سەرەکی » دۆسێ » رۆڵی ناسەنتراڵی لە گەشەپێدانی ناوچەییدا

رۆڵی ناسەنتراڵی لە گەشەپێدانی ناوچەییدا

پەیڤێک

ماوەیەکە قسەوباسی زۆر لە بارەی چەمکی« لامەرکەزییەتەوە» دەکرێت، بە جۆرێک ئەم مەسەلەیە ئێستا بۆتە یەکێک لە مەسەلە گرنگەکانی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی هەرێمی کوردستان.

ئێمە لەم دۆسێیە تایبەتەدا کە لەلایەن فەیسەڵ عەلییەوە نووسراوە، باسی مێژووی، شێواز، مەرجی سەرکەوتن، گرنگی و بنەما فکرییەکانی ئەم چەمکە دەکات. لە کۆتاییشدا باسی مەسەلەی لامەرکەزییەت لە دەستووری عیراقدا دەکات، هەروەها گرنگی مەسەلەی لامەرکەزی بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو.

هیوادارین لە رێگەی ئەم دۆسێیەوە تیشکێک بخەینە سەر ئەم چەمکە و گرنگییەکەی بۆ خوێنەرانی کوردستانی نوێ بخەینەڕوو.

کوردستانی نوێ

فەیسەڵ عەلی

پێشەكی

لە‌ كۆتایی سە‌دە‌ی بیستە‌وە‌و لەدە‌رئە‌نجامی ئە‌و گۆڕانكارییە‌ سیاسیی و ئابووریی‌و تە‌كنە‌لۆجییانە‌وە‌ بایە‌خێكی زیاتر بە‌ چە‌مكی ناسە‌نتراڵی درا. ناسە‌نتراڵی ئامانج نییە‌ بە‌ڵكو فە‌لسە‌فە‌ و هۆكاری گە‌شە‌پێدانە‌ كە‌ بە‌هۆیە‌وە‌ هاووڵاتیان دە‌توانن بە‌شداری لە‌ دروستكردن‌و دە‌ركردنی ئە‌و بڕیارانە‌دا بكە‌ن كە‌ پە‌یوە‌ندیی بە‌ گە‌شە‌پێدانی ژیان‌و گوزە‌رانیانە‌وە‌ هە‌یە‌، واتە‌ نا‌سنتراڵی پە‌یوە‌ستە‌ بە‌ گواستنە‌وە‌ی دە‌سە‌ڵات‌و سە‌ڵاحیات لە‌ ئاستە‌ باڵاكانی ئیدارە‌وە‌ بۆ ئاستە‌كانی خوارە‌وە‌.

یە‌ك لە‌ هۆكارە‌ سە‌رە‌كییە‌كانی پە‌نابردنە‌ بە‌ر ناسە‌نتراڵی ئیداری، شكستهێنان یان كە‌متوانایی ئە‌و حكومە‌تانە‌یە‌ لە ‌بە‌ڕێوە‌بردنی پرۆسە‌ی گە‌شە‌پێدانی ئابووری ‌و كۆمە‌ڵایە‌تی وڵاتە‌كە‌یاندا، یان لاواز بونی ناوە‌ندە‌ لە‌ هێنانە‌دی ئە‌و ئامانجانە‌ی كە‌ دیاریكرد بوون، ئە‌م شكستهێنانە‌شیان ناڕە‌زایی زۆری لای دانیشتوانی ناوچە‌ جیاجیاكان‌ لێ‌ كە‌وتۆتە‌وە‌، بە‌تایبە‌تی كە‌ ئە‌و حكومە‌تە سە‌نتراڵانە‌ بە‌ یە‌كسانی گە‌شە‌یان بە‌ ناوچە‌كانی وڵات نە‌داوە‌. ئێستا لە‌ سیستمە‌ دیموكراتە‌كانیشدا پە‌نا بۆ ناسە‌نتراڵی دە‌برێ‌ت بۆ ئە‌وە‌ی زۆرترین بوار بۆ دانیشتوانی ناوچە‌ جیاوازە‌كانی وڵات برە‌خسێنێت بۆ بە‌شداریكردنی لە‌ داڕشتنی پلان و بە‌رنامە‌ی پە‌رە‌پێدانی ناوچە‌كە‌ی خۆیاندا، كە‌ زامنی سە‌رخستنی ئە‌و بە‌رنامە‌یە‌ش دە‌بن، هە‌نگاوێكی گرنگیشە‌ بۆ كە‌مكردنە‌وە‌ی جیاوازیی ئاستی پێشكە‌وتنی نێوان ناوچە‌ جیاوازە‌كانی وڵات.

لە‌ لایە‌كی ترە‌وە‌، هەندێك لە‌ دە‌وڵە‌تە‌ سە‌نتراڵە‌كان ئە‌و ئاڕاستە‌یە‌ دە‌گرنە‌ بە‌ر لە‌ پێناو مانە‌وە‌ی دە‌سە‌ڵاتە‌كە‌یاندا بۆ ئە‌وە‌ی لە‌گە‌ڵ ئە‌و ئاڕاستە‌یە‌ی ئێستای دنیادا بروات.

یە‌كە‌م: چە‌مكی ناسەنتراڵی
دە‌وڵە‌تانی دونیا لە‌ بە‌ڕێوە‌بردنی كاروباری ئابووریی‌ و كۆمە‌ڵایە‌تییاندا شێوازی ئیدارە‌ی سە‌نتراڵ یان ئیدارە‌ی ناسە‌نتراڵ یان هە‌ردووكیان پێكە‌وە‌ پە‌یڕە‌و دە‌كە‌ن. لە‌ ماوە‌ی باسكردنی پە‌یوە‌ندی نێوان ئیدارە‌ی ناسە‌نتڕاڵی‌و گە‌شە‌پێدانی ناوچە‌ییدا، هێندێك لە‌و چە‌مك‌و تێگە‌یشتن‌و زاراوانە‌ی كە‌ لە‌ گوتاری میدیاو ئە‌كادیمیدا باون، باس بكە‌ین.

پێناسەی ناسە‌نتراڵ
چە‌مكی ناسە‌نتراڵ بەهۆی جیاوازی ئە‌و ستراتیژیە‌تانە‌ی دە‌گیرێنە‌بە‌ر لە‌ وڵاتێكە‌وە‌ بۆ یە‌كێكی تر تێڕوانینە‌كان دە‌گۆڕێن، بە ‌گشتی دە‌كرێ بڵێین ناسە‌نتراڵ بۆ چە‌ندین وڵات پرۆسە‌یە‌كە‌ بۆ گواستنە‌وە‌ی چالاكییە‌ ئابووریی‌و خزمە‌تگوزارییە‌كان لە‌ ناوە‌ندی دە‌سە‌ڵاتە‌وە‌ بۆ پارێزگاكان، واتە‌ لە‌ ناوە‌ندە‌وە‌ بۆ ئە‌و پارێزگایانە‌ی كە‌ ئاستی گە‌شە‌كردنیان نزمە‌.

بە‌جۆرێكی تر دە‌كرێ بگوترێ ناسە‌نتراڵی ئیداری «پرۆسە‌یە‌كە‌‌ حكومە‌ت بەهۆیە‌وە‌ بە‌فە‌رمی دە‌سە‌ڵات‌و بە‌رپرسیارێتیی بۆ ئاستی نزمتر لە‌ پلە‌بە‌ندی سیاسیی‌و ئیداریی‌و ناوچە‌یی دە‌گوێزێتە‌وە»، ئە‌م گواستنە‌وە‌ی سە‌ڵاحیاتی ئیدارییە‌ رێگە‌ بە‌ هە‌رێمە‌كان دە‌دا كاروباری حكومە‌ت لە‌ناوچە‌كانی خۆیان جێبە‌جێ بكە‌ن بە‌تایبە‌تی ئە‌وانە‌ی پە‌یوە‌ندییان بە‌جێبە‌جێكردن‌و چاودێریكردن‌و بە‌ڕێكردنی وە‌بە‌رهێنە‌ گشتییە‌كانە‌وە‌ هە‌یە‌. پێویستە‌ ئە‌و پرۆسە‌ی گواستنە‌وە‌ی دە‌سە‌ڵاتە‌ بۆ پارێزگا‌كان، هاوكات لە‌گە‌ڵ خۆیدا هۆكارە‌ داراییە‌ پێویستە‌كانی گە‌شە‌پێكردنی پارێزگا ناسە‌نتراڵە‌كان بڕە‌خسێنێت، بە‌ڵام ئە‌و پێدانی دە‌سە‌ڵات‌و سە‌ڵاحیە‌تانە‌ دە‌بێ لە‌ ژێر چاودێری‌و لێپرسینە‌وە‌ی حكومە‌تی ناوە‌ندییدا بێت.

هێندێكی تر پێی وایە‌ ناسە‌نتراڵ (كە‌ دە‌بێ حكومە‌ت دان بە‌جۆرێك لە‌ سە‌ربە‌خۆیی كە‌سایە‌تییە‌ مە‌عنە‌وییە‌كانی خوارە‌وە‌ لە‌ بە‌ڕێوە‌بردنی كاروبارە‌ ناوخۆییە‌كانیاندا بنێت، وە‌ك (ئە‌نجومە‌نی پارێزگا، ئە‌نجومە‌نی شارە‌وانی، ئە‌نجومە‌نی قە‌زا، ئە‌نجومە‌نی ناحیە‌كان و…)، بە‌ڵام دە‌بێ بە‌ردە‌وام ئە‌و ئە‌نجومە‌نانە‌ لە‌ژێر سە‌رپە‌رشتی و چاودێریی دە‌سە‌ڵاتی ناوە‌ندیدا بن. یان هێندێكی تر پێی وایە‌ ناسە‌نتراڵ بە‌مانای ئە‌و رە‌وتە‌ دێ كە‌ حكومە‌ت لە‌رێگە‌یە‌وە‌ دە‌ستبە‌رداری بە‌شێك لە‌ دە‌سە‌ڵات‌و ئیمتیازاتە‌كانی خۆی بۆ ئاستە‌كانی خوارە‌وە‌ی ئیدارە‌ دە‌بێت، واتە‌ بە‌رپرسیارێتی پلاندانان‌و پارە‌دان‌و ئیدارە‌دانی خزمە‌تگوزارییە‌ گشتییە‌كان لە‌ ناوە‌ندە‌وە‌ دە‌بە‌خشێتە‌ ئاستە‌كانی خوارە‌وە‌ لە‌ پارێزگا و قە‌زا و ناحیە‌كاندا بۆ ئە‌وە‌ی بە‌شێوە‌یە‌كی باشتر بتوانن كاروباری سنوری دە‌سە‌ڵاتە‌كانی خۆیان راپە‌ڕێنن‌و پێداویستی دانیشتوانی ناوچە‌كانیان دابین بكە‌ن. بە‌مجۆرە‌ حكومە‌تی ناوە‌ندی دە‌توانێ لە‌ ڕێگە‌ی گرتنە‌بە‌ری ناسە‌نتراڵە‌وە‌ زیاتر لە‌ هاووڵاتیانی پارێزگاو قە‌زاكانە‌وە‌ نزیك بێت‌و باشتر پێداویستیی‌و خزمە‌تگوزارییە‌كانیان پێشكە‌ش بكات‌و لە‌ ئاستی گلە‌یی‌و گازندە‌كانیان كە‌م بكاتە‌وە‌.

بەهانە‌كانی پە‌یڕە‌وكردنی ناسە‌نتراڵ
سروشتی هە‌ندێك لە‌ كارو چالاكییە‌كانی حكومە‌ت دە‌خوازێ بە‌ سستمی ناسە‌نتڕاڵ بە‌ڕێوە‌ ببرێت، ئە‌مە‌یش وای كرد كە‌ حكومە‌تی ناوە‌ندی دامە‌زراوە‌ی ناوچە‌یی پێكبهێنێ‌و تارادە‌یە‌كی دیاریكراو سە‌ربە‌خۆیی رێكخستن‌و ئیداریی‌و دارایی پێ ببە‌خشێت، یان هە‌ندێك جار بەهۆی ئە‌وە‌ی كە‌ دامە‌زراوە‌ ناوچە‌ییە‌كان بە‌ر لە‌ بونی دە‌سە‌ڵاتی ناوە‌ندی هە‌بون‌، كاتێك پێكە‌وە‌ یە‌كە‌یە‌كی ناوە‌ندی پێكدەهێنن، كاروبارە‌ ناوچە‌ییە‌كان بە‌دە‌ست خۆیە‌وە‌ دەهێڵرێتە‌وە‌ بۆ ئە‌وە‌ی لە‌و پرۆسە‌ی یە‌كخستنە‌ی نێوانیان ناكۆكی دروست نە‌كات‌و نە‌بێتە هۆی لێكترازانیان.

