سەرەکی » هاوپۆل نەکراو » لە کاریلەوانی و قەرەچاوشارکێوە بۆ یاری پۆپجی

لە کاریلەوانی و قەرەچاوشارکێوە بۆ یاری پۆپجی

ئینتەرنێت و منداڵانی گوند

چەرخەی مێژوو بەشێوازێک دەخولێتەوە، ڕۆژانە کۆنتاکت لەگەڵ جیهاندا ئاسان بووە، ئەم کۆنتاکت و پەیوەندییە لەسەر ئاستە جیاوازەکانی تەمەن و جوگرافیا جیاوازەکانیش، تاڕادەیەک جیاکاری ناکات.
منداڵانی گوندیش لەم بارەیەوە بۆچونیان جیاوازە و منداڵێک دەڵێت: «ئاوایی شاری یاری و جێگایەکی نییە بۆ مناڵ، ئێستا قوتابخانەیش نییە تاکو بە دەرس و دەوامی خۆمانەوە سەرقاڵ بین بۆیە ڕۆژانە دەبێت هەر خەریکی یاری بین»
ئەو منداڵەی گوند کە جاران کاریلەوان و شوان بوو، سەرقاڵی قەرەچاوشارکێ بوو، ئێستا بە موبایلێکی زیرەک و ئینتەرنێتەوە دەچێتەدەر و لە یەک چرکەدا و بە کلیکێک زۆر شت دەست دەخات، یان لە موبایلەکەیدا چەندان یاری جۆراوجۆری هەیە کە لەم ڕێگایەوە چەندان کەس لەناوچە جیاوازەکانی جیهان پێکەوە دەبەستێتەوە. ئەو منداڵەی جاران لە گوندەکاندا یاری بەڕەنگەکان دەکرد و لەگیرفانیدا بەردەکانی هەڵماقۆو کەلاو هەڵمات هەبوو، ئەو منداڵەی گوند کە جاران ماقڵەماقڵەیەکی جوانی بۆ خۆی دروست دەکرد، ئێستا لەموبایلەکەی دەستیدا لەیەک کاتدا چەندان کەسی هێناوەتەسەر خەت و یاری پۆپجی و فری گەیم و ….هتد دەکات.
محەمەد مەحمود منداڵێکی پۆلی سێیەمی بنەڕەتییە ئەو کاتێک قسەمان لەگەڵیدا کرد شەری دەکرد بۆ ڕۆژنامەو ڕاگەیاندن قسە بکات، بەڵام کاتێکیش لەبارەی یارییەکانی ناو موبایلەکەیەوە دوا وتی: ئاوایی شاری یاری و جێگایەکی نییە بۆ مناڵ، ئێستا قوتابخانەیش نییە تاکو بە دەرس و دەوامی خۆمانەوە سەرقاڵ بین بۆیە ڕۆژانە دەبێت هەر خەریکی یاری بین.
دنیای منداڵان دنیایەکی تایبەت و ناسکە و گەلێک ناکۆک و پێچەوانەیە بەو جیهانەی ئەمڕۆ کەوا خەریکە وردە وردە باڵ دەکێشێت بەسەر دنیابینی منداڵان و بەرائەتی منداڵیدا، کوشتنی جوانییەکانی ناوەوەی منداڵ واتە کوشتنی ئەو جیهان و جوانیانەی کە تایبەتە بە منداڵان و موڵکی ئەوانە. بە پێچەوانەوە هەر منداڵێک لە دەرەوەی ئەو جیهانەی خۆی بیریکردەوە یان لە دەرەوەی جیهانی خۆی ژیا ئەوا دەتوانین بڵێین مرۆڤێکە هەرگیز منداڵی و جیهانی منداڵی تاقینەکردۆتەوە و چێژی لە منداڵی خۆی نەبینیووە، هەر منداڵێکیش ئەم جیهانەی نەبینی بۆ هەمیشە هەست بە بۆشاییەک لە ژیانیدا دەکات.
