سەرەکی » راپۆرت » ململانێكانی‌ نێوان ئه‌مریكا و روسیا له‌ سوریا توندترده‌بن

دوای‌ پێكداهه‌ڵپژانه‌كانی‌ ئه‌م دواییه‌

ململانێكانی‌ نێوان ئه‌مریكا و روسیا له‌ سوریا توندترده‌بن

ئا: ئیدریس جەبار

ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان هێزی‌ سه‌ربازی‌ زیاتر ره‌وانه‌ی‌ سوریا ده‌كات، ئه‌مه‌ش دوای‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی‌ پێكداهه‌ڵپژان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی‌ روسیا و زیادبوونی‌ ته‌نگژه‌كانی‌ نێوان هه‌ردوو وڵات له‌ سوریادا دێ.
به‌رپرسانی‌ ئه‌مریكایی‌ له‌ 19ی‌ ئه‌یلولی‌ 2020 رایانگه‌یاند، 6 زریپۆشی‌ جۆری‌ برادلی‌ و 100 سه‌رباز له‌نێو ئه‌و هێزانه‌دان كه‌ ده‌نێدرێنه‌ سوریا و له‌ باكووری‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ وڵاته‌كه‌ بڵاوه‌یان پێده‌كرێت.

زیاتربوونی تەنگژەکان
ته‌نگژه‌كان روویان له‌ زیادبوون كرد پاش دووباره‌بوونه‌وه‌ی‌ پێكداهه‌ڵپژانی‌ نێوان هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا و (هێزه‌كانی‌ روسیا) كه‌ ده‌وره‌یه‌یان هه‌یه‌ له‌ ناوچه‌كانی‌ باكووری‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ سوریا.

بیل ئه‌ربن، وته‌بێژی‌ فه‌رمانده‌یی‌ ناوه‌ندی‌ سوپای‌ ئه‌مریكا له‌و باره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند»ئامانج له‌و هه‌نگاوه‌، بۆ زامنكردنی‌ سه‌لامه‌تی‌ هێزه‌كانی‌ هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌«. ئه‌و به‌رپرسه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ له‌ 19ی‌ ئه‌یلولی‌ 2020 بڵاویكرده‌وه‌ رایگه‌یاند»ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان هه‌وڵ نادات بۆ هیچ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ هیچ وڵاتێك له‌ سوریا، به‌ڵام گه‌ر پێویست بكات، به‌رگری‌ له‌ هێزه‌كانی‌ هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ده‌كات».

ئه‌ربن به‌ ناو باسی‌ روسیای‌ نه‌كرد، به‌ڵام به‌رپرسێكی‌ تری‌ ئه‌مریكایی‌ له‌ لێدوانێكیدا بۆ كه‌ناڵی‌ (ئێن بی‌ سی‌)ی‌ ده‌نگوباسی‌ ئه‌مریكایی‌، ئاماژه‌ی‌ پێكرد.

به‌رپرسه‌كه‌ كه‌ نه‌یویستبوو ناوی‌ خۆی‌ ئاشكرا بكات رایگه‌یاندبوو»ئه‌و پاڵپشتیانه‌ی‌ ره‌وانه‌ ده‌كرێن، په‌یامێكی‌ رونن بۆ روسیا، تا پابه‌ندبێت به‌ بنه‌ماكانی‌ ره‌واندنه‌وه‌ی‌ ته‌نگژه‌كان كه‌ له‌نێوان هه‌ردوولادا رێكه‌وتنی‌ له‌سه‌ر كراوه‌، ئه‌مه‌ش بۆ روسیا و لایه‌نه‌كانی‌ تره‌، تا خۆیان له‌ هه‌ڵسوكه‌وتی‌ ناپیشه‌گه‌ریی‌ و نادڵنیاكه‌ره‌وه‌ و گێچه‌ڵكردن له‌ باكووری‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ سوریا، به‌دووربگرن».

(ئێن بی‌ سی‌) له‌ زاری‌ به‌رپرسه‌ ئه‌مریكاییه‌كه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌، پاڵپشتییه‌ سه‌ربازییه‌كان له‌پێناو به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ روسیا و رێگرتن له‌ هاتنه‌ناوه‌وه‌یان بۆ ناوچه‌ پارێزراوه‌كانی‌ سنوری‌ چالاكی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا و هێزه‌ كوردییه‌كان، ره‌وانه‌كراون.

رووبه‌ڕووبوونه‌وەی ئەم دواییە
له‌ماوه‌ی‌ ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی‌ رابردوودا، چه‌ندان رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌نێوان هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا و هێزه‌كانی‌ روسیادا له‌ سوریا، روویداوه‌. به‌ڵام ئه‌و رووبه‌ڕووبوونه‌وانه‌ له‌م چه‌ند هه‌فته‌یه‌ی‌ دواییدا له‌ باكووری‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ وڵاته‌كه‌، سیمایه‌كی‌ زیاتر توندوتیژییان به‌خۆوه‌بینی‌.