لە‌و روانگە‌یە‌وە‌، دە‌كرێ ئاماژە‌ بە‌و هۆكارانە‌ بدرێ كە‌ دە‌بنە‌ هۆی پیادە‌كردنی ناسە‌نتراڵی:
1-پە‌رە‌سە‌ندنی رۆڵی دە‌وڵە‌ت:
زیادبونی ئە‌ركە‌كانی حكومە‌ت بونە‌ هۆی پێكهێنانی دامە‌زراوە‌ی ناوچە‌یی بۆ راپە‌ڕاندنی كاروباری ناوچە‌كان‌و بۆ ئە‌وە‌ی دە‌وڵە‌ت بە‌ كارە‌ سە‌رە‌كییە‌كانی خۆیە‌وە‌ سە‌رقاڵ بێت.

2- جیاوازی لە‌ نێوان ناوچە‌كانی دە‌وڵە‌تدا:
فراوانبونی روبە‌ری دە‌وڵە‌ت‌و جیاوازی ئاستی پێشكە‌وتنی ئابووریی‌و كۆمە‌لایە‌تی‌و فە‌رهە‌نگی نێوان ناوچە‌كان كە‌ كێشە‌وگرفتە‌كانیشیان جیاواز دە‌كات، بە‌وە‌ش شێوازی چارە‌سە‌ركردنیشیان جیاواز دە‌بێت، زە‌رورە‌تی گرتنە‌بە‌ری ناسە‌نتراڵی دە‌خوڵقێنێ بۆ پێكهێنانی دامە‌زراوە‌ی ناوچە‌یی بۆ ئە‌وە‌ی هە‌ر شوێنە‌و بە‌پێی تایبە‌تمە‌ندییە‌كانی ناوچە‌كە‌ی خۆی بە‌رنامە‌و پلان بۆ چارە‌سە‌ركردنی كێشە‌كانی خۆی دابڕێژێت.

3-دیموكراتیزە‌كردنی سستمی حوكمڕانی:
چە‌ند سستمی حوكمڕانی رێگە‌ بە‌ دانیشتوانی هە‌ر ناوچە‌یە‌كی خۆی بدات كاروباری ناوچە‌كە‌ی بە‌ڕێوە‌ببات لە‌ رێگە‌ی دامە‌زراوە‌ هە‌ڵبژێردراوە‌كانییە‌وە‌، لە‌ دیموكراتیە‌ت نزیك بێتە‌وە‌.
مە‌رجە‌كانی پە‌یڕە‌وكردنی ناسە‌نتراڵ

1-بونی بە‌رژە‌وە‌ندیی ناوچە‌یی كە‌ خاوە‌نی كە‌سایە‌تی مە‌عنە‌وی خۆی بێت، ئە‌مە‌ لە‌پاڵ ئە‌و دامە‌زراوانە‌ی كە‌ حكومە‌تی ناوە‌ندی بۆیانی دە‌ستە‌بە‌ر دە‌كات، لێرە‌دا دە‌بێ حكومە‌تی ناوە‌ندی ئە‌و دامە‌زراوە‌ گشتییانە‌ دیاری بكات كە‌ دە‌كە‌وێتە‌ ئە‌ستۆی ناوە‌ند ئە‌وانە‌ی كە‌ دە‌كە‌ونە‌ ئە‌ستۆی دە‌سە‌ڵات‌و ئیدارە‌ی پارێزگاكان.

2-بونی ئە‌نجومە‌نی سە‌ربە‌خۆی ئیداری لە‌ پارێزگاو قە‌زاكان، دە‌بێ ئە‌و ئە‌نجومە‌نانە‌ بە‌ هە‌ڵبژاردن دە‌ستنیشان بكرێن.

3-نابێ دە‌سە‌ڵاتی ئیدارە‌ی پارێزگا‌كان لە‌لایە‌ن حكومە‌تی ناوە‌ندییە‌وە‌ چاودێری توند بكرێن، چونكە‌ ناسە‌نتراڵ جۆرێك لە‌ سە‌ربە‌خۆیی بە‌ پارێزگاكان دە‌دات، واتە‌ دە‌سە‌ڵاتی ناوچە‌یی ملكە‌چی چاودێری دە‌سە‌ڵاتی ناوە‌ندو نوێنە‌رانی ناوە‌ند لە‌ دە‌سە‌ڵاتی پارێزگاكاندا دە‌بێت، بە‌ڵام ئە‌و چاودێرییە‌ نابێ زۆر توند بێت.

شێواز و ئاستە‌كانی ناسە‌نتراڵ
چە‌مكی ناسە‌نتڕاڵ ئە‌و پرۆسە‌ گشتییە‌یە‌ كە‌ بە‌هۆیە‌وە‌ دە‌سە‌ڵاتی سیاسی‌و جێبە‌جێكردن دە‌درێنە‌ ئاستە‌كانی خوارە‌وە‌ لە‌ پارێزگاكان، تیۆرزانە‌كانی ناسە‌نتراڵ ناسە‌نتراڵیان كردۆتە‌ چوار بە‌شە‌وە‌ بە‌پێی ئاستی گواستنە‌وە‌ی ئە‌و دە‌سە‌ڵات‌و جۆری ئە‌و یە‌كە‌ ئیدارییانە‌ی كە‌ ناوە‌ند دە‌سە‌ڵاتە‌كانی خۆی لە‌گە‌ڵیاندا بە‌ش دە‌كات. ئە‌و شێوازانە‌ش بریتین لە‌:

*تە‌نازول: واتە‌ گواستنە‌وە‌ی دە‌سە‌ڵات لە‌ ناوە‌ندە‌وە‌ بۆ دە‌سە‌ڵاتە‌ سە‌ربە‌خۆو نیمچە‌ سە‌ربە‌خۆكانی پارێزگاو قە‌زاو ناحیە‌كان.

*تە‌فویز: گواستنە‌وە‌ی بە‌رپرسیارێتیی ئیدارە‌و خزمە‌تگوزارییەكان بۆ دە‌سە‌ڵات‌و دامە‌زراوە‌كانی پارێزگاكان‌و قە‌زاكان‌و ناحیە‌كان.

كە‌مكردنە‌وە‌ی ناوە‌ندێتیی: وە‌كالە‌تی جێبە‌جێكردنی هە‌ندێك لە‌ بە‌رنامە‌كانی حكومە‌ت بدرێنە‌ ئاستە‌كانی خوارە‌وە‌ لە‌ پارێزگاو قە‌زاو ناحیە‌كان.

*دابڕاندن (التجرید): گواستنە‌وە‌ی خزمە‌تگوزاریی‌و دامە‌زراوە‌ گشتییە‌كان بۆ كۆمپانیاو دامە‌زراوە‌ تایبە‌تییە‌كان.
هە‌ریە‌ك لە‌م شێوازانە‌ی ناسە‌نتراڵ بنە‌مای سیاسیی‌و دارایی‌و ئیداریی خۆی هە‌یە‌، چە‌ند قە‌بارە‌و جۆری ئە‌و سە‌ڵاحیاتە‌ ئیدارییانە‌ی كە‌ پە‌یوە‌ندیی بە‌ پرۆسە‌ی جێبە‌جێكردنی ناسە‌نتڕاڵە‌وە‌ هە‌یە‌ كە‌ بە‌ یە‌كە‌ ئیدارییە‌كانی پارێزگاكان دە‌درێن گە‌ورە‌و گرنگ بن، ئە‌وە‌ندە‌ش ناسە‌نتڕاڵە‌كە‌ بەهێز دە‌بێت.

هێندێكی تر قە‌بارە‌و جۆری ئە‌و سە‌ڵاحیە‌تانە‌ی هە‌ریە‌ك لە‌ لایە‌نە‌كانی ئیدارە‌ی گشتی دیاری كردوە‌و بە‌ ئاستی ئە‌و ناسە‌نتراڵیە‌‌ی نوێنە‌رایە‌تی دە‌كا، گرێی داوە‌:

-رەهە‌ندی شوێن: پێكهێنانی یە‌كە‌ی ناسە‌نتڕاڵی جوگرافی، ئە‌گە‌ر ئە‌و مە‌سە‌لە‌یە‌ بە‌پێی بە‌ندە‌كانی دە‌ستور ئە‌نجام بدرێ ئە‌وا ئە‌و ناسە‌نتڕاڵە‌ بەهێز دە‌بێت، بە‌ڵام ئە‌گە‌ر هاتو ئە‌و مە‌سە‌لە‌یە‌ بە‌پێی یاسا یان بە‌پێی بڕیارێكی ئیداری ئە‌نجام درا ئە‌وا ناسە‌نتڕاڵە‌كە‌ لاواز دە‌بێت.

-رە‌هە‌ندی رێكخستن: واتە‌ دیاریكردنی ئاستی سە‌ربە‌خۆبونی یە‌كە‌ ئیدارییە‌كانی پارێزگاو قە‌زاو ناحیە‌كان لە‌ داڕشتنی سستمی ناوخۆیی خۆیان چە‌ندە‌، ئە‌گە‌ر هاتو ئە‌و یە‌كە‌ ئیدارییانە‌ سە‌ربە‌خۆییە‌كی باشیان هە‌بێ ئە‌وا ناسە‌نتڕاڵە‌كە‌ بە‌هێز دە‌بێت. بە‌ڵام ئە‌گە‌ر هاتو حكومە‌تی ناوە‌ندی چوارچێوە‌یە‌كی گشتی بۆ پە‌یڕە‌وی ناخۆی دە‌سە‌ڵاتی ناوخۆیی پارێزگاكان داڕشت ئە‌وا ناسە‌نتڕاڵە‌كە‌ تاڕادە‌یە‌ك بە‌هێزە‌، بە‌پێچە‌وانە‌شە‌وە‌ ئە‌گە‌ر هاتو حكومە‌تی ناوە‌ندی پە‌یڕە‌وی ناوخۆی بۆ دە‌سە‌ڵاتە‌كانی پارێزگاو قە‌زاو ناحیە‌كان داڕشت ئە‌وا ناسە‌نتڕاڵە‌كە‌ زۆر لاواز دە‌بێت.

-رەهە‌ندی دامە‌زراوە‌یی: ئە‌گە‌ر یە‌كە‌ ئیدارییە‌كانی پارێزگاكان توانیان بینای دامە‌زراوە‌یی خۆیان وە‌ك حكومە‌تە‌كان پێك بهێنن وە‌ك پە‌رلە‌مان‌و سستمی دادوە‌ری سە‌ربە‌خۆ ئە‌وا ناسە‌نتڕاڵە‌كە‌ بەهێزە‌، بە‌ڵام ئە‌گە‌ر هاتو بە‌بێ بونی سستمی دادوە‌ری هە‌موو دامە‌زراوە‌كانی تری هە‌بوو ئە‌وا ناسە‌نتڕاڵە‌كە‌ تاڕادە‌یە‌ك بەهێزە‌، بە‌پێچە‌وانە‌شە‌وە‌ ئە‌گە‌ر هاتو دە‌سە‌ڵاتە‌كانی پارێزگاكان تە‌نیا دە‌سە‌ڵاتێكی ئیداریو هیچیتر نە‌بون ئە‌وا ناسە‌نتڕاڵە‌كە‌ زۆر لاواز دە‌بێت.

