سەرەکی » دۆسێ » مستەفا مەزهەر كانییەكی روون

مستەفا مەزهەر كانییەكی روون

پەیڤێک

هەمیشە لە شاری سلێمانیدا کەسایەتی رووناکبیر و سیاسەتمەداری بەتوانای تێدابووە، یەکێکیش لەو کەسایەتییانەی کە لە بواری پەروەودەردا رۆڵی بەرچاوی هەبوو مامۆستا « مستەفا مەزهەر» ە.
مستەفا مەزهەر ماوەیەکی زۆر مودیری مەعاریف « بەڕێوبەری پەروەردە» بووە، نەک تەنها لە سلێمانی، بەڵکو لە زۆربەی شارەکانی هەرێمی کوردستان و عیراقیش. لە هەرشوێنێکیشدا لە پێشخستنی بواری پەروەردە و زانستدا، جێ پەنچەی دیار بووە.

ئەمەی بەردەستان دەقی بەرنامەیەکی دۆکۆمێنتارییە کە پێش ماوەیەک لە کەناڵی گەلی کوردستان پەخشکرا و تێیدا باسی کۆمەڵێک لایەنی ژیانی شەخسی و ئیداری مستەفا مەزهەر کراوە. لەم بەرنامەیدا ئەم بەرێزانە بەشداربوون : د. عیزەدین مستەفا رەسوڵ. سدیق ساڵح. گەلاوێژ و پاکیزەی کچی مامۆستا مەزهەر» ئەم بەرنامەیە لەلایەن جەمال لۆلۆوە ئامادەکراوەو لەلایەن بورهانی حاجی عەلیەوە خوێندراوەتەوە.
ئێمەش لە کوردستانی نوێ پێمانباشبوو ئەم بەرنامەیە بڵاوبکەینەوە، بەو هیوایەی کە تیشکێک بخەینە سەر ژیانی ئەم کەسایەتییە بەتوانایەی شاری سلێمانی .

کوردستانی نوێ

ئا: جەمال لۆلۆ

خوێندنەوەی: بورهانی حاجی عەلی

بورهانی حاجی عەلی:
ئەوەی لە خەیاڵدانی مێژوودا ئەمێنێتەوە هەڵوێستە باش‌و كارە مەزنەكانە یان كارە قێزەون و خراپەكانە، دیارە نەوەكانی ئێستا و دواڕۆژ لە هەڵوێستە بەرزو باشەكان سوود دەبینن ‌و بگرە لە خراپەكانیش، شاری سلێمانی بگرە كۆمەڵگەی كوردەواری زۆر دەوڵەمەندن بە هەڵوێستی گەشی سیاسی ‌و رۆشنبیری شارێك خاوەنی ئەم پاشخانە گەورەیە بێت پیاوی مەزنیش بەرهەم دێنێت، كە ئەبێتە جێی شانازی هەموو میللەت یەكێك لەو كەڵە پیاوانە مامۆستا و رۆژنامەوان و زمان زانی كۆچكردوو مامۆستا مستەفا مەزهەرە.

ناوی تەواوی مستەفا عەبدولكەریم فەندی كوڕی حاجی مەلا عەزیزی كوڕی مەلا سمایلی قازانقایەیە لە ساڵی 1888 لەدایك بووە بنەماڵەكەیان هەر زوو هاتونەتە ناو شاری سلێمانی جێگە و پێگەیەكەی گەورەیان هەبووە لە شاردا لەو دەمەدا لە نێو فەرهەنگی دەوڵەتی عوسمانیدا هەر كەسێك نازناوێكی هەڵدەگرت هەر بۆیە مامۆستا بەنازناوی مستەفا مەزهەر ناو دەبرا.

سدیق ساڵح مێژوونووس:
دەوڵەتی عوسمانی قۆناخێكی زۆر ناسك هەستناك بووە لە مێژووی رۆشنبیری كوردا ئەو سەردەمە ئەشێ بڵین كورد ئامادەگییەكی ئەو تۆی نەبووە نە بۆ پێش هاتە سیاسیەكان نە بۆ كاروباری رۆشنبیری، لەبەر ئەوە ئەو رۆشنبیرانەی دەورانی عوسمانی منەوەریان پێ وتراوە، ئەوانە ئەركێكی زۆر قورسیان لەسەر شان بووە، چونكە لەو سەرتایەدا كورد خاوەنی هیچ شتێك نەبووە نە لەم ناوچەیەی ئێمە یان لەم پارچەی كوردستاندا رۆژنامەی خۆی نەبووە چاپخانەی نەبووە و ئەدەبیاتێكی بەرزو نوسراو بڵاوكراوەی نەبووە، بەو پێیە ئەوانە هەستیان بەكەموو كوڕیەكانی بواری سیاسی و رۆشنبیریش كردووە لەبەر ئەوە چاكی مەردایەتیان لێكردووە بەلاداو ئەوەی پێان كراوە درێغیان نەكردووە. ئەوانە كەم و زۆر ئەو رۆشنبیرانە ئەكرێ دابەشیان بكەین بەسەر دوو چیندا، چینێكیان رەنگە ئەمانە زۆریان ئەفسەری عوسمانی بووبن وە خەڵكی ئەم ناوچەیە بوون و تێكەڵی كاروباری سیاسی و چەكداری جوڵانەوەی سیاسی كورد بوون، بەڵام چینێكی تریان راستی باوەڕیان بەخەباتی چەكداری كورد نەبووە و بەرەچاوكردنی دواكەوتوی كوردەواری بڵاوبوونەوەی نەخوێندەواری هەژاری و بێدەرەتانی خەڵك كە مەینەتەكانی یەكەم جەنگی جیهانی باری سەرشانی زیاتر قورس كردبوون، لەگەڵ ئەمەشدا ئەمە وایلێكردبوون ئەو قەناعەت بهێنن كە كورد ئامادەگی نییە بۆ كاری زۆر گەورە لەبەر ئەوە گرنكترین كار ئەوەیە ئەو میللەتەی ئێمە خوێندەوار بێ هەلومەرجی ژیانی باش بێ لە رووی ئابووری و داراییەوە ناوچەكە بگەشێتەوە. خەڵك كاسپی وژیانی هەبێ كشتوكاڵ لە وڵاتی ئێمە پەرەی پێ بدرێ، لەبەر ئەوە ئەوانە ئەوەندەی توانیان لە رێگەی خوێندەوارییەوە خزمەتی كوردەواری بكە،ن هەوڵیان دا لە بەغدا پێگەی كورد بەهێز بكەن بەوەی كە پۆست و پلەو پاییەی جیا جیا بەدەست بهێنن.

