سەرەکی » دۆسێ » ئەمریكا پشتیووانی لە خۆپیشاندانەكانی ئێران دەكات

ترەمپ بە ئاشكرا دانی پێدادەنێت

ئەمریكا پشتیووانی لە خۆپیشاندانەكانی ئێران دەكات

تارانی پایتەخت و چەند شارێكی تری ئێران خۆپیشاندانی فراوان بۆ ناڕەزایی بەرانبەر بە دۆخی گوزەرانی هاوڵاتیان بەخۆوە دەبینن و سەرۆكی ئەمریكاش بە ئاشكرا پشتیوانیان لێدەكات، وەك میدیاكانی خۆرئاواش ئاماژەی پێدەكەن، خۆپیشاندانەكانی ئەمجارە بە خراپترین تەوژمی توندوتیژی لەو وڵاتەدا دادەنرێت.
لە هەفتەی رابردوو بەهۆی خۆپیشاندانی ناڕەزایی بەرانبەر بە خراپی باری گوزەران، و دروستبوونی ئاژاوە و پشێوی، ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیان لە شارەكانی ئێراندا كوژران و برینداربوون.
وێڕای هۆشدارییەكانی حەسەن رۆحانی سەرۆكی ئێران، خۆپیشاندەران لە ناوەڕاستی هەفتەی رابردوو سەرلەنوێ‌ رژانەوە سەر شەقامەكانی تارانی پایتەخت، ئەوەش بەپێی ئەو هەواڵانەی لەلایەن میدیاكانی وڵاتەكەوە بڵاوكرابوونەوە، لە شاری نەجەف ئابادیش وەك پێگەیەكی رەسمی وڵاتەكە ئاماژەی پێكردبوو، پۆلیسێك كوژراوە و سیانی تر برینداربوون، ئەوەش بە یەكەم قوربانی لە ریزی هێزە ئەمنییەكاندا دادەنرێت كە خۆی لە خۆیدا ئاماژەیەكی نەرێنییە بۆ دۆخی ناوخۆی وڵاتەكە.
هەر بەپێی ئەو سەرچاوەیە كە ئاژانسی (فرانس 24) ئاماژەی پێكردبوو»یەكێك لە ئاژاوەگێڕان دۆخەكەی قۆستبۆوە و بە چەكی راوكردن تەقەی لە هێزە ئەمنییەكان كردبوو، ئەوەش كوژرانی پۆلیسێك و برینداربوونی سیانی تری لێكەوتبۆوە».
لە سەرەتای دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكان كە لە 28ی كانوونی یەكەمی 2017وە دەستیانپێكرد، زیاتر لە 20 كەس كوژراون و سەدان كەسیش دەستگیركراون، خۆپیشاندەران لەبەرانبەر خراپی دۆخی گوزەران، ناڕەزاییان بەرانبەر بە حكومەت دەربڕی.
وێڕای هۆشدارییەكانی رۆحانی كە ئاماژەی بە «وەڵامدانەوەی ئاژاوەگێڕەكان و سەرپێچیكارانی یاسا» كردبوو، لە ناوەڕاستی هەفتەی رابردوودا كە سەرەتای ساڵی نوێی زاینی دەكرد، خۆپیشاندانەكان دەستییان پێكردەوە.

ئەمریكا پشتیووانی لە خۆپیشاندەرانی ئێران دەكات
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكاش لە 1ی كانوونی دووەمی 2018، رایگەیاندبوو»سەردەمی گۆڕانكاریی لە ئێران هاتۆتەپێش»، پێشتریش باسی لەوەكردبوو كە «سیستمە سەركوتكارەكان ناكرێت تا سەر بەردەوامبن و بمێننەوە».
ئەمەش دەقی ئەو تویتەیە كە ترەمپ لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی «تویتەر» بڵاویكردبۆوە:
Iran is failing at every level despite the terrible deal made with them by the Obama Administration. The great Iranian people have been repressed for many years. They are hungry for food & for freedom. Along with human rights, the wealth of Iran is being looted. TIME FOR CHANGE!
Donald J. Trump (@realDonaldTrump)

هەر لەو چوارچێوەیەدا، عەلی شامخانی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، بۆچوونی وابوو،» تۆڕە كۆمەڵایبەتییەكان بەرپرسن لە هاندانی خۆپیشاندەران بۆ ئەنجامدانی كاریی توندوتیژی».

میدیاكانی ئێران لە زاری شامخانییەوە بڵاویانكردبۆوە»هاشتاگ و نامەكان لەبارەی رەوشی ئێرانەوە، لەلایەن ولایەتە یەكگرتووەكان و بریتانیا و سعودیەوە رەوانە دەكرێن».
ئەو بەرپرسەی ئێران پێیوایە «ئەوەی روودەدات جەنگی بە وەكالەتە لە دژی گەلی ئێران».