-دانانی بە‌رپرسان: ئە‌گە‌ر هاتو دامە‌زراندنی بە‌رپرسانی یە‌كە‌ ئیدارییە‌كانی پارێزگاكان بە‌ هە‌ڵبژاردن بوو ئە‌وا ناسە‌نتڕاڵە‌كە‌ بە‌هێزە‌، ئە‌گە‌ر هاتو ئە‌و بە‌رپرسانە‌ بە‌ رە‌زامە‌ندی دە‌سە‌ڵاتی ناوە‌ندی دانران ئە‌وا ناسە‌نتڕاڵە‌كە‌ تاڕادە‌یە‌ك بەهێزە‌، بە‌ڵام ئە‌گە‌ر هاتو ئە‌و بە‌رپرسانە‌ لە‌لایە‌ن دە‌سە‌ڵاتی ناوە‌ندییە‌وە‌ دیاریكران ئە‌وا ناسە‌نتڕاڵە‌كە‌ لاوازە‌.
دیاریكردنی سە‌ڵاحیە‌ت: ئە‌گە‌ر سە‌ڵاحیاتی یە‌كە‌ ئیدارییە‌كانی پارێزگاكان لە‌ رێگە‌ی دە‌ستورە‌وە‌ دیاری كرابون ئە‌وە‌ ناسە‌نتڕاڵە‌كە‌ بە‌هێزە‌، ئە‌گە‌ر هاتو ئە‌و سە‌ڵاحییە‌تانە‌ بە‌پێی یاسا دیاری كرابون ئە‌وا ناسە‌نتڕاڵە‌كە‌ تارادە‌یە‌ك بەهێزە‌، بە‌ڵام ئە‌گە‌ر هاتو ئە‌و دیاریكردنە‌ بە‌بڕیارێكی ئیداری بوو ئە‌وا ناسە‌نتڕاڵە‌‌كە‌ لاوازە‌.

-سە‌لاحیە‌تی یاسادانان: ئە‌گە‌ر یە‌كە‌ ئیدارییە‌كانی پارێزگاكان سە‌ڵاحیە‌تی یاسادانانیان لە‌ چە‌ند بوارێكی دیاریكراودا هە‌بوو ئە‌وا ناسە‌نتڕاڵە‌كە‌ بە‌هێزە‌، ئە‌گە‌ر هاتو ئە‌و سە‌ڵاحیە‌تانە‌ لە‌ نێوان دامە‌زراوە‌كانی پارێزگاو ناوە‌ندا بە‌ش بو ئە‌وا تارادە‌یە‌ك بە‌هێزە‌، بە‌ڵام ئە‌گە‌ر هاتو دامە‌زراوە‌كانی پارێزگاكان هیچ سە‌ڵاحیە‌تێكیان نە‌بوو ئە‌وا ناسە‌نتڕاڵ زۆر لاوازە‌.

-سە‌پاندن‌و كۆكردنە‌وە‌ی باج: ئە‌گە‌ر هاتو دامە‌زراوە‌كانی پارێزگاكان لە‌ سنورە‌كانی ئیدارە‌ی خۆیاندا سە‌ڵاحیاتی وە‌رگرتنی هە‌موو جۆرە‌ باجە‌كانی حكومە‌تیان هە‌بوو ئە‌وا ناسە‌نتڕاڵە‌كە‌ بە‌هێزە‌و، ئە‌گە‌ر هاتو تە‌نیا سە‌ڵاحیاتی وە‌رگرتنی باجی سنورە‌كە‌ی خۆیانیان هە‌بوو ئە‌وا ناسە‌نتڕاڵە‌كە‌ تارادە‌یە‌ك بە‌هێزە‌، بە‌ڵام ئە‌گە‌ر هاتو هیچ سە‌ڵاحیاتێكی وە‌رگرتنی باجیان نە‌بو ئە‌وا ناسە‌نتڕاڵە‌كە‌ لاوازە‌.

-سە‌ڵاحیاتی خە‌رجكردن: ئە‌گە‌ر هاتو دامە‌زراوە‌كانی پارێزگاكان سە‌ربە‌خۆیی خە‌رجكردنی بێ مە‌رجیان هە‌بوو ئە‌وا ناسە‌نتڕاڵ بەهێزە‌و، ئە‌گە‌ر سە‌ربە‌خۆیی خە‌رجكردنیان بە‌پێی ئە‌و مە‌رجانە‌ بوو كە‌ دە‌سە‌ڵاتی ناوە‌ندیی بۆیان دادە‌نێ ناسە‌نتڕاڵ تارادە‌یەك بەهێزە‌، بە‌ڵام ئە‌گە‌ر هاتو خە‌رجكردنە‌كە‌ بە‌ رە‌زامە‌ندی دە‌سە‌ڵاتی ناوە‌ندی بوو ئە‌وا ناسە‌نتراڵ لاواز دە‌بێت.

-نوێنە‌رایە‌تیكردنی بە‌رژە‌وە‌ندیی پارێزگاكان لە‌سە‌ر ئاستی نیشتیمانی: ئە‌گە‌ر بە‌رژە‌وە‌ندی پارێزگاكان لە‌سە‌ر ئاستی دامە‌زراوە‌یی بوو، بۆ نمونە‌ لە‌ پە‌رلە‌ماندا، ناسە‌نتڕاڵە‌كە‌ بەهێزە‌، ئە‌گە‌ر هاتوو نوێنە‌رایە‌تیە‌كە‌ لە‌ كە‌سێك یان چە‌ند كە‌سێكدا كۆبوە‌وە‌ ئە‌وا ناسە‌نتڕاڵە‌كە‌ تارادە‌یە‌ك بەهێزە‌ بە‌ڵام ئە‌گە‌ر ئە‌و دوو حاڵە‌تە‌ی سە‌رە‌وە‌ نە‌بوو ئە‌وا ناسە‌نتڕاڵە‌كە‌ لاوازە‌.

دووەم: گە‌شە‌پێدانی ناوچە‌یی
لە‌ دوای جە‌نگی دوە‌می جیهانییە‌وە‌ رۆڵی حكومە‌تە‌كان لە‌ زۆربە‌ی دە‌وڵە‌تانی جیهانی سێ لە‌پێشكە‌شكردنی خزمە‌تگوزارییە‌ بنە‌ڕە‌تییە‌كانی وە‌ك خوێندن‌و تە‌ندروستیی‌و ئاوو كارە‌باو تۆڕە‌كانی گواستنە‌وە‌و گە‌یاندن‌و … هتد زیادیكرد، ئە‌و زۆربونی بە‌رپرسیارێتییە‌ی حكومە‌ت بوە‌ هۆی چڕبونە‌وە‌ی دە‌سە‌ڵاتە‌كانی دروستكردنی بڕیار لە‌ بوارە‌ جیاجیاكاندا لە‌ دە‌ست حكومە‌تی ناوە‌ندییدا، ئە‌م چڕبونە‌وە‌ی دە‌سە‌ڵاتە‌ بوە‌ هۆی خوڵقاندنی چە‌ندین كێشە‌ لە‌ پرۆسە‌ی گە‌شە‌پێدانی ئابووریی‌و كۆمە‌ڵایە‌تییدا، لە‌وانە‌: فراوانبونی جیاوازییە‌ ئابووریی‌و كۆمە‌ڵایە‌تییە‌كانی نێوان هە‌رێم‌و پارێزگاكان‌و قە‌زاكاندا، ئە‌م لاسە‌نگییە‌ وای كرد كە‌ بە‌شێكی زۆری دانیشتوانی ئە‌و ناوچانە‌ بە‌بڕیارو هە‌نگاوە‌كانی حكومە‌تی ناوە‌ندی بۆ گە‌شە‌پێدانی ناوچە‌كانیان قایل نە‌بن، چونكە‌ ئە‌و بڕیارو هە‌نگاوانە‌ی حكومە‌تی ناوە‌ندی لە‌گە‌ڵ پێداویستیی چارە‌سە‌ركردنی كێشە‌و بە‌رژە‌وە‌ندییە‌ هە‌مە‌جۆرە‌كانی دانیشتوانی ئە‌و هە‌رێم‌و پارێزگاو قە‌زایانە‌دا نە‌دەهاتە‌وە‌.

1- لە‌ گە‌شە‌پێدانی وڵاتە‌وە‌ بۆ گە‌شە‌پێدانی هە‌رێم وپارێزگاكان:
لە‌ ماوە‌ی ئە‌م چە‌ند دە‌یە‌ی دواییدا بوارو چە‌مكی گە‌شە‌پێدان پە‌رە‌سە‌ندێكی گە‌ورە‌ی بە‌خۆە‌وە‌ بینیوە‌، لە‌گە‌ڵ زاراوە‌ی گە‌شە‌پێدانی ئابوورییدا، چە‌ندین زاراوە‌ی تر پە‌یدابوە‌، لە‌وانە‌، گە‌شە‌پێدانی كۆمە‌ڵایە‌تی، گە‌شە‌پێدانی مرۆیی، گە‌شە‌پێدانی مرۆیی بە‌ردە‌وام، گە‌شە‌پێدانی ئینسانی، لە‌لایە‌كی تریشە‌وە‌ گوتاری گە‌شە‌پێدانیش بە‌هە‌مان شێوە‌‌ پە‌رە‌ی سە‌ند بە‌ ئاراستە‌ی دیاریكردنی چوارچێوە‌ی گە‌شە‌پێدان، وە‌ك گە‌شە‌پێدانی نیشتیمانی، گە‌شە‌پێدانی ئیقلیمی‌و گە‌شە‌پێدانی ناوچە‌یی، وە‌ك تێبینی دە‌كرێ پە‌رە‌سە‌ندنە‌كان بە‌رە‌و تە‌سككردنە‌وە‌ی چوارچێوە‌ی پرۆسە‌ی گە‌شە‌پێدان دە‌چێت.
تا بە‌ر لە‌ هە‌ڵایسانی جە‌نگی دوە‌می جیهان لە‌ دە‌وڵە‌تانی پیشە‌سازی تا سە‌رە‌تای شە‌ستە‌كان لە‌ زۆرینە‌ی دە‌وڵە‌تانی جیهانی سێ لە‌سە‌ر ئاستی نیشتیمانی باس لە‌‌ مە‌سە‌لە‌ی گە‌شە‌پێدان ‌كرا، بە‌ڵام لە‌ سە‌رە‌تای شە‌ستە‌كان وحە‌فتاكانیشدا بە‌هۆی زیادبونی هە‌ستكردن بە‌ بونی جیاوازی ئیقلیمی‌و ناوچە‌یی، ئە‌و پرسە‌ تە‌واوی دە‌وڵە‌تانی پیشە‌سازیی‌و دە‌وڵە‌تانی جیهانی سێی گرتە‌وە‌، وە‌لێ ئە‌م پرسە‌ لە‌گە‌ڵ سە‌رە‌تای هە‌شتاكاندا خرایە‌ڕوو.
لە‌سە‌رە‌تای هە‌شتاكاندا، ئاراستە‌ی گە‌شە‌پێدان بە‌ئاقاری ناوچە‌ییدا بوو، هە‌موو توێژە‌كانی كۆمە‌ڵ تێیدا بە‌شداریكردو، وە‌ڵامی پێداویستییە‌كانی دانیشتوانی ناوچە‌كە‌ی دە‌دایە‌وە‌، ئە‌مە‌ جگە‌ لە‌وە‌ی چە‌ندین ناوە‌ندی ناوچە‌یی بۆ باشتر بە‌گە‌ڕخستنی دە‌رامە‌تە‌ سروشتیی‌و مرۆییە‌كان كرایە‌وە‌. لە‌گە‌ڵیشیدا، بایە‌خ بە‌ گە‌شە‌پێدانی گوندە‌كان دراو پە‌یكە‌ری ئیداری بە‌ شێویە‌ك گۆڕا بۆ ئە‌وە‌ی ‌لە‌گە‌ڵ ناسە‌نتڕاڵیدا بگونجێ‌و دە‌سە‌ڵاتی فراوانتر بە‌ دامە‌زراوە‌ ئیدارییە‌ ناوخۆییە‌كان درا.
زیاتر لە‌ دوو دە‌یە‌یە‌ رێكخراوە‌ غە‌یرە‌ حكومییە‌كان لە‌ رێگە‌ی بە‌رنامە‌كانی گە‌شە‌پێدانی ناوخۆییە‌وە‌ بۆ جێگیركردنی دانیشتوانی ناوچە‌كان‌و پاراستنی ژینگە‌و رە‌خساندنی بواری لە‌بارو پشتگیریی بە‌رنامە‌كانی حكومە‌تی ناوە‌ندی بۆ بە‌رزكردنە‌وە‌ی ئاستی ناوچە‌ هە‌ژارە‌كان‌و دورە‌ دە‌ستە‌كان، هە‌وڵی چە‌سپاندنی گرنگیی پرۆسە‌ی گە‌شە‌پێدانی ناوچە‌ییان داوە‌. ئە‌و رێكخراوانە‌ بە‌ پشت بە‌ستن بە‌ دیدی نیشتیمانیی‌و هە‌ندێك جاریش بە‌ دیدی دە‌رە‌كی و بە‌شداریپێكردنی دانیشتوانی ناوچە‌كان‌و ئە‌وانە‌ی لە‌و پرۆژانە‌ سودمە‌ند دە‌بن، هە‌وڵی بنیاتنانی بنە‌ماكانی كۆمە‌ڵی مە‌دە‌نی‌و دیموكراتیە‌ت دە‌دەن، بە‌حوكمی پە‌یوە‌ندیی ئە‌و رێكخراوانە‌ بە‌ رێكخراوە‌ نێودە‌وڵە‌تییە‌كانە‌وە‌، دیدو بە‌رنامە‌كانی خۆیان بە‌ پشتبە‌ستن بە‌ تە‌مویل‌و رێنمایی ئە‌و رێكخراوانە‌ جێبە‌جێ بكە‌ن، ئە‌و رێكخراوە غە‌یرە‌ حكومییانە‌ لە‌ رێگە‌ی ئە‌و پرۆژانە‌ی لە‌پارێزگاو ناوچە‌كان دە‌یە‌وێ ئە‌و وڵاتانە‌ (جیهانی سێ) بە‌ تۆڕی جیهانییە‌وە‌ ببە‌ستێتە‌وە‌.

