سەرەکی » ئاراستە » رۆڵی باشووری كوردستان لە راپەڕینی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهریدا

رۆڵی باشووری كوردستان لە راپەڕینی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهریدا

ره‌سوڵ بۆسكێنی

بەشی سیانزەیەم و کۆتایی

ئاژاوه‌ و دووبه‌ره‌كی نانه‌وه‌
هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ دووباره‌ ده‌كرێته‌وه‌‌ كورد‌ له‌گه‌ڵ یه‌كدا ناكۆكن و سه‌رانی كورد هه‌میشه‌ له‌ ململانێ و كێشه‌ی به‌رده‌وام دان، بێگومان ئه‌مه‌ سروشتێك نیه‌ به‌به‌ژنی كورد بڕابێ و هه‌ر له‌ زگماكه‌وه‌ كورد ئه‌مه‌ی بۆ مابێته‌وه‌، به‌ڵام كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كی ساده‌ و دڵپاك و دڵسۆزی به‌رامبه‌ره‌كه‌یانن و خۆشباوه‌ڕن، به‌گفت و به‌ڵێن و سوێند و پاكانه‌ی دۆسته‌كانیان زوو باوه‌ڕ ده‌كه‌ن، له‌لایه‌كی تریش دینداری چاك و ئایینپه‌روه‌ری سه‌ر ڕاستن، به‌جۆرێك زۆر له‌ دژه‌كانیش دان به‌وه‌دانێن زۆر به‌چاكی ئایینی ئیسلامیان وه‌رگرتووه‌ و ئاماده‌ن له‌پێناوی پاراستنی قوربانیشی بۆ بده‌ن، دوژمنه‌كانیش ئه‌و ڕاستیانه‌ ده‌زانن و له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌كاریان دێنن و به‌گژ یه‌كتریان داده‌كه‌ن، هه‌موو ئه‌مانه‌ بوونه‌ته‌ خاڵی لاوازی كورد بۆ خه‌ڵه‌تاندن و له‌خشته‌بردن و كێشه‌و ململانێیان له‌ نێواندا دروست بكه‌ن، تا ڕاده‌ی به‌گژیه‌كتریان دا بكه‌ن، تا یه‌كێتی ڕیزه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵته‌كێنێ، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ تا سه‌رۆك خێڵ و خه‌ڵكی ناوچه‌كان به‌سه‌ر یه‌كتره‌وه‌ بكه‌ن به‌ جاسوس و چاودێر به‌سه‌ر یه‌كتره‌وه‌، به‌مه‌ش گومان و دڕدۆنگی له‌یه‌كتری په‌یدا بكه‌ن، ئه‌مه‌ بابه‌تێكه‌ به‌درێژایی مێژوو به‌رده‌وامی هه‌بووه‌ و دووباره‌ بۆته‌وه‌، له‌ ڕاپه‌ڕینی شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هریش دا سه‌ره‌ڕای هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانی شێخ و چاره‌سه‌ره‌ حه‌كیمانه‌كه‌ی بۆ یه‌كخستنی هۆزه‌كان، به‌ڵام ئه‌م خووه‌ نه‌گریسه‌ی ناكۆكی و ململانێیه،‌ گه‌وره‌ترین كاریگه‌ری له‌سه‌ر شكستی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ دانا، تا كۆتایی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ش به‌رده‌وام بوو، ئه‌وه‌تا حه‌سه‌ن عه‌لی خانی گه‌ڕووسی فه‌رمانده‌ی سابڵاخ خۆی به‌ئاشكرا دان به‌وه‌دا ده‌نێت، فیتنه‌ و كێشه‌ و ململانێی له‌نێوان سه‌رۆك هۆزه‌كان دروست كردووه،‌ تا دووبه‌ره‌كیان تێبكه‌وێ و په‌نا بۆ ئه‌وان بێنن و ئه‌وانیش له‌و ڕێگایه‌وه‌ به‌سه‌ریاندا زاڵ بن، ناوبراو له‌ مێژووی: 30 جەمادی یەكەمی 1298 كۆچی (30- 4- 1881ز) به‌نامه‌یه‌ك عەلائولدەولە: ئەمیرنیزام (له‌ تەورێز) ئاگادار كردۆته‌وه‌، وای كردو‌وه‌ زه‌مینه‌ی ئه‌وه‌ی خۆش كردووه‌ تا دوو به‌ره‌كی له‌ نێوان سه‌ران و گه‌وره‌پیاوانی سه‌رده‌شت دروست بكات، له‌ بەشی دووەمی نامەكەدا ده‌ڵێت:
«وەك لە نامەی پێشوودا عەرزم كردووە، لەم ڕۆژانەدا بەرنامەیەكم داناوە، تا زەمینەی ئەوە خۆش بكەم گەورە پیاوان و سەرانی سەردەشت لەناوخۆیاندا دووبەرەكیان تێبكەوێ‌ و هەر خۆشیان بێنەبەرباری ملكەچی، بۆ ئەمەش لە ئاغاكانی ئێرە، وەك: قادرئاغا و ئەحمەد بەگ و برایم بەگی برای گوڵاوی ئاغام خواست، تا هەر یەكەیان بەجیا جیا لای خۆیەوە، نامە بۆ پیاوماقوڵانی سەردەشت بنوسن و خۆیان بكەنە ناوبژیكار و لەمپەری ئەوان، بەرنامەكەش سەری گرتووە، چونكە لەلایەكەوە خدرئاغا نامەی بۆ قادرئاغا نووسوە و دەست و دامێنی بووە، لەلایەكی دیكەشەوە پیرۆت ئاغا دەرگای نامە گۆڕینەوەی لەگەڵ ئەحمەد بەگ و بایزئاغادا كردۆتەوە، بۆ وێنە: دوێنێ‌ نامەیەكی پیرۆت ئاغا، بەئەحمەد بەگ و بایز بەگ و برایم ئاغا گەیشتووە و بەو جۆرەی نووسیوێتی، بەدڵنیایی ئەوانەدا لەم ڕۆژانەدا بەرەو ئێرە دێت، خۆ ئەگەر ناوبراو بۆ ئێرە بێت، (كە لەنێو ئەواندا كەسایەتیەكی هەیە)، ئەوا گۆمانی پتەومان هەیە، خدرئاغا و ئەوانی تریش دوای دەكەون و چاو لەو دەكەن، ئاكامیش هەرچی بێت، بەرودوا بە پایەبەرزتانی دەگەیەنم».

هه‌روه‌ها حه‌سه‌ن عه‌لی خان له‌فێڵ و ده‌هۆكانی به‌رامبه‌ر هه‌مزاغا به‌رده‌وام بووه‌ و هه‌میشه‌ جاسوس و سیخوڕه‌كانی خۆی لێ نزیك كردۆته‌وه‌ تا ده‌داوی بخا و شكست به‌م قۆڵه‌ی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ بێنێ، له‌هه‌مان نامه‌دا بۆ عەلائولدەولە: ئەمیرنیزام (له‌ تەورێز) له‌ به‌شی سێیەمی نامەكەدا ده‌ڵێت:
«لەبەرئەوەی دەمێك بوو شوێنی هەمزاغام بەڕاست و دروستی نەدەزانی، بۆیە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر، سەیید محەمەدئەمینی كوڕی حاجی بایزم ڕاسپارد (كە ئێستا لەجێی باوكی ئەمینولشەرعە)، ئەویش نامەیەكی بەكەسێكدا بۆ هەمزاغا نارد.

دوێنێ‌، كە پێنج شەمە، 28ی مانگ بوو، كەسەكە گەڕاوەتەوە و دەركەوتووە، ئەم ڕۆژانە هەمزاغا لە دوورترین جێگای سەر بە خاكی عوسمانییە، لە شوێنێك بەناوی «قەڵادزە» سەر بە مەڵبەندی «پشدەر»ە و لە ڕابردوودا شارێكی بەناوبانگ بووە و ئێستا وێرانەیە، لەوێ‌ ڕەشماڵی هەڵداوە و بە دڵە خورپێ‌ و ترسێكی زۆرەوە نیشتەجێیە. وەڵامێكی زۆر كەم و كورتی بۆ سەیید محەمەدئەمین نووسیبوو، دەقی نامەكەم بۆ خزمەت بەڕێزتان نارد.

ئەو شتەش بەدەمیی بەنامەبەرەكەی وتبوو، ئەوەیە، هەر كاتێك شوێنی بنەماڵە و هۆزەكەی خۆی، كەناوچەی مەنگوڕە پێ بدرێته‌وه‌، لەگەڵ فەرمانڕەوایی سەردەشت دا، ئیتر داوای ئەوەشی لێ‌ نەكرێت بۆ لای فەرمانڕەوا بچێت، ئەوا خزمەت دەكات و باجی ساڵانەی سەردەشتیش ئاواو ئاوا دەدات.

وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێ پێش تریش سوپاسالاری ئێران « میرزا حسین خان» نامه‌ی بۆ هه‌مزاغا ناردووه‌ و ته‌قه‌للای ته‌فره‌دان و هێنانه‌وه‌ی بێهوده‌ی له‌گه‌ڵ هه‌مزاغا داوه‌، ئەم قسە بێتامانەی هەمزاغا، هەر ئەو قسانەن، كاتی خۆی لەوەڵامی جەنابی سوپاسالاری گەورەدا كردبوونی، كە نامەی ناردبووە لای و دڵنەوایی كردبوو.

