سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » ئەو كتێبەی وا دەكات كەس نەچێت بۆ جەنگپەڕە 23

جەنگ هیچ ڕوخسارێكی ژنانەی نییە

ئەو كتێبەی وا دەكات كەس نەچێت بۆ جەنگ

تارا شێخ عوسمان

كتێبی (جەنگ هیچ ڕوخسارێكی ژنانەی نییە) لەلایەن نووسەر و رۆژنامەنووسی بەناوبانگی بیلاڕوسی (سڤێتلانا ئەلیكسیڤیچ)ەوە نووسراوە و (هیوا قادر) لە سویدییەوە كردووەیەتی بە كوردی.

ئەوەی لە كتێبی (جەنگ هیچ ڕوخسارێكی ژنانەی نییە)دا دەبینرێت گێڕانەوەی راستەقینە و هێنانەوە سەرزاری ئەو ئازارانە و ئەو كێشە ئەڵنگارییانەیە كە ژنانی وڵاتێكی وەك یەكێتی سۆڤییەت لەسەروەختی جەنگی دووەمی جیهانیدا بینیویانە و خۆیان لەناو گەرمەی رووداوەكانی جەنگدا ژیاون و بكەری راستەخۆش بوون تێیدا. لەم كتێبەدا خانمی نووسەر لە رێگەی دواندنی كارەكتەرە ژنەكانی ناو ئەو جەنگە، كە نەك بەتەنها وێرانكەر بوو، بەڵكو رۆح و بوونی مرۆڤەكانیشی هەنجن هەنجن كرد، ئەوەمان نیشان دەدا و لە زۆر دێڕیدا پێمان دەڵێت (مەرج نییە پاڵەوانەكانی جەنگ ئەوانەبن كە دەركەوتوون و ئەوانە بن كە مێژوو باسیان دەكات، بەڵكو زۆر جار پاڵەوانەكان كەسانێكن كە نە خەڵك و نە مێژووش نایانبینێت، وەك ئەوەی فڕێدرابێتنە پشت هەیوانەكانی مێژوو، یان بەمەبەست لە دەرەوەی پاڵەوانێتیدا حەشاردراون).

هەرچەندە زۆربەی ئەو ژنانە بوونەتە گێڕەرەوەیەكی باشی چیرۆكە راستەقینەكانی خۆیان و هاوڕێكانیان، بەڵام ئەم گێڕانەوەیە دوای تێپەڕبوونی دەیان ساڵ دوای جەنگ لە كاتێكدا قسەیان بۆ نووسەری كتێبەكە كردووە كە تەمەنیان هەڵكشاوە و بەساڵاچوون، ئەوان زۆریان لەگەڵ ئەوەی براوە و هەڵگری نیشانە و میداڵی رێزلینان و پاڵەوانێتین، بەڵام هەندێكیان بۆ ماوەیەكی كەم دوای ئەوە لەبیركراون. لەبیركردنی ئەو ژنانە دوای جەنگ بەهۆكاری هەندێك بیركردنەوەی باوی ئەو رۆژگارەی یەكێتی سۆڤییەت و دواترە. یەكێك لە ژنەكانی ناو ئەم كتێبە باسی دەكات و دەڵێت (پیاوەكان براوە و پاڵەوان بوون، بەناوبانگ بوون و جەنگی ئەوان بوو، بەڵام ئێمە بە چاوێكی تەواو جیاوازەوە سەیر دەكراین، دەبێت ئەوە بزانن ئەوان سەركەوتنیان لێ زەوت كردین، ئەوان لە بەرامبەر سەركەوتنی رۆژانەی ژنەكاندا بێدەنگییان هەڵبژارد).

دەشڵێت (ئەوان سەركەوتنیان لەگەڵ ئێمە بەش نەكرد، ئەوەش سووكایەتی بوو، قابیلی تێگەیشتن نەبوو، چونكە كاتی جەنگ پیاوەكان باش بوون لەگەڵمان، بەڵام لە ئاشتیدا ئەو رەفتارەیان نەنواند).