2- چە‌مك‌و ئامانجە‌كانی گە‌شە‌پێدانی ناوخۆیی
گە‌شە‌پێدانی ناوچە‌یی چە‌مكێكی تازە‌ی شێوازی كاركردنی كۆمە‌ڵایە‌تیی‌و ئابوورییە‌ لە‌ ناوچە‌یە‌كی دیاریكراودا، كە‌ لە‌سە‌ر بنە‌ما‌و رێسای زانستی كۆمە‌ڵایە‌تیی‌و ئابووری دامە‌زراوە‌، ئە‌م شێوازە‌ لە‌سە‌ر بنە‌مای ئە‌نجامدانی گۆڕانی ژیاریی لە‌ شێوە‌ی بیركردنە‌وە‌و كاركردن دامە‌زراوە‌، لە‌ رێگە‌ی وروژاندنی هوشیاریی ژینگە‌ی پارێزگاكان‌و ناوچە‌كان، دە‌بێ ئە‌و هوشیارییە‌ لە‌سە‌ر بنە‌مای هاوبە‌شیكردن بێ لە‌ بیركردنە‌وە‌و ئامادە‌كردن‌و جێبە‌جێكردن كە‌ لە‌لایە‌ن ئاستە‌ جیاوازە‌كانی خە‌ڵكانی ئە‌و پارێزگا یان ئە‌و ناوچە‌یە‌وە‌ بێت. هێندێكی تر پێان وایە‌، گە‌شە‌پێدانی ناوچە‌یی بزاوتێكە‌ بە‌ئامانجی باشتركردنی ژیان‌و گوزە‌رانی تە‌واوی كۆمە‌ڵە‌ لە‌سە‌ر بنە‌مای بە‌شداریكردنی ئیجابیانە‌ی ئە‌ندامانی ئە‌و كۆمە‌ڵە‌و ئە‌و دە‌ستپێشخە‌رییانە‌ی دە‌یكە‌ن، ئە‌گە‌ر دە‌ستپێشخە‌رییان نە‌بوو ئە‌وكات پە‌نا دە‌برێتە‌ بە‌ر ئە‌و هۆكارە‌ مە‌نهە‌جیانە‌ بۆ وروژاندن‌و ژیاندنە‌وە‌ی دە‌ستپێشخە‌ری بە‌شێوە‌یە‌ك كە‌ بە‌ پە‌رۆشە‌وە‌ وە‌ڵامی ئە‌و بزاوتە‌ بدە‌نە‌وە‌. واتە‌ گە‌شەپێدانی ناوچە‌یی ئە‌و بزاوتە‌یە‌ كە‌ كە‌رتی گشتیی‌و كە‌رتی تایبە‌تیی‌و رێكخراوە‌كانی كۆمە‌ڵی مە‌دە‌نی پێكە‌وە‌ كار بۆ رە‌خساندنی هە‌ولومە‌رج‌و ژینگە‌یە‌كی لە‌بار بۆ گە‌شە‌كردنی ئابووریی‌و كۆمە‌ڵایە‌تی ناوچە‌كە‌یان‌و بە‌رزكردنە‌وە‌ی ئاستی ژیان‌و گوزە‌رانی هاوڵاتیانیان دە‌كە‌ن. بە‌شێوە‌یە‌كی تر، حكومە‌تی ناوچە‌یی رۆڵێكی بنە‌ڕە‌تی لە‌ رە‌خساندنی هە‌لومە‌رجی گونجاو هە‌یە‌ بۆ سە‌رخستنی چالاكییە‌ ئابووریی‌و كۆمە‌ڵایە‌تی‌و فە‌رهە‌نگییە‌كان‌و خوڵقاندنی دە‌رفە‌تی كار بۆ دانیشتوانە‌كە‌ی، كە‌واتە‌، گە‌شە‌پێدانی ناوچە‌یی بریتییە‌ لە‌و‌ شە‌راكە‌تە‌ی ‌كە ‌لە‌ نێوان حكومە‌تی ناوچە‌كە ‌و كە‌رتی تایبە‌ت‌ و كۆمە‌ڵی مە‌دە‌نی ناوچە‌كە‌ دروست دە‌بێت.

دە‌ركە‌وتنی چە‌مكی گە‌شە‌پێدانی ناوچە‌یی هاوكات بوو لە‌گە‌ڵ بایە‌خدانی زیاتر بە‌ كۆمە‌ڵی ناوچە‌یی بە‌وە‌ی كە‌ هۆكاری هێنانە‌دی گە‌شە‌پێدانی تە‌واوی وڵاتە‌، چونكە‌ بایە‌خی هە‌وڵ‌و بە‌شداریكردنی جە‌ماوە‌ریی لە‌رێگە‌ی هاوبە‌شیكردنی دانیشتوانی پارێزگاو ناوچە‌كان لە‌داڕشتن‌و جێبە‌جێكردنی بە‌رنامە‌كاندا لە‌ هە‌وڵە‌كانی حكومە‌ت كە‌متر نین لە‌ هێنانە‌دی ئامانجە‌كانی پرۆسە‌ی گە‌شە‌پێدان، ئە‌م رە‌وشە‌ش دە‌خوازێ هە‌وڵە‌كانی كۆمە‌ڵی ناوچە‌یی‌و حكومە‌تی ناوە‌ندی تە‌واوكە‌ری یە‌كدی بن بۆ باشتركردن‌و بە‌رزكردنە‌وە‌ی ئاستی ژیانی ئابووریی‌و كۆمە‌ڵایە‌تی‌و رۆشنبیری كۆمە‌ڵی ناوچە‌یی‌و بكرێتە‌ بە‌شێكی تە‌واوكاری پرۆسە‌ی گە‌شە‌پێدانی نیشتیمانی.

پرۆسە‌ی گە‌شە‌پێدانی ناوچە‌یی لە‌و بیرۆكە‌ بنە‌ڕە‌تییە‌وە‌ هە‌نگاوی نا كە‌ ئاراستە‌ی گە‌شە‌پێدانی نیشتیمانی‌و زانیاری‌و پرۆژە‌ تە‌قلیدییەكانی پشتگوێ خستبو، بە‌درێژایی چە‌ندین سە‌دە‌ ئە‌و كۆمە‌ڵە‌ ناوچە‌ییانە‌ بە‌دە‌ستیان هێنابوو، لە‌بە‌ر ئە‌وە‌ ئە‌و زانیاری‌و پرۆژە‌ تە‌قلیدیانە‌ بۆ رێكخراوە‌كانی غە‌یرە‌ حكومیی‌ و نێودە‌وڵە‌تییەكان بونە‌ سە‌رچاوە‌ی كاری گە‌شە‌پێدان، بە‌و ئیعتبارە‌ی كە‌دە‌كرێ پە‌رە‌یان پێ بدرێت، بە‌وە‌ی كە‌ كۆمە‌ڵی مەحە‌لی كۆمە‌ڵێكی داخراو نییە‌، بە‌ڵكو ‌بە‌ردە‌وام لە گۆڕاندایە ‌‌و توانای خۆگونجاندنی لە‌گە‌ڵ هە‌لومە‌رج ‌و گۆڕانكارییە‌ تازە‌كاندا هە‌یە‌. لە‌م روە‌وە‌ دە‌كرێ ئیعتبار بۆ شێوە‌ چارە‌سە‌ركردنە‌ پزیشكییە‌كانی كۆن‌و شێوە‌كانی بە‌كارهێنانی كە‌رە‌ستە‌ی دارستانە‌كان‌و ئاودێران‌و كشتوكاڵی بگە‌ڕێنینە‌وە‌.

گە‌شە‌پێدانی ناوچەیی لە‌سە‌ر دوو خاڵی سە‌رە‌كی دامە‌زراوە‌:
•بە‌شداریپێكردنی خە‌ڵك لە‌ هە‌موو هە‌وڵە‌كانی گە‌شە‌پێداندا، بە‌شداریپێكردنی دانیشتوانی پارێزگا و ناوچە‌كان دە‌بێتە‌ فاكتە‌ری بە‌هێز بۆ باشتر سە‌رخستنی ئە‌و بە‌رنامە‌و پرۆژانە‌ی لە‌ چوارچێوە‌ی پرۆسە‌ی گە‌شە‌پێدانی ناوچە‌كانیان ئە‌نجام دە‌درێت بە‌و ئیعتبارە‌ی كە‌ راستە‌وخۆ پە‌یوە‌ندیی بە‌باشتركردنی ژیان‌و گوزە‌رانی خۆیانە‌وە‌ هە‌یە‌، ئە‌وكات توانای دە‌ستپێشخە‌ریشیان بۆ پە‌رە‌دان بە‌و پرۆژە‌و بە‌رنامانە‌ زیاتر دە‌بێت.

• رە‌خساندنی خزمە‌تگوزاریی بۆ جێبە‌جێكردنی پرۆژە‌كانی گە‌شە‌پێدانی ناوچە‌یی دە‌بێتە‌ هۆی ئەوەی دانیشتوانی پارێزگا و ناوچە‌كان بۆ سە‌رخستنی ئە‌و پرۆسە‌یە‌ پشت بە‌ بە‌شداریكردنی خۆیان ببە‌ستن.

ئامانجە‌كانی پرۆسە‌ی گە‌شە‌پێدانی ناوچە‌یی:
1. پە‌رە‌دان بە‌ ژێرخانی ئابووری وە‌ك ئاوو كارە‌با و گواستنە‌وە و گە‌یاندن‌و سوتە‌مە‌نی، پە‌رە‌سە‌ندنی ئە‌و بوارانە‌ بنە‌مای سە‌رە‌كی پرۆسە‌ی گە‌شە‌پێدان‌و پە‌رە‌پێدانی كۆمە‌ڵێ ناوچە‌یین.

2. زیادكردنی هاوكاریی‌ و بە‌شداری پێكردنی دانیشتوان لە‌ داڕشتنی بە‌رنامە‌كان‌ و جێبە‌جێكردنیدا، هاووڵاتیان لە‌و حاڵە‌تی لاموبالاتە‌ دە‌گۆڕی بۆ كە‌سێكی ئە‌كتیڤ‌ و بە‌شدار لە‌ پرۆسە‌ی بنیاتنانی هە‌رێم ‌و پارێزگاكە‌ی خۆیدا.

3. لە‌بە‌ر ئە‌وە‌ی دانیشتوانی ناوچە‌كە‌ بە‌شێكن لە‌ داڕێژە‌رو جێبە‌جێكاری ئە‌و پرۆسە‌یە‌ بە‌ هە‌موو شێویە‌ك پارێزگاریی‌و هە‌وڵی سە‌رخستنی بە‌رنامە‌كە‌ دە‌دە‌ن.
كە‌واتە‌ گە‌شە‌پێدانی ناوچە‌یی پرنسیپی بە‌شداریپێكردنی دانیشتوانی هە‌رێم‌ و پارێزگاكان لە‌ دروستكردنی بڕیار و جێبە‌جێكردنی بە‌ئامانجی هێنانە‌دی دیموكراتیە‌تی گە‌شە‌پێدانی ناوچە‌یی دە‌چە‌سپێنێت. لە‌بە‌ر ئە‌وە‌ روانگە‌ی گە‌شە‌پێدانی ناوچە‌یی پرنسیپی لە ‌خوارە‌وە‌ بیناكردن پیادە‌ دە‌كات. واتە‌ گە‌شە‌دان بە‌ كۆمە‌ڵە‌ ناوچە‌ییەكان خاڵی سە‌رە‌كی گە‌شە‌پێدانی تە‌واوی كۆمە‌ڵ دە‌بێت. كە‌واتە‌ ناسەنتراڵی چۆن دە‌توانی ئە‌و ئامانجە‌ بپێكێت؟.