لە شەوی سەری ساڵیشدا، ئاژانسی دەنگوباسی (فارس) كە نزیكە لە موحافیزكارەكان، وێنەی ئۆتۆمبێلێكی سوتێنراوی بڵاوكردبۆوە، بەپێی ئەو راپۆرتانەش كە لەسەر تۆڕە كۆمەلایەتییەكان بڵاوكرابونەوە»گروپێكی زۆر بچووكی خۆپیشاندەران دروشمی دژ بە رژێمیان لە تارانی پایتەختی ئێران بەرزكردبۆوە».
هەر لەو بارەیەوە ئاژانسی دەنگوباسی (میهر) لای خۆیەوە بڵاویكردبۆوە «یەكێك لە ئاژاوەگێڕەكان ئاگری لە ئۆتۆمبێلێك بەرداوە و دەستبەجێ‌ هەڵاتووە».
وەزارەتی هەواڵگری ئێرانیش لە بەیاننامەیەكیدا كە لەلایەن ئاژانسی «ئیسنا»وە بڵاوكرابۆوە رایگەیاندبوو»ناسنامەی ئەوانەی ئاژاوەیان ناوەتەوە دیاریی كراون، ژمارەیەكیشیان دەستگیركراون، ئەوانی تریش شوێن پێیان هەڵدەگیرێت و بەمزوانە دەستگیردەكرێن و بە توندترین شێوە مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت».
لای خۆیەوە پۆلیسی ئێران، دەستگیركردنی چوار كەسی راگەیاندبوو كە «سوكایەتییان بە ئاڵای كۆماری ئیسلامی كردبوو و سوتاندبوویان»، ئەوەش بەپێی سایتێكی ئەلیكترۆنی كە سەر بە تەلەڤیزیۆنی رەسمی وڵاتەكە بوو.
هەروەها میدیا رەسمییەكانی ئێران، بەیاننامەیەكی فەرماندەیی هێزە ئەمنییەكانیان لەگەڵ وێنەی سێ‌ لاودا بڵاوكردبۆوە كە «دەستییان لە رێكخستنی خۆپیشاندانەكاندا هەبووە»، بەیاننامەكە داوایشی لە دانیشتوان كردبوو ئەوانە بناسنەوە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا لە 1ی كانوونی دووەمی 2018، دەوڵەتی بەحرەین كە زۆرینەی دانیشتوانی شیعەمەزهەبە، داوای لە هاوڵاتیانی كردبوو، بە هیچ شێوەیەك سەفەر نەكەن بۆ ئێران، ئەوەش بەهۆی «تەوژمی توندوتیژی و ئەو پشێوییە فراوانەی وڵاتەكەی گرتۆتەوە» .
لە 31ی كانوونی یەكەمی رابردوو، خۆپیشاندانی ناڕەزایی بەرانبەر بە خراپی دۆخی ئابوری و بێكاریی و گرانی و گەندەڵی، چەندان شاری ئێرانی گرتەوە.
بەپێی ئەو وێنە و گرتە ڤیدیۆییانەش كە لەلایەن دەزگاكانی راگەیاندن و پێگە كۆمەڵایەتییەكانەوە بڵاوكرابوونەوە،»خۆپیشاندەران هێرشییان كردۆتە سەر بارەگا گشتییەكان، لەوانە ناوەندە ئاینییەكان و بانكەكانی سەر بە بەسیج (هێزە نیمچە سەربازییەكانی سەر بە سوپای پاسداران) و ئاگرییان لە ئۆتۆمبێلەكانی پۆلیس بەردابوو».
دەسەڵاتدارانی ئێران رەتیدەكەنەوە تەقە لە خۆپیشاندەران بكەن و «ئاژاوەگێڕان» و «دوژمنانی شۆڕش» بە خۆخزاندنە نێویانەوە، تۆمەتبار دەكەن.
بەپێی دەزگاكانی راگەیاندن، لە 31ی كانوونی یەكەمی 2017 لە شارەكانی تویسركان (خۆرئاوا) و ئیزدج (باشووری خۆرئاوا) هەشت كەس كوژراون، لە شاری دورود (خۆرئاوا) دوو كەسی تر كوژرابوون، ئەوەش دوای ئەوەی خۆپیشاندەران دەستییان بەسەر ئۆتۆمبێلێكی ئاگركوژێنەوەدا گرتبوو.
سەرلەئێوارەی رۆژی پێشتر، لە هەمات شاردا دوو كەسی تر كوژرابوون، بەڵام جێگری حاكمی پارێزگاكە، رەتیكردبوە هێزە ئەمنییەكان تەقەیان لە خۆپیشاندەران كردبێت.
رۆحانی داوای یەكگرتن دەكات
وێڕای ئەوەی دەسەڵاتداران، پێگەكانی ئینیستاگرام و تیلگرامیان لەسەر مۆبایلەكان داخستبوو، وەك هەوڵێك بۆ خۆلادان لە رێكخستنی خۆپیشاندانی ناڕەزایی نوێ‌، سەرلەئێوارەی 31ی كانوونی یەكەم خۆپیشاندان دەستیپێكردەوە.
