سەرەکی » ئاراستە » بە بۆنەی یادی 34 ساڵەی شەهیدبوونی سەرداری سەعید سۆفییەوە

بە بۆنەی یادی 34 ساڵەی شەهیدبوونی سەرداری سەعید سۆفییەوە

تێکۆشەران، تەمەنی کەم و رۆڵی گەورەیان لە شۆڕشی نوێ دا

ئاوات کۆکەیی

زۆرجار کە سەرنج لە (گەشەکردنی یەکێتی و شۆڕشی نوێ بەو تەوژمە خێراو کاریگەرە)ی دەدەم، چەندین فاکتەر دێنە پێشەوە بۆ ئەو گەشەکردنە و هەر یەکێکیشیان لە جێگەی خۆیدا گونجاوە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت، لەوانە:
بەرنامە نوێ و پێشکەوتنخوازییەکەی.

گواستنەوەی سەرۆکایەتی شۆڕش و بزووتنەوە سیاسی و چەکدارییەکان لە ئاغاو کەسایەتییە ئاینی و کۆمەڵایەتییەکانەوە بۆ کەسانی سیاسیی خوێندەوار.

هێزی گەنج و خوێنی نوێ لە هەرەمی شۆڕشەکەدا، بۆ خوارەوەش لە فەرماندەی هەرێم و تیپەوە تا فەرماندەی دەستەو پێشمەرگەیەکی ئاسایی.

بەدڵنیاییەوە هۆکارگەلێکی تریش هەیە و بەهەموویان وایانکرد یەکێتییەکی ساوای تازە لەدایکبووی دوای شکستێکی کەمەرشکێنی شۆڕشی پێشوو و چۆکدادانی حزبێکی گەورەو سەرکردایەتییەکەی لە نیسانی 1975دا، وایکرد ببێتە چەتری هەموو کوردستانیان و سەرەڕای گەلەکۆمەکێی دەوڵەتانی عیراق و ئێران کە لە (رێکەوتننامەی جەزائیر 1975)دا رێکەوتبوون لەسەر دژایەتی هەر جوڵانەوەیەکی کوردی لەو دوو وڵاتەدا و گێچەڵەکانی ناوخۆیی، یەکێتیی بووە هێزێکی دیفاکتۆی کاریگەر کە هەم دەوڵەتی عیراق ناچار بوو داوای گفتوگۆی لێبکات و هەم دەسەڵاتی نوێی ئێرانیش وەک هاوپەیمانێک سەیری بکات بۆ دژایەتی عیراق، کە ئەوسا ئەو دوو دەوڵەتە کەوتبوونەوە شەڕەوە.

وەک وتم چەند فاکتەرێکی بەهێز هەیە لە گەشەکردن و پێگەیشتنی یەکێتیدا، یەکێک لەوانە: بوونی کەسانی گەنج وخوێندەوارە لە ناو سەرکردایەتی و لە فەرماندەیی و یەکەکانی هێزی جەربەزەی پێشمەرگەدا.

لە دەستە حەوت کەسییەکەی دامەزرێنەرانی یەکێتیدا دوانیان لە چلەکانی تەمەندا بوون کە ئەوەش تەمەنێکی گەنجە بۆ رابەرایەتی شۆڕش( مام جەلال 42 ساڵ و دکتۆر کەمال فوئاد 43 ساڵ)

هەروەها دکتۆر فوئاد مەعسووم 37 ساڵ، عومەر شێخ مووس 33 ساڵ، نەوشیروان مستەفا 31 ساڵ، عەبدولڕەزاق فەیلی 30 ساڵ و عادل موراد 26 ساڵ.

مامۆستا جەعفەر عەبدولواحیدی قارەمانی زیندان لە تەمەنی 29 ساڵیدا بەشداربووە لە یەکەم کۆبوونەوەی دامەزراندنی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستاندا.

شەوکەتی حاجی مشیر لە تەمەنی 29 ساڵیدا بەشداریکردووە لە یەکەم مەفرەزەی پێشمەرگەی شۆڕشی نوێ لە ناو وڵاتدا.

شاسوار جەلال (ئارام) ئەو پیاوە سەنگین و گەورەو کاریگەرە، لە تەمەنی 28 ساڵیدا بووە بڕیاردەری کۆمەڵەو شانیدایە بەر ئەرکی سەختی سەرپەرشتی دەستپێکردنەوەی شۆڕشی نوێ لە ناو وڵاتدا.

نەقیبی ئەندازیار ئیبراهیم عەزۆ لە تەمەنی 27 ساڵیدا فەرماندەیی یەکەم دەستەی پێشمەرگەی دەرەوەی وڵاتی شۆڕشی نوێی گرتە ئەستۆو موعجیزە ئاسا گەیشتنەوە کوردستان و هەر لەو تەمەنەشدا شەهید کرا.

مامەڕیشەی ئەفسانە لە تەمەنی 25 ساڵیدا بووە پێشمەرگەی شۆڕشی نوێ.

ئازاد هەورامی لە 23 ساڵیدا بووە ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵەو یەکێتی و سەرکردەیەکی شۆڕشی نوێ.