بەكورتی، دیارە ئەم قسانەی هەمزاغا بۆ ئەوە نابن گوێیان لێ‌ بگیرێ‌، ئاشكراشە بەم ترس و لەرزەوەی لە خراپەكاریی ئاژاوەگێڕییەكانی خۆی هەیەتی، بەهیچ جۆرە دڵنەواییەك دڵنیانابێ‌ و مەبەستیش لەم بەرنامە و پیاو ناردنە، هەر بەدەستهێنانی زانیاری ڕاستەقینە بوو، لە شوێنی نیشتەجێ‌ بوون و ژیانی هەمزاغا، كەبەدەستم هێناو هەواڵەكەشم بەبەڕێزتان گەیاند و پوختەكەشی ئەوەیە، بەپیرەوەچوونی سەرومڕی كاری هەمزاغا، بە یەكلایی كردنەوەی كێشەی سەردەشتەوە گرێدراوە.»

ئاكامه‌كانی شه‌ڕ تاڵان كردن و كچ ڕفاندن
هه‌میشه‌ كورد له‌ شه‌ڕی دوژمنه‌كانیدا ئه‌گه‌ر شكستی هێنابێت له‌ ئاكامدا تووشی كوشتار و سوتاندن و تاڵانی و كچ ڕفاندن بۆته‌وه، ئه‌م كاره‌ قێزه‌ونه‌ تائێستاش دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، بۆیه‌ جاری وابووه‌ وه‌ك تۆڵه‌ كردنه‌وه‌ كاری وا له‌ كوردیش وه‌شابێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ هیچ بیركردنه‌وه‌یه‌كی ژیرانه‌ په‌سندی ئه‌و كاره‌ ناكات، به‌ڵام وه‌ك په‌رچه‌كردار و كاردانه‌وه‌یه‌ك بۆ دوژمنه‌كانی زۆرجار ئه‌م كاره‌یان لێ وه‌شاوه‌ته‌وه، ‌ وه‌ك لێره‌ حه‌سه‌ن عه‌لی خان ده‌ڵێت چه‌ند ژنێكیان به‌دیل گرتووه‌، به‌ڵام له‌بری ئه‌وه‌ نه‌ك سزای به‌ڵكو سوكایه‌تیشی پێ كردوون:

«نامەی ژمارە: 11
(بەشی سێیەم)
لاپەڕە: 368- 373
مێژوو: 30 جەمادی دووەمی 1298كۆچی (29- 5- 1881ز)

بۆ:/ محەمەد ڕەحیم خان (عەلائولدەولە- ئەمیرنیزام)
لەكاتی فیتنەكەی (شێخ)ی مەلعون، و تاڵان و كوشتاری (میاندواو)دا، چەند ژنێكیشیان بەدیلی گرتوون. بۆ نموونە:
كچی حاجی حسین عەلی، كە پیاوێكی ڕێزدار و ناسراوی میاندواوە و مارە كراوی ئامۆزاكەی خۆی بووە، برایم ئاغای ناپاك و دوو كوڕە ناپیاوەكەی ڕفاندوویانن و بۆ (سەردەشت)یان بردوون و لەوێ‌ هێشتوویاننەوە، من لەو ماوەیەدا بەردەوام لەبیری ئەوەدابووم، چەند ڕۆژێك لەمەوبەر هەر دوو كوڕەكەی برایم ئاغایان گرتوون و هێنایانن. زۆر بەتوندی سزام دان و گوێچكەیانم بڕی و ئێستاش لە كۆت و زنجیر و گرتوخانەدان. لەلایەكی تریشەوە عوسمان ئاغای فەرمانڕەوای سەردەشتم ڕاسپاردووە و داوای ڕزگاركردنی ئەو كچەم لێكردووە.

