سەرەکی » راپۆرت » عه‌ره‌ب له‌گه‌ڵ ئیسرائیلدا رێده‌كه‌وێت به‌حرێنیش په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ ته‌لئه‌بیب ئاسایی‌ ده‌كاته‌وه

عه‌ره‌ب له‌گه‌ڵ ئیسرائیلدا رێده‌كه‌وێت به‌حرێنیش په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ ته‌لئه‌بیب ئاسایی‌ ده‌كاته‌وه

‌ كوردستانی‌ نوێ‌- ئیدریس جه‌بار

دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا، گه‌یشتنی‌ ئیسرائیل و شانشینی‌ به‌حرێن به‌رێكه‌وتنێكی‌ مێژوویی‌ بۆ دروستكردنی‌ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ ته‌واوه‌تی‌ له‌نێوانیان راده‌گه‌یه‌نێت.

تره‌مپ له‌ تویتێكیدا له‌ 11ی‌ ئایلولی‌ 2020 له‌سه‌ر تۆڕی‌ كۆمه‌لایه‌تی‌ (تویته‌ر) رایگه‌یاندووه‌ «دووه‌م ده‌وڵه‌تی‌ عه‌ره‌بی‌ له‌دوای‌ 30 رۆژ، رێكه‌وتنی‌ ئاشتی‌ له‌گه‌ڵ ئیسرائیلدا ئه‌نجام ده‌دات».

ده‌یان ساڵ بوو وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌ بایكۆتی‌ ئیسرائیلیان كردبوو به‌توندی‌ به‌ستنی‌ په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی‌ عیبری‌ ره‌تده‌كرده‌وه‌، تا ئه‌وده‌مه‌ی‌ له‌گه‌ڵ فه‌له‌ستینییه‌كاندا ناكۆییه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كات. به‌لام ئیمارات له‌مانگی‌ رابردوودا گه‌یشتنی‌ به‌رێكه‌وتنێك بۆ به‌ستنی‌ په‌یوه‌ندی‌ دیپلۆماسی‌ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل راگه‌یاند. رێكه‌وتنی‌ ئیماراتی‌ له‌و ده‌مه‌دا لێكدانه‌وه‌یه‌كی‌ وه‌های‌ هێنایه‌ ئارا كه‌به‌حرێنیش به‌هه‌مان رێچكه‌ی‌ ئیماراتدا ده‌ڕوات.

دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا كه‌ پلانی‌ خۆی‌ بۆ ئاشتی‌ له‌خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست له‌مانگی‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ رابردوو بۆ چاره‌سه‌كردنی‌ ناكۆكییه‌كانی‌ فه‌له‌ستین ئیسرائیل رایگه‌یاند، رۆڵی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌بوو له‌رێكه‌وتنه‌كانی‌ نێوان ئیمارات و به‌حرێن و ئیسرائیل. له‌ڕێی‌ دوایین رێكه‌وتنه‌وه‌، به‌حرێن ده‌بێته‌ چواره‌م ده‌وڵه‌تی‌ عه‌ره‌بی‌ له‌خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست، له‌دوای‌ میسر و ئه‌رده‌ن و ئیمارات كه‌ دان به‌ده‌وڵه‌تی‌ ئیسرائیلدا ده‌نێت كه‌ له‌ساڵی‌ 1948وه‌ دامه‌زراوه‌.

هه‌ڵویستی‌ به‌حرێن و ئیسرائیل و تره‌مپ
بنیامین نه‌تانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ ئیسرائیل رایگه‌یاندبوو، به‌جۆش و خرۆشه‌ بۆ گه‌یشتنی‌ به‌«رێكه‌وتنی‌ ئاشتی‌« له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تێكی‌ تر. به‌ وته‌ی‌ نه‌تانیاهۆ»سه‌رده‌مێكی‌ نوێ‌ له‌ ئاشتی‌، ئاشتی‌ له‌پێناو ئاشتی‌. ئابووری‌ له‌پێناو ئابووری‌. به‌درێژایی‌ چه‌ندان ساڵی‌ رابردوو وه‌به‌رهێنانمان كردووه‌ له‌ئاشتیدا، له‌ئێستاشدا ئاشتی‌ وه‌به‌رهێنان له‌ئێمه‌دا ده‌كات، ده‌بێته‌ مایه‌ی‌ وه‌به‌رهێنانی‌ گه‌وره‌ له‌ئابووری‌ ئیسرائیل، ئه‌مه‌ش كارێكی‌ زۆر گرنگه‌«.