هەرچەندە وەك زۆرینەی ئەو ژنانەی ناو ئەم كتێبە باسی دەكەن، جۆش و خرۆشی ئەوان بۆ بەشداریكردن لە جەنگدا كە زۆرجار سەرەڕای نارەزایی كەسوكاریان بەدزییەوە چوون و خۆیان ناونووس كردووە بۆ ئەوەی ببنە سەرباز. زۆرجاریش بەهاندانی كەسوكاریان بووە كە ئەو كارەیان كردووە، تەنها لەپێناوی دایكی نیشتماندا بووە و لەپێناو ستالیندا بووە وەك نووسەر خۆی ئاماژەی پێ دەدا، بەڵام چاوی پیاوانەی پەروەردەكراو بە نەریتی كۆمەڵایەتی باو زۆرجار كاری ئەوانی قورستر كردووە و لە یەككاتدا ئەو ژنانە لە دووبەرەی جیادا جەنگاون، بەرەیەكی كولتوور و بیركردنەوەی باوی كۆمەڵایەتی و بەرەیەكی جەنگی راستەقینە. هەرچەند ئەو كاتە سیستمێكی كۆمۆنیستی لە یەكێتی سۆڤییەتتدا پەیڕەودەكرا كە تێیدا بیروڕاكانی ئازادی ژنان و یەكسانبوونیان لەگەڵ پیاواندا لە ئارادا بووە، بەڵام هێشتا پیاوانێك و بەشێك لە كۆمەڵگە كاركردنی ژنیان لەنێو كایە تەواو پیاوانەكانی وەك جەنگ بە شتێكی مەحاڵ و هەندێكجاریش بە سووكایەتی داناوە، هەڵبەت مەحاڵەكە بۆ كاتی جەنگ بووە و سووكایەتییەكەش بۆ دوای جەنگ.

یەكێك لەو ژنانەی قسەكانی بۆ ئەم كتێبە تۆماركراوە، باس لەوە دەكات كە چۆن سەربازە پیاوەكان گاڵتەیان بە ژنەكان كردووە و زۆرجار ناو و ناتۆرەشیان لێناون. ئەو ژنە دەڵێت (هەڵسوكەوتی پیاوەكان بەرامبەرمان گاڵتەجاڕانە بوو پێاندەوتین پیرەژنەكان بە رێی جەنگەوەن). دەشڵێت (دەبوو چی بكەیت بۆ ئەوەی وەك پیاو بیت، مەحاڵ بوو وەك پیاو بیت، بیركردنەوەمان لە لایەك، بەڵام سروشتمان تەواو جیاوا بوو، لە رووی بایەلۆژیشەوە ئەوە هەر باسی مەكە).

لە لایەكی ترەوە بەپێی گێڕانەوەكان، زۆربەی ئەو ژنانەی بەشداری جەنگیان كردووە و لەم كتێبەدا هەندێكیان بە ناوی خۆیان و چەند كەسێكیشیان بە ناوی خوازراوەوە قسەیان كردووە، تا رادەیەكی زۆر هیچ ئەزموونێكیان نەبووە سەبارەت بە جەنگ. راستە گەلێ شتیان لە بارەی جەنگەوە بیستبوو، بەڵام تەواو بێ ئەزموون بوون، نەك هەر ئەوەندە، بەڵكو بەشێكی ئەو ژنانە كە لە كاتی قسەكردنیان بۆ نووسەری كتێبەكە پیر بووبوون و بەساڵاچوو بوون، بەڵام لە كاتی جەنگی دووەمی جیهانیدا تەمەنیان لەنێوان (6 17-1) ساڵدا بوون و هەستیان بەوە نەكردووە چ دۆزەخێكە جەنگ! ئەوەتا یەكێك لەو خانمانە دەڵێت (دڵخۆش بووم بەوەی دەتوانم بچم بۆ جەنگ، دەمویست بجەنگم، ئاخر چۆن بمزانیایە خوێن چییە؟). یەكێكی تریان دەڵێت (ئێمە ئامادەی مردن بووین تا ژیان رزگار بكەین، لە كاتێكدا هێشتا نەمدەزانی ژیان بۆ خۆی چییە، تەنها لە كتێبەكاندا لەسەر هەموو شتێكمان دەخوێندەوە).