مستەفا مەزهەریش یەكێكە لەوانەی ئینگلیز بە لێزانی و شارەزایی خۆیان توانیویانە ئەو كەسانە دەست نیشان بكەن لە پلە و پۆستی ئیداریا سەركەوتوبن، جۆرێك لە شێرگیری و جددیەت و چالاكی كارامەیان پێوە دیار بووە، لەبەر ئەوە ئەبینین ئەویش دیسان بەر ئەو هەڵبژاردن ‌و دەستنیشانكردنەی ئینگلیز كەوتووە ئەو لە یەكێك لە شارەكانی باشووری عێراق فەرمانبەر بووە، بە حوكمی ئەوەی زمانی عەرەبی و فەرەنسی زانیوە، لەو سەردەمەدا فەرەنسیان زانیووە چونكە لە سەردەمی عوسمانیدا زمانی فەڕەنسی خوێنراوە دیارە پێدەچێت سەرو سەكوتی لەگەڵ ئینگلیزیشدا بووبێت بۆیە ئینگلیزەكان هێناویانە بۆ سلێمانی.

د. عیزەدین مستەفا رەسوڵ
مستەفا مەزهەر من كە چوومە قوتابخانە ئەو مودیری مەعاریفیان پێدەوت، زانیاری قوتابخانەكان یەك مودیری مەعاریف هەبوو، یەك پشكێنەریش هەبوو، ئەو مودیری مەعاریفی سلێمانی بوو من تەمەنم تەمەنی قوتابخانە نەبوو لە حیكایەتێكی درێژدابوو من لە ماڵەوە نەخۆش كەوتبووم داوای مەكتەبم كردووە باوكم بڕیاری داوە بمنێرێتە مەكتەب، بەڵام تەمەنم هی ئەوە نەبوو لە قوتابخانە وەربگیرێم ئەو وەختە شەش بۆ حەوت ساڵ وەردەگیرا باوكم، چوبووە لای مستەفا مەزهەر كاغەزێكی دایە و بردیانە قوتابخانەی غازی كە مامۆستا فەوزی رەشید بەڕێوەبەری بوو. قووتابخانەکە چوار پۆلی بوو ،قوتابخانەی غازی لەوێ تا نیوەی ساڵیش بە گوێگر وەریانگرتم، بەڵام كە بە یەكەم دەرچووم، ئیتر بووم بە قوتابی، جا من چوونە قوتابخانەشم بەهۆی مستەفا مەزهەرەوە بووە.

گەلاوێژ مستەفا مەزهەر كچی كۆچكردوو:
كچی مستەفا مەزهەرم، مستەفا عەبدولكەریم مەزهەر ، مەزهەر لەقەب بوو ئێستا من گەلاوێژ مستەفا عەبدولكەریم نوسراوە مەزهەرەكەیان لابردووە لە معامەلاتی رەسمیدا لە هەولێر لەدایك بووم، باوكم ئەو وەختە موفەتیشی مەعاریف بوو هی هەموو كوردستان یەعنی هەولێر و كەركوك و سلێمانی ساڵی 1930 من لە هەولێر لە دایك بووم، هەر خوشكێكم لە شوێنێك لە دایك بووە، نەسرینی خوشكم لە كەركوك لە دایك بووە باوكم ئەو وەختە گەورە بوو وەك و موفەتیشی عام لە دواییدا مودیری تەربیەیان پێ ئەوت. ئەو موفەتیشی عام بوو لەگەڵ ئەوانەی بەغدا محەمەد عەلی مستەفا و هەموو رەفیق بوون ‌ و دەهاتنە ماڵی ئێمە دەعوەت دەكران دائەنیشتین و ئەهاتن ئەیان بردن بۆ سەیران موفەتیشیان پێ ئەوتن ، لەگەڵ موفەتیشەکانی تری بەغداد زۆر هاوڕێ بوو، زۆریشیان خۆش دەویست عەرەبییەكی باشی دەزانی توركییەكی باشی دەزانی.

پاكیزە مستەفا مەزهەر كچ كۆچكردوو:
من كچی مەرحوم مستەفا عەبدولكەریمم لە شاری موسڵ لە دایك بووم لە ساڵی 1932 باوكم موفەتیش بوو لە موسڵ هەر چەند كورد بوو. من لە پۆلی پێنجی سەرەتایی بووم كە كۆچی دوایی كرد، ئیتر بۆ لە موسڵ بوو، من نازانم. باوکم نیوەی تەمەنی بە نەخۆشی بەڕێكرد، حاجی توفیق پیرەمێرد و جەمیل صائیب زۆر رەفیقی بوو. هەروەها جەلال صائیبیش زۆر رەفیقی بوو، ئەوان بەشەوان ئەهاتن بۆ لای باوکم. پیرەمێرد ئەهات و ئەیوت ئایشە خان ئیزنی ئەدەی بۆمان، ئەویش ئەویوت كەی ئیزنم نەداوە هەموو كاتێک مەسموحە لەگەڵتان. هەروەها نوری ماڵی ئەمین بەگ ئەم سێ وچوارەم بیردێ. بەڕاستی باوکم هەتا بڵێی پیاوێكی بەشەخسێت بوو تاقە برا بوو،هەموو خوشكەكانی لێی ئەترسان و ئیحترامی زۆریان لێ ئەگرد. هەموو كاتێك ئەچوو بۆ زیارەتیان و لێی ئەپرسینەوە. هەموو وەختێك برا لە خوشك ناپرسێتەوە وەك خێزانی خۆشمان لەگەڵ ئێمەدا زۆر باش بوو، لەگەڵ دایكمدا قەت رۆژی عەزێتی نەداوین. ئێمە پێنچ كچ بووین هیوایەتی ئەوە بوو كە كوڕی ببێت كوڕەكەی بوو ناوی نا سەردار. دایكم عائیشە سەعید مەشهور بوو، خوشكی خاڵە ساڵح بوو دوای مردنی باوكم. خاڵە ساڵح بوو بە مودیری مەعاریف لە سلێمانی وابزانم پێش ئەو موسا صەمەد بوو ئینجا ئەم بوو.

بورهان حاجی عەلی:
مامۆستا مستەفا مەزهەر لە ژیانیدا دووجار هاوسەرگیری كردووە ئامینە خانی حاجی ئەحمەد كە پورزای خۆی بووە زوو كۆچی دوایی كردووە لە دوای ئەوە هاوسەری دووەمی عائیشەی كچی مەلا سەعید لەم خێزانەی پێنچ كچ و یەك كوڕی هەبووە.

گەلاوێژ مستەفا مەزهەر كچی كۆچكردوو:
من باوكم ناوی ناوم گەلاوێژ، وتویەتی گەلاوێژ ئەستیرەیە لەبەر ئەوە ناوی ناوم گەلاوێژ. باوكێكی بەشەخسیەت بوو، هەموو لێی ئەترساین وەك باوكی ئێستا نەبوو لەگەڵ منداڵدا تێكەڵ بێ، شەخسێتی خۆی هەبوو كە دەهاتەوە هەمومان دائەنیشتین و زەبرو زەنگی بەسەرماندا هەبوو، بەڵام زوو رۆی من 16 ساڵ بووم. باوکم زۆر مەشهوور بوو بڕۆ لە خەڵك بپرسە، كاتی وەفاتی كرد مودیری تەربییە بوو، لە دوای ئەو خاڵمیان لە جیاتی دانا. پیرەمێردی زۆر خۆش ئەویست، ئەم لەوێ بوو ئەو ئەهاتە ماڵی ئێمە. ئەهاتە ماڵمان نانی ئەخوارد، زۆر باوكم خۆش ئەویست ئێستاش مەنزەرەی لەبەر چاومە. پیرەمێرد ئەهات كەبابی ئەخستە گیرفانی، ماڵێكی بچوكی هەبوو لەدەرگەزێن، چەند نان و چێشتی جوانیان ئەكرد بانگیان ئەكردین، دایكیشمی زۆر خۆشدەویست. دایكم ژنێكی زۆر مەحبوب بوو، زۆر كۆمەڵایەتی بوو، خەڵكێكی زۆری دەناسی باوكیشم هەروا ئەو موفەتیشانەی لە بەغداوە ئەهاتن لە ماڵی ئێمە میوان دەبوون. كاتێک وەفاتی كرد هەموو ئەم سلێمانییە بۆی ئەگریان، نازانم چۆن بردیان بۆ سەر قەبران، ئەو وەختە من لە سێی ناوەندی بووم، پاش ئەوە تەعزیەی مابوو. لێرە سانەوی نەبوو من و خوشكم نەسرین چوین بۆ بەغدا، من لە پەیمانگا دەمخوێند. نەسرین كولێژی تەواو كرد، مونیرەی خوشكیشم گەورە بوو كە باوكم وەفاتی كرد ئەو تەنها تۆزێك گەورە بوو، تازە لە دار موعەلیمات تەخەروجی كرد بوو.

بورهان حاجی عەلی:
بەگەیشتنی تەرمی مامۆستا مستەفا مەزهەر، پیرەمێردی شیعرێكی بۆ نوسی كە دەڵێت:
ئاخ چی بكەین لەگەڵ چەرخی چەپگەردا
مینای دڵمانی كێشا بە بەردا
برینی جەرگی كولاندینەوە
چرای زانستی كوژاندینەوە
لە گردی سەیوان مەحشەر هەستاوە
ئەم شارە تێكرا واخرۆشاوە
مستەفا ئەفەندی كۆچی دوایی كرد
خۆشی ئێمەشی لە تەك خۆیا برد
هەوری ئاسمان كردی بەباران
فرمێسك ئەباری لە دیدەی یاران
هاوین و باران؟ مەعنای لێبگری
بۆ مەرگی ئازیز ئاسمان ئەگری
ئەم خەڵكە كەوا بۆی بە پەرۆشە
سەبارەت بە خوی چاك و رووی خۆشە
خزمەتێكی وایكرد لە دنیادا
دەرسی ئەخلاقی بە مردن دادا
جۆش و خرۆشی شیوەن بڕوانە
تێدەگەی قەومی كورد قەدر زانە
مستەفا مەزهەر كە ناو نراوە
بەوناوە ساڵی مەرگ بێژراوە

د. عیزەدین مستەفا رەسوڵ:
كە كۆچی دوایشی كرد تەنها یەک کوڕی هەبوو، ئەوانی تر کچ بوون. سەرداری کوڕی، ماوەیەكیش بوو بە مودیری مەعاریفی هەولێر، ئەوەم بیستووە چونكە دایكیشی كۆچی كردووە. نەسرین خانی کچی ئەویش لەم دواییەدا کۆچی دوایی کرد، پێشتر بەڕێوەبەری ناوەندی كچان بوو، هەرەها ماوەیەکیش نەسرین مستەفا ئەندامی پەرلەمانیش بوو لەگەڵ ئێمە.

