سەرەکی » راپۆرت » تەقینەوەكەی بەیروت

شرۆڤه‌ی ڕۆژ

تەقینەوەكەی بەیروت

هەواڵ و بەدواداچوون

رووداوی تەقینەوەكەی بەندەری بەیروتی پایتەختی لوبنان لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا بووە یەكێك لە دیارترین رووداوەكانی ناوچەكە و كاردانەوەیەكی زۆری لێكەوتەوە.

تائێستا ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی رووداوەكەوە گیانیان لەدەستداوە زیاتر لە 150 كەسە و پێنج هەزار كەسیش بریندار بوون، هەروەك زیانە مادییەكانیش بە زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت. ئێستا رووداوەكە لە قۆناغی لێكۆڵینەوەدایە.

چەندین وڵات، لەوانەش فەرەنسا و بەریتانیا و ئەمریكا و چەند وڵاتێكی دیكەی ناوچەكەش، خوازیاری لێكۆڵینەوەی وردن لە رووداوەكە، بەڵام دوای تێپەڕبوونی چەند رۆژێك هێشتا بەڕەسمیی شتێكی ئەوتۆ لە بارەی هۆكاری روودانی تەقینەوەی كۆگای ژمارە 12ی بەندەرەكەوە ئاشكرانەبووە.

میشێل عۆن سەرۆك كۆماری لوبنان دەڵێت «خۆمان لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەكەین و رێگە نادەین وڵاتانی تر دەست لەم پرسە وەربدەن و دۆسێكە بە ئاقارێكی تردا بەرن»، دەشڵێت: رووداوەكە ئەوەی هەیە بۆ ئێمە روونە و دەبێت لەسەر سێ ئاست لێكۆڵینەوە بكەین، واتە چۆنێتی هاتنی ئەو مادەیە، هێشتنەوەی بۆ ماوەی حەوت ساڵ، ژمارەی ئەو كەسانەی لە رووداوەكە بەرپرسن.

رووداوەكەی بەیروت لەگەڵ خۆشیدا ململانێیەكی كۆنی ناوچەكەی نوێكردۆتەوە. لەوانە سعودیە لە رێی میدیا زەبەلاحەكانییەوە كار لەسەر تێوەگلانی حزبوڵڵا لەو رووداوە دەكات، هەرچەندە ئەمینداری گشتیی حزبەكە لە دوای رووداوەكەوە چەندینجار لێدوانی داوە و بێبەریبوونی حزبەكەی لە رووداوەكە پیشانداوە.

لە شەوی رابردووتریشەوە خۆپیشاندان لە لوبنان دەستیپێكردۆتەوە و خۆپیشاندەران چەند لایەنێكی رەسمی و سەرەكیی لوبنان بە هۆكاری تەقینەوەكە ناودەبەن.

تائێستا هۆكاری سەرەكیی روودانی تەقینەوەكە روون نییە، بەڵام لە هەر بارێكدا ئێستا رووداوەكە هەندێك وڵاتی دیكەشی وریا كردۆتەوە. لە عیراق، كە لە رابردوودا چەندینجار كۆگای چەك و تەقەمەنی تەقیونەتەوە، ئێستا رووداوەكەی بەیروت بۆتە زەنگێكی هۆشیاركەرەوە بۆ هێشتنەوەی ئەو مادە تەقەمەنیانەی كە ترسی تەقینەوەیان هەیە. بۆ ئەوەش دەستەی باڵای نیشتمانیی گومرگی عیراق، رۆژی پێنجی ئاب، بڕیاریدا بە دانانی چەند پێوەر و رێكارێكی نوێ بۆ كۆگاكردن و گواستنەوەی ئەو مادە كیمیاییە ترسناك و خێرایانەی كە گڕدەگرن و دەتەقنەوە. هەروەك بەشێك لە چاودێرانیش لەمڕوەوە بەردەوام هۆشداریی دەدەن.

 250 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*