سەرەکی » وتار » نه‌وزادى موهه‌ندیس‌ » سه‌رمایه‌ی نیشتمانی و سه‌رمایه‌داری نیشتمانی

سه‌رمایه‌ی نیشتمانی و سه‌رمایه‌داری نیشتمانی

هیچ وڵات و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك به‌بی بوونی ئامار و سه‌رژمێرییه‌كی ورد و زانستی بۆ سه‌روه‌ت و سامانی سروشتی و نیشتمانیی تایبه‌ت به‌خۆی، ناتوانێت نه‌ پلانی زانستی دابڕێژێت و نه‌ پڕۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و گه‌شه‌كردنی وڵات و كۆمه‌ڵگه‌ پێشبینی بكات و كاری بۆ بكات و بیگه‌یه‌نێته‌ دوامه‌نزڵ و مه‌به‌ست. بۆیه‌ هه‌میشه‌ ئه‌و وڵات و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ی كه‌ خاك و ئاو و سامانی سروشتی زۆر و زه‌وه‌ند و توانای مرۆیی زیره‌ك و ده‌سه‌ڵات و سه‌ركرده‌ی حه‌كیمیان هه‌یه‌، هه‌میشه‌ ده‌كه‌ونه‌ ریزی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌ و وڵاتانه‌وه‌ كه‌ گه‌شه‌ و پێشكه‌وتن و ئاوه‌دانیی روویان تێده‌كات و ده‌چنه‌ ریزی وڵاته‌ پێشكه‌وتوو و كۆمه‌ڵگه‌ خۆشگوزه‌رانه‌كانه‌وه‌ و دوورده‌كه‌ونه‌وه‌ له‌ هه‌ژاریی و دواكه‌وتوویی و نه‌خۆشی و بێكاریی و هه‌موو دیارده‌ نه‌گبه‌تییه‌كانی تر كه‌ ده‌بنه‌ مایه‌ی دواكه‌وتن و هه‌ژاریی تاك و كۆمه‌ڵگه‌كه‌.

كۆڵه‌كه‌ گرنگه‌كانی پێشكه‌وتن و گه‌شه‌كردنی وڵات و كۆمه‌ڵگه‌كانیش بریتین له‌ بوونی سه‌روه‌ت و سامانی سروشتی و توانای مرۆیی له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ بریتییه‌ له‌ بوونی خاوه‌ن عه‌قڵ و پلانی زانستی و كه‌سانی خاوه‌ن سه‌رمایه‌ و له‌پێش هه‌مووانیشه‌وه‌ بریتییه‌ له‌ بوونی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن سه‌روه‌ریی و حكومه‌تێكی خه‌مخۆر و نیشتمانی.

كۆمپانیا بیانییه‌ بێباكه‌كان

به‌بی بوونی حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتێكی ره‌شید و حه‌كیم و خه‌مخۆر، ناتوانرێت هیچ هه‌نگاوێكی نیشتمانییانه‌ هه‌ڵبهێنرێت، چونكه‌ ناتوانرێت ده‌ستكه‌وت و گه‌شه‌ و پێشكه‌وتنه‌كان بپارێزرێن و رێگه‌ بگرێت له‌ له‌ناوچوونیان و به‌هه‌ده‌ردانیان.

حكومه‌تێك كه‌ رێگه‌ نه‌دات سه‌روه‌ت و سامانی وڵات بكه‌وێته‌ ده‌ستی كه‌سانی گه‌نده‌ڵ و مشه‌خۆر و داگیركه‌ران و كۆمپانیا بیانییه‌ بێباكه‌كان له‌ سامانی میلله‌تانی تر، كه‌ خه‌می سه‌ره‌كییان به‌تاڵانبردنی سه‌روه‌ت و سامانی وڵاتان و به‌ده‌ستخستنی قازانجی زۆر و زه‌وه‌ند و له‌بن نه‌هاتووی گه‌لانی دواكه‌وتوو و هه‌ژار و داگیراكراوه‌.

له‌م قۆناغی رزگاریی نیشتمانی و دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵات و حكومه‌ته‌ نیشتمانییه‌ی كوردستاندا، له‌به‌شی باشووری كوردستاندا كه‌ خۆشبه‌ختانه‌ ته‌مه‌نی له‌ 30 ساڵ نزیك ده‌بێته‌وه‌، گرنگه‌ كه‌ حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات گرنگیی به‌ پڕۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و گه‌شه‌پێدانی وڵات و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بده‌ن و هه‌وڵی جێگیریی سیاسی و ئابووریی و ئه‌منی و كۆمه‌ڵایه‌تی بده‌ن و خه‌می سه‌ره‌كییان بریتی بێت له‌وه‌ی كه‌ وڵات و كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان به‌ره‌و كه‌ناری ئارامی و خۆشگوزه‌رانیی ببه‌ن و له‌ دواكه‌وتوویی و هه‌ژاریی و نه‌خۆشی و ناخۆشی دووری بخه‌نه‌وه‌ و سه‌روه‌ت و سامانه‌ زۆر و زه‌وه‌نده‌كه‌ی به‌هه‌ده‌ر نه‌ده‌ن.

هه‌موو ئه‌م كارانه‌ش به‌ دانانی پلانی زانستیی پێشوه‌خته‌ و به‌ ده‌سه‌ڵاتێكی ته‌واو نیشتمانیی و خه‌مخۆر ده‌كرێت كه‌ هانی ئۆرگانه‌ جیاجیاكانی حكومه‌ت بدات له‌ گه‌نده‌ڵی و مشه‌خۆریی و به‌هه‌ده‌ردانی سامانی وڵات دوور بكه‌ونه‌وه‌.

له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ گرنگی زۆر بدرێته‌ كه‌رتی تایبه‌ت و كۆمپانیای وه‌به‌رهێن و خاوه‌ن سه‌رمایه‌كان و خودی سه‌رمایه‌داره‌كان، ئه‌وانه‌ی كه‌ سه‌روه‌ت و سامانه‌كانیان ده‌خه‌نه‌ خزمه‌تی پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و گه‌شه‌ و پێشكه‌وتنی وڵاته‌وه‌.

به‌جۆرێك كه‌ هه‌مووان له‌ خه‌می خزمه‌تكردن و خۆشگوزه‌رانیی هاووڵاتیاندا بن به‌گشتی و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ خۆده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ناڕه‌وا و ده‌ستبردن بۆ قووتی هاووڵاتییان به‌تایبه‌تیش هه‌ژاران و كاربكه‌ن بۆ وه‌به‌رهێنانی سه‌روه‌ت و سامانه‌كانیان له‌ڕێگه‌ی خزمه‌تكردنی نیشتمانه‌وه‌.

سه‌رمایه‌داری خه‌مخۆر بۆ ئاینده

له‌م كاته‌دا و به‌و شێوه‌یه‌ ده‌توانرێت نیشتمانێكی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پێشكه‌وتوو و خۆشگوزه‌ران بنیات بنرێت و خه‌ون و ئاواتی له‌ مێژینه‌مان وه‌دیبهێنین و هاوكات ده‌شتوانین سوود و كه‌ڵكی زۆر له‌ سه‌رمایه‌ی نیشتمانه‌كه‌مان له‌ ئاو و خاك و توانا مرۆییه‌كان وه‌ربگرین و سه‌رمایه‌دارانیشمان ببنه‌ سه‌رمایه‌دارێكی نیشتمانی و خه‌مخۆر بۆ ئاینده‌، چونكه‌ هه‌موو سه‌رمایه‌یه‌ك نیشتمانی نییه‌ و به‌وه‌ش هه‌موو سه‌رمایه‌دارێك نیشتمانی نابێت، ئه‌گه‌ر ته‌نها هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی قازانج و سوودی تاكه‌ كه‌سی بێت و بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی و كه‌ڵه‌كه‌كردنی زیاتری سه‌رمایه‌كه‌ی هه‌وڵ بدات و دووربێت له‌ خه‌می نیشتمان و نه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ سه‌رمایه‌ی نیشتمانی بریتییه‌ له‌و سه‌رمایه‌یه‌ی كه‌ ده‌خرێته‌ خزمه‌تی پێشكه‌وتن و ئاوه‌دانیی نیشتمانه‌وه‌ و سه‌رمایه‌داری نیشتمانییش به‌هه‌مان شێوه‌ بریتییه‌ له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ سه‌روه‌ت و سامانه‌كانیان ده‌خه‌نه‌ پێناوی وه‌به‌رهێنان و ئاوه‌دانی و خزمه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ و نیشتمانه‌كانیانه‌وه‌ و سه‌رمایه‌كه‌یان له‌ناوخۆی وڵاتدا به‌گه‌ڕبخاته‌وه‌.