جەنگ دەتوانێت هەموو هەستەكان بكوژێت؟
نووسەری ئەم كتێبە دەیەوێت بیسەلمێنێت كە ژنان ئەگەرچی لە جەنگیشدا بن، ناتوانن بەتەواوی لە هەستەكانیان داببڕێن، تەنانەت گەر ببنە مرۆڤێكی شەڕكەریش ئەوا مرۆڤێكی ناسك و دڵنەرم و سۆزدار لە ناخی هەر یەكێكیاندا پەنهانە، بیركردنی هەموو شتێكی ماڵیش لە سروشتێكی ژنانەوە دێت، هەربۆیە لێرەدا قسەی یەكێك لە ژنەكان سەرنجی خوێنەر رادەكێشێت كە دەڵێت (ئێمە بیری دایكەكانمان و ئارامیی ماڵەوەمان دەكرد). ئەو ژنە باسی هاوڕێیەكیان دەگێڕیتەوە كاتێك دوای مۆڵەتەكەی دەگەڕێتەوە بۆ لایان، ئەوان واتە كچەكان هەموویان بەسەرە دەوەستن بۆ ئەوەی بۆنی پێوە بكەن، لەبەر هیچ نا، لەبەر ئەوەی ئەو هاوڕێیەیان هێشتا بۆنی ماڵەوەی لێهاتووە.

سادەیی و بێئەزموونیی ئەو كاتەی بەشێكی زۆری ئەو ژنانەی لەو كتێبەدا قسەیان كردووە، بە رادەیەكە كە هەندێك پلە و پێگەی ئەفسەر و پلەدارەكانیان نەزانیوە و كار گەیشتووەتە ئەوەی زۆر جار بە ئەفسەر و ژەنەڕاڵەكان بڵێن (مامە)، وەك ئەوەی ناوی دوكاندارێكی گەڕەكەكەیان یان كەسێكی نەناسی بەڕێكەوت دیتوو دەهێنرێت. هەستی ژنبوونیش هەمیشە بوونێكی بەرجەستەی هەیە لە ژندا و نووسەر دیسان دەیەوێت لە رێگەی گێڕەرەوە زیندووەكانی و كاراكتەرە ژنەكانی ناو دۆزەخی شەڕ، ئەو وێنەیەمان بۆ بنەخشنێت كە ئەم هەستە چەندە زاڵە بەسەر ژندا كە بە رووكەش دڵڕەقە و سەربازە و لە بۆسەدایە بۆ كوشتنی ئەوی دی دوژمن، كەچی هەمان كاتیش پەرۆشی ئەوەیە كە جەنگ و ناشیرینییەكانی نەتوانن زاڵ بن بەسەر هەموو شتێكیدا. لە رێگەی ئەوەشەوە نووسەر جارێكی تر ناونیشانی كتێبەكەی دەسەلمێنێتەوە كە (جەنگ هیچ ڕوخسارێكی ژنانەی نییە)، هەربۆیە ژنێك لەوانە دەڵێت (لە جەنگدا پارچە قوماشێكیان دەداینێ بۆ ئەوەی قاچەكانمانی پێ ببەستین، ئێمە دەچووین وەك ملپێچ لە ملمان دەپێچا، دەمانویست بە شتێكی ژنانەوە خۆمان سەرقاڵ بكەین، چونكە ژنبوون تەنها ئەو شتەبوو كە ئێمە بیرمان دەكرد، لەوەدابوو بە یەكجاریی لەدەستی بدەین).