له‌ مانگی‌ ئابی‌ رابردوو، 7 سه‌ربازی‌ ئه‌مریكا له‌دوای‌ پێكدادان له‌گه‌ڵ زریپۆشێكی‌ روسی‌، برینداربوون. ئه‌مریكاییه‌كان و رووسه‌كان یه‌كترییان به‌ هۆكاریی‌ رووداوه‌كه‌ تۆمه‌تبار كرد كه‌ وێنه‌كانی‌ له‌سه‌ر پێگه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ بڵاوكرانه‌وه‌.

ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌ڵێت، روسیا هاتۆته‌ نێو ناوچه‌یه‌كی‌ ئه‌منی‌ كه‌ پێشتر رازیبوون له‌وه‌ی‌ نه‌یه‌نه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌، روسیاش ده‌ڵێت، روسیا پێشتر ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئاگاداركردووه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ ده‌وره‌یه‌ی‌ سه‌ربازی‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا ئه‌نجام ده‌دات.

له‌ پێكداهه‌ڵپژانێكی نێوان سوپای سوریا و هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ڕیفی حه‌سه‌كه‌ له‌ 17ی‌ ئابی‌ رابردوودا، سه‌ربازێكی سوریا كوژرا و دوانی تر برینداربوون، ئاماژه‌ به‌ برینداربوونی ژماره‌یه‌ك سه‌ربازی ئه‌مریكاییش كرا.
به‌پێی میدیاكانی ڕوسیا، سه‌ربازه‌كانی سوپای سوریا له‌ بازگه‌ی ڕه‌شۆ له‌ گوندی ته‌ل زه‌هه‌بی باشووری خۆرهه‌ڵاتی قامیشلۆ له‌ ڕیفی حه‌سه‌، ڕێگه‌یان له‌ كاروانێكی سه‌ربازی ئه‌مریكایی گرتووه‌ و ڕێگه‌یان نه‌داوه‌ تێبپه‌ڕێت، ئه‌مه‌ش بۆته‌ مایه‌ی پێكداهه‌ڵپژان له‌نێوان هه‌ردوولا».

ئه‌و میدیایانه‌، ئاماژه‌ به‌ كوژرانی سه‌ربازێكی سوپای سوریا و برینداربوونی دوانی تر كردبوو كه‌ یه‌كێكیان مولازم بووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ژماره‌یه‌ك سه‌ربازی ئه‌مریكایی له‌ پێكداهه‌ڵپژانه‌كه‌دا به‌ سه‌ختی برینداربوون.

به‌گوێره‌ی‌ زانیارییه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كان، ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجار نییه‌ كه‌ سوپای سوریا ڕێگه‌ له‌ تێپه‌ڕبوونی كاروانه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا ده‌گرێت له‌ ڕیفی حه‌سه‌كه‌، به‌ڵام په‌ره‌سه‌ندنه‌كه‌ی 17ی‌ ئابی‌ رابردوو، له‌ وڵامدانه‌وه‌ی ئه‌مریكاییه‌كاندابوو كه‌ بووه‌ مایه‌ی كوژران و برینداربوونی ژماره‌یه‌ك سه‌ربازی سوپای سوریا.

لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکا و روسیا
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا و له‌ 26ی‌ ئابی‌ 2020، به‌رپرسانی ئه‌مریكایی ئاماژه‌یان به‌ برینداربوونی ژماره‌یه‌ك سه‌ربازی وڵاته‌كه‌یان كردبوو، به‌هۆی ڕووداوێك كه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ڕوسیا له‌ سوریادا ڕویدا.

ئاژانسی (رۆیته‌رز) له‌ 26ی‌ ئابی‌ رابردوو، له‌زاری به‌رپرسانی ئه‌مریكاییه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌«بریندارنداربوونه‌كان به‌هۆی پێكداهه‌ڵپژانی چه‌كدارییه‌وه‌ نه‌بووه‌«، یه‌كێك له‌ قسه‌كه‌ره‌كانیش هۆكاریی ڕووداوه‌كه‌ی بۆ به‌ریه‌ككه‌وتن و به‌یه‌كدادان گێڕایه‌وه‌. لایه‌نی ڕوسی له‌و ده‌مه‌دا، هیچ لێدوانێكی فه‌رمی له‌باره‌ی ڕووداوه‌كه‌وه‌ بڵاونه‌كرده‌وه‌.

