سەرەکی » مانشێت » سنووربەزاندن و هەڵوێستی هەرێم

شرۆڤەی رۆژ

سنووربەزاندن و هەڵوێستی هەرێم

هێشتا دۆخی هەرێم، بەهۆی ئەو پەیوەندییە ساردەی لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا هەیە، هی ئەوە نییە کە پێمان وابێت وا بە ئاسانی حکومەت و سەرۆکایەتیی هەرێم و پەرلەمان، بتوانن هەڵوێستی هاوبەش گەڵاڵە بکەن، بۆ دامرکاندنەوەی ئەو ئاگرەی کە لە ناوچە دوور و نزیکەکانی نزیک پایتەختی هەرێم هەڵگیرساوە.

بەردەوامی ئەم دۆخە لە ئەگەری قوڵبوونەوەی زیاتریدا، قەیران و کێشەی دیکە بە دوای خۆیدا دەهێنێت، رەنگە ئەوکات درەنگ بێت بۆ وەخۆ کەوتن. تورکیا بە ئاشکرا هەڕەشەی بەزاندنی قووڵایی خاکی هەرێم دەکات بە بیانووی بوونی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان”پەکەکە”.

لە بەرامبەدا هەڵوێستی دامەزراوەی سەرۆکایەتی و حکومەتی هەرێم لە رابردوو و ئێستاش، بەوشێوەیەیە کە “تورکیا بە هۆی پەکەکەوە، خاکی هەرێم دەبەزێنێت و بەهۆیەوە هاووڵاتیان شەهید دەبن”. بەڵام ئەوەی روونە لە وتاری دامەزراوەکانی هەرێم ئەوەیە، کە بێ رۆڵن لە چارەسەری کێشەکە بەهۆی گفتوگۆیەکی بەرفراوانەوە کە دەکرێت بەغداش بەشداریی تێدا بکات.

دابەشبوونی پارتە سیاسییەکان و نزیکایەتییان لەگەڵ وڵاتان، ناکرێت هۆکارێک بێت بۆ خستنە سەرپشتی هەموو دەرگاکان. سەرۆکایەتی و حکومەتی هەرێم، ناکرێت بەهۆی بوونی هێزەکانی پەکەکە لە چیاکانی هەرێمی کوردستان و ناڕەزایەتی ئەوان لەم هێزە، هەڵوێستێکی ئەوتۆیان لەمەڕ هاتنە ناوەوەی هێزی تورکیا بەو هەموو چەکە قورسەوە نەبێت. لە هەرێم کە وتاری سەربەخۆیی و خۆیی بوونی کورد لە میدیا پەرەی پێدەدرێت، بۆ لە ئەرزی واقیعدا ئەم وتارە هیچ رەنگدانەوەیەکی ئەوتۆی نابێت، شتێک کە ئێستا زۆر جێگەی پرسیارە، بەشێک لە هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم، ناوی داگیرکار تەنها بۆ “حکومەتی بەغدا” بەکار دەهێنن، لە راستیدا ئەم خیتابە پڕیەتی لە کەموکوڕی، لە کاتێکدا تۆ هەموو دەرگایەک بەڕووی تورکیادا بکەیتەوە و تەنانەت پاساو بۆ پێشوازی ئەم هاتنە ناوەوەیە بهێنیتەوە.

تورکیا، ئێستا هەم بەهێزی سەربازی لە ناو لایەکی خاکی هەرێمدایە، هەم لەلایەنی سیاسیشەوە خەریکە برەو بە وتارێک دەدات بۆ بەریەککەوتنی نێوان لایەنەکان.

وتەکانی مەولود چاوش ئۆغلۆ لە بارەی سلێمانییەوە کە وتبووی لە وێوە دژایەتی تورکیا دەکرێت، لە راستیدا دەیەوێت دوو سێ ئامانج بپێکێت، یەکەم ئەوەی یەکێتی لە سلێمانی بهێنێتە قسە و بۆچوونی یەکێتی لەسەر ئەو پرسە تاقی بکاتەوە. دووەم، رەوایەتی زیاتر بداتە هێزەکانی نزیک لە خۆی لە هەرێمی کوردستان کە یەکێتی تۆمەتبار بکەن بە یارمەتیدان و کۆمەکی پەکەکە. سێیەم، کە تورکیا زۆر مەبەستێتی لێدانە لەم سنوورە لە رێی هێزی ئاسمانییەوە، رووداوەکەی کونە ماسی نموونەیەکی ئەو راستییەیە.

بەگشتی تا پەیوەندیی سیاسیی نێوان لایەنەکانی هەرێم بەمجۆرە بمێنێتەوە، دۆخی هەرێم بەرەو خراپی زیاتر دەچێت، هەرێم بەهۆی قوڵبوونەوەی پەیوەندیی نێوان لایەنەکان لەم قەیرانەی کە بەهۆی قەیرانی کۆرۆنا و دۆخی دارایی و ئێستاش هێرشەکانی تورکیا هاتۆتە پێشەوە. هیچ هەڵوەستەیەکی ئەوتۆ و نەتەوەییانەی لەم قۆناغەدا نەماوە.

print

 241 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*