محەمەد وتیشی: ئێمە جگە لە یاری زۆر ئیشیتری پێناکەین کە زیانی بۆ ئەخلاق و پەروەردەی خێزانمان دروست بکات. ناڵێم ئەم یارییانە زیانی نییە بەڵام لەزۆر شتیتر باشترە کە خەڵکیتر دەیکات، ئەم یارییانە بۆ چاومان زیانی هەیەو خۆمان ئەوە دەزانین بەڵام ئیتر حەزمان لێیەتی و ناتوانین نەیکەین.
ئینتەرنێت لەگەڵ تەواوی باشییەکانیدا، دواجار بکوژی ڕۆحی منداڵییە، بکوژی خەون و خۆزگەی منداڵییە، هێزی گۆڕانی منداڵە ڕاستەوخۆ بۆ گەورەیی، لێسەندنەوەی جوانی و پاکییە لەمنداڵ و چاندنی هێزی ڕق و کوشتنی جوانییە.
چێنەر ئەحمەد کە تەمەنی یانزە ساڵە ئەویش هەست بەزیانەکانی ئینتەرنێت بۆ منداڵ دەکات و دەڵێت: یەکێک لە خراپییەکانی ئینتەرنێت بۆ ئێمەی منداڵ ئەوەیە بۆ چاومان زۆر خراپە. لەبەر ئەوەی زۆر بەکاری دێنین لە بێ ئیشیدا ئەوا هەندێکجار چاویشمان ئێشی دێت و هەست دەکەم خراپە.
ئەگەر بمانەوێت یان نا، چیتر جیهان گەشتۆتە ئاستێکی فراوانی کرانەوە و پێشکەوتن کە ڕەنگە هیچ هێزێک نەتوانێت بەردەم بەو شەپۆلە بگرێت و ڕێگری لە گەیشتنی بکات، بۆیە دایکان و باوکانیش ناتوانن منداڵەکانیان لەو شەپۆلە بپارێزن و نەهێڵن بکەونە بەردەم ئەو هۆیانەی گەیاندن کە جیهانی مۆدێرنێتە ئەمڕۆ گەیاندویەتی بە ماڵەکانیان و بووەتە زەرووریەتی ڕۆژانە و هیچ ماڵێک نییە یەکێک لەو هۆیانەی تێدا نەبێت کە بەرهەمی ئەو جیهانەیە.
چێنەر ڕایگەیاند: وەڵا دایک و باوکمان هەندێکجار لێمان دەدەن و هەندێکجاریش ئامۆژگاریمان دەکەن کە موبایل بەکار نەهێنین و موبایلەکانمان لێدەسێنن، بەڵام ئێمە بە دزییەوە دەیبەین و دەچین لەدەرەوەی ماڵ ئیشی پێدەکەین. لەگەڵ هاوڕێکانم یاری سەرقاڵمان دەکات و زۆر دوور ناکەوینەوە لە ماڵ، ئەم یارییە زۆر باشترە لە هەندێک ئیشیتر کە بۆ ئێمە نابێت و ناگونجێت.
بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی کراون لەسەر پەیوەندی منداڵ بەئینتەرنێتەوە، سەلمێنراوە کە ئینتەرنێت والەمنداڵ دەکات گەورەتر لەتەمەنی خۆی بڕیاربدات و بیربکاتەوەو هەڵسوکەوت بکات. منداڵانی گوند کە لەبنەڕەتدا منداڵگەلێکی دابڕاوبوون لەگێتی ئێستا خەریکە ئەوانیش ئەو دابڕان و دوورییە بەهۆی موبایلەکەی دەستییە کاڵ دەکاتەوەو چووەتە ئەو فەزا گشتییەوە کە ناوی جیهانیبوون و سەردەمی ئەلیکترۆنیاتە.
ماکوان عوسمان دەڵێت: ئەگەر لە لادێ یاری بەموبایل نەکەین و ئینتەرنێت بەکارنەهێنین ئەوا نازانین چی بکەین. یاریکردن خۆشە بە ئینتەرنێت ئەو هەموو برادەرە دەدۆزیتەوەو لێیان دەبەمەوە. باوکم دەڵێت مەکتەب کرایