سەرەکی » وتار » شێرزاد شێخانی » كێ كردی‌ كێ خواردی؟‌پەڕە 25

هەولێریات

كێ كردی‌ كێ خواردی؟‌

له‌هه‌موو دونیا ده‌وره‌تان و میلله‌تان رێز له‌خه‌ركه‌ داهێنه‌ره‌كانی‌ خۆیان ده‌گرن . بڕۆن ته‌ماشای‌ سه‌ر شه‌قام وساحه‌ی‌ شاره‌كانی‌ دونیا بكه‌ن، ده‌بینن هه‌زاران په‌یكه‌ری‌ گه‌وره‌ی‌ شاعیرو نوسه‌رو داهێنه‌ره‌كانیان به‌رز راگرتیه‌ . له‌لای‌ خۆشمان په‌یكه‌ری‌ شاعیرانمان كه‌پوویان ده‌شكێنن . هه‌ر میلله‌ته‌ك رێز له‌داهێنه‌ره‌كانی‌ خۆی‌ نه‌گرت ، خۆیشی‌ شایه‌نی‌ رێزلێنان نیه‌ . چونكی‌ كۆمه‌رگه‌ و ورات هه‌ر به‌ خه‌ركه‌ داهێنه‌ره‌كانیه‌وه‌ پێش ده‌كه‌وی‌ . عه‌ره‌ب ده‌رێن (لو خلیت ، قلبت) واته‌ ئه‌گه‌ر قه‌ومه‌ك پیاوی‌ زیره‌ك وعاقل وزاناو دانای‌ تێدا نه‌بوو، سه‌راوقوون ده‌بته‌وه .

كوردیش وه‌كی‌ هه‌ر ملله‌ته‌كی‌ دونیا ده‌یان و سه‌دان داهێنه‌ری‌ هه‌بووه‌، به‌س ئاخ و داخ ئه‌و قسه‌یه‌ی‌ كوردیش زۆر ڕاسته‌ كه‌ ده‌رێ (له‌ناو قه‌ومی‌ كورددا حه‌تا نه‌مری‌ قه‌درت نازانن) . ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ی‌ كورد چه‌ند قه‌ڕنه‌ك له‌ژێرده‌سته‌ییدا نه‌مانتانی‌ رێزو خۆشه‌ویستی‌ خۆمان لۆ خه‌ركه‌ داهێنه‌ره‌كانمان ده‌رببڕین ، خۆ له‌پاش راپه‌ڕینیش كه‌ حوكم كه‌ته‌ ده‌ستی‌ خۆمانه‌وه‌ هیچمان لۆیان نه‌كرد .

خه‌ركی‌ داهێنه‌ری‌ كوردی‌ وراته‌كه‌مان له‌هه‌موو چیینه‌كانی‌ تری‌ میلله‌ت قوربانیده‌رتر بوونه‌ ، به‌ران هیچیشیان لۆ نه‌كرایه‌ . ئێستا چیینه‌كی‌ پوولپه‌رست وچاوچنۆك و قۆڵبڕ و حه‌سوود و داوێنپییس ، ده‌ستپییس له‌ناو ئه‌و كۆمه‌رگه‌یه‌ په‌یدا بوونه‌ نه‌ به‌هیچ تێر ده‌بن، نه‌ چاویشیان به‌كه‌س هه‌ردێ . چیینه‌كی‌ نه‌خینده‌وار شه‌هاده‌ی‌ زۆربه‌یان ته‌زویره‌ ، ئه‌وه‌ی‌ شه‌هاده‌شی‌ هه‌یه‌ ، سه‌قافه‌ت و پسپۆریه‌كه‌شی‌ یه‌ك عانه‌ی‌ قه‌ڵپ ناكا ، چونكی‌ زۆریان تێدایه‌ ئه‌سڵه‌ن ئێش به‌ شه‌هاده‌كانیشیان ناكه‌ن به‌س شه‌هاده‌ی‌ حزب . ئه‌و چیینه‌ش ئێستا های‌ لایف ده‌ژی‌ ، له‌سه‌ری‌ سه‌ره‌وه‌ن‌ ، خه‌ركیش له‌بنی‌ بنه‌وه‌ .