گەلاوێژ مستەفا مەزهەر:
باوكم مستەفا مەزهەر وەك و برا بوو لەگەڵ جەمیل صائیبدا، دراوسێش بووین. باوكم پیاوێكی بەڕەحم بوو، پیاوێكی خوێندەوار بوو، لەگەڵ ژن و ماڵ و منداڵیدا باش بوو، ئازادی تەواوی دابوو بە ئێمە، كوڕی نەبوو زۆر حەزی دەکرد كوڕی ببێت، هەتا لە کۆتایی تەمەیدا كوڕەكەی بوو. کاتێک باوکم کۆچی دوایی کرد، سەرداری برام شەش ساڵ بوو. کاتێک باوکم كۆچی دوایی كرد، ئەم سلێمانییە هەمووی بۆی دەگریا، كە جەنازەكەیان لە كەركوكەوە هێنایەوە بۆ ئێرە، هەرچی شاری سلێمانی هەیە چوو بە پیرییەوە.

بورهان حاجی عەلی:
شاعیران و نوسەران سەرجەمیان بەشیعرو نوسین، شین بۆ مامۆستا مستەفا مەزهەر دەكەن، حاجی توفیق پیرەمێردی شاعیر لە رۆژنامەی ژین ژمارە 825 پێنجی حوزەیرانی 1946 مردنی مستەفا مەزهەری بەكارەسات و كۆستێكی گەورە ئەزانی و بە وتارێكی زۆر جوان باسی دەكاو دەڵێت:
ئەم ساڵ ئاسمانی بێ باران هەوری نەگبەتی لەسەر ڕەواندینەوەو رۆژێكی ساماڵی پیشان نەداین، ئەوە بوو چرای مەعاریفی كوژاندەوە. مستەفا ئەفەندی مودیری مەعاریفی لێ ساندینەوە. ئەو مستەفا مەزهەرەی كە شێخ محەمەدی خاڵ لە گوزەرانی حاڵیا فەرموی فریشتەی ئاسمانی باڵا بوو لە زەوی پەستی ئێمەدا ئەژیا.

پیرەمێرد لە ژیندا درێژەی پێ ئەداو دەڵێت:
بۆ مەرگی مستەفا مەزهەر شار بەجارێک خرۆشا، هەرچی وەسائیت پڕ بوو بەرەو كەركوك و باوەڕم وایە هیچ مەلیكێک پێشوازی وای بۆ نەكراوە. بەدەست پێشخەری حەپسەخانی نەقیب ریوڕەسمی زۆر گەورەی پڕ شكۆی بۆ رێكخرا، رۆژنامەی ژین لەو بارەیەوە دەنوسێت: خەڵكی ڕێو ڕەسمەكە بەڕەنگی هاتنە مەیدان، هێشتا پیاوەتی و ئینسانەتی وا لە هیچ شوێنێك رووی نەداوە.

سدیق ساڵح:
لێرە لەسەرەتاوە سەرپەرشتی رۆژنامەی پێشكەوتنیان پێ سپاردووە ئەم كارە كارێكی زۆر گرنگە راستی نە ئەزانرا ئەم (م،م،) ی لەبەشێكی سەروتارو لاپەڕەی یەكەم و لاپەڕەكانی تری رۆژنامەكەدا ناوی هاتووە، نە دەزانرا كێیە.

خوالێخۆشبوو نەوشیروان مسته‌فا لە كتێبێكیدا ئاماژەی بەوە داوە كە ئەم (م،م) مستەفا مەزهەرە زۆریش رێی تێئەچی و هیچ گومانێكیش لەسەر ئەوە نییە كە تاكە كەسێك لەو سەردەمەدا ئەو مەرجانەی تێدابێ بتوانی سەرۆكاری ئەوە بكات، هەر ئەو زاتە بووە، ئەو زاتە خۆی ناوی بە (م،م) نوسیووە. بیرمان نەچێ ئەو سەردەمە لە پاڵ ئەوەدا خەڵكانێك لە خوێندەوارانە هەبوون، هاتنی ئینگلیزیان بۆ ئەم ناوچەیە پێ خۆش بووە، ئینگلیزیان بەڕزگاركەری ئەم ناوچەیە داناوە، پشت بەستن بەچوار بەندەكەی ویلسنی سەرۆكی ئەمریكا وە پشت بەستن بەو راگەیاندنەی دەوڵەتی بەریتانیا و فەڕەنسا كە ئاماژەیان بەوە داوە كە ئەوان هاتونەتە ئەم ناوچەیە، بۆ رزگاركردنی خەڵكانی ژێر دەستی دەوڵەتی عوسمانی.