لایەنی جیاوازیی بایەلۆژیی ژنان لایەنێكی گرنگە بۆ تێڕامان و بیركردنەوە لە ئێش و ئازاری ژنان، نەك بەتەنها لە كاتی ئاساییدا كە خۆی لە سووڕی مانگانەی خانماندا دەبینێتەوە، بەڵكو لە كاتی جەنگ و پشێوییەكاندا بارودۆخە نائاسییەكانی تریش كە بە درێژایی مێژوو رووبەڕووی ژنان بووەتەوە، لەم كتێبەدا نووسەر ئەوەشی فەرامۆش نەكردووە و لە رێگەی ئەو خانمانەی قسەیان بۆ كردووە توانیویەتی بەرزبوونەوەی باڵانسی ئەم ئێش و ئازارە بخاتەڕوو، لە كاتی جەنگدا و لە رێگەی چەند گێڕانەوەیەكەوە ئەوەشمان بۆ ئاشكرا دەكات كە ژنان لەو كاتەدا دەروون و جەستەیان چەندین هێندەی پیاوێك پشێو و قورس دەبێت، بەو حاڵەشەوە دەیەوێت خۆی بسەلمێنێت. لەو كاتەشدا هاودژییەك لەگەڵ خودی خۆی دروست دەكات و وای لێدەكات بەڕاستی نەك تەنها بە جەستە، بەڵكو بە روخساریش هێندەی لە پیاوێك بچێت لە ژنێك نەچێت. بۆیە خوێنەر لە زیاتر لە شوێنێكی كتێبەكەدا لە زاری زیاتر لە ژنێكەوە بەر ئەو دەستەواژانە دەكەوێت و تووشی سەرسوڕمان دەبێت و هێدمە دەیگرێت، لە خۆی دەپرسێت (دەبێت ئەو ژنانە لە چ كەرەسەیەك دروست بووبن كە بەرگەی ئەو هەموو دژوازی و دژوارییەیان گرتووە).

عەشق.. ئەو جادووەی لە جەنگدا مرۆڤ لە لێواری مەرگ دەگێڕێتەوە
ژنانی ناو كتێبەكە لە گێڕانەوەكانیاندا باسی عەشق دەكەن، كە چۆن لە لایەن سەرانی جەنگەوە قەدەغەكراوە، ئەو هەستەی لە ناخی مرۆڤدا جۆرێك رەگ دادەكوتێت كە مرۆڤ دەتوانێت بۆ چەندین ساڵ بیشارێتەوە، بەڵام ناتوانێت خەفەی بكات. گێڕانەوەی ژنەكانی ناو ئەم كتێبی گێڕانەوەیە وا لە خوێنەر دەكەن بچێتە بەرگی ئەوانەوە و هەستی عاشقبوونی ئەو كاتەیان تاقی بكاتەوە.
یەكێك لەو ژنانە دەڵێت (لە جەنگدا عەشق قەدەغەبوو، ئەگەر من عاشق نەبوومایە، پێموایە ئێستا لە ژیاندا نەدەمامەوە، عەشق رزگاركەر بوو، رزگاری كردم).
یەكێكی تریان دەڵێت (عاشقی پاڤێلێك بووم، ئەفسەر بوو، زۆر نەخۆش بوو، شوكلاتم بۆ دەخستە ژێر سەرینەكەیەوە، بەڵام دوای جەنگ و پاش بیست ساڵ بینیم، ئەو سوپاسی هاوڕیكەمی كرد بۆ شوكلاتەكان، هاورێكەم وتی: شوكلاتی چی؟ من لەوێدا ددانم پێدا نا ئەوەی شوكلاتەكانی بۆ دەدانا من بووم، ماچی كردم … دوای بیست ساڵ ئینجا ماچی كردم).
ژنێكی تر دەڵێت (ساڵانێكی زۆر دوای جەنگ پیاوێك لای من دركاندی كە زەردەخەنەكانی منی لەبیرە، بەڵام بۆ من ئەو بریندارێكی ئاسایی بوو، من ئەوم بیر نەدەكەوتەوە، بەڵام ئەو وتی: ئەو زەردەخەنەیەی تۆ منی لەو شوێنەی پێی دەڵێن ئەو دونیا گەڕاندووتەوە بۆ ژیان، ئەو زەردەخەنە ژنانەیە).

ئەی دوای جەنگ چی؟
هەمیشە ئەوانەی كە لە دوای جەنگ دەگەڕێنەوە، ئەو مرۆڤانەی بەر لە جەنگ نین، هەریەكە و بە جۆرێك نەك تەنها رەنگ و روخساری و تەنانەت ئەندامەكانی جەستەشی وەك خۆی نابێت، بەڵكو ناخ و دەرونیشی بە جۆرێك دەگۆڕێت كە كەسەكە خۆیشی خۆی ناناسێتەوە. ئەمە ئەو راستییەیە كە ئەوانەی رۆژێك بەشداری جەنگیان كردووە دەیزانن، مرۆڤەكان بە چەندین شێوە دەگۆڕین، زۆریان تووندوتیژ دەبن و زۆریشیان نەرم و نیان و بێدەنگ و كاس و بێمەیل و هتد…