تەوژمەكانی خۆپیشاندانی ئەمجارە بە گەورەترین دادەنرێت لە ئێران، ئەوەش دوای خۆپیشاندانەكانی ناڕەزایی لە دژی هەڵبژاردنەوەی مەحمود ئەحمەدی نەژاد لە ساڵی 2009 كە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە سەركوتكران و تێیاندا بەپێی ئامارە رەسمییەكان، 36 كەس كوژراون، ئۆپۆزسیۆنیش ئاماژە بە كوژرانی 72 كەس دەكات.
سەرۆكی ئێران لە لێدوانێكیدا كە لەسەر پێگەی ئەلیكترۆنی رەسمی ئێران بڵاوكرایەوە، رایگەیاندبوو»نەتەوەكەمان مامەڵە لەگەڵ ئەو كەمینەیە دەكات كە دروشمی دژ بە یاسا و ئیرادەی گەل بەرزدەكەنەوە، و زیان بە پیرۆزییەكان و نەریتەكانی شۆڕش دەگەیەنن»، رۆحانی باسی لەوەكردبوو كە «رەخنەكان هەلن نەك هەڕەشە، و گەلیش بە هەمان شێواز وەڵامی ئاژاوەگێڕان و سەرپێچیكەرانی یاسا دەداتەوە».
بە گوتەی حەسەن رۆحانی «ئابورییەكەمان پێویستی بە نەشتەرگەریی گەورەیە، و پێویستە هەموومان یەكگرتووبین»، تەئكیدیشی لەسەر خواستی حكومەت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هاوڵاتیان كردبۆوە.
رۆحانی لە 30ی كانوونی یەكەمی رابردوو، بەپێویستی زانیبوو دەسەڵاتداران «رووبەرێك بۆ رەخنەگرتن» ببەخشن بە هاوڵاتیان، هۆشداریشی دابووە خۆپیشاندەران لە دروستكردنی ئاژاوە و كاریی توندوتیژی.
ئایەتوڵڵا سادق لاریجانی سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی لە ئێران، لای خۆیەوە رایگەیاندبوو»ئەوانەی داواكاریی و داخوازیی راستەقینەیان هەیە، دەبێت بەشێوازێكی یاسایی گوزارشتی لێبكەن، بۆیە پێویستە بە توندی لە دژی ئەوانە مامەڵە بكرێت كە كاریی تێكدەرانە دەكەن و ئاژاوە و پشێوی دەنێنەوە»، ئەمەش بەپێی تەلەڤیزیۆنەكانی ئێران.
لە مانگی ئایاری 2017، حەسەن رۆحانی بۆ ماوەی دووەمی سەرۆكایەتی ئێران هەڵبژێردرایەوە، گەلی ئێرانیش هیواخواز بوو سەرۆك بتوانێت وڵاتەكە لەو گۆشەگیرییە قوتار بكات كە بەهۆی سزاكانی تایبەت بەرنامە ئەتۆمییەكانەوە، بەسەریدا سەپێنرابوو.
ئێرانییەكان ئومێدی گەورەیان بەوە بوو رێكەوتنی مێژوویی لەگەڵ وڵاتە زلهێزەكان لەبارەی دۆسێی ئەتۆمی، ببێتە مایەی ژیاننەوەی ئابوری، بەڵام بەرهەمی ئەو رێكەوتنە تائێستاش دەرنەكەوتووە.
«نائومێدی»
لە رۆژی یەكەمی ساڵی نوێ‌، خۆپیشاندانی پێچەوانە لە دژی خۆپیشاندانەكانی ناڕەزایی دژ بە حكومەت و «ئاژاوە و پشێوی» لە شارەكانی رشت و زنجان و ئەهواز و تاكسانی ئێرانی سازكران.
بەپێی ئاژانسی (فرانس 24) «لە سەرەتای دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكان تاوەكو ناوەڕاستی هەفتەی رابردوو، نزیكەی 400 كەس دەستگیركراون كە 200 یان لە تاران بوون»ئەوەش بەر لەوەی نزیكەی سەد كەسیان ئازادبكرێن.
(ئەسفەندیار باتمانگیلیدج) دامەزرێنەری كۆڕبەندی ئەوروپایی ئێرانی رایگەیاندبوو»ئەوەی وادەكات ئێرانییەكان لە زۆربەی كاتەكاندا بڕژێنە سەر شەقامەكان، كێشە ئابورییە ئاساییەكان و هەستكردنە بە نائومێدی، بەهۆی كەمی هەلی كار و نەبوونی ئاسۆیەكی روون بۆ ئایندەی نەوەكانیان».
هەروەها پێیوایە، دروستبوونی ئەو پشێویانە، پەیوەندی بە رێوشوێنەكانی سیاسەتی «سكهەڵگوشین»وە هەیە كە لەلایەن رۆحانییەوە گیراونەتەبەر، لەوانە كەمكردنەوەی بیمەكانی كۆمەڵایەتی، و بەرزكردنەوەی نرخی سوتەمەنییەكان.

print

 87 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*