سەرەکی » وتار » فەیسەڵ عەلی » جەستەیەک تەحەدای زانست دەکات

لە پەناپەسێوەوە

جەستەیەک تەحەدای زانست دەکات

بەر لە ماوەیەک پیاوێکی هندی بە ناوی «براهلاد جانی» لە تەمەنی نەوەد ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، دوای ئەوەی بۆ چەند دەیەیەک زۆرێکی توێژەرانی جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردبوو، بەوەی بۆ چەند ساڵێکی بەردەوام بە رۆژوو دەبوو، هەر لە تەمەنی یادە ساڵییەوە، دەستی بە رۆژوو گرتن کردووە، واتە نزیکەی 79 ساڵ بەبێ ئاو و زاد ژیاوە.

ئەو رەوشەی بووە جێی سەرنجی پزیشکەکان و چەندین پشکنینیان بۆ کرد، یەکەمیان لە ساڵی 2003 بوو، کاتێک دکتۆر سودهێر لە نەخۆشخانەی ستیرلینگ، بۆ ماوەی دە رۆژ خستییە ژێر چاودێریی وردەوە، لەو ماوەیەدا بەبێ هیچ کێشەیەک بەڕێی کرد، تەنانەت پێویستی بەسەر ئاویش نەبوو، تێبینی کرا کە میز لە میزڵدانیدا کۆدەبێتەوە.

لە ساڵی 2010، لە لایەن پەیمانگای بەرگری و زانستی پزیشکی و رێکخراوی توێژینەوە و پەرەپێدانی بەرگرییەوە توێژینەوەیەکی تری لەسەر ئەنجامدرا، جارێکی تر، بۆ ماوەی پازدە رۆژ لە هەموو شتێک دایان بڕی و بە ڤیدیۆ چاودێری دەکرا، دوای ئەوە لەڕێی نوێترین ئامێرەوە هەموو ئەو پشکنینانەی هەبوو بۆی کرا، دەرکەوت کە تەندروستی و هەموو نیشانەکانی زۆر باشە و هیچ نیشانەیەکی نەخۆشی لە جەستەیا نییە. بەڵام ئایا ئەو ماوەیە بەسە بۆ ئەوەی بڕوای پێ بکرێت بەوەی بۆ ماوەی حەفتا ساڵ بەبێ ئاو و خۆراک ژیاوە؟

زانایان هۆکاری ئەو حاڵەتەی «جانی» بۆ ئاستی هۆرمۆنی لیپتین و گریلین لە جەستەیا گەڕاندەوە، ئەو دوو هۆرمۆنە بە شەهیەتی خواردنەوە پەیوەستە، توێژەرانی رێکخراوی (DRDO) گریمانەی ئەوەیان کرد، کە جانی شێوەیەکی زێدەڕۆیی لەخۆ گونجاندن لەگەڵ برسێتی و تینویتیدا هەیە، پەرۆشی زانایان لە بایەخدانیان بەم جۆرە توێژینەوەیاندا دەگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانن لە مەیدانی جەنگ بۆ سەربازەکان و قوربانیانی کارەساتە سروشتییەکان سودی لێ وەربگیرێت، کاتێک ناتوانرێ لە کاتی خۆیدا ئاو و خۆراکیان پێ بگات و پشت بە جەستەی خۆیان ببەستن بۆ خۆتێرکردن و ئاوخواردنیان.

ئەم دیاردەیە بە (هەناسەدار) ناسراوە، واتە مرۆڤ بۆ ماوەیەکی درێژ بەبێ ئاو و خۆراک و تەنها بە هەوا بژی، ئەوەی تا ئێستا زانست خستویەتیەڕوو، مرۆڤ دەتوانێ بۆ چەند رۆژێک دەشێ بگاتە چەند هەفتەیەک، بەرگەی برسێتی بگرێت، بەڵام ناتوانێ بۆ چوار رۆژی بەردەوام بەبێ ئاو بژی. ئەم دیاردەیە لە نێو سۆفی و راهیبەکان بڵاوە، مێژوو چەند حاڵەتی لەوە جۆرەی بەخۆیەوە بینیوە و خاوەنەکانی باسیان لە توانای رادەبەری خۆیان کردووە، وەک بودا کە دوا ساڵەکانی ژیانی، رۆژانە تەنها بە یەک دەنکە تری ژیاوە، تیریزا نیومانی قەشە وەک دەڵێن بۆ چەند ساڵێک بەبێ ئاو و خوراک ژیاوە. بەڵام درێژترین ماوە کە بۆ مرۆڤێک تۆمار کرابێت کە توانیویەتی بەبێ ئاو و خۆراک بژی، بۆ لۆرنس ماکوینە، کە دوای 70 رۆژ ناچار کرا خواردن بخوات.

جانی کۆچی کرد و نهێنییەکەیشی لەخۆیدا بردە گۆڕەکەیەوە، ئایا ئەو کەسە تەڵەکەبازە یان دیاردەیەکی خارقە و تەحەدای زانستی مرۆیی و پەرەسەندنی زانستییە کە ئەم سەردەمە بەخۆیەوە دەیبینێت؟ ئایا بڕوا هێنان بە توانای مرۆڤ بەوەی بۆ چەند ساڵێک بەبێ خۆراک و ئاو بژی ئەوە کارێکی ئەستەمە؟!

*گۆشەیەکی هەفتانەیە، زانیاری جۆراوجۆر لە خۆدەگرێت.

print

 143 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*