆ یەكخستنی خەباتی گەلی كوردستانەو وەڵامدانەوەی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەیە. هەروەك سوپاسی ئامادەبووان و سەرجەم گەلی كوردستان و ئەندامان و سەركردەكانی یەكێتی و گۆڕانیشی كرد كە لەسۆنگەی هەستكردن بەبەرپرسیارێتی نیشتمانی و ئەخلاقی و خزمەتی وڵات و هاووڵاتیانی كوردستان، بێ گوێدانە بەرژەوەندییە تایبەتەكانی خۆیان بەسنگێكی فراوانەوە رێكەوتننامەكەیان قبوڵكردووە، كە بۆ چاكسازی و شەفافیەت و حوكمی تەندروستە لەكوردستاندا و هەروەها بۆ وەڵامدانەوەی گۆڕانكارییەكانی كوردستانەو لەبەرژەوەندیی گشتیی خەڵكی كوردستاندایە. وتیشی: ئەم رێكەوتنە بۆ چەسپاندنی چەند شتێكە لەوانە چاكسازی و دابینكردنی دادی كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و شەفافیەتە لەداهاتەكانی كوردستان‌و نەوت‌و گازو بۆ هاوبەشی راستەقینەیە لەبڕیاری سیاسی و ئەنجامدانی چاكسازیی سیاسی و ئابوری و كارگێڕی و دارایی و بەڕێوەبردنی تەندروستی وڵاتە. بۆ رێكخستنەوەی ماڵی كوردە لەپێناوی چاكسازی‌و وەڵامدانەوەی ئەو گۆڕانكارییانەی ناوچەكەیەو لەپێناوی بەرژەوەندیی گەلی كوردستانەو بەڕێوەبردنی وڵاتە لەڕێگەی خەباتی مەدەنی‌و یەكترقبوڵكردن‌و عەقڵی شارستانیانە.

ئاماژەی بەوەشكرد كە رێكەوتنی یەكێتی‌و گۆڕان بۆ یەكخستنی خەباتی گەلی كوردە لەپێناوی هەوڵدان بۆ چاكسازیی‌و چەسپاندنی شەفافیەت‌و دادی كۆمەڵایەتی، كە بەشێوەیەك بێت بڵێین عیبرەت لەنووسیندا نییە، بەڵكو عیبرەت لەجێبەجێكردندایە.

هەنگاو بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكان
دوای 4 ساڵ لەڕێكەوتنەكە، وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پیرۆزبایی و سەركەوتنی كۆنگرەی چواری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و هەڵبژاردنی هاوسەرۆكان‌و سەركردایەتیی نوێ، سەردانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی كرد، رۆژی 5/5/2020یش وەفدی یەكێتی، سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی كردو جەختیانكردەوە كە»دابینكردنی بژێویی خەڵك‌و مووچە، ئەركی سەرەكی حكومەتی هەرێم‌و لایەنە بەشدارەكانێتی‌و پێویستە هەموو هەوڵەكان لەوپێناوەدا بخرێنەگەڕ».

تەئكیدیشیان لەهەنگاوە كردارییەكانی پەرەپێدانی زۆرتری پەیوەندییەكانیان‌و گرتنەبەری پتەوكردنی متمانە، كردەوە. هەروەها پشتیوانییان بۆ هەوڵەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان بۆ جێبەجێكردنی سیستمی لامەركەزی و گرتنەبەری رێكارە یاساییە پێویستەكان دەربڕی، وەك لەڕێكەوتنی نێوان هێزە بەشدارەكانی حكومەت‌و كارنامەی حكومەتی هەرێمدا هاتووە.

״یەكێتی و گۆڕان لەزۆر بواردا هاوڕان״
باشبوونی پەیوەندیی یەكێتی‌و گۆڕان‌و هەوڵی گەڕانەوە بۆ رێكەوتنی نێوانیان، ئومێدێكی گەورە بەئایندەی پەیوەندیی نێوان ئەو دوو لایەنە دەدات.

لەوبارەیەشەوە، سالار سەرحەد خەلیفە ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی‌و لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییە كوردستانییەكانی یەكێتی بەPUKmediaی راگەیاند: لەدوای كۆنگرەی چوار پێداچوونەوەمان بەپەیوەندییەكانمان لەگەڵ حزب‌و لایەنەكان كردەوەو لەوچوارچێوەیەشدا لەگەڵ گۆڕان لەهەوڵی باشتركردنی پەیوەندییەكانمانین. وتیشی: هیوادارین لەگەڵ گۆڕان كاربكەین لەسەر رێكەوتنی دەباشان. ئەوەشی خستەڕوو كە ئێستا لەگەڵ گۆڕان لەحكومەتداین‌و لەزۆر بواریشدا هاوڕاین، بۆیە دەتوانین لەداهاتوودا كاری پێكەوەیی باشتر بكەین.

print

 85 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*