بورهان حاجی عەلی:
هەروەك نەوشیروان مستەفا ئەمین لە كتێبی چەند لاپەڕەیەك لە مێژووی رۆژنامەگەری كوردیدا نوسیویەتی، ئەو نوسینانەی لە ژێرناوی (م،م)دایە سەرجەمیان نوسینی مستەفا مەزهەرە هەروەها دەڵێت: مستەفا مەزهەر كە یەكێك بووە لە رۆشنبیرەكانی ناسراوەكانی شاری سلێمانی هاوكاری مێجەر سۆنی کردووەو دواتر هاوكاری مێجەر گۆڵسنی.س هەروەها بەڕێوەبەری نوسین و سەرپەرشتی چاپ و كۆكردنەوەی ئابوونەكانی لە ئەستۆ بووە لە رۆژی دەركردن تا رۆژی داخستنی رۆژنامەی پێشكەوتن، مامۆستا مستەفا مەزهەر دەورێكی گەورەی تیادا ئەگێڕا. لەو روانگەیەی زۆر زاڵ بوو بەسەر زمانی ئینگلیزداو جێگەی ستایشی ئینگلیزەكان بووە هەرچەندە لەو دەمەدا ئەو خەڵكانەی لایەنگری تورك بوون، ئەم كەسایەتییە رۆشنبیرانەیان بە پیاوی ئینگلیز ئەژمار دەكرد و پێان وابوو هەر كەسێك زمانی ئینگلیز بزانی پیاوی ئینگلیزە.

سدیق ساڵح:
ئێمە بە تێپەڕبوونی رۆژگار، وا نزیكەی 100 ساڵە بەسەر ئەو رۆژەدا تێپەڕ ئەبێـت، ئەگەر ئێمە بە مێشكێكی ساف و بیرێكی روونەوە بڕوانینە ئەو قۆناغە، ئەبینین ئەو خوێندەوارانە ناهەقیان نەبووە دیقەتی ئەوەیان داوە، كورد خۆی ناتوانی بەهێزی خۆی بە ئیمكاناتی خۆی ناتوانی شتێك بەدەست بهێنێت، هەتا وەكو پشتیوانێكی گەورەی وەكو ئینگلیزی نەبێت لەبەرئەوە ئەوانە لە بۆ چونەكانیشیاندا لەسەرەتای ساڵەكەوە بۆچوونەكانیان بۆ رۆژگاری خۆی دروست بووە، لەبەرئەوە ئەوەی كە مستەفا مەزهەر و هاوڕێكانی و هاوبیرەكانی وایان بیركردۆتەوە، ئینگلیز رزگاركەی كورد بووە لە ژێر دەستی عوسمانیدا، بۆ سەردەمی خۆی تا ڕادەیەك بۆ چونێكی دروست بووە، رووی راستی سیاسەتی ئینگلیز بەرامبەر بە مەسەلەی كورد دەرنەكەوتووە، دواتر ئیتر ئەتوانین بڵین لە ساڵانی سی بەدواوە دەركەوت كە ئینگلیز هیچ شتێكی بۆ كورد پێ نییە. ئەمەش ناڕەزایەتیەكانی خەڵكی كوردەواری زیاد كرد.

لەبەر ئەوە ئەبینین مستەفا مەزهەر وەك كەسێكی شارەزا وەك كەسێكی لێوەشاوە دێت، كە پێشتر ئێمە نەمازانیوە ئەو زاتە هیچ بەشداریەكی لە رۆژنامەی عیراقی ئەو سەردەمەدا نەبووبێت، ئەبینین دێت وەك سەرەتایەك بەشدارییەكی چالاكانە ئەكات و توانیویەتی بە درێژایی ئەو ساڵانەی رۆژنامەی پێشكەوتنی تیا دەرچووە، دیارە پشت بەحاكمی ئینگلیز سەرەتا مێجەرسۆن بووە دواتریش گۆڵدن سیس بووە، توانیویەتی سەرۆكایەتی ئەم رۆژنامەیە بكات. ئەتوانین بڵێین ئەم رۆژنامەیە دەورێكی زۆر گەورەی هەبوو لە گەشەپێدانی بیری كوردایەتی و خۆشویستنی نیشتمان. هەر دەرچوونی رۆژنامە كە بە زمانی كوردی، بۆ خۆی دەستكەوتێكی رۆشنبیری و كەلتوری وە سیاسی گەورە بوو، چونكە كوردی تا ئەو زەمانە زمانێكی ددان پێدا نەنراو بووە.

د.عیزەدین مستەفا رەسوڵ:
باوكم ئەیوت مستەفا مەزهەر خوێنەوار بوو، ئینگلیزی ئەزانی لە كوێەوە فێر بووە ،نازانم. باوکم ئەیوت، سەرەتا كە ئینگلیز هاتە سلێمانی، ئەو وەك سكرتێری یان وەرگێڕی حاكمی ئینگلیز بووە لە سلێمانی، بەڵام حەڵكی سلێمانی زۆر مەمنونی بوون و ستایشیان ئەكرد كە زۆر یارمەتی خەڵكی سلێمانیان داوەو کاری بۆ زۆر كەس كردووە، کاری خەڵكی رای كردووەو نەیهێشتووە ئینگلیز دەست بەرن بۆ خەڵك، بۆ ئازاردان و ئەوانە، لەبەر ئەوە باوکم دەیوت لە سلێمانیدا ناوێكی باش و ناوبانگێكی چاكی هەبوو.

سدیق ساڵح:
خەڵكانێك هەبوون زۆر دڵیان بەهاتنی ئینگلیز خۆش بوو، بەڵام بیریشمان نەچێ بەتایبەتی لەناو خەڵكی عەوام و بەشێك لە خوێنەوارەكان، بەتایبەت دینیەكان بۆچونێك هەبووە، بە پشت بەستن بە بیری دینی و موسوڵمانێتی لەناو كوردەواریدا بڵاوبووە، ئەوانە پێان وتراوە پەیوەندیان كردووە بە توركیا و زیاتر توركیایان بە ڕزگاركەر زانیووە وپیان خۆش بووە كورد پەیوەندیەكانیان لەگەڵ توركیا ئاسایی بێت نەك لە گەڵ ئینگلیزدا. لەبەرئەوە ئەبینین مستەفا مەزهەر زیاتر ناوی خۆی بە (م،م) نوسیووە رەنگە لەبەرئەوە بێت خەڵكی نەزانێت و توشی گێرەو كێشەی كۆمەڵایەتی نەبێت دیارە لە پاڵ گروپی ئینگلیز خواكان بووەو ئینگلیز بە حوكمی ئەوەی ئەم دەوڵەتەی دروست كردووە، ئینگلیز ئەتوانی شتێك بۆ كورد بكات و كورد خۆی ئەو ئامادەگییەی نییە شتێك بۆ خۆی بەدەست بهێنێت.