سێهەم: رۆڵی ناسەنتراڵی لە‌ گە‌شە‌پێدانی كۆمە‌ڵی ناوچە‌ییدا:
هە‌روە‌ك پێشتر ئاماژە‌ی بۆ كرا، ناسە‌نتڕاڵ ئە‌و حاڵە‌تە‌یە‌ كە‌ مافی بە‌شداریپێكردنی هە‌رێم‌ و پارێزگاكان لە‌ دروستكردنی بڕیاردا دە‌رە‌خسێنێت، بە‌بێ سڕینە‌وە‌ی مافی ناوە‌ند لە‌ بڕیارداندا، كە‌واتە‌ ناسە‌نتڕاڵی، شێوازیكی كاركردنە‌ كە‌ لە‌سە‌ر بنە‌مای دابە‌شكردنی دە‌سە‌ڵاتی دروستكردنی بڕیارو سە‌ڵاحیاتی نێوان دە‌سە‌ڵاتی ناوە‌ندیی‌و دە‌سە‌ڵاتی هە‌رێم‌و پارێزگاكان دامە‌زراوە‌. بە‌شێوە‌یە‌كی تر، ناسە‌نتڕاڵی ئیداری ئە‌كتیڤ كردنی رۆڵی دە‌سە‌ڵاتی هە‌رێم‌ و پارێزگاكانە‌ لە‌ رێگە‌ی پێدانی ئە‌ركی ئیدارە‌دانی پرۆسە‌ی گە‌شە‌پێدانی ناوچە‌كانیان‌ ، هە‌روە‌ها دە‌بێتە هۆی زیادبونی رۆڵیان لە‌ گرتنە‌ ئە‌ستۆی بە‌رپرسیارێتیی‌و سە‌ڵاحیە‌تە‌كان بە‌ جۆرێك كە‌ ببێتە‌ هۆی بە‌شداریپێكردنی خە‌ڵكی لە‌ پرۆسە‌ی گە‌شە‌پێدانی ناوچە‌كە‌یان كە‌ دە‌بێتە‌ فاكتە‌ری سە‌ركە‌وتنی ئە‌و پرۆسە‌یە‌ بە‌ شێوە‌یە‌كی باشتر.

1) ناسە‌نتڕاڵی چوارچێوە‌یە‌كی گونجاوە‌ بۆ پلاندانان‌و جێبە‌جێكردنی پرۆسە‌ی گە‌شە‌پێدان.
لایە‌نی ئیداری لە‌ پرۆسە‌ی ئامادە‌كردن‌و جێبە‌جیكردن‌و چاودێریكردنی پلانی گە‌شە‌پێدان بە‌گشتیی‌ و گە‌شە‌پێدانی ناوچە‌یی، مە‌سە‌لە‌یە‌كی زۆر بنە‌ڕە‌تی‌و زە‌رورییە‌ بۆ پێكانی ئامانجە‌كانی ئە‌و پلان‌و پرۆسە‌ی گە‌شە‌پێدانە‌، چونكە‌ بە‌شێكی گە‌ورە‌ی شكستی پلانە‌كان‌و پرۆسە‌كانی گە‌شە‌پێدان لە‌ چە‌ندین وڵاتی جیهان بە‌تایبە‌تیش لە‌ لادێكانیاندا، بۆ ئە‌و شێوازە‌ ئیدارییانە‌ی لە‌ ئیدارە‌دانی پلان‌و جێبە‌جێكردنی پرۆسە‌ی گە‌شە‌پێداندا پە‌یڕە‌و دە‌كرا نە‌ك بۆ كە‌موكورتی ناوە‌رۆكی خودی پلان‌و پرۆسە‌كە‌.

ئیدارە‌ گرنگیی پلانی ناوە‌ندی بە‌ بە‌راورد بە‌پلانی كە‌رتە‌كان بە‌شێوە‌یە‌كی بە‌رچاو دە‌ردە‌خات و تاكە‌ هۆكارە‌ كە‌ دە‌كرێ لێوە‌ی ئامانجە‌ كە‌رتییە‌كان (القگاعیه‌) بخاتە‌ نێو چوارچێوە‌یە‌كی گشتییە‌وە‌ بۆ ئە‌وە‌ی وە‌ك ستراتیجێكی گە‌شە‌پێدانی ناوچە‌یی رێگە‌ بە ‌بە‌شداری پێكردنی هاوڵاتیانی ناوچە‌كە‌ بدات، بە‌ مە‌رجێك تە‌واوكاریی نێوان دامە‌زراوە‌و‌ دە‌ستە‌ دیاریكراوە‌كان لە‌ ئامادە‌كردن‌و جێبە‌جێكردنی پلانی گە‌شە‌پێدانی ناوچە‌ییدا زامن بكات. لە‌بە‌ر ئە‌وە‌ دە‌بێ داڕێژە‌رانی پلانی فە‌رمی لە‌ هە‌رێم‌و پارێزگاكان ئە‌و دە‌سە‌ڵات‌و كە‌فائە‌تە‌ ئیدارییەیان هە‌بێت بۆ ئە‌وە‌ی بتوانن بە‌باشترین شێواز ئە‌ركە‌كانی خۆیان بە‌جێ بهێنن.

پرۆسە‌ی پلاندانان لە‌ سایە‌ی ئیدارە‌ی لامە‌ركە‌زییدا دە‌بێ بایە‌خ بە‌ رۆڵی هاووڵاتیان‌و ئە‌وانە‌ی لە‌و پلانە‌ دە‌بنە‌ ئامانج لە‌ دانان‌و جێبە‌جێكردنی پلانە‌كە‌دا بدات، ئە‌م جۆرە‌ پلاندانانە‌ پێی دە‌گوترێت پلاندانان لە‌ ئاسە‌تە‌كانی خوارە‌وە‌، داڕشتنی پلان‌و بنیاتنان لە‌ ئاستە‌كانی خوارە‌وە‌ یە‌ك لە‌ پڕەنسیپە‌ سە‌رە‌كییە‌كانی گە‌شە‌پێدانی سە‌ركە‌وتو دە‌ستە‌بە‌ر دە‌كات كە‌ پتە‌وكردنی ئازادییە‌، بە‌ڵام نە‌ك تە‌نیا بە‌ چە‌مكە‌ سیاسییە‌كە‌ی بە‌ڵكو بە‌ چە‌مكی ئینسانی دە‌رفە‌تی گە‌ورە‌كردنی تواناكانی مرۆڤ لە‌ هە‌ڵبژاردندا زیاتر دە‌كات.

پلاندانان لە‌ ئاستە‌كانی خوارە‌وە‌ باشتر دە‌توانێ ئامانجە‌كانی گە‌شە‌پێدانی ناوچە‌یی دیاری بكات كە‌ رە‌نگدانە‌وە‌ی تایبە‌تمە‌ندیی ئە‌و ناوچە‌یە‌ دیاری دە‌كات كە‌ پلانە‌كە‌ی بۆ دادە‌نرێت، دە‌بێ دان بە‌وە‌دا بنرێت كە‌ بە‌ردە‌وام جیاوازی زۆر لە‌ نێوان ئامانجە‌كانی ئە‌و پلانە‌ی بۆ گە‌شە‌پێدانی ناوچە‌یی كە‌ لە‌لایە‌ن دە‌ستە‌و دامە‌زراوە‌كانی ناوچە‌ییە‌وە‌ دادە‌نرێن‌و ئە‌و ئامانجانە‌ی كە‌ دە‌ستە‌و دامە‌زراوە‌كانی ناوە‌ند بۆ گە‌شە‌پێدانی ناوچە‌یی دایدە‌نێت، دە‌بێ ئە‌وە‌ی یە‌كە‌م تە‌واوكاری دوە‌م بێ‌و نابێ پێچە‌وانە‌و لە‌گە‌ڵ دوە‌مدا نە‌یە‌تە‌وە‌.

باش جێبە‌جێكردنی ئیدارە‌ی لامە‌ركە‌زی لە‌ بوارە‌كانی پلاندانان‌و پرۆسە‌ی گە‌شە‌پێدانی ناوچە‌ییدا، هە‌نگاوێكی ئیجابیانە‌یە‌ بۆ ئە‌وە‌ی بە‌رنامە‌كانی گە‌شە‌پێدانی ناوچە‌یی لە‌گە‌ڵ پێداویستیی‌و خواستە‌كانی دانیشتوانی ئە‌و هە‌رێمە‌دا بێتە‌وە‌، بە‌ حوكمی ئە‌وە‌ی دانیشتوانی ئە‌و هە‌رێمە‌ یان ئە‌و پارێزگایە‌ لە‌ پرۆسە‌ی ئامادە‌كردن‌و جێبە‌جێكردنی پلانی گە‌شە‌پێدانی ناوچە‌كانیاندا بە‌شدارییان كردوە‌، ئە‌م هە‌نگاوە‌ دە‌رفە‌تێكی گونجاوو لە‌بار بۆ سە‌ركە‌وتنی پلانە‌كانی گە‌شە‌پێدانی نیشتیمانی دە‌ڕە‌خسێنێ بۆ ئە‌وە‌ی بە‌ هاوسە‌نگی ئامانجە‌كانی خۆی بە‌دیبهێنێت و ژیانێكی بە‌ختە‌وە‌ر بۆ دانیشتوانی هە‌موو هە‌رێم‌و پارێزگاكانی ناو وڵات زامن بكات، لە‌لایە‌كی ترە‌وە‌ ئە‌م سە‌ركە‌وتنە‌ دە‌بێتە‌ خوڵقێنە‌ری هاوسە‌نگیی ناوچە‌یی‌و جیاوازییە‌ ئابووریی‌و كۆمە‌ڵایە‌تییە‌كانی نێوانیان كە‌م دە‌كاتە‌وە‌، ئە‌م سە‌ركە‌وتنە‌ش بە‌ندە‌ بە‌وە‌ی كە‌ تاچە‌ند دە‌سە‌ڵاتی دروستكردنی بڕیار لە‌ نێوان ناوە‌ندو هە‌رێم‌و پارێزگاكاندا بە‌ش دە‌كرێت، ئە‌مە‌ش لە‌ سۆنگە‌ی ئە‌وە‌ی كە‌ دابە‌شكردنی سە‌رمایە‌گوزاریی‌و دە‌رامە‌تە‌كانی ناو وڵات پە‌یوە‌ندییە‌كی پتە‌وی لە‌گە‌ڵ دابە‌شكردنی دە‌سە‌ڵاتی دروستكردنی بڕیاردا هە‌یە‌.

2) ناسەنتراڵیی‌و فراوانكردنی ئە‌گە‌ری بە‌شداریپێكردن‌و دیموكراتیە‌تی هە‌رێم‌و پارێزگاكان:
زۆرێك لە‌ شارەزایانی یاسایی ئیداریی پێیان وایە‌ كە‌ ناسنتراڵی تە‌نیا شێوازێكی ئیداری نییە‌، بە‌ڵكو شێوە‌یە‌كە‌ لە‌شێوە‌كانی دە‌سە‌ڵات، بە‌و‌ ئیعتبارە‌ی كە‌ پە‌یوە‌ندییە‌كی توندوتۆڵی لە‌گە‌ڵ شێوازی حوكمڕانیی ‌و ئاستی چڕبوونی دە‌سە‌ڵات‌ و شێوازی ئە‌و پە‌یوە‌ندییانە‌ی كە‌ لە‌نێوان دە‌وڵە‌ت ‌و كۆمە‌ڵدا هە‌یە‌.