ئەوان وەك خۆیان دەڵێن بەنێو دۆزەخدا تێپەڕیون و لە لێوارەكانی مەرگەوە گەڕاونەتەوە، دیمەنی خوێنی كوژراو و بریندارانێكی زۆر كە بە بەرچاوی جەنگاوەرانەوە رژاوە، كاریگەرییەكی نەرێنی خراپ دەكاتە سەر ئەو شەڕكەرانە و رەنگە تا دواڕۆژی تەمەنیان بەو كاریگەرییانەوە بناڵێنن. هەندێكی تریش سەرەڕای بینینی دەیان دیمەنی ترسناكی ناو جەنگ، هێشتا نەیانتوانیوە لەگەڵ دیمەنی خوێندا رابێن. نووسەری كتێبەكە ئەم حاڵەتەی لە رێگەی گێڕانەوەكانی چەند ژنێكەوە بەرجەستە كردووە و یەكێك لەو ژنانە دەڵێت (هەرگیز نەمتوانی بە بۆنی خوێن ڕابێم، دوای جەنگ هەستیاریم بە بۆنی خوێن هەبوو، جەستەم بەرگەی نەدەگرت، لە كاتی جەنگدا خوێنێكی زۆرم بینیبوو، چیتر توانای بینینم نەمابوو). دەشڵێت (چیتر نە بەرگەی قوماشێكی سوور و گوڵێكی سوور و هیچ ڕەنگێكی سوورم نەدەگرت. ناتوانم چاوم بەو ڕەنگە بكەوێت، نە لە سروشتدا و نە لە تابلۆیەكی هونەریدا).

هەروەها ژنێكی تر باس لەوە دەكات بەر لە جەنگ زۆر حەزی لە مۆزیكی باخ و بتهۆڤن بووە، لە سەردەمی جەنگدا و بەتایبەت دوای ئەوەی بووەتە سەرباز ئەو حەزەی نەماوە، چونكە ئەو بلیمەتانەی مۆزیك ئەڵمانی بوون، هەمان ئەو وڵاتەی كە لە جەنگدا نیشتمانەكەی ئەم خانمەی كردووەتە سووتماك. ئەو خانمە ئاماژەی بەوەداوە كە دوای جەنگ كاتی زۆری ویستووە تا بتوانێت جارێكی تر لەگەڵ هونەر و كولتووری ئەڵمانیدا ئاشتبێتەوە.

ئەمانە و زۆر گێڕانەوەی تر بەشێكن لە گێڕانەوەی ئەو ژنانە، ئەو ژنە روسییانەی كە لە جەنگی دووەمی جیهانیدا شەڕیان كردووە و لە ناوجەرگەی جەنگەوە بە زیندوویی گەڕاونەتەوە. ئەمەش وەك ئەوەیە بۆیە ژیاون تا دوای چەندین ساڵ خانمە نووسەرێكی وەك (سیڤێتلانا ئەلیكسیڤیچ) بێت و بڕیار بدات بیاندۆزێتەوە و چیرۆكەكانیان لە زاری خۆیانەوە پێ بگێڕێتەوە و تۆماریان بكات و ماوەی (٢٦) ساڵ كار لەسەر ئەوە بكات و دواتر بیكاتە كتێبێك.

ئەو خانمە نووسەرە بیلاڕوسییە كە خۆیشی لە ساڵانی جەنگی دووەمی جیهانیدا لەدایك بووە و بڕوانامەی لە بواری رۆژنامەگەرییدا هەیە و باس لەوە دەكات كە لە سەرەتادا و لە سەردەمی حكومی یەكێتی سۆڤییەتدا كتێبەكەی بۆ چاپ نەكراوە و بەوە تۆمەتباركراوە كە كتێبەكەی سووكایەتییە بە ژنانی سۆڤییەتی، دواتر لە سەردەمی میخائیل گۆرباچۆف و پرۆسترۆیكادا بۆی چاپ كراوە.