تره‌مپ رایگه‌یاندووه‌«ده‌ستكه‌وتێكی‌ مێژوویی‌ تر له‌مڕۆدا. دوو دۆسته‌ مه‌زنه‌كه‌مان ئیسرائیل و شانشینی‌ به‌حرێن گه‌یشتنی‌ رێكه‌وتنی‌ ئاشتی‌«. هه‌روه‌ها سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا له‌سه‌ر ئه‌ژماری‌ خۆی‌ له‌سه‌ر تۆڕی‌ تویته‌ر،كۆپییه‌كی‌ راگه‌یاندنی‌ هاوبه‌شی‌ نێوان سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ ئیسرائیل و شێخ حه‌مه‌د بن عیسا بن سه‌لمان ئال خه‌لیفه‌ پادشای‌ به‌حرێنی‌، بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ تویتێكیشیدا له‌و باره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاندبوو «ده‌ستكه‌وتێكی‌ مێژوویی‌ بۆ چه‌سپاندنی‌ ئاشتی‌ زیاتر له‌خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست كه‌ده‌كرێت ببێته‌ مایه‌ی‌ سه‌قامگیریی‌ و ئاسایش و خۆشگوزه‌رانی‌ بۆ ناوچه‌كه‌«.

كاردانه‌وه‌كانی‌ تر
ئیمارات خۆشحاڵی‌ خۆی‌ به‌هه‌نگاوه‌كه‌ی‌ ئیسرائیل و به‌حرێن ده‌ربڕی‌. وه‌زاره‌تی‌ كاروباری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئیمارات له‌باره‌ی‌ رووداوه‌كه‌وه‌ رایگه‌یاند»ده‌ستكه‌وتێكی‌ گرنگ و مێژوویی‌ كه‌ تا ئه‌ندازه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ هاوبه‌شی‌ ده‌كات له‌سه‌قامگیریی‌ و خۆشگوزه‌رانی‌ ناوچه‌كه‌«.

له‌ هه‌مان كاتدا كاردانه‌وه‌ و په‌رچه‌ كرداریی‌ توڕه‌ و ناڕه‌زایی‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسانی‌ فه‌له‌ستینه‌وه‌ خرایه‌ڕوو. وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ فه‌له‌ستین، باڵیۆزی‌ فه‌له‌ستینی‌ له‌به‌حرێن بانگكرده‌وه‌ بۆ راوێژ. راگه‌یه‌ندراوێكیش كه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی‌ فه‌له‌ستینییه‌وه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌رچوو، باسی‌ له‌زیانی‌ گه‌وره‌ كردبوو كه‌«به‌مافه‌ چه‌سپاوه‌كانی‌ گه‌لی‌ فه‌له‌ستین و بزاوتنی‌ عه‌ره‌بی‌ هاوبه‌ش ده‌گات».

فه‌له‌سینییه‌كان بۆ ده‌یان ساڵ بوو پشتییان به‌هه‌ڵوێستی‌ عه‌ره‌بی‌ یه‌كگرتوو ده‌به‌ست سه‌باره‌ت به‌پاشه‌كشه‌كردنی‌ ئیسرائیل له‌خاكه‌ داگیركراوه‌كان و په‌سه‌ندكردنی‌ دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ فه‌له‌ستینی‌. حسێن ئه‌میر عه‌بدولهه‌یان، راوێژكاری‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ ئێران بۆ كاروباری‌ نێوده‌وڵه‌تی‌، رێكه‌وتنه‌كه‌ی‌ ئیسرائیل و به‌حرێنی‌ به‌«ناپاكیكردن له‌پرسی‌ فه‌له‌ستینی‌« وه‌سفكرد.

رووداوه‌كانی‌ پشت په‌رده‌
له‌پاشخانی‌ جموجۆڵه‌ دیپۆماسییه‌كان كه‌ناوچه‌ی‌ خۆلاهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست له‌م ماوه‌یه‌ی‌ دواییدا به‌خۆوه‌یه‌بینی‌، رۆڵێكی‌ ده‌ركه‌وتووی‌ كێبڕكێ‌ هه‌یه‌ بۆ زیادكردنی‌ هه‌ژموون له‌ ناوچه‌كه‌ له‌نێوان سعودیه‌ و ئێران.