پیادە‌كردنی ئیدارە‌ی ناسە‌نتڕاڵ ئیدارە‌ی حوكمڕانیی باشتر دە‌كا لە‌رێگە‌ی جە‌ختكردنە ‌سە‌ر لێپێچینە‌وە‌و بە‌شداریپێكردن‌و شە‌فافیە‌تە‌وە‌، ئە‌مە‌یش وای كرد زۆرێك لە‌ دە‌وڵە‌تانی دنیای سێ بۆ بنیاتنانی توانا ئیداریی‌و دامە‌زراوە‌كانی ئە‌م سستمە‌ پە‌یڕە‌وی بكە‌ن . بە‌رنامە‌ی گە‌شە‌پێدانی نە‌تە‌وە‌ یە‌كگرتوە‌كان دوپاتی دە‌كاتە‌وە‌ كە‌ ئیدارە‌ی حوكمڕانی باش بە‌شداریكردنی دە‌وڵە‌ت‌و رێكخراوە‌كانی كۆمە‌ڵی مە‌دە‌نی‌و كە‌رتی تایبە‌تی پێوستن، لە‌بە‌ر ئە‌وە‌ی بە‌بێ بە‌شداریپێكردنی ئاستە‌كانی خوارە‌وە‌ بۆ ئاستە‌كانی سە‌رە‌وە‌ دامە‌زراوە‌كانی حوكمی ناوچە‌یی ناتوانێ سە‌ركە‌وتن بە‌دە‌ست بهێنێت لە‌ دوبارە‌ ئیدارە‌دانی خزمە‌تگوزارییە‌ گشتییە‌كان‌و ئامانجە‌كانی پرۆسە‌ی گە‌شە‌پێدانی ناوچە‌یی بپێكێت.

چە‌ند سنوری جوگرافی كۆمە‌ڵ بچوكتر بوو، توانای بە‌شداریكردنی دانیشتوان ئە‌كتیڤتر دە‌بێ‌و ئە‌گە‌ری پشتگوێخستنی هە‌رێم‌و پارێزگاكان دە‌رئە‌نجامی زاڵبونی ناوە‌ند كە‌متر دە‌بێتە‌وە‌، ئە‌مە‌ش یە‌كێكە‌ لە‌ نە‌خۆشییە‌كانی پرۆسە‌ی حوكمڕانی لە ‌چە‌شنی وڵاتە‌كە‌ی خۆمان. ئیدارە‌ی ناسە‌نتڕاڵیی دە‌رفە‌تی زیاتر بۆ بە‌شداریپێكردنی دانیشتوان‌و هاوبە‌شیكردنیان لە‌ پرۆسە‌ی دروستكردنی بڕیار دە‌ڕە‌خسێنێت.
لە‌ سستمی حوكمی دیموكراتییدا ئیدارە‌ی هە‌رێم‌و پارێزگاكان دە‌بێتە‌ گۆڕە‌پانێك بۆ دە‌ركە‌وتنی تواناكانی بە‌شداریكردن‌و هاوبە‌شیكردن لە‌ بوارە‌ جیاجیاكانی حوكمڕانییداو، ئە‌و كە‌سانە‌ش دە‌ردە‌كە‌ون كە‌ توانای بە‌شداریكردنیان لە‌ ئیدارە‌ی ناوە‌ندیدا هە‌یە‌، پرۆسە‌ی دروستكردنی بڕیار لە‌ هە‌رێم‌و پارێزگاكان بە‌ حوكمی بە‌شداریپێكردنی دانیشتوانی ناوچە‌كە‌ لە‌و پرۆسە‌یە‌دا، وە‌ك رە‌هە‌ندێكی دیموكراتیە‌تی ناوچە‌یی تە‌ماشا دە‌كرێ‌و ، بە‌یە‌ك لە‌ ئاماژە‌ بنە‌ڕە‌تییە‌كانی سامپڵی حوكمی باش دادە‌نرێت .

بیرۆكە‌ی سە‌رە‌كی ناسە‌نتراڵ لە‌وە‌دا كۆبۆتە‌وە‌ كە‌ دە‌بێ بڕیارە‌كان تا بكرێ لە‌و دە‌سە‌ڵاتانە‌وە‌ دە‌ربكرێ كە‌ زیاتر لە‌ خە‌ڵكییە‌وە‌ نزیكن، بە‌وە‌ی كە‌ دانیشتوانی ئە‌و ناوچە‌ دیاریكراوانە‌ ماف‌و بە‌رپرسیارێتی بڕیاردانیان هە‌یە‌ سە‌بارە‌ت بە‌‌و پرسانە‌ی كە‌ راستە‌وخۆ كاریگە‌رییان لە‌سە‌ریان هە‌یە‌ و دە‌توانن بڕیاری لە‌سە‌ر بددە‌ن.

دامە‌زراوە‌كانی حوكمی ناوچە‌یی دە‌توانێ زیاتر خۆی لە‌گە‌ڵ هە‌لومە‌رج‌و رە‌وشی هە‌رێم‌و پارێزگاكاندا بگونجێنێ‌و ئە‌كتیڤتر كارە‌كانی بە‌ڕێوە ‌ببات، بە‌رێوە‌بە‌رانی ئیدارە‌ی هە‌رێم‌و پارێزگاكان دە‌توانن بوارێكی فراوانتر‌و ئاسانتر بۆ خزمە‌تكردنی دانیشتوانی ناوچە‌كانی خۆیان بڕە‌خسێنن‌و، لە‌بە‌رامبە‌ریشدا ئە‌وان بە‌ئاسانی دە‌گە‌نە‌ دامە‌زراوە‌كانیان‌و لە‌ كێشە‌و داخوازییە‌كانی خۆیان ئاگاداریان دە‌كە‌نە‌وە‌.

شارە‌وانییە‌كان باشترین دامە‌زراوە‌یە‌ كە‌ پرۆسە‌ی هاوكاریی‌و هاریكاریكردن بە‌رجە‌ستە‌ دە‌كات، هە‌ر لە‌پە‌یوە‌ندیی راستە‌وخۆی بە‌ خە‌ڵكی‌و بە‌ رێكخراوە‌كانی كۆمە‌ڵی مە‌دە‌نی‌و حزبە‌ سیاسییە‌كانە‌وە‌، لە‌چوارچێوە‌یە‌كدا كە‌ لە‌یە‌ك كاتدا زامنی دیموكراتیە‌ت‌و بە‌شداریكردن دە‌كات. بە‌شداریكردنی خە‌ڵك بۆ لێپێچینە‌وە‌ لە‌ دامە‌زراوە‌كانی هە‌رێم‌و پارێزگاكان‌و وە‌ڵامدانە‌وە‌ی پێداویستییە‌كانی كۆمە‌ڵی مە‌دە‌نی زە‌رورە‌.
پیادە‌كردنی ئیدارە‌ی ناسە‌نتڕاڵ ناتوانێ چارە‌سە‌ری هە‌موو كێشە‌كانی پرۆسە‌ی گە‌شە‌پێدانی هە‌رێم‌و پارێزگاكان بكات، بە‌ڵكو روبە‌ڕوی كۆمە‌ڵێك تە‌حدیات دە‌بێتە‌وە‌.

3) ئاستە‌نگە‌كانی جێبە‌جێكردنی سیاسە‌تی ناسە‌نتڕاڵ:
ناسە‌نتڕاڵ بە‌تە‌نیا ناتوانێ ئیدارە‌یە‌كی باش زامن بكات، ئە‌گە‌ر هاتوو بە‌شێوازێكی باش‌و گونجاو جێبە‌جێ نە‌كرێ لە‌ڕری ئە‌وە‌ی ئیجابی بێ زیانی زیاتر دە‌بێت، لە‌بە‌ر ئە‌وە‌ بۆ زامنكردنی ئە‌كتیڤ بوونی دامە‌زراوە‌كان و پارێزگاكان دە‌بێ سیاسە‌تی ناسە‌نتڕاڵ بە‌ وردی جێبە‌جێ بكرێت.

هێندێك جار ناسە‌نتڕاڵ گونجاو نییە‌ و دە‌بێتە‌ هۆی لاوازكردنی جۆری ئیدارە‌ی حوكمڕانی، لە‌ دە‌وڵە‌تە‌ بچوكە‌كاندا، لە‌بڕی دروستكردنی چە‌ند پە‌یكە‌رێكی ئیداری سە‌ربە‌خۆ، حوكمی سە‌نتڕاڵی لە‌رێگە‌ی هە‌ماهە‌نگیی كاری حكومە‌تی سە‌نتڕاڵی ئە‌كتیڤتر دە‌بێت، رە‌نگە‌ ناسە‌نتڕاڵی زیان لە‌ قە‌بارە‌ی داهاتە‌كان بدات‌ و ناجێگیری لە‌سە‌ر ئاستی ئابووریی هە‌موە‌كی بخوڵقێنێت. هە‌روە‌ها ناسە‌نتڕاڵی باج، داهاتە‌ سە‌نتڕاڵە‌كان دادە‌چۆڕێ كاتێك كە‌ حكومە‌تی سە‌نتڕاڵی نە‌توانێت خە‌رجییە‌ گشتییە‌كانی خۆی رێك بخات. رە‌نگە‌ ئیدارە‌ ناوچە‌ییە‌كان وە‌ك حكومە‌تی سە‌نتڕاڵی خاوە‌ن ئە‌زمون نە‌بێ‌ و كە‌سانی شارە‌زا و پسپۆری لە‌ بوارە‌ جیاجیاكاندا نە‌بێت.
هە‌ندێك جاریش جێبە‌جێكردنی ناسە‌نتڕاڵی بە‌بێ رە‌چاوكردنی وردی ناسە‌نتڕاڵی باج دە‌بێتە‌ هۆی لە‌باربردنی هە‌وڵە‌كانی چاكسازی، بە‌بێ كۆنترۆڵكردنی داهات‌و بودجە‌ی پارێزگاكان لە‌لایە‌ن دامە‌زراوە‌كانی حوكمڕانی ناوچە‌ییە‌وە‌ ناتوانن بە‌سە‌ربە‌خۆیی كارە‌كانی خۆیان ئە‌نجام بدە‌ن، چونكە‌ داهاتە‌كانی پارێزگا توانایە‌كی دارایی دە‌خوڵقێنێ كە‌ دە‌كرێ دوبارە‌ بۆ بە‌رنامە‌كانی پە‌رە‌پێدانی ‌ژێرخانی ئابووریی‌و كە‌رتە‌ بە‌رهە‌مهێن‌و خزمە‌تگوزارییە‌كان خە‌رج بكرێتە‌وە‌.

مە‌رج نییە‌ ناسە‌نتڕاڵ لە‌ هە‌موو وڵاتانی دنیادا سە‌ركە‌وتن بە‌دە‌ستبهێنێ، رادە‌ی سە‌ركە‌وتن‌ و شكستهێنانی گرتنە‌بە‌ری بە‌ندە‌ بە‌وە‌ی كە‌ تا چە‌ند بە‌رپرسانی بە‌ڕێوە‌بردنی ئە‌و سستمە‌ دە‌توانن پێداویستی‌و خواستە‌كانی دانیشتوانی سنوری دە‌سە‌ڵاتە‌كانیان دابین بكە‌ن‌ و لە‌لایە‌كی تریشە‌وە‌ تاچە‌ند دە‌توانن دانیشتوان لە‌ پرۆسە‌ی دروستكردنی بڕیار‌و داڕشتنی پلان‌و بە‌رنامە‌و جێبە‌جێكردن‌و چاودێریكردن‌و لێپێچینە‌وە‌دا بە‌شداری پێ بكە‌ن‌و رۆڵێكی دیارو بە‌رچاو بە‌ رێكخراوە‌كانی كۆمە‌ڵی مە‌دە‌نیی‌و میدیاكان بدە‌ن بۆ ئە‌وە‌ی بە‌دواداچون بۆ كاروباری ئیدارە‌ی ناسە‌نتڕاڵ بكە‌ن.