عوسمان ئاغاش لەناكاوێكدا چووە و ئەو كچەی لە برایم ئاغای ناپاك سەندۆتەوە و بۆ سابڵاخی ناردۆتەوە و منیش ناردم مام و مێردی ئەو كچەیان هێنان و پێم دانەوە. دوێنێش برایم ئاغایان گرت و هێنایان و ئێستا لەزیندان و كۆت و بەنددایە. بیروڕای من ئەوەیە، یان ڕێگام بفەرموون ئەم ناپاكەی ئەم تاوانە گەورەیەی كردووە، لەڕووی شەرع و داب و نەریتەوە، هەر لێرە و لەبەرچاوی ئەم خەڵكە، بەردەباران بكرێ‌، یان ئەگەر بفەرموون بەزنجیركراوی بۆ (دەرباری- تەورێز)ی بنێرم و لەبەرامبەر ئەو تاوانەیدا، سزا بدرێ‌. بیستوومە دوو سێ‌ ژنی دیكەش، كە هۆزی (پیران) و (مەنگوڕ) دیلیان كردبوون، قائیمقامی (ڕانیە) لێی سەندوونەتەوە. دوای بیستنی ئەم هەواڵە نامەیەكم بۆ قائیمقامی (ڕانیە) نووسی و پیاوێكیشم بەتایبەت نارد. تا ئەوانیش بێنێتەوە و بەخاوەنەكانیانی بدەینەوە.
فەرمانی جەنابت لەسەرسەرمە.»

هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ هه‌واڵی سه‌رانی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ حه‌سه‌ن عه‌لی خان له‌ نامه‌یه‌كی تردا بۆ (عەلائولدەولە- ئەمیرنیزام) لە تەورێزده‌نووسێ:

«نامەی ژمارە: 118
(بەشی: 3، 5ی نامەكە)
لاپەڕە: 409
مێژوو: 15ی ڕەجەبی 1298 كۆچی (13- 6- 1881ز)

بۆ: محەمەد ڕەحیم خان(عەلائولدەولە- ئەمیرنیزام) لە تەورێز

3-
لەنامەكانی مێژووی كۆتایی مانگی جەمادی دووەمدا، بەتێر و تەسەلی باسی وەرگرتنەوەی كچی (حاجی حسین عەلی میاندواو)ی لە (برایم ئاغای تاڵاو)ی ناپاكم كردبوو. لەو ڕۆژانەی لەسەرەتای ئاژاوەكەی (شێخ)ی مەلعوندا، بەدیلی گرتبوویانن، كچی خوالێخۆشبوو (مەلا محەمەد جەعفەری موجتەهید) و كچی (ئاغا سەیید عەلی) مارەكراوی كابرایەك، بەناوی (مستەفا بەگی میاندواو)ی بوون، كە كچی مەلا محەمەد جەعفەر، بایز ئاغای كوڕی مامەند ئاغای پیران، بەدیلی بردبوونی، كچی ئاغا سەید عەلی ژنی مستەفا بەگیش، لەلایەن برایم ئاغای مەنگوڕ، بەدیلی گیرابوو، منیش هەمیشە لەبیری ئەوەدابووم لەدیلی ڕزگاریان بكەم، لەدوای لێكۆڵینەوە و پشكنینی زۆر دەركەوت هەر دووكیان لە شاری (ڕانیە)ن و لای ئەو ناپاكەن.

لەبەرئەوە نامەیەكم بۆ (عەبدوڵڵا بەگ)ی قائیمقامی ڕانیە نووسی و مستەفابەگی زاوای ئاغا سەیید عەلییم لەگەڵ پیاوێكی تایبەتدا بۆ ڕانیە نارد. بەڕێز عەبدوڵڵا بەگ بەوپەڕی ڕێز و پێشوازییەوە وەریگرتبوون و هەردوو كچەكەی لەگەڵ مستەفا بەگ و پیاوە تایبەتیەكەی مندا بۆ سابڵاخ بەڕێكردبوونەوە و نامەیەكیشی لە بارەی ئەو یارمەتیەوە نووسیبوو، كە پێی دابوون، لەبەرئەوەی ئەم دوو كەسە، بەتایبەتی كچی مەلا محەمەد جێی ڕێز و حورمەتن، لەگەڵ مستەفا بەگدا بەڕێزەوە بۆ (میاندواو)م بەڕێ كردنەوە.
فەرمانی جەنابتان لەسەر سەرمە

5- نووسیبوتان شێخ سدیق و شێخ قادری كوڕانی شێخ عوبەیدوڵڵای مەلعون هەڵاتوون و كەسیش نازانێ‌ بۆ كوێ‌ چوون و بەسەرانی عەشایەری ئەم ناوچەیە ڕابگەیەنم، تا ئاگاداربن و هەركاتێ‌ ڕوویان لەم ناوە كرد بیانگرن.

منیش لەسەر فەرمانی جەنابتان، پیاوم بۆ هەموو لایەك ناردووە و بەهەموو بەرپرسان و سنووروانانم ڕاگەیاندووە، تا ئەگەر سنووری عوسمانیان بەزاند، بێ‌ سێ‌ و دوو لێكردن و ئەملاوئەولا، قۆڵبەست دەكرێن.
لەم بارەیەوە دڵنیا و ئەرخایەن بن.
فەرمانی جەنابتان لەسەر سەرمە»

print

 81 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*