سەرەکی » وتار » ساڵیادی یەکێتی و حەوتەوانەی ئومێد

ساڵیادی یەکێتی و حەوتەوانەی ئومێد

عەتا تەها

ساڵیادی یەکێتی و حەوتەوانەی ئومێد، ئەو دەرگای ئومێدە بوو کە ٤٥ ساڵ بەرلەئێستا لە بارودۆخێکی هەستیار و ناهەمواردا کرایەوە.

لەو کاتەدا حەوت ئەستێرەی گەش و درەوشاوەی خەبات و کوردایەتی و حەوتەوانەیەکی پرشنگدار لە شامەوە بەڕابەرایەتی هەڤاڵی رەوانشاد مام جەلال و هەریەک لە نەوشیروان مستەفا و عادل موراد و د. فوئاد مەعسوم و هۆمەر شێخمووس و عەبدولڕەزاق فەیلی و د. کەمال فوئاد کۆبوونەوەیەک دەبەستن بۆ بوژاندنەوەی ئومێد لای خەڵکی بێئومێدبوو.

بۆیەشە لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاری دروستکردنی یەکێتی نیشیمانی کوردستان دەدرێت، چونکە کۆبووەنەوەکە لە سەروبەندێکدا بووە کە دوای نسکۆی شوڕشی ئەیلول نائومێدی بەتەواوەتی باڵی بەسەر میللەتەکەماندا کێشابوو ، هیچ تروسکایەکی هیواو ئومێد لەلای زۆرینەی هەرەزۆرەی کۆمەڵانی خەڵک و تەنانەت بەشێکی زۆری سەرکردەکانی ئەوکاتی شۆڕشیش نەمابوو هەربۆیە ژمارەیەلی زۆریان ڕێگەی هەندەران و تاراوگە دەگرنەبەر.

هەربۆیە وا راستە کە بڵێین دروستبوونی یەکێتی لەو دۆخە نائومێدییەدا کە شانی دایە ژێر ئەوبارە قورسە لە ئاسمانی رەشی ئەو شەوەزەنگەدا وەک دەرکەوتنی مانگ و ئەو هەڤاڵە خەمخۆرو پڕ ئومێدەش وەک حەوتەوانەکە وابوو بۆ روناککردنەوەی رێگایەک بەرەو ئومێد و هەستانەوە.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا ئاسۆییەکی گەش و ڕوون بە سیمای ئەو کاراکتەرە سیاسی و دەستەبژێرە رووناکبیرەوە دیاربوو بۆیە بڕیاریاندابوو کە بۆ ماوەی ساڵێک خەباتی رێکخستن و کاری نهێنی بەردەوامی پێبدەن و دوای ساڵێکیش لەو وادەیە شۆڕش هەڵبگیرسێنرێتەوە، هەروەک بەرنامەکە کە داڕێژرابوو شۆڕشەکە گەشەو نەشونمای کردو لەوادەی خۆیدا شۆڕشی چەکداریی و پارتیزانی لە باشووری کوردستانەوە چەخماخەی دا.