هێزه‌كانی ڕوسیا، بۆ پشتیوانی له‌ هێزه‌كانی سوپای سوریا له‌ وڵاته‌كه‌دا بڵاوه‌یان كردووه‌ و له‌و ناوچانه‌دا هاتووچۆ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی هێزه‌كانی سه‌ر به‌ به‌شار ئه‌سه‌دی سه‌رۆكی سوریادان، هه‌رچی هێزه‌كانی ئه‌مریكاشه‌، له‌ ناوچه‌كانی باكووری خۆرهه‌ڵاتی وڵاته‌كه‌ بنكه‌ و باره‌گای سه‌ربازییان هه‌یه‌ و یارمه‌تی پێشكه‌ش به‌ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) ده‌كه‌ن.

له‌لایه‌كی‌ تر و له‌ دوای‌ سه‌پاندنی‌ سزاكانی‌ ئه‌مریكا به‌سه‌ر به‌رپرسانی‌ دیمه‌شق، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕوسیا ڕایگه‌یاندبوو، سزاكانی ئه‌مریكا كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆیان له‌سه‌ر گه‌لی سوریا ده‌بێت.

سێرگی لاڤرۆڤ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی روسیا له‌ 18ی‌ ئابی‌ رابرردوو، ره‌خنه‌ی توندی له‌و سزایانه‌ گرت كه‌ ئه‌مریكا به‌سه‌ر حكومه‌تی سوریایدا سه‌پاندنی‌ و راگه‌یاندبوو، لێپرسراوانی ئه‌مریكا وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن ئامانجیانه‌ له‌ڕێگه‌ی ئه‌و سزایانه‌وه‌ لێپرسراوانه‌ پله‌باڵاكانی سوریا بخنكێنن، به‌ڵام له‌ڕاستیدا گه‌لی سوریا قوربانی سه‌ره‌كی سزاكانن.

به‌ وته‌ی‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی روسیا، نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان گفتووگۆی له‌باره‌ی سزاكانی ئه‌مریكاوه‌ كردووه‌ و وڵاتانی خۆرئاوا داكۆكیان لێكردووه‌ و ڕایانگه‌یاندووه‌ ئامانجی سزاكان دژ به‌ لێپرسراوانی سوریایه‌.

لاڤرۆڤ ربه‌پێویستی‌ زانیبوو، ئه‌و وڵاتانه‌ بیر له‌گه‌یاندنی كاروانی هاوكارییه‌ مرۆییه‌كان بكه‌نه‌وه‌ بۆ سوریا، به‌ڵام تائێستا ئاماده‌ نین هیچ كۆمه‌كێك پێشكه‌ش به‌و وڵاته‌ بكه‌ن.

یاسای سیزه‌ر
یاسای سیزه‌ر كه‌ له‌لایه‌ن كۆمارییه‌كان و دیموكراته‌كانی ئه‌مریكاوه‌ به‌هاوبه‌شی له‌ كۆنگرێس تێپه‌ڕێنراوه‌، خۆی له‌سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ر ته‌واوی ئه‌و گه‌وره‌ كۆمپانیا و ده‌زگای هه‌واڵگری و سه‌ربازییانه‌دا ده‌بینێته‌وه‌ كه‌به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت هاوكاری پێشكه‌ش به‌حكومه‌تی سوریا و لێپرسراوانی باڵای وڵاته‌كه‌ ده‌كه‌ن.

ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان تائێستا 500 سه‌ربازی‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا بڵاوكردۆته‌وه‌ بۆ به‌رگرتن له‌ هێرشه‌كانی‌ رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌، ئه‌مه‌ش ژماره‌یه‌كی‌ زۆر كه‌متره‌ له‌و سه‌ربازه‌ ئه‌مریكاییانه‌ی‌ كه‌ پێشتر له‌ سوریادا جێگیركرابوون.

روسیا پشتیوانی‌ له‌ حكومه‌تی‌ سوریا ده‌كات، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانیش له‌ سه‌ره‌تای‌ ده‌ستپێكردنی‌ راپه‌ڕینی‌ میللی‌ له‌ ساڵی‌ 2011، پشتیوانی‌ له‌ هێزه‌ كوردییه‌كان ده‌كات.

روسیا كه‌ پشتیوانی‌ له‌ حوكمی‌ سه‌رۆك به‌شار ئه‌سه‌د ده‌كات، رێگره‌ به‌رامبه‌ر به‌ بوونی‌ سه‌ربازی‌ ئه‌مریكایی‌ له‌ سوریا.

دۆناڵد تره‌مپ له‌ ساڵی‌ 2018 بڕیاریدا هێزه‌كانی‌ كه‌ 1000 سه‌ربازن و پاڵپشتی‌ هێزه‌ كوردییه‌كانن، له‌ سوریادا بكشێنێته‌وه‌. دواتر ئاماژه‌ی‌ به‌ هێشتنه‌وه‌ی‌ ژماره‌یه‌ك له‌ هێزه‌كانی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ كرد له‌ سوریا، بۆ پارێزگاریی‌ له‌ بیره‌ نه‌وته‌كان.

 148 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*