سەرەکی » ئابووری » عیراق سێیەم گەورە هەناردەكاری نەوتە

عیراق سێیەم گەورە هەناردەكاری نەوتە

بۆ مانگی رابردوو، عیراق لەپاش هەریەك لە روسیاو سعودیەوە، بۆتە سێیەم گەورە دابینكارو هەناردەكاری بەرهەمی نەوت بۆ چین‌و ئەو وڵاتەش لەمانگی ئابدا زۆرترین بڕە نەوتی لەعیراق كڕیوە.

بەپێی داتاو زانیارییەكانی ئیدارەی گشتی بەڕێوەبردنی گومرگەكانی چین، لەمانگی ئابدا روسیا بۆتە یەكەم گەورە دابینكاری بەرهەمی نەوت بۆ چین‌و لەو مانگەدا بڕی ملیۆنێك‌و 370 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەو وڵاتە كردوە لەپاش ئەویش سعودیە بەپلەی دووەم دێت‌و تێكرا لەمانگی ئابدا بڕی ملیۆنێك‌و 240 هەزار بەرمیلی هەناردەی چین كردووە، هەروەها لەپاش ئەویش عیراق لەپلەی سێیەمدا دێت بەوەی لەو مانگەدا بڕی هەناردەكانی لە نەوتی خاو بۆ چین گەیشتۆتە ملیۆنێك‌و 50 هەزار بەرمیل.

هەر بەپێی ئامارەكان، چین لەمانگی رابردوودا بڕی هاوردەكانی لە نەوتی خاو لەعیراقەوە بەڕٍێژەی سەدا 2 بەرزكردۆتەوەو لەسەر ئاستی ساڵانەش بڕی زیادەی نەوتی هاوردەكراوی لەعیراق لەمساڵدا بەڕێژەی سەدا 33 پۆینت 9 زیادكردوە.

هاوكات، هەر سەبارەت بە كەرتی نەوتی عیراق، ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ ئاشكرای دەكات، بۆ كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت‌و پابەندبوون بەبڕ و رێژەی دیاریكراوەوە، رێكخراوی ئۆپیك هەلێكی نوێی بەعیراق بەخشیووە.

ئاژانسەكە ئەوەی خستۆتەڕوو، بەڕێكەوتن، وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت لەڕێكخراوی ئۆپیك رەزامەندیان پیشانداوە ماوەیەكی زیاتر ببەخشنە عیراق‌و ئەندامانی تر، كە تائێستا نەیانتوانیوە وەك پێویست پابەندی تەواوەتی رێكەوتنی كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بن.

بەپێی زانیاریەكانیش، ئۆپیك رێگەی بەعیراق داوە بۆ مانگی داهاتوو ئاستی بەرهەمهێنانی لەسنوورێكی دیاریكراودا زیاد بكاتەوەو بەو پێیەش رەنگە لەمانگی ئۆكتۆبەردا عیراق بڕی 5 بۆ 10 ملیۆن بەرمیل نەوتی زیاتر بفرۆشێت بەشێوەیەك، ئاستی رۆژانەی لە فرۆشتنی نەوت 160 هەزار بۆ 320 هەزار بەرمیل زیادبكات.

ئەوەشخراوەتەڕوو، لەو هەلەدا كە بەعیراق دراوە، رەچاوی ئەو زیانە زۆرانە كراوە، كە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە لەماوەی ئەمساڵدا بەر عیراق كەوتوون، لەگەڵ ئەو كورتهێنانە گەورەیەی لە بودجەدا رووبەڕوی بۆتەوە، كە بەپێی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست‌و باكووری ئەفریقا بەگەورەترین كورتهێنان دادەنرێت.

 152 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*