سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » ئەوەی بە هەڵە لەسەر کۆرۆنا دەوترێت

ئەوەی بە هەڵە لەسەر کۆرۆنا دەوترێت

کۆرۆنا، لەبەرئەوەی تازەیە و نەناسراو بوو، بۆیە زۆر پێناسەی بۆ کراوە و قسەی جۆراوجۆری لەسەر دەکرێت، رواڵەت و سیماو کاریگەرییەکانی ڤایرۆسەکە وایکردووە تەواوی جیهان بەهەڵەدا ببات بەتایبەت لەڕووی چارەسەرییەوە. زۆر کات بەهەڵە باس لە ڤایرۆسەکە دەکرێ، ئەوەش وایکردووە لەلای رای گشتیی خەڵک هەڵە تێگەیشتنێک لەزۆر لایەنەوە دروستببێت، چونکە زۆرینە پشت بە زانیاری و داتاکانی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبەستن کە بەداخەوە هەندێ لایەن و ئەکاونت بەبێ گوێدانە پرەنسیپەکانی کۆکردنەوەی زانیاری و بڵاوکردنەوە، مادەو پۆستەکانیان پەخش دەکەن، لەسەر ئەمە بەپشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی میدیای سەنگین، ئەو لایەنانە رووندەکەینەوە کە بەهەڵە لەخەڵکی تێگەیەندراون.

کۆرۆنا بە گەرما نامێنێت
کاتێک لە وەرزی زستان ئەو ڤایرۆسە بڵاوبۆوە، وابڵاوکرایەوە کە کۆرۆنا وەرزییەو تەنها چەند مانگێک دەخایەنێت، لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و گەرما لەناودەچێت و مرۆڤایەتی رزگاری دەبێت. پێگەی هۆفت پۆستی ئەمریکی، کە زانیاری لەسەنتەری خۆپارێزی نەخۆشییەکان وەرگرتووە و بڵاویکردۆتەوە، ئەوەی بڵاوکردۆتەوە کە”زۆر ڤایرۆش هەن لە وەرزی زستاندا گەشەدەکەن و مرۆڤ تووشی ئەنفلۆنزا دەکەن، بەڵام کۆڤید ١٩ وەرزەکان ناناسێ و هەمیشە گەشە بەخۆی دەداتەوە”. هەروەها کریستیان دروسدن ڤایرۆسناسی بەناوبانگی ئەڵمانی و دکتۆری شارەزا لە زانکۆی شاریتەی بەرلین کە پێشتر پێشبینییەکانی لەسەر کۆرۆنا تاڕادەیەکی باش ڕاست دەرچوون، ئاشکرایکردووە “ئەم ڤایرۆسە بە گەرما نامرێت، بەڵکو خۆی گەشە بەخۆی دەدات، ئەمەش دڵخۆشکەرەیەو لە ئەنجامی ئەو پرۆسەیەدا کاریگەریی لەسەر سییەکان کەمتردەبێتەوەو تا زۆرتر خەڵک تووشی ببێت، ئەوەندە لاوازتر دەبێت، تا وای لێدێت تەنها ئاسەواری لەسەر لوت بەجێدێڵی و ناگاتە سییەکان و نەخۆش تەنها شلە لە لوتی دەردەدات”.

بەستنی دەمامک
لەزۆر لایەن و جێگەوە پڕوپاگەندەی ئەوەدەکریت کە دەمامک “ماسک” ناتوانێت رێگری لە وەرگرتنی کۆرۆنا بکاو سوودێک ناگەیەنێت، بەڵام لەڕاستیدا پێچەوانەکەی راستە، شارەزایان و ڤایرۆسناس و دکتۆرەکانی هەموو دنیا گەیشتوونەتە ئەوەی کە دەمامک بەربەستێکی زۆرباشە بۆ ئەوەی رێگری لێبکات، پەیمانگەی رۆبەر کۆخی ئەڵمانی، ئەوەی خستۆتەڕوو کە: ئەوانەی تووش بوون، بەهۆی بەستنی دەمامکەوە ڤایرۆسەکە بڵاوناکەنەوە، ئەو کەسانەشی کە تووش نەبوون، دەمامک ناهێڵێت بچێتە ناو ڕێڕەوی هەناسەدانیانەوە، بە مەرجێک دەمامکەکە پاک بێت و خۆپارێزی بکرێت.