لێرەشدا پێویستە دەستخۆشی لە (هیوا قادر)ی نووسەر و شاعیر بكەین كە ئەم كتێبەی لە زمانی سویدییەوە كردووە بە كوردی، هەروەك هیوا قادر ئاماژەی پێداوە ئەم كتێبە یەكێكە لە كتێبە خەتەرناكەكانی مرۆڤایەتی، بەڵام دوای خوێندنەوەی ئەو مەترسییە راتدەچەڵەكێنێت و وات لێدەكات ژیانت خۆشتر بوێت و فێری تێگەیشتن بیت لە ماناكانی جەنگ.

لەگەڵ وەرگێڕیشدا هەمان پرسیار دەكەم كە داخۆ ئێمەی خاوەن دونیایەك تراژیدیا، چەندین نەوەمان لەناو وەیشوومەی شەڕ و پشێویدا لە دایك بوون و گەورە بوون و سەریان نایەوە، (بۆچی تاكو ئێستا بەدەر لە زمانی ئایدیۆلۆژیا و ماناكانی ئایین و پەخشانە حزبییە بێخوێنەكان، خاوەنی زمانێكی تر نین بۆ ئەوەی باس لە مرۆڤەكان بكات؟).

بۆچی لە هیچ ئان و سەردەمێكدا بیرمان لەوە نەكردووەتەوە، لەبری دروستكردنی پاڵەوانە وەهمییەكان بەدوای پاڵەوانە راستەقینەكاندا بگەڕێین؟
سیڤێتلانا لە ساڵی 2015دا بۆ ئەم كتێبەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی پێ بەخشراوە. ئەو نووسەرە لە وتارێكیدا لەبەردەم لیژنەی بەخشینی خەڵاتی نۆبڵ، ئاماژەی بەوە كردووە نەك بەتەنها بە بیانووی ئەوەی كتێبەكەی وا دەكات كەس نەچێت بۆ جەنگ، بەڵكو سانسۆركەرانیش پێیان وتووە (جەنگەكەتان ناخۆشە. بۆچی هیچ پاڵەوانێك لای ئێوە نییە؟). كەس ئامادە نەبووە لەسەردەمی خۆیدا ئەو كتێبە چاپ بكات، نەك هەر ئەوەندە، بەڵكو راوەدووش نراوە.

لەو وتارەیدا نووسەر دەڵێت (من بەدوای پاڵەواندا نەگەڕاوم، من مێژووم لە روانگەی چیرۆكی ئەو شاهید و بەشداربووانەوە نووسیوەتەوە كە نەبینراون و هیچ كەس هەرگیز نەچووە پرسیاریان لێ بكات).

لە درێژەی وتارەكەیدا دەڵێت (هەمیشە بەدوای ئەو دەنگانەدا دەگەڕێم كە دەنگی تەنیایی مرۆڤە، چونكە بە لای منەوە ئەو كەسانە ئەوانەن كە لەودیو مێژووەوەن و لە كاتێكدا و لەسەردەمێكی دژواردا گەنجێتی و وزەی خۆیان داناوە، بەڵام لە كۆتاییدا هەر ئەوانە پەراوێز دەخرێن.

وەرگێڕ لە پێشەكییەكەیدا ئەم چەند رستەیەی لە زمانی پڕۆفیسۆرێكەوە داناوە كە بە پەرستیارەكانی بەشداربووی جەنگ دەڵێت (ئێوە دەبێت بە هەموو نەخۆشەكان بڵین خۆشم دەوێی، چونكە كاریگەرترین دەرمان بۆ كەسی بریندار عەشقە، تەنها عەشقە مرۆڤایەتی دەپارێزێت و دیسانەوە گوڕی ژیانی پێ دەبەخشێت).

بە وەرگێڕیش دەڵێم: وەك خوێنەرێك منیش ئەو عەشقەم هەبوو بۆ مرۆڤ و پڕبووم لە نەفرەت لە جەنگ و ناشیرینییەكانی، بۆیە توانیم بەرگەی چیرۆكە غەمبارەكان و پڕ لە ئازارەكانی ناو كتێبەكە بگرم و هەڵنەیەم.

 

* جەنگ هیچ ڕوخسارێكی ژنانەی نییە- نووسینی: سڤێتلانا ئەلیکسیڤیچ- وەرگێڕانی لە سویدییەوە: هیوا قادر- دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم- چاپی یەکەم- 2018.

 

 561 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*