بورهان حاجی عەلی:
مامۆستا مستەفا مەزهەر زمانەكانی كوردی و عەرەبی و توركی و ئینگلیزی زانیووە، ماوەی چەند ساڵێك لەگەڵ ئینگلیزەكان كاری كردووە، لەگەڵ حاكمی سیاسی شاری سلێمانی مێجەر سۆن كاتێك مێجەرسۆن بیری لە دەركردنی رۆژنامەیەك كردەوە لە شاری سلێمانی، پەنای بۆ زۆرێك لە رۆشنبیرو خاوەن قەڵەمەكانی ئەو سەردەمە برد، تاوەكو لەو رۆژنامەیەدا بە زمانی كوردی بنوسن و میللەتی خۆیان هۆشیار بكەنەوە. ئەوەبوو لە ساڵانی 1920 بۆ ساڵی 1922 بۆ ماوەی دوو ساڵ رۆژنامەی پێشكەوتنیان دەركرد، هەرچەند زمانحاڵی ئینگلیزەكان بوو، مامۆستا مستەفا مەزهەر قەڵەمێكی بە برشت بوو كارەكتەرێكی هەڵسوراوی پێشكەوتن بوو

پاكیزە مستەفا مەزهەر:
با‌وكم بەوەزیفە لە ناسرییە بووە، نازانم چی ساڵێك بووە، ئێمە لەدایک نەبووین، چونكە دایكم 7 ساڵ منداڵی نەبووە، ئیجا ئەم پێنج كچە و كوڕێكی بووە. باوکم لە ناسرییە و موسڵ و كەركوك و هەولێر بووە. كۆتا شوێنیشی سلێمانی بوو،بەڵام تەنها لە موسڵ موفەتیشی مەعاریف بوو، لە هەموو شوێنەكانی دیكە موفەتیش بوو،ئەوەندە تێکەڵاوی نەبوو، بەڵام بەسیفەتی ئەوەی تەقریبەن ئەوەم بیردێت، هەرئەوەندەمان دەزانی، هەندێك وەزیری دەهێنا، بەتایبەت وەزیری تەربییە زیارەتی سلێمانی دەکرد، ئیتر ئێمە هەرچی مامۆستایی ئامادەیی ‌و ئەوانە بوو، هەموویان دەهاتن، میواندارییەكی زۆر گەورەی بۆ دەكردن، باوەڕ ناكەیت چەند خواردن دروست دەكرا، لەگەڵ ئەوەشدا زۆریان خۆش دەویست.

د.عیزەدین مستەفا رەسوڵ:
یەكێكە لە پیاوە دیارەكانی ئەم شارە كە خزمەتی شارەكەی كردووەو لەو ڕێگەیەی خۆشییەوە، خزمەتی كوردی كردووە، ئەویش نازانم گوێی دراوەتێ یان نا هیچ نەبێت بڵێین بەڕێوبەری مەعاریفی شار بووە. كە من چوومە قوتابخانە سێ قوتابخانەی سەرەتاییان پێدەوت كە چوار پۆلی بوون وچواری ناوەندی هەبوو ، باوکم بەڕێوبەری ئەمانە بوو خزمەتی ئەمانەی كردبوو، بینیویشمە هاتۆتە قوتابخانەكەی ئێمە فەیصەڵیە، ئەمانەشی هەمووی بەسەركردۆتەوە، ئیتر پیاوێكی دیاری شارەكەیە، بەڵام دیسانەوە ئێمە لە زیندووكردنەوەی ناوی هەندێك كەسدا كورتیمان هەیە، كەسێك كە مودیری زانیاری شاری سلێمانی بووبێت، دەبوو هەندێك شتی بەناوەوە هەبێت، یادەكە چیە؟ شت بە ناوەوە نانە وەکو قوتابخانە یان شەقامی بەناوەوە ناودەنێیت، شار شكور گەورە بووە شەقامەكان بەشی ئەوە دەكات ناوی زۆر كەسی پێوەبێت ئەو پیاوانە دەبێت بە نەمری بمێننەوە.

بورهان حاجی عەلی
مامۆستا مستەفا مەزهەر پیاوێكی بەخزمەت بوو دوای داخستنی رۆژنامەی پێشكەوتنیش درێژەی بەكاری پەروەردەیی خۆیداوە لە ساڵی 1927 بووبە بەڕێوبەری مەعاریفی كەركوك، دواتر بەڕێوبەری مەعاریفی هەولێر‌و پاشانیش بەڕێوبەری مەعریفی موسڵ تا ساڵی 1939 لەم ساڵەوە هەتاوەكو ساڵی كۆچی دوایی 1946 بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی بووە. لە سەردەستی ئەم مامۆستا گەورەیەدا چەندان جیل پەروەردە بوون، چەندان قوتابخانەی نوێ كراونەتەوە، بەهۆی ئەو پەیوەندییە فراوانەی مامۆستا مەزهەر لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەو دەمەی عیراقدا هەیبوو، كاریگەری زۆری ئەو مەعاریفانە دەكرد ك ەئەو بەڕێوبەری بوون‌ و قسەی ڕەتنەدەكرایەوە.