وه‌رن با بپرسین ، شاعیره‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ وه‌ك پیرباڵ مه‌حمود چه‌ند عیماره‌ی‌ له‌دوای‌ خۆی‌ به‌جێهێشت! . رابه‌ره‌كی‌ وه‌كی‌ مه‌حمود زامدار چه‌ند ئوتێلی‌ ده‌ره‌جه‌ پێنجی‌ به‌ناو بوو ! دڵناسكه‌كی‌ وه‌كی‌ نازم دڵبه‌ند چه‌ند سه‌یاره‌ی‌ وه‌نه‌وشه‌ی‌ هه‌یه! پیاوه‌كی‌ جوانی‌ وه‌كی‌ ئیسماعیل به‌رزه‌نجی‌ چه‌ند فیللای‌ له‌دریم سیتی‌ به‌ناوه‌‌یه‌!. نوسه‌ری‌ گه‌وره‌ی‌ وه‌كی‌ عه‌زیزی‌ مه‌لاره‌ش و مه‌غدید حاجی‌ و عه‌بده‌لره‌حمان فه‌رهادی‌ ره‌سیدی‌ چه‌ند ملیۆن دۆلاریان له‌بانقه‌كاندا هه‌یه‌! . په‌یكه‌رتاشه‌كی‌ بلییمه‌تی‌ وه‌كی‌ جابر پیرداود چه‌ند عیماره‌ی‌ به‌ناوه‌وه‌یه‌!. مشكۆ و حه‌یده‌ر به‌قاڵ، تاهیر تۆفیق و عه‌لی‌ مه‌ردان و گولبه‌هار ونه‌سرین شێروان چییان لۆ كرا!.

كابتنه‌كی‌ ناوداری‌ وه‌كی‌ نه‌جات عه‌بدلواحید چه‌ند یانه‌ی‌ وه‌رزشی‌ به‌ڕیوه‌ ده‌بات! ئێستا نه‌جات ئاو ده‌فرۆشی‌ ! . داهێنه‌ره‌كی‌ عه‌بقه‌ری‌ وه‌كی‌ مه‌مۆ خه‌لیل دوكانی‌ ئه‌ده‌وات فرۆشتنی‌ هه‌بوو ئه‌گه‌ر نا له‌برسان ده‌مرد!.

لۆ ده‌بی‌ ئه‌و چیینه‌ رۆشنبیرو ئه‌ستێره‌ دره‌وشاوانه‌ی‌ میلله‌ته‌كه‌مان ژیانی‌ كوله‌مرگی‌ ببه‌نه‌ سه‌رو، هه‌رچی‌ وپه‌رچی‌ وشه‌قاوه‌و شه‌لاتی‌ وسه‌رسه‌ریه‌كانی‌ كۆمه‌رگه‌ ببنه‌ خاوه‌ن فیڵلا ومه‌زره‌عه‌و ملیۆنان دۆلار؟؟. لۆ ده‌بی‌ ئه‌وانه‌ به‌حه‌سره‌ته‌وه‌ سه‌ر بنێنه‌وه‌، منداره‌ مه‌سئول وخزم ‌و كه‌سه‌كانیان خاوه‌نی‌ كۆمپانیا بن وشه‌ق له‌ ده‌فته‌ر دۆلار بده‌ن؟؟.

هه‌ر ئه‌وانه‌ش نین، ئه‌وه‌تا هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ی‌ كۆنی‌ ئه‌و میلله‌ته‌ كه‌ سارانه‌ك سینگی‌ خۆیان ده‌دایه‌ به‌ر گوله‌ لۆ ئه‌وه‌ی‌ منداری‌ كورد به‌ ئارامی‌ شه‌و بچته‌ سه‌ر جێگای‌ خۆی‌ ، له‌وانه‌ش هه‌زارانیان گیانی‌ خۆیان به‌ختكردو، هه‌زارانیان سه‌قه‌ت بوون ، فه‌رموون ببینن، ئێستا ده‌سه‌رات كه‌ نانی‌ ئه‌وان ده‌خۆن، له‌چاویان دێ معاشه‌كی‌ دوو مانگ جاره‌كی‌ ته‌قاعودیشیان بداتێ !.

ده‌ردو خه‌فه‌ت زۆرن ، یاخوا ملمان بشكابایه‌ ئه‌و خه‌باته‌مان نه‌كردبایه‌ لۆ مندار و هه‌رچی‌ وپه‌رچییه‌كانی‌ ئێستا . ئه‌وه‌یه‌ ده‌رێ (كێ كردی‌ ، كێ خواردی‌) . باقی‌ وه‌لسه‌لام .

 358 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*