سەرەکی » زانست » دشەكەم بە پێچەوانەی منەوە ئارایشی كرد

كەركوك،سەرباری بوونی كۆرۆنا هێشتا ئارایشتگەی خانمان جمەیان دێت

دشەكەم بە پێچەوانەی منەوە ئارایشی كرد

نووسینگەی كەركوك، هێمن ئەحمەد

هەر چەندە كۆرۆنا بووتە مایەی ترس‌و دڵەڕاوكێ لەنێوان چین‌و توێژەكانی كۆمەڵگەدا بەتایبەتی لای خانمان كۆرۆنا زیاتر نیگەرانی كردوون، بەڵام ئەمەش واینەكردووە كەگرنگی بەڕووخسارو سیمای خۆیان نەدەن‌و كۆرۆنا ئافرەتانی لەئاراشتگەكان دورنەخستەوە.

لەوبارەیەوە دكتۆرە دەنیز ئەنوەر بەڕێوەبەری هۆبەی چاودێری فەرمانگەی تەندروستی بەكوردستانی نوێ-ی راگەیاند: پێش بڵاوبوونەوەی پەتای فایرۆسی كۆرۆنا تیمەكانمان بەردەوام چاودێری چڕی ئارایشتگەكانی شاری كەركوك دەكەن‌و هەموو رێنماییەكی تەندروستیان داونەتێ‌و لەو رووەوە ئارایشتگەكانمان ئاگاداركردۆتەوە دەبێت دەستەوانە، دەمامك، پاكژكەرەوە بەكار بهێنن‌و لەچەند كەسێك زیاتر نابێت لەئارایشتگەكە بن‌و رێنماییە تەندروستیەكان جێبەجێ بكەن، بەپێچەوانەوە تووشی سزای ماددی‌و داخستن دەبن.

خاوەن ئارایشتگەیەكیش رایگەیاند؛ هەموو رێنماییە تەندروستییەكان جێبەجێ كراون ئەمكارەش لەپێناو پاراستنی خۆم‌و سەردانیكەرانە.

دشەكەم بەپێچەوانەی من ئارایشتی خۆی كرد
دایكی هێلان، سەبارەت بەئاراشتگە بەكوردستانی نوێی وت: من زۆر حەزم لەجوانكاری‌و گۆڕی ستایلی قژمە، بەڵام بەڕاستی لەكۆرۆنا دەترسم‌و ناوێرم سەردانی ئاراشتگەكان بكەم هەر چەندە لەلایەن تەندروستیەوە رێنماییان پێدەدرێت، بەڵام لێیان دڵنیا نییم چونكە خاوەن ئاراشتگەكان ئەوەنەی مامەڵەی پارەت لەگەڵ دەكەن‌و نرخێكی خەیاڵێت پێدەڵێن بۆ هەر كارێكی بۆت دەكەن ئەوەنە رێنمایی تەندروستیت پێناڵێن نایشارمەوە ماوەی پێنج مانگ دەبێ سەردانی ئاراشتگەم نەكردووە لەترسی كۆرۆنا، بەڵام دشكەم پێچەوانەی من گرنگی بەكۆرۆنا نەدادو سەردانی ئارایشتگەكانی كردو رەنگی قژو ستایلی گۆڕی.

لەچك دەپۆشم‌و گرنگی بەئارایشتیش دەدەم
خاتوو كەژاڵ محەمەد، ژنێكی تەمەن 32 ساڵەو، فەرمانبەرە لەیەكێك لەفەرمانگەكانی كەركوك بۆ كوردستانی نوێ وتی: «چەند رۆژێكە بەنیازم سەردانی ئارایشتگە بكەم بەمەبەستی قژ بڕین، بەڵام خاوەن ئارایشتگەكە پێیڕاگەیاندم دەبێت كاتێك سەردانی بكەم تەنیا دوو كەس لەئارایشتگەكە بێت، ئەمكارەش لەپێناو خۆپارێزیە لەڤایرۆسی كۆرۆنا.