دووبه‌ره‌كی‌ له‌نێوان ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته‌ تادێت زیاتر ده‌بێت كه‌ بۆ ده‌یان ساڵه‌ به‌رده‌وامه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی‌ ناكۆكییه‌ مه‌زهه‌بییه‌كانی‌ نێوان. هه‌ریه‌كه‌و شوێنكه‌وته‌ی‌ مه‌زهه‌بێكی‌ ئاینی‌ جیاوازن، ئێران شوێنكه‌وته‌ی‌ مه‌زهه‌بی‌ شیعه‌، له‌هه‌مانه‌ كاتدا سعودیه‌ خۆی‌ به‌هێزه‌ سونییه‌ پێشه‌نگه‌كه‌ ده‌بینێت له‌ناوچه‌كه‌دا.

ئیمارات و به‌حرێن كه‌ هاوپه‌یمانی‌ سعودیه‌ن، له‌گه‌ڵ ئیسرائیلدا ترسییان به‌رانبه‌ر به‌ئێران هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ په‌یوه‌ندی‌ ژێربه‌ژێر له‌نێوانیاندا دروستببێت. له‌ئێستاشدا چاوه‌كان هه‌موو له‌سه‌ر سعودیه‌ن، به‌و پێیه‌ی‌ هیچ ده‌سته‌واژه‌یه‌ك ده‌رنه‌كه‌وتووه‌ كه‌ریازیش له‌سه‌ر هه‌مان رێچكه‌ی‌ ئه‌بوزه‌بی‌ و مه‌نامه‌ رێبكات رووه‌و به‌ستنی‌ په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل.

به‌ر له‌راگه‌یاندنی‌ رێكه‌وتنی‌ ده‌ستپێكردنی‌ په‌یوه‌ندییه‌كان له‌نێوان میرنشینه‌ عه‌ره‌بییه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی‌ عیبری‌ له‌مانگی‌ ئابی‌ رابردوو كه‌هه‌ڵپه‌ساردنی‌ پلانه‌ جێ مشتومڕه‌كانی‌ ئیسرائیل بۆ لكاندنی‌ به‌شه‌كانی‌ كه‌ناری‌ خۆرئاوای‌ داگیركراو زامن ده‌كات، ته‌لئه‌بیب هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ دیپلۆماسی‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی‌ كه‌نداودا نه‌بوو.

مانگی‌ ئابی‌ رابردووا یه‌كه‌م گه‌شتی‌ ئاسمانی‌ ره‌سمی‌ نێوان ئیسرائیل و ئیماراتی‌ به‌خۆوه‌بینی‌، ئه‌مه‌ش وه‌ك هه‌نگاوێكی‌ سه‌ره‌كی‌ له‌سه‌ر رێگه‌ی‌ ئاسایی‌ كردنه‌وه‌ی‌ ته‌واوی‌ په‌یوه‌ندییه‌كان له‌نێوان هه‌ردوودا ته‌ماشا ده‌كرێت.

جارید كۆشنه‌ر، زاوای‌ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا و راوێژكاری‌ كه‌ له‌و فڕۆكه‌یه‌دابوو كه‌ یه‌كه‌م گه‌شتی‌ ئیسرائیلی‌ به‌ره‌و ئیسرائیل ئه‌نجامدا، رێكه‌وتنه‌كه‌ی‌ نێوان ئیمارات و ته‌لئه‌بینی‌ وه‌ها وه‌سفكرد كه‌ ده‌كرێت لێوه‌ی‌ «به‌ ته‌واوه‌تی‌ رێڕه‌وی‌ رووداوه‌كان له‌ناوچه‌ی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا بگۆڕێت».

شانشینی‌ به‌حرێن له‌م ماوه‌یه‌ی‌ دواییدا رایگه‌یاندبوو، له‌كایه‌ی‌ ئاسمانی‌ وڵاته‌كه‌یه‌وه‌ رێگه‌ به‌تێپه‌ڕبوونی‌ گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كان نێوان ئیمارات و ئیسرائیل ده‌دات.
دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا، میوانداریی‌ مه‌راسیمی‌ ئیمزاكردنی‌ رێكه‌وتنی‌ ره‌سمی‌ نێوان ئیسرائیل و ئیماراتی‌ كرد له‌ كۆشكی‌ سپی‌ له‌واشنتۆن.

print

 93 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*