كۆچی ناوادەی مامۆستامستەفا مەزهەر دەرونی پڕكڵۆڵی رەمزی مەلا مارف دەوروژێنێت ‌و دەڵێت:
چییە ئەم شین‌ و قوڕ پێوانە بۆ عالەم بەگیان ئەگری
لەبەرچی وابەسۆزی سینە دایكی نیشتیمان ئەگەری
ئەبێ وادەی قیامەت، یادەمی هەڵسانی مەحشەر بێ
كەوا عالەم بەناڵەو ئاهو فەریاد‌و فوغان ئەگرێ
وەیا زاتێكی خاوەن ناوی شۆرەت چاكی سیرەت پاك
وەفاتی كردووە، وا عالەمی كوردستان ئەگری
بەڵێ بۆ كۆچی بێ وادەیی كەسێكی چاكە وت عالەم
كە قیسمێكی بەدەنگی بەرز‌و قیسمێكی نیهان ئەگری
جەنابی مستەفا مەزهەر،كە خونچەی گوڵشەنی خوڵقی
بەحاڵی ڕەنگی بێ ئاوی، گوڵی باخی جینان ئەگری
كەساتێ دێمەسەر نووسینی نامەی كردەوەی چاكەی
وەكو من خامە بۆ هێزی كەم قووەی بەیان ئەگری
كەوەختێ وێنەكەی هەر وەك فریشتە دێتە بەرچاوم
بەناڵەی زار ‌و حاڵی بێ قەرارم، ئینس‌و جان ئەگری
كە یار سوحبەتی شەوگاری زستانی بەدڵما دێ
بەسینەی پڕشەرارەم دیدە وەك هەوری نیسان ئەگری
بەكوڵ بۆ سەروی ئازادی مەعاریف، گوڵشەنی ئەخلاق
لەلایێ قومری بێ چارە، لەلایێ باخەوان ئەگری
بەلوتف ‌و گەورەیی خۆت لێ ی ببوری چونكە وەك رەمزی
هەموو كەس بۆی بەداخ‌و حەسرەت ‌و ناڵە‌و فوغان ئەگری

د.عیزەدین مستەفا رەسوڵ:
بە هیچ جۆرێك من ئەوەم نەبیستووە كە پەیوەندی بەبیری چەپەوە هەبووبێت، بەڵام وەكو زانیاری وەكو بڵاوكردنەوەی خوێندەواری‌و بڵاوكردنەوەی زانین‌و هەوڵدان بۆچاپی كتێب، كۆمەڵێك لەم شتانەی كردووە، ئەركی خۆشی لە هەڵسوڕاندنی قوتابخانەكاندا بەجۆرێكی باش‌و بەجۆرێك كە ببن بە قوتابخانە. فەیسەڵییە جێگەی بینای روشدی عەسكەری بوو كردی بە قوتابخانەی فەیصەڵیە، كە قوتابخانەی فەیسەڵیە بەداخەوە لەڕوشدی عەسكەری تورك عەسكەریە بووە، قوتابخانەی فەیسەڵیە ئەو قوتابخانەیە بووە كە ئێستا چەندین مامۆستای زانا یان لەوێ مامۆستابووە یان قوتابی بووە، كە ئێمە كردمان بە بازاڕی عەسری، ئەو جۆرە ساختمانانە، لە وڵاتان هەڵدەگیرێت كەچی لێرە كرابە بازاڕ، تەنانەت جۆری بیناكردنەكەشی تایبەتی بوو. قوتابخانەی فەیسەڵیە بیرمە لەگەڵ قوتابخانەكانی تر، ئەوكاتە گۆیژە دروستكرا هەرچی كرا قوتابخانەكانی تر جۆری تازەی بیناكردن بوو، بەس ئەو جۆری بیناكردنەكەشی تابیەتی بوو ،هی كۆنی دەوری عوسمانی بوو، بەڵام ئێمە ئاوامان لێكرد، لەبەرئەوە خزمەتی شارەكەی زۆركردووە، خزمەتی خوێندەواری زۆركردووە.

گەلاوێژ مستەفا مەزهەر:
مستەفا مەزهەر فكرێكی كوردانەی هەبوو، شیوعی نەبوو هەتا بگرە ئەوكاتە دژی شوعییەت بوو، چونكە لەگەڵ گەورەی عەرەب‌ و ئەواندا تێكەڵ تربوو، لەگەڵ شێخ مەحمود‌و ئەوانیشدا تێكەڵ بوو، بەڵام وەكو ئەوەی لەگەڵیان کار بكات ، کاری نەكردووە.ئەوەنە مەشغوڵ بووە، بەکاری تەربییەوە كە پێیان دەگوت مەعاریف نەڵێم تەعریفی دەكەم بەڵام مەزهەر لەقەبە مەشهور بوو بە خۆشەویستی خەڵك ‌و بە چاكی ‌و بەبردنی ژیانی بەڕێك‌و پێكی، هەرچی كەسایەتییە دیارەكانی هەیە ئەوانەی كە مەشهوربوو هەموویان دەهاتنە ماڵمان.