ئەم ڤایرۆسە لە تاقیگە ئامادەکراوە
گەورەترین پڕوپاگەندە کە رۆژانە بڵاودەکرێتەوە ئەوەیە کە گوایە ئەم ڤایرۆسە دەستکردی مرۆڤەو لە تاقیگەکان دروستکراوە. لەوڕووەوە تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر ئەوەی کە دەستکردنی مرۆڤ بێت، بەڵام شارەزاو زانایان دەیان بەڵگەیان دەستکەوتووە کە ئەم ڤایرۆسە لە ئەنجامی گەشەکردنەوە دروستبووە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ گواستراوەتەوە، پەیمانگەی رۆبەر کۆخی ئەڵمانی چەند جارێک ئەوەی دووپاتکردۆتەوە کە ئەم ڤایرۆسە زۆر خێرا گەشەدەکات و بڵاودەبێتەوە.

کارتۆن و شمەک و بارەکان، ڤایرۆسەکە دەگوازنەوە
یەکێکی تر لەو هەڵەتێگەیشتنانە ئەوەیە کە زۆر لە خەڵک واتێگەیشتوون ئەم ڤایرۆسە لەڕێگەی کەلوپەل و شمەکەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، ئەوەش دەرکەوتووە کە ئەم رایەش راست نییە و دەوترێت ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر مادە وشکەکان بۆ ماوەی چەند سەعاتێک دەمێنێتەوە، بەڵام ئەو بارانەی کە دەگەنە دەستی هاووڵاتی چەند رۆژێک، یان چەند سەعاتێکیان پێدەچێت تا دەگەن و ئەگەر ڤایرۆسیشیان پێوەبێت، لەناودەچن و کاریگەریی نامێنێت.

منداڵان تووش نابن
هەر لەسەرەتای دەرکەوتنی ڤایرۆسەکەوە، وا بڵاوکرایەوە کە ئەم ڤایرۆسە تەنها تووشی گەورەکان دەبێت و منداڵان تووش نابن، بەهۆی ئەوەی لەسەرتاسەری دنیا ژمارەیەکی زۆری منداڵیش تووش بوون، دەرکەوت ئەو تێگەیشتنەش هەڵەیەو ئەم ڤایرۆسە پەیوەندیی بەتەمەنەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە بەرگریی لەشەوە هەیە، ئەوەی پیر بێ و نەخۆش بێت، بەرگریی کەمتر دەبێ، بەڵام یەکێکی هەرزەکار لەوانەیە هەڵگری ڤایرۆسەکە بێت، بەڵام هەر پێشی نەزانێت.
لایەنێکی دیکە ئەوەیە کە مەرج نییە هەموو کەسێک کە تووشی ئەو ڤایرۆسە دەبێت، تەندروستی تێکبچێ و ئاسەواری نەرێنی لەسەر بەدیار بکەوێت، هەیە کۆرۆناشی پێوەیەو نەخۆشیش ناکەوێت، بەڵام خۆپارێزییەکەی لەسەر پێویستە، چونکە دیار نییەو نەناسراوە، کەواتە دیارە بەرگریی لەشی بەهێزەو بەرگەی دەگرێت.

خواردنەوە کحولییەکان
ئەوەش بڵاوکرایەوە کە ئەوانەی خواردنەوە کحولییەکان دەخۆنەوە، جەستەیان بەرگرییەکی بەهێزی دەبێت دژی ڤایرۆسەکە. لەوبارەیەشەوە بەپێی ڕاپۆرتێکی شپیگل ئۆنلاینی ئەڵمانی کە زانیاری لە کریستیان دروستن زاناو ڤایرۆسناسی ئەڵمانی وەرگرتوە نوسیویەتی “دەرکەوتووە، ئەو ڕایەش هەڵەیەو هیچ پەیوەندییەک لەنێوان کحول و کۆڤید ١٩ دا نییە.

ئیبۆپڕۆفین باش نییە
لەسەرەتای مانگی ئازارەوە لەزۆر لاوە بانگەشەی ئەوەکرا کە کەس حەبی ئازارشکێنی ئیبۆپڕۆفین نەخوات، چونکە گەشە بەم ڤایرۆسە دەدات، ئەم بانگەشەیە بەچڕی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوەو خەڵکێکی زۆر وازی لە بەکارهێنانی ئەو حەبە هێنا، بەڵام دواتر بەپست بەستن بەزانیارییە تەندروستییەکان و کۆمپانیاکانی دەرمان و ڤایرۆس، دەرکەوت ئەوەش لەجێی خۆیدا نەبووەو ئەو حەبە نە هۆکارێکە بۆ گەشەی ڤایرۆسەکەو نە هەڵگرانی ڤایرۆسەکەش دەکوژێت.

سەرچاوە: میدیا جیهانییەکان

print

 511 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*