له‌م هه‌رێمه‌ی خۆماندا گه‌لێك سه‌رمایه‌داری نیشتمانی هه‌بوون و ئێستاش هه‌ن كه‌ توانیویانه‌ ده‌یان پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ و گرنگ بنیات بنێن و جێگه‌ ده‌ستیان دیار بێت چ له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی وڵات و ده‌ستگیرۆیی هاووڵاتیانی هه‌ژار و نه‌هێشتن و كه‌مكردنه‌وه‌ی بێكاریی و هه‌ڵاوسان ، سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی رێگریی و نمونه‌ی ناشیرینی مشه‌خۆری و گه‌نده‌ڵیش، بۆیه‌ ئه‌ركی ئه‌و سه‌رمایه‌دارانه‌یه‌ كه‌ هه‌میشه‌ له‌خه‌می وڵات و كۆمه‌ڵگه‌كه‌یاندا بن، چونكه‌ سه‌رچاوه‌ی داهات و سه‌رمایه‌كانیان هه‌ر خه‌ڵكی ئه‌م نیشتمانه‌یه‌ و چه‌قی ده‌ستكه‌وت و سه‌ركه‌وتنه‌كانیان هه‌ر لێره‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌ و لێره‌شه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یان گرتووه‌.

پابه‌ندی یاسا و رێسا داراییه‌كان

له‌هه‌موو جیهاندا كۆمپانیا گه‌وره‌ بازرگانییه‌كان هه‌میشه‌ پابه‌ندی یاسا و رێسا داراییه‌كان و باج و خه‌راجه‌كانی وڵاته‌كه‌یانن ‌و به‌وه‌ش له‌ رێگه‌یه‌كی دیكه‌وه‌ به‌شێك له‌و قازانجه‌ی به‌ده‌ستیانهێناوه‌ پێشكه‌ش به‌ گه‌نجینه‌ی وڵاتی ده‌كه‌نه‌وه‌ و ئه‌وه‌ش له‌ڕێی مووچه‌وه‌ ده‌چێته‌وه‌ گیرفانی هاووڵاتیانی كه‌م ده‌رامه‌تی وڵاته‌كانیان.

هه‌ربۆیه‌ چه‌ندی له‌ خه‌می سه‌روه‌ت و سامانی خۆیاندان، هێنده‌ش له‌ خه‌می سه‌رمایه‌ی نیشتمانه‌كه‌یان ‌و بژێویی هاووڵاتییه‌كانیدا بن.

نموونه‌ی جوانی سه‌رمایه‌داری نیشتمانی كوردستان زۆرن و له‌ سلێمانیشدا كه‌ گه‌لێك پڕۆژه‌ی نه‌خۆشخانه‌ و كۆمه‌ڵگه‌ی نیشته‌جێبوون و كارگه‌ی به‌رهه‌مێن و …هتدیان بنیاتناوه‌.

به‌هیوای ئه‌وه‌ی هه‌مووان نیشتمان و كورده‌واریمان وه‌ك خۆمان خۆشبوێت و سه‌رمایه‌ و تواناكانمان بخه‌ینه‌ خزمه‌ت وڵات و نیشتمانه‌كه‌مانه‌وه‌ و وڵات و نیشتمان بكه‌ینه‌ موڵكی خۆمان، نه‌ك ته‌نها بۆ دادۆشینی سه‌روه‌ت و سامانه‌كه‌ی خۆشمان بوێت.

گرنگیشه‌ كه‌ ئینتیمای نیشتمانی لای تاك و كۆمه‌ڵگه‌ به‌ هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌نده‌وه‌ زیندووبكه‌ینه‌وه‌ و له‌ دڵ و ده‌روون و هه‌ست و نه‌ستی هه‌موواندا بیچه‌سپێنین، هه‌ر به‌مه‌ش ده‌بینه‌ تاك و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی نیشتمانی مرۆڤ گه‌لێك كه‌ دووربین له‌ به‌هه‌ده‌ردانی سه‌روه‌ت و سامانه‌كانی وڵاته‌كه‌مان.

 433 جار بینراوە