پاكیزە مستەفا مەزهەر:
كە باوكم كۆچی دوایی كرد، ئێمە لەماڵەوە نەبووین ،گەڕاینەوە ماڵەوە چونكە شتەكە لەپڕبوو، سەیرم كرد بەردەمی ماڵمان بە هەموو مەكتەبەكان بەئیكلیلەوە خەڵكی سلێمانی هەمووی بەیەك جار ڕژانە ماڵمان، بەشێوەیەك بردیان بۆ گۆڕستان باوەڕ ناكەم كەس بەو شێوەیە برابێت بۆ سەر قەبران، ئەوەندە موحتەرەم بوو پیاوێكی زۆر لەسەرخۆ‌و فەقیر بوو، هەرچەندە ئێمە زۆر لەگەڵیدا نەژیاین و زوو كۆچی دوایی كرد.
بۆمەرگی مستەفا مەزهەر بێخود شین دەكات‌ و دەڵێت:
دیسان هەوری بەڵا هات ، سایەقەی وەصڵی گوڵان رۆیی
شەوی ماتەم پەیابوو، رۆژی خۆشی بولبولان رۆیی
تەمی غەم تاقیامەت بۆچی دانەگرێ وڵاتی كورد
كەزاتێكی وەفادار‌و نەجیب‌و خانەدان رۆیی
بچوك بۆ قوڕ ئەپێوێ، گەورە توخوا بۆبەكوڵ ئەگری
كەعاسای دەستی پیر‌و، هێزی ئەژنۆی گەنجان ڕۆیی
صەدای باوك ‌و برا ڕۆی خەڵق‌و گرمەی سینە، ناڵەی دڵ
وەك رەعدی بەهار ‌وبمڕۆ زەوی تا ئاسمان ر‌ویی
مەشهور خۆری گەلی میللەت جەنابی مستەفا مەزهەر
كەبانگی حوسنی خوڵقی بۆ هەموو كوردستان رۆیی
مەگەر (كاكینە) هاوتای ئەو بكا، ناویان لەیەك دوور بێ
وەگەرنێ چەشنی ئەو حیكایەو داستان ڕۆیی
لەسەر وەتراخی دەشتی رۆح ‌و شاخ داخی بەرزی دڵ
هومای ئەوجی سەعادەت، بازی عیرفان ئاشیان رۆیی
بەغائیب بوونی ئەو باوكی فەقیر‌و خادیمی قەومە
لەسەر هۆش‌و، لەدڵ صەبر لەتەن تاب‌و تەوان ڕۆیی
ئەگەرچی میللەتی كوردی دوچاری دۆزەخی غەم كرد
بەڵام شكور خوا خۆیی بۆ بەهەشتی جاویدان ڕۆیی
وەتەن(بێخود) وەكو ئەولادەكانی بۆچی نەناڵێنێ
مدیری دائیرەی بەرزی مەعاریف زی نشان ڕۆیی

د.عیزەدین مستەفا رەسوڵ:
دایكی مامۆستا مەزهەر لە هەولێر كۆچی كردووە، دایكی وەسیەتی كردووە، ئەگەر مستەفا كوڕی بوو بیهێننە سەر قەبرەكەم بۆ هەولێر ،لەبەرئەوەی هەر كچی دەبوو، دواكچیشی ناو ناوە نیهایەت ئەوە بەو مانایە كەئیتر كۆتایی كچ بێت، حەزیان دەكرد كوڕیان ببێت كوڕ ناوی دەپاراستی، دوای ئەوە كە سەرداری كوڕی لە دایك بوو بۆیان بردبووە سەرگۆڕەكەی لە هەولێر ئەوە یادگارییەكی سەیرە.

بورهان حاجی عەلی:
مامۆستا جەلالی كاكە حەمەی حاجی سەیف‌ و که خوشكەزای مامۆستا مستەفا مەزهەر لە یاداشتەكانی خۆیدا سەبارەت بەمردنی خاڵی دەڵێت: رۆژی دووشەممە 13 مایسی 1946 زاینی خاڵم مستەفا مەزهەر لە سلێمانییەوە چوو بۆ كەركوك منیش لەگەڵی چووم بۆ عەمەلیاتی ماعیدەی، رۆژی جومعە 17ی مایسی 1946 لەكەیوان لەكەركوك لەلای دكتۆر داڤیس كە دكتۆرێكی ئینگلیز بوو عەمەلیاتی بۆكرا، رۆژی جومعە 24ی مایسی 1946 لەهەمان نەخۆشخانە لەكەركوك لە سەعات 12ی نیوەڕۆ كۆچی دوایی كرد. لەڕێوڕەسمێكی شایستەدا لە گردی سەیوانی شاری سلێمانی لە 26ی مایسی 1946 بەخاك دەسپێر درێت.
مەرگی لەناكاوی مامۆستا مستەفا مەزهەر كاری لە دەروونی شاعیرێکی گەورەی وەك فایەق بێكەس كردووە كە دەڵێت:

دەك فەلەك چەرخت شكا گشت كردەوەت خونخواری یە
بۆچی تەبعت وا هەمیشە مائلی غەدداری یە
رۆژ نی یە ئەم خەڵكە توشی شین‌و واوەیلا نەكەی
شەو نی یە عالەم ڕەحەت بێ، هەر لە گریەو زاری یە
شەربەتت زەهرە، ژیانت قەهرە، لوتفت هەر شەڕە
بەزم‌و رەزمت شیوەنە، كەیف‌و سەفات غەم باری یە
گەر بەدوو چاوی ئەقڵ سەیرت بكەین جاتێ ئەگەین
دڵ بە تۆ بەستن خەتایە‌و عیللەتی بێ عار یە
مستەفا مەزهەر كە دوێنێ رەهبەری ئەم خەڵكە بوو
كۆچی كرد داخی بەجەرگم كۆچەكەی ئێجگاری یە
ئاخ چی دەردێكی گرانە بۆ گەلی كوردی هەژار
قەت بەدەم ناكرێ بەیانی هێندە سەخت‌و كاری یە
هەركەسێك رۆژێ ئەوی دیبێ دەرون لەت لەت
پەست‌و داماوە لەداخا، خوێن لەچاوی جاری یە
ساڵی تەئریخی وەفاتی وا بەناوی هاتەدەر
مستەفا مەزهەر غەیریقی رەحم‌و لوتفی باری یە

print

 203 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*