سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » له‌باره‌ی كتێبی شاسوارێك به‌سه‌ر پشتی باوه‌

له‌باره‌ی كتێبی شاسوارێك به‌سه‌ر پشتی باوه‌

گوڵزار حه‌مه‌ فه‌ره‌ج

خۆشییه‌كانی پاشا وه‌ك ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌شاوه‌ی تیژڕه‌و به‌ره‌و تاریكی كشاوه‌، به‌و چاوانه‌ی كه‌ له‌خۆشیدا ئه‌دره‌وشایه‌وه‌ و نیگای خۆشی و سه‌روه‌ت و سامان و شه‌هوه‌ت، له‌ نێو تاریكیدا خۆی بینییه‌وه‌، ئه‌و سه‌ركێشییانه‌ی كه‌ ده‌ینواندن، له‌ نێو زێڕ و ئه‌ڵماس و ژنهێناندا، دواتر وه‌ك سیمایه‌ك بوو له‌ نێو چڕی ته‌ڵخ و ته‌مدا، وه‌ك هه‌ورێكی تیژ به‌لایدا گوزه‌ری كرد، چووه‌ دنیای فانییه‌وه‌.

كتێبی شاسوارێك به‌سه‌رپشتی باوه‌، نووسینی محه‌مه‌د قاسم زاده‌، له‌ دووتوێی 240 لاپه‌ڕه‌ی قه‌باره‌ بچووكدا، كه‌ نووسه‌ر و وه‌ڕگێر محه‌مه‌د كه‌ریم له‌ فارسییه‌وه‌ كردوویه‌تی به‌ كوردی، كتێبێكه‌ پڕاو پڕ له‌ په‌ند و عیبره‌ت و ئه‌و بێبه‌زه‌یی بێ هه‌ستییه‌ی كه‌ پاشا و ئاغاكان به‌رامبه‌ر به‌ مرۆڤایه‌تی هه‌یانه‌، هه‌موو دار و ده‌وه‌ن پێده‌شته‌كان گه‌واهیده‌ر و شاهیدی ئه‌وه‌ن، كه‌ هه‌ر له‌ پێناوی خۆیاندا، له‌ پێناو شه‌هوه‌ت و به‌زم و كه‌یفی خۆیاندا ره‌نجی كرێكار و به‌رده‌سته‌كانی خۆیان كردۆته‌ قوربانی و بێئاگا له‌ حاڵی ره‌ش و رووت و جووتیار و ره‌نجبه‌ر.

كاتێك كه‌ پاشا خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات بوو، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ستی ترس و هه‌ره‌سی متمانه‌ی له‌ نێو هاوشارییه‌كانی خۆیدا بڵاوكردبۆوه‌، هیچ كه‌س متمانه‌ی به‌خۆی نه‌مابوو ته‌نها شتێك، كه‌ ئه‌بوایه‌ بیانكردایه‌، پیاهه‌ڵدانی پاشا و هیچی تر بوو.

كاتێك دار و ده‌سته‌كه‌ی و ژنه‌كه‌ی بۆسه‌یه‌كیان بۆ دانا ویسیتیان له‌ پاشایه‌تی بخه‌ن، رۆژگارێكیان پیشاندا و خستییانه‌ سه‌ر رێگایه‌ك، كه‌ نه‌ سه‌ره‌تای دیاربوو نه‌ كۆتایی، هه‌ر له‌ زمانی پاشا خۆیه‌وه‌ ده‌یوت: كه‌ بووین بۆ دانیشتووی كه‌لاوه‌ ئه‌بین به‌خڵته‌، گه‌دایی هیچی كه‌متر نییه‌ له‌ شاهیی،

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ زه‌مانه‌ تا چ راده‌یه‌ك پشتی تێكردبوو، كه‌وتبووه‌ چاڵی رسواییه‌وه‌، كه‌ له‌ چاوه‌كانیدا ته‌نیا نائومێدی به‌دیده‌كرا، هێشتا و هه‌میشه‌ به‌خه‌یاڵێكی ئاسووده‌ و بێخه‌مییه‌وه‌، به‌ غرور و سه‌قامگیرییه‌وه‌ و به‌شكۆوه‌ خۆی ده‌هاته‌ پێش چاو، به‌و ئاڵایانه‌وه‌ كه‌ له‌ دوای هه‌ڵهاتنه‌كه‌ی له‌ كۆشكه‌كه‌ی خۆی و به‌جێهێشتنی په‌نجا و حه‌وت ژن و ژماره‌یه‌كی بێ شومار له‌ كوڕ و كچ و نه‌وه‌. به‌و دوو ئاڵایه‌وه‌ كه‌ سپی بوون و به‌زێڕ چنڕابوون، خۆی به‌ پاشای رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا ده‌زانی و شكۆی خۆی نه‌ده‌شكاند. گه‌رچی هیچی نه‌مابوو گه‌ر باشكاتبه‌كه‌ی نه‌بوایه‌ كه‌ له‌گه‌ڵی به‌ زۆر ناردبوویان كاتی هه‌ڵهاتنه‌كه‌ی، كه‌ ئه‌ویش ژنێكی نه‌زۆكی جێهێشت بوو هه‌موو كات دڵی لای بوو، هه‌رچه‌ند ژنی براكه‌ی بوو ئه‌م ماره‌ی كردبۆوه‌.

كاتێك پاشا له‌ كاروان سه‌راكه‌ی سه‌لمان جێگیربوو، سه‌ر و قاچی خۆی بۆ لێكجیابووه‌وه‌ به‌و پاره‌یه‌ی كه‌ كوڕه‌كانی بۆیان پێچابۆوه‌وه‌ و له‌ ئه‌سپه‌كه‌یان باركردبوو، بڕیاریدا ژنی په‌نجا و هه‌شته‌م بێنێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌بای دیبێت و نه‌بۆران.

ژنه‌كه‌ش مناڵێكی هه‌رزه‌بوو گاڵته‌ی به‌عه‌قڵ و مامه‌ڵه‌ی پاشا ده‌هات، پاشا له‌ نێو به‌دگومانی و ترسی خۆیدا، كه‌ بیری له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ كه‌سانی تر بیكوژن له‌ كاروانسه‌راكه‌ی سه‌لمانیش هه‌ڵهات و له‌گه‌ڵ باشكاتبه‌كه‌ی رۆشتن و ژنی په‌نجا و هه‌شته‌میشی به‌جێهێشت، به‌بێ خه‌به‌ری رووی له‌ ده‌شت و ده‌ر كرده‌وه‌ و وه‌ك خۆی ده‌یوت: كاتب!! ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجاره‌ پێده‌خه‌مه‌ سه‌ر رێگایه‌ك، كه‌ ئاگام له‌ هه‌نگاوی دواترم نییه‌.

print

 127 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*