خاتوو رۆشنا عەلی، یەكێكە لەو خانمانەی كەگرنگیەكی زۆر بەرۆخسارو قژی دەدات پێیوتین: چەند من كاری زۆربەی ئارایشتگەكانم بەدڵ نییە! چونكە چەندین جار سەردانیانم كردووە بۆیەی خراپیان بۆ بەكار هێناوم، بۆیە ئێستا زۆرەبەی ئارایشتگەكانم لەبەرچاو كەوتووەو نرخەكانیشیان زۆر گرانە، بۆیە بڕیارمداوەو گەر كۆرۆنا رێگە بدات سەردانی ئارایشتگەكان هەولێر دەكەم، چونكە خاوەن ئارایشتگەكانی ئەوێ پیاوان كاری ئارایشت دەكەن‌و لەوڵاتی توركیاوە هاتوون‌و ستایلی زۆر جوان بەكاردەهێنن‌و كاتێك ئارایشتت بۆ دەكات چركە بەچركە پرسیارت لێدەكات سەبارەت بەچۆنێتی ئارایشتەكەت بەتایبەتی لەكاتی قژ بڕیندا، بۆیە هیوادارم ئارایشتگەكانی كەركوك خولی جۆرارو جۆر ببین بۆ ئەوەی ئەوانیش لەڕووی ئارایشتەوە پێش بكەون».

جوانی ناخ لەئارایشت گرنگترە
هەر لەبارەی ئارایشت‌و جوانكارییەوە دەریا مەحمود خوێندكارێكی زانكۆیە دەڵێت: بەبڕوای من گرنگ نییە كچان یاخود ژنان بەبەردەوامی سەردانی ئارایشتگە بكەن، چونكە من جوانی مرۆڤ لەڕوانگەیەكی ترەوە دەبینم، ئەویش جوانی ناخە، پێویستە ژنان ئەوەندەی گرنگی بەئارایشت دەدەن زیاتر گرنگی بەجوانكاری ناخیان بدەن، هەڵسوكەوتی مرۆڤانە جوانتریان دەكات، دەریا لەسەر بابەتەكە بەردەوام بوو لەئاخاوتن‌و وتی: چۆن ئارایشتگەش گرنگی خۆی هەیەو من ئەو لایەنەشم فەرامۆش نەكردووە، چونكە پێویستە مرۆڤ پاكژبێت روخساری پاك بكاتەوە یاخود بۆ رێكخستن‌و برینی قژی سەردانی ئارایشتگە بكات، بەشێكی ژیانی هاوچەرخ پۆشتەبوونە مەبەستم لەگرنگیدانە بەمۆدێلەكان، بەڵام تا ئەو رادەیەی كەنەبێیتە هۆی فەرامۆشكردنی لایەنەكانی تری ژیانی‌و خۆی نەكاتە بووكە شووشە».

وەك ساڵانی رابردوو نییە
لەوبارەیەوە خاتوو شلێر عەبدوڵڵا، خاوەن ئارایشتگەی هۆلیا لەشەقامی رێگای بەغدای شاری كەركوك، لەسەر چونێتی ئارایشتگە بەم شێوەیە بۆ كوردستانی نوێ وتی: «نزیكەی 20 ساڵە كاری ئارایشت دەكەم ئەو كچانەی سەردانم دەكەن بەزۆربەیان لەتەمەنی هەرزەكاریدان زۆربەشیان خوێنكاری زانكۆن‌و لەوكاتانە سەردانی ئارێشتگەكەم دەكەن كەبۆنەی تایبەتیان هەبێت وەك كاتی ئاهەنگی دەرچوونیان لەزانكۆ یاخود بۆنەی ئاهەنگی كەسە نزیكەكانیان، بەڵام بەرێژەیەكی كەم بەساڵاچووەكانیش سەردانیمان دەكەن، بەڵام ئەمساڵ وەك ساڵانی پێش ڤایرۆسی كۆرۆنا نییەو خانمان كەمتر سەردانیمان دەكەن، ئەمەش وایكردووە ڤایرۆسەكە ترس لەدڵی خانماندا دروست بكات.

كچانی كەركوك گرنگییەكی زۆر بەقژ‌و ڕووخساریان دەدەن‌و جوانكردنی ژن تەنیا بۆ شووكردن نییە, بەڵكو مرۆڤ خۆی جوانیەكی سروشتی هەیە.

ئاماژەی بەجۆرەكانی قژ بڕینیش كردو وتی: چەندەها جۆرە بڕینی قژ هەیە كەكچان حەزی پێدەكەن وەك ستایلی سویدی، مودەرج، نابیلیون، ستیب, لەگەڵ ئەوەشدا نرخەكانی گونجاون‌و لەئێستادا كچان حەز بەكۆڕینی رەنگی قژیان دەكەن بەتایبەتی مێشی زەردو سوور.

print

 127 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*