ئاسۆی دەلاک، پێشمەرگەی شاروشاخ و تۆقێنەری مولازم موحسین، لە 18 ساڵی بۆتە کۆمەڵە، لە 20 ساڵی بۆتە پیشمەرگە و لە 22 ساڵیشدا دەستگیرو شوێنبزر کراوە.

سەرداری سەعید سۆفی کە مەبەستی سەرەکیی ئەم نووسینەیە، فەرماندەی لاو و جەربەزە و خاوەن دەیان چالاکی پێشمەرگەیی ناوشارو شاخ کە یەکێک لەوانە لێدانی تاوانبار ئیبراهیم زەنگەنە-ی پارێزگاری هەولێرە، لە تەمەنی 21 ساڵیدا بۆتە یەکێک لە دیارترین فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگەی سنووری هەولێرو لە 22 ساڵیدا شەهید کراوە.

ریزکردن و ناوهێنانی ئەم سەرکردەو فەرماندەو پێشمەرگانەی سەرەوە، نموونی تەواوی هەڤاڵانی بەشداربووی یەکێتی و شۆڕشی نوێیە، چەند هەڤاڵێکی کەمی لێدەرکەی زۆربەیان لەو قۆناغانەی تەمەندابوون و بگرە هەندێکیان کەمتەمەنتریش بوون، کە سەیری رۆڵ و کاریگەریی گەورەیان دەکەی لە یەکێتی و شۆڕشی نوێدا، وادێنە پێش چاو هەراش و خاوەن تەمەنێکی زۆر بوون، بەڵام کە راستی کەمی تەمەن و چەند ساڵێکی زۆرکەمی بەشدارییان لەشۆڕشدا دێتە بەرچاو، مرۆڤ سەری سوڕدەمێنێ، بۆ نموونە: تەمەنە 28 ساڵییەکەی شەهید ئارام و ئەو رۆڵە گرنگەی لە سەرکردایەتیکردنی کۆمەڵە لەو دۆخە دژوارەی ئەوسادا و سەرپەرشتی کردنی پڕۆژەی خەباتی چەکدار لەناو وڵاتدا، تەواوی تەمەنیشی 31 ساڵی بڕنەکرد و شەهیدکرا.

یاخود سەرداری سەعید سۆفی، ئاسۆی دەلاک، مامەڕیشە و سەدان سەرکردەو فەرماندەو کادری سیاسی و سەربازی و پێشمەرگەی دیکە کە لەهەمان تەمەن و بگرە گەنجتریش بوون، بەڵام کە سەیری رۆڵ و کاریگەرییان و رۆژژمێری تێکۆشانیان دەکەیت، بۆت دەردەکەوێ خەرمانی خەباتیان لەچاو باڵای تەمەنیان بەپیتتر بووە.

ژیاننامەی شەهید سەردار
شەهید سەرداری سەعید سۆفی، لە دایکبووی ساڵی 1966ی شاری هەولێرە، قۆناغی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە هەولێر تەواوکردووە، لە تەمەنی 14 ساڵیدا پەیوەندیکردووە بە رێکخستنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، وک تەتەرێک لە نێوان رێکخستنی شارەکان و سەرکردایەتی شۆڕش لەشاخ رۆڵی ئازایانەی گێڕاوە.

ساڵی 1982 بەشدارییەکی کارایکرد لە خۆپیشاندانەکانی خوێندکاراندا لە هەولێر، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی دەزگا ئەمنییەکان گومانی لێبکەن کە سەر بەرێکخستنە.

ساڵی 1983 کە لەپۆلی پێنجەمی ئامادەیی بوو، لەلایەن رژێمەوە دەستگیرکرا، بەڵام خۆڕاگرانە دانی بەهیچدا نەناو بەناچاری هەر زوو ئازادیان کرد.
هەمان ساڵ بوو بەپێشمەرگە لە سنووری مەڵبەندی سێی هەولێر، ساڵی 1985 لە دوای شکستی وتووێژی شۆڕش و حکومەتی عیراق و دەشتپێکردنەوەی شەڕ لە نێوانیاندا، یەکەم رەبایەی دوژمن لە هیران، سەردار گرتی.

لەو ساڵە بەدواوە زۆربەی چالاکییەکانی لەناوشاری هەولێردا دەکرد، بەشێوەیەکی سەیرو سەرنجڕاکێشانە دەچووە ناوشارو چالاکیی دژی ئەفسەرانی سوپای دوژمن و کاربەدەستە باڵاکانی عیراق دەکرد، یەکێک لەوانە لێدانی ئیبراهیم زەنگەنەی پارێزگاری هەولێر بوو لەساڵی 1986دا، کە ئەوچالاکییە دەنگدانەوەیەکی زۆر گەورەی هەبوو، سەرجەم چالاکییەکانی لەناو شاردا گەیشتە 84 چالاکی.

هەر لەوساڵەدا کرایە فەرماندەی کەرت لە تیپی 85ی بەڕانەتی.

لە رۆژی 30/6/1987 لە شەڕێکی سەختدا دژی رژێمی ئەوسای عیراق لە چیای کێشکە لە دەربەندی گۆمەسپانی هەولێر، شەهید کرا.

print

 187 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*