چوارەم: ناسە‌نتراڵی لە‌ عیراق و هە‌رێمی كوردستان
دە‌وڵە‌تی عیراق لە‌ دامە‌زراندنیە‌وە‌ تا ئێستا چە‌ندین جۆری حوكمرانی بە‌خۆوە‌ بینیوە‌، هە‌موو ئە‌و جۆرە حوكمرانیانە‌ پیادە‌ی ناسە‌نتراڵییان كردووە‌، هە‌ندێك لە‌ دە‌ستورە‌كانی عیراق بۆ بە‌ڕێوە‌بردنی كاروباری وڵات باسیان لە‌ حوكمی ناسە‌نتراڵی كردوە‌(دە‌ستوری 1968‌و، دە‌ستوری 1970). بە‌ڵام ئە‌و دە‌قانە‌ تە‌نیا مە‌رە‌كە‌بی سە‌ر كاغە‌ز بون ‌و بە‌هیچ جۆرێك كاریان پێ نە‌كرا. دوای پرۆسە‌ی رزگاركردنی عیراق لە‌لایە‌ن ئە‌مریكاوە‌، سستمی حوكمڕانی بۆ ناسە‌نتراڵی ئیداری گۆڕاو سە‌ڵاحیات بە‌ هە‌رێم‌و ئە‌و پارێزگایانە‌ی كە‌ لە‌ناو هە‌رێمدا نین درا (دە‌ستوری 2005).

لە‌ عیراق، چە‌ندین یاساو تە‌شریعات بۆ چۆنیە‌تی بە‌ڕێوە‌بردنی عیراق دە‌رچوونە‌، كە‌ بۆ ئیدارە‌دانی یە‌كە‌ ئیدارییە‌كانی وە‌ك (پارێزگا، قە‌زا، ناحیە‌، گوند) دووپاتی پە‌یڕە‌وكردنی ناسە‌نتڕاڵی دە‌كاتە‌وە‌، لێردە‌دا هە‌وڵدە‌دە‌ین، بیانخە‌ینە‌ روو:

یاسای پارێزگاكانی ژمارە‌ 159ی ساڵی 1969
یاسای پارێزگاكان هە‌ر لە‌ دە‌رچونییە‌وە‌ تاوە‌كو ساڵی 2003 لە‌ عیراق كاری پێكرا، ئامانجی سە‌رە‌كی ئە‌و یاسایە‌ گرتنە‌بە‌ری ناسە‌نتڕاڵی ئیداری بوە‌ لە‌ هە‌ندێك بواردا كە‌ حكومە‌تی ناوە‌ندی بە‌و یە‌كە‌ ئیداریانە‌ی دە‌سپێردرێت كە‌ بە‌پێی ئە‌و یاسایە‌ پێكدە‌هێنرێن، بە‌پێی ئە‌و یاسایە‌ دە‌ستە‌‌یە‌ك بۆ دابە‌شكردنی ئە‌ركە‌كان بە‌سە‌ر ئیدارە‌ ناوچە‌ییە‌كاندا پێكهێنرا، كاری ئە‌و دە‌ستە‌یە‌‌ پێدانی سە‌لاحیات بوو بە‌ ئە‌نجومە‌نی ئە‌و یە‌كە‌ ئیدارییانە‌، ئە‌و دە‌ستە‌یە‌ ناوی (دە‌ستە‌ی باڵای ئیدارە‌ی ناوچە‌كان) بوو.

دە‌ستوری كاتی عیراق ساڵی 1970
هە‌ندێك لە‌ بڕگە‌كانی ئە‌م دە‌ستورە لە‌پێناو هێنانە‌دی ئامانجە‌كانی گە‌شە‌پێدان‌و پێشكە‌وتنی وڵاتدا پێداگری لە‌سە‌ر پە‌یڕە‌وكردنی سستمی ناسە‌نتڕاڵی دە‌كات، بە‌شی یە‌كە‌می دە‌ستور لە‌ مادە‌ی (8 – ب) دا هاتوە‌ (كۆماری عیراق بە‌سە‌ر چە‌ند یە‌كە‌یە‌كی ئیداریدا دابە‌ش بوە‌و، لە‌سە‌ر بنە‌مای ناسە‌نتراڵی رێكدە‌خرێن)و مادە‌ی (13)یشی دە‌ڵێ (سامانە‌ سروشتییە‌كانی وڵات، راستە‌وخۆ لە‌لایە‌ن حكومە‌تی ناوە‌ندییە‌وە‌ بە‌پلانی گشتیی‌و بە‌پێی پێداویستییە‌كانی ئابووریی نیشتیمانی بە‌گە‌ڕ دە‌خرێن)، ئە‌م بڕگە‌یە‌ بە‌رونی ئە‌وە‌ دە‌ردە‌خات كە‌ حكومە‌تی ناوە‌ندی پرۆسە‌ی بە‌گە‌ڕخستنی سامانی سروشتی لە‌ دە‌ست خۆیدا هێشتۆتە‌وە‌ بۆ ئە‌وە‌ی تە‌واوی داهاتە‌كان لای خۆی گلبداتە‌وە‌و یە‌كە‌ ئیدارییە‌كانی وڵات لە‌ پرۆسە‌ی وە‌بە‌رهێنان‌و پلاندانانیش بێبە‌ش بكات. لە‌مە‌وە‌ دە‌ردە‌كە‌وێ، كە‌ لە‌گە‌ڵ ئە‌وە‌ی دە‌ستوری عیراق باس لە‌ ناسە‌نتڕاڵی دە‌كات بە‌ڵام لە‌ هە‌مان كاتدا تە‌واوی دە‌سە‌ڵاتە‌كانی لای ناوە‌ند هێشتۆتە‌وە‌.

یاسای ئیدارە‌ی دە‌وڵە‌تی عیراق بۆ قۆناغی گواستنە‌وە‌ 2003
یاسای ئیدارە‌ی دە‌وڵە‌تی عیراق لە‌ 31-12-2003 ئیقرار كرا، ئە‌م یاسایە‌ تا ئە‌وكاتە‌ بڕ دە‌كات كە‌ لە‌ سایە‌ی دە‌ستورێكی هە‌میشە‌ییدا حكومە‌تێكی نیشتیمانیی هە‌ڵبژێردراو پێكبهێنرێت، چە‌ندین مادە‌ی ئە‌م یاسایە‌ بۆ بە‌ڕێوە‌بردنی كاروباری وڵات پێ لە‌سە‌ر سستمی ناسە‌نتڕاڵی دادە‌گرێت. لە‌وانە ‌(سستمی حوكمڕانی لە‌ عیراق كۆماری، یە‌كێتیی فیدراڵی، دیموكراتیی فرە‌یی، دە‌سە‌ڵات لە‌ نێوان حكومە‌تی فیدراڵی‌و حكومە‌تە‌ ئیقلیمیی‌و پارێزگاو شارە‌وانیی‌و یە‌كە‌ ناوچە‌ییە‌كاندا دابە‌ش دە‌كرێت).

(بە‌ گوزارشت لە‌ سە‌رە‌وریی عیراق‌و ئیرادە‌ ئازادە‌كە‌ی، نوێنە‌رە‌كانی هە‌ڵدە‌ستن بە‌ پێكهێنانی پە‌یكە‌ری حكومە‌تەكانی دە‌وڵە‌تی عیراق. دە‌بێ حكومە‌تی ئینتقالی عیراق‌و حكومە‌تكانی هە‌رێم‌و پارێزگاكان‌و شارە‌وانییە‌كان‌و ئیدارە‌ ناوچە‌ییە‌كان رێز لە‌ مافە‌كانی گە‌لی عێراق بگرن). هە‌روە‌ها بڕگە‌ی (ج) مادە‌ی (14) دە‌ڵێ (…..، یە‌كە‌كانی هە‌رێمە‌كان ‌و ئیدارە‌ی پارێزگاكان بە‌ هە‌رێمی كوردستانیشە‌وە‌ لە‌سە‌ر بنە‌مای ناسە‌نتراڵی رێكدە‌خرێن‌ و دە‌سە‌ڵات بە‌ ئیدارە‌ شارە‌وانی ‌و ناوچە‌ییە‌كان دە‌درێن).

فە‌رمانی دە‌سە‌ڵاتی ئیتلاف ژمارە‌ 71 ساڵی 2004 (دە‌سە‌ڵاتی ناوچە‌یی)
دە‌سە‌ڵاتی ئیتلاف دوپاتی كردە‌وە‌ كە‌ سستمی حوكمرانی لە‌ عیراق سستمێكی كۆماریی، فیدراڵیی، دیموكراتی‌ و فرە‌ییە‌و، دە‌سە‌ڵات لە‌ نێوان حكومە‌تە‌ فیدرالیی‌ و پارێزگا و شارە‌وانیی‌ و ئیدارە‌ ناوچە‌ییە‌كان بە‌ش دە‌كرێت، هە‌رێم‌ و پارێزگاكان لە‌سە‌ر بنە‌مای ناسە‌نتڕاڵی رێكدە‌خرێن ‌و دە‌سە‌ڵات بۆ حكومە‌تە‌ ناوچە‌یی ‌و شارە‌وانییە‌كان تە‌فویز دە‌كرێت.
هە‌روە‌ها ئە‌و یاسایە‌ دوپاتی دە‌كاتە‌وە‌ كە‌ هە‌رێم‌و پارێزگاكان بۆیان هە‌یە‌ ئە‌نجومە‌نە‌كانی خۆیان پێكبهێنن‌و پارێزگار بۆ خۆیان هە‌ڵبژێرن، دە‌سە‌ڵاتی سە‌پاندنی باج‌و وە‌رگرتنی‌و پاراستنی‌و ئیدارە‌دانیی‌و خە‌رجكردنی باج‌و رە‌سمە‌كانیان هە‌یە‌.

دە‌ستوری عیراق ساڵی 2005
لە‌ مادە‌ی (116) دا هاتوە‌، (سستمی فیدراڵی كۆماری عیراق لە‌ پایتە‌خت‌ و هە‌رێم‌ و پارێزگای ناسە‌نتراڵی ‌و ئیدارە‌ی ناوچە‌یی پێكدێت). ئە‌و دە‌قە‌ی سە‌رە‌وە‌ سستمی ناسە‌نتراڵی بۆ بە‌ڕێوە‌بردنی كاروبای عیراق دوپات دە‌كاتە‌وە‌و سە‌لاحیاتی زیاتر بە‌و هە‌رێم‌و پارێزگایانە‌ دە‌دات كە‌ لە‌ هە‌رێمێكدا كۆنە‌بونە‌تە‌وە‌، هە‌روە‌ها حكومە‌تی ناوە‌ندی دە‌بێ دە‌ستبە‌رداری هە‌ندێك لە‌سە‌لاحیە‌تە‌كانی خۆی بۆ ئە‌و یە‌كە‌ ئیدارییانە‌ ببێت.
دە‌وڵە‌تی عیراق لە‌ دوای پرۆسە‌ی ئازادكردنیە‌وە‌ گۆڕانێكی بنە‌ڕە‌تی لە‌ سستمی حوكمڕانییدا رویداوە‌، لە‌ بری حوكمڕانی سە‌نتڕاڵی حوكمی ناسە‌نتڕاڵی جێگە‌ی گرتۆتە‌وە‌، ئە‌و یاسایانە‌ی لە‌سە‌رە‌وە‌ ئاماژە‌یان پێدراوە‌ بە‌ڵگە‌ی دیاری ئە‌وە‌ن. بە‌پێی دە‌ستوری 2005، بۆ ئە‌و پارێزگایانە‌ی لە‌ هە‌رێمدا رێكنە‌خراون ئە‌نجومە‌نی پارێزگا كە‌ لە‌رێگە‌ی هە‌ڵبژاردنە‌وە ‌دە‌ستنیشان دە‌كرێن، بە‌ڕێوە‌ی دە‌بات.

هە‌رچە‌ندە‌ هێشتا زوە‌ بۆ بڕیاردان لە‌سە‌ر ئە‌وە‌ی كە‌ تاچە‌ند مادە‌و بڕگە‌كانی دە‌ستوری تازە‌ی عیراق سە‌بارە‌ت بە‌ ناسە‌نتراڵی لە‌سە‌ر ئە‌رزی واقع جێبە‌جێ دە‌كرێن، بە‌ڵام هە‌ندێك لە‌ ئاماژە‌ سە‌رە‌تاییە‌كان ئە‌وە‌ دە‌ردە‌خە‌ن كە‌ ئە‌و مە‌سە‌لە‌یە‌ پێویستی بە‌ كاركردن‌و گوشاری زیاتری هە‌رێم‌و پارێزگاكان هە‌یە‌ بۆ ئە‌وە‌ی وە‌ك دە‌ستوری یاساكانی تری بە‌ر لە‌ پرۆسە‌ی ئازادی عیراق نە‌بێتە‌ مە‌رە‌كە‌بی سە‌ر كاغە‌ز.