ئیدی لێرەوە خەبات بەردەوامیی پێدراو و درێژەی کێشا، لەگەڵ ئەوەشدا رژێمی بەعسی لەناوچوو ئەولەوییەتی کاری خۆی لەسەر تواندنەوەی ئەم شۆڕشە نوێیە داڕشت و لەو پێناوەشدا چەندین رێگەی نا دروست و نابەرامبەری بە چەندین شێواز و چەکی قەدەغەکراوی جۆراوجۆر لەسەر خەڵکی کوردستان تاقیکردەوە تا دواجار بەدڕندانەترین شێوە سیاسەتی قڕکردنی گرتەبەر و کۆمەڵکوژیی کوردی بە سیاسەت داڕشت و دەستیشی پێکرد ئەویش بە دوو شێوازی دڕندانە و دوور لە هەموو بەها مرۆڤایەتییەکان دەستی دایە پرۆسەی شاڵاوی بەدناوی ئەنفال و کیمیابارانکردنی هەڵەبجەی دەستە خوشکەکانی لە سێوسێنان و قەرەداغ و باڵەکایەتی و گۆپتەپە و دۆڵی جافایەتی و دەیان ناوچەی تری کوردستان بەمەبەستی قڕکردنی یەکجارەکی میللەتی کورد، جگەلەوەش کونجی زیندانەکان و پەتی سێدارەو دەیان شێوازی تری قڕکردن، هەر بەوەشەوە نەوەستان بەڵکو چەندین قەزاو ناحیە و گوند بە مزگەوت و خوێندنەگە و بنکەی تەندروستییەوە لە سەرجەم ناوچەکانی کوردستانی لەگەڵ زەویدا تەختکرد، بەڵام هیچ کام لەوانە نەیانتوانی لەبەرامبەر ئەو شۆڕشەدا بووەستنەوە، راستە زەبری گورچکبڕیان لێوەشاند و لەلێواری لەناوچوون نزیکیان کردەوە، بەڵام پلان و بەرنامەی یەکێتی و دانایی و حەکیمی سەرکردە سەرەکییەکانی شۆڕش و یەکێتی و لەسەروو هەمووشیانەوە هەردوو رەوانشاد مام جەلال و نەوشیروان مستەفا و سەرکردەکانی دیکەو بەهێزیی رێکخستنەکانی ناو شارو شارۆچکەکان و بەخۆڕاگریی مانەوەی پارتیزانە قارەمانەکان وەک هێزی نیشتەجێ و گەڕۆکی ناو هەناوی ناوچە وێرانکراوەکان سەرمەستی رژێم بە سەرکەوتنێکی سەربازیی کاتی و سەرکێشییەکەی لە داگیرکردنی کوێتدا، راپەرینی بەهاری ١٩٩١ی لێکەوتەوە کە تێیدا بەشی زۆری ئەو بەرنامە و پلانەی بۆ راپەڕین دانرا لەسەر بنەمای خوێندنەوە بۆ پێدراوەکانی ئەو رۆژگارەو هەڵوێست و کاردانەوەی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی کرا بۆیە بەو پێیە مامەڵەکراو ئامادەکاریی کراو راپەڕی سەرکەوت و بەشێکی باشووری کوردستان لەماوەیەکی کەمدا ئازادکرا.

دوای راپەڕین وەکو دیفاکتۆ پەرلەمانی کوردستان لەسەر پێداگریی و پێشنیازی یەکێتی بەپلەی یەکەم هەڵبژێردرا و لەوێشەوە حکومەتی هەرێم دامەزرا.

ئەگەرچی بە بەرنامەڕێژییکردن و سەرخستنی بەرنامەی راپەڕین بەهاوکاریی هێزە کوردستانییەکانی تر، یەکێتی بەشێک لە ئامانجەکانی شۆڕشی هێنایەدی، بەڵام هێشتا ئامانجە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی هێشتا تەواونەبوون بۆیە بەئێستاشەوە خەبات بەردەوامە بۆ ئەو ئامانجانە.

دیارە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەریایەک خوێنی بەخشیوە و خاوەنی چەندین داستانی گەورە و بێوێنەیە لەخەباتی شۆڕشگێڕی و پێشمەرگەییدا، لە چوارەمین کۆنگرەی خۆشیدا کە کۆتایی ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو، جارێکی دیکە بە وزەو خوێنی نوێ و هێنانە پێشەوەی دەیان گەنجی لێهاتوو بۆ سەرکردایەتییەکەی، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ئومێدی زیاتری بەخشییە یەکێتییەکان، بەتایبەتی دوای ئەوەی تێکۆشەرانی دێرینی سەرکردایەتی پێشوو خۆیان ئاڵای جێبەجێکردنی قۆناغی داهاتوویان بەو سەرکردە گەنجانە و ئێستا خۆیان لە کایەی راوێژ و پاراستنی بەرژەوەندیی یەکێتیدا درێژە بەخەبات دەدەن. بۆیە ١/٦ ی هەموو ساڵێک بۆ یەکێتییە تێکۆشەرەکان ساڵیادی کردنەوەی دەرگای ئومێدە .

print

 469 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*