لە‌ پە‌رلە‌مانی عیراق كار بۆ دە‌ركردنی یاسای پارێزگاكان دە‌كرێ كە‌ لە‌ هە‌رێمدا رێكنە‌خراون، بە‌پێی ئە‌و یاسایە‌ پارێزگاكان بە‌سە‌ر یە‌كە‌ ئیدارییە‌كاندا بە‌ش دە‌كات‌ و سە‌لاحیاتی ئە‌نجومە‌نی پارێزگاكان‌ و قە‌زا و ناحیە‌كانیش رون دە‌كاتە‌وە‌، ئە‌گە‌ر ئە‌و یاسایە‌ دە‌ربچێت‌و شێوە‌ی ئیداری حوكمڕانی عیراق دە‌ستنیشان دە‌كات‌و دە‌ریدە‌خات كە‌ تاچە‌ند ئە‌و شێوە‌ی حوكمڕانییە‌ ناسە‌نتراڵی جێگیر دە‌كات‌و سە‌لاحیات بە‌ پارێزگاكان دە‌دا رۆڵی خۆیان لە‌ پە‌رە‌پێدانی ناوچە‌كانی خۆیاندا ببینن، واتە‌ دە‌رفە‌تی زیاتر بۆ دانیشتوانی ئە‌و پارێزگایانە‌ دە‌رە‌خسێنێ بۆ بە‌شداریكردن لە‌ پرۆسە‌ی داڕشتنی پلان‌و سیاسە‌تی ئاوە‌دانكردنە‌وە‌و پە‌رە‌پێدانی ناوچە‌كە‌ی خۆیاندا، لە‌لایە‌كی تریشە‌وە‌ دە‌رفە‌تێكی گە‌ورە‌ بۆ خوڵقاندنی كێبڕكیێ‌ پارێزگاكان لە‌ پێشكە‌شكردنی خز‌مەتگوزاریی‌و ئاوە‌دانی پارێزگاكانی خۆیان دە‌رە‌خسێنێت، كە‌ پێكە‌وە‌ دە‌بنە‌ فاكتە‌ری پە‌رە‌پێدانی وڵات.

هە‌رێمی كوردستان، لە‌گە‌ڵ ئە‌وە‌ی بە‌ردە‌وام داوای كە‌مكردنە‌وە‌ی دە‌سە‌ڵاتە‌كانی ناوە‌ند دە‌كات بە‌پێی ماددە‌ و بڕگە‌كانی دە‌ستور، هێشتا خۆیشی ئامادە‌ نییە‌ دە‌سە‌ڵاتە‌كانی خۆی لە‌ ناوە‌ند دابە‌زێنێتە‌ خوارە‌وە‌ بۆ پارێزگاكانی سە‌ر بە ‌هە‌رێم. هە‌رچە‌ندە‌ ماوە‌یە‌كە‌ ئە‌نجومە‌نی پارێزگاكانی هە‌رێم پرۆژە‌ی یاسایە‌كیان داوە‌تە‌ پە‌رلە‌مان بۆ زیادكردنی دە‌سە‌ڵاتی پارێزگاكان لە‌ ئیدارە‌دانی ناوچە‌كانی خۆیاندا، بە‌ڵام هێشتا ئاكامە‌كە‌ی دیار نییە‌، لە‌بە‌رامبە‌ریشدا حكومە‌ت پرۆژە‌یە‌كی بۆ هە‌مان مە‌بە‌ست ئامادە‌ كردوە‌، بەڵام تا ئێستا ئەو دوو پرۆژەیە هیچ ئاكامێكی لێ بەدەر نەكەوتوە.

پێنجەم: دەرئەنجام
لەسەر بناغەی ئەو پرنسیپانەی سەرەوەی سستمی ناسانتراڵی ئیداری لە كوردستاندا دەكرێت، كە ئەنجەمەنی پارێزگاكان ‌و شارەوانیەكان‌ و ئەوانی تر دەگرێتەوە، ئەو دەرئەنجامانەی خوارەوە بخەینە ڕوو:

یەكەم: لەگەڵ ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە توندی پێ لەسەر سستمی ناسانتراڵی ئیداری لە ناوەندی بەغداد دادەگرێت، بەڵام لە كوردستاندا لە ساڵی 2003 وە پراكتیزەی ناكات.

دووەم: تا ئێستا یاسایەكی تایبەت نیە كە دەسەڵاتەكانی سستمی ناسانتراڵی (ئەنجومەنەكانی پارێزگاكان و شارەوانیەكان و هی تر) لە كوردستاندا دیاری بكات. بۆیە لە ڕووی یاساییەوە ئاستەكانی سەرەوە بەرپرسیارن لە كەموكوڕیەكانی خوارەوە چونكە ئاستەكانی خوارەوە بە دەسەڵاتی سەرەوە كار دەكەن نەك بە دەسەڵاتی یاسا.

سێهەم: سستمی ئیداری ناسانتراڵی هێشتا نەپەڕیوەتەوە بۆ ئیدارەی ناوچەیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆیە ئەنجومەنەكانی سستمی ناسانتراڵی كوردستان لە نێوان دەستەڵاتی سانتراڵی ناوەندی حكومەتی هەرێم و داوا دیموكراسیەكانی ناوچەكاندا تا ئاستێك وون بوون.

چوارەم: ئەگەر سستمی ناسانتراڵی پێویستی بەكادری بەتواناو چالاك لە هەموو بوارەكاندا هەبێت، بەڵام ئەم سیمایە وەك هەموو سستمی ئیدارەی كوردستان لە قەیرانی قوڵدایە بە دەوری ڕۆتینێكی گەورەو بێشوماردا دەسوڕێتەوە.

پێنجەم: سستمی ناسانتراڵی ئیداری كوردستان لەسەر بناغەیەكی دیموكراسی، وەك پێویست، كارەكانی ئەنجام نادات نە لەسەر ئاستی ئەنجومەنەكانی خۆیان نە لەسەر ئاستی پەیوەندیان بە شەقامی كوردستانەوە. بۆ نموونە لە پارێزگاكانی كوردستاندا تا كوێ ئەنجومەنەكان ئاگایان لە بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی لیژەنەكان و (پارێزگاكان) هەیە؟ یان تا چەند ناوچەكان بۆ پڕۆژەكانیان پرسیان پێكراوە؟ و ..هتد.

شەشەم: تێكەڵ بوونی پڕۆژەكانی سستمی سانتراڵی حكومەتی هەرێم و ناسانتراڵی ناوچەكان بۆتە هۆی ئەوەی پڕۆژەكان بە تێچوونی زۆرو ماوەی درێژو جۆری خراپ ئەنجام بدرێت. ئەمەش زیاتر سستمی سانتراڵی حكومەت دەردەخات، تەنانەت پڕۆژەكانی ناسانتراڵیش لە هی سانتراڵەكان زۆر باشتر نین.

حەوتەم: ئەركێكی ستراتیژی سستمی ناسانتراڵ كەمكردنەوەی جیاوازیەكانی نێوان شار و شارۆچكە و گوندەكانە، بەڵام سستمی ناسانتراڵی كوردستان ئەم دەلاقەیەی گەورەتر كردووە بە تایبەتی لە هەولێر.

هەشتەم: لەبەر ئەو هۆیانەی سەرەوە، سستمی ناسانتراڵ لە شەقامی ناوچەكانیان دابڕاون‌و دیموكراسی لە نێوانیاندا غایبە، ئەمەش بۆتە هۆی وونبوونی سستمی بەدواداچونی خۆیان‌و چاودێری شەقام كە دەرئەنجام بۆتە هۆی تەشەنەكردنی گەندەڵی ئیداری‌و دارایی لە سستمی ناسانتراڵیشدا كە ڕووبەری زەوی‌و دانیشتوانیان بۆ ئاستێكە زۆر شیاوی كۆنترۆڵە.

شەشەم: ڕاسپاردەكان

یەكەم: ڕێكخستنی سستمی ناسانتراڵی كوردستان بە یاسای تایبەت بە خۆی بە زووترین كات كە دەسەڵاتەكان بە پێی یاسا دابەزێت بۆیان نەك بە شێوازی تر. بەمەش دەلاقەی دواڵیزمی كەسایەتی حكومەتی هەرێم لەگەڵ ناوەند و پارێزگا كەمدەبێتەوە.

دووەم: هەوڵدان كە ئاستەكانی ناسانتراڵی ئیداری كوردستان بە كەسانی تەكنۆكرات و پسپۆر بەهێز بكرێن چونكە ڕۆڵەكەیان زۆر ستراتیجیە بۆ گێڕانەوەی متمانەو سیمای ئینتیمابوونی هاوڵاتی بۆ كوردستان كە ئێستا زۆر لاواز بووە.

سێهەم: سستمی ناسانتراڵ پێویستی ژیاری بە داتاو ئامار هەیە كە تا ئێستا ئەم پرسە گرنگە نەبۆتە غەمی نە ناسانتراڵی ناوچەیی نە سانتراڵی حكومەتی هەرێم، بۆیە پێویستە ئەم ئیشكالە بە ئەركی گرنگ و هەنوكەیی سەیر بكرێت نەك هەر بۆ داتابێیزی خۆیان بەڵكو لەسەر ئاستی كوردستان لە سایتەكانیاندا بڵاوی بكەنەوە بە ئامانجی فراوانكردنی ئاسۆی هاوڵاتیان و پسپۆرانی ناوچەكان بۆ چاودێری و بەدواداچونی پڕۆژەكان كە بە شێكی گرنگی دیموكراسی و هەستكردن بە لێپرسینەوە لای هاوڵاتی دروست دەكات.

چوارەم: دابەزینی ئاستەكانی ئیدارەی ناسانتراڵ بۆ ناوچە دوورە دەستەكان و لێپێچینەوە لە كەموكوڕیەكانیان بۆئەوەی لانی كەم جیاوازیەكی ئەوتۆ لە نێوان سیستمی ناسانتراڵ و سانتراڵدا هەستی پێبكرێت و كێشەكانی خەڵكیش لە بازنەكانی ڕۆتین و گەندەڵی و بێئومێدی دەربكرێن.

پێنجەم: فراونكردنی ڕووبەری پرسكردن بە پسپۆڕو شارەزاكانی كوردستان و دەرەوە بۆ سازكردن و ئامادەكردن و ناساندنی كێشە ئابووری و كۆمەڵایەتی و …هتد شەقامی كوردستان نەك بڕیار دروستكردن لە ژوورە داخراوەكاندا وەك سیستمی سانتراڵی حكومەتی هەرێم تا ئێستا كردویەتی بە میتۆدی كارو پلانی خۆی.

شەشەم: فراوانكردنی ڕۆڵ و ئەركی ماسمیدیای كوردستان وەك باشترین چاودێرو بەدواداچوون نەك هەر بۆ پڕۆژەكانی سیستمی ئیداری ناسانتراڵی كوردستان بەڵكو بۆ بە دیموكراتیزەكردنی جومگەكانی ئەو دەستەڵاتە ناوچەییە گرنگە.

حەوتەم: فراوانكردنی ئەرك و ڕۆڵی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كوردستان وەك بەدواداچوون، سوودوەرگرتن لە ئەزمونە كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و دیموكراسیەكەیان لە ئەڵقە جیاوازەكانی سیستمی ئیداری ناسانتراڵی كوردستان هەم لەبەر ئەوەی ئەزمونی كەمە هەم بۆ كارئاسانی ڕاپەڕاندنی كارەكانیان. دەشێت لەم ڕووەوە ناسانتراڵی كوردستان ڕێكخراوە بە تواناكان و خاوەن ئەزمونەكان بكات بە پارتنەری خۆی و دارایی زۆر لە پڕۆژەكانیان بكات بە تایبەتی لە بواری گەشەپێدانی ئابووری و پڕۆژەی بچووك و مام ناوەندو گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی و دیموكراسی و مافی مرۆڤ و …هتد. دەرئەنجام ئەم بەشداریپێكردنە هاوڵاتی بە ئاگا بەرهەم دێنێ كە یەكێك لە ئامانجی سیستمی ناسانتراڵە لە ڕووی زانستی و ئەكادیمیەوە.

سەرچاوەکانی ئەم دۆسێیە لای کوردستانی نوێ پارێزراوە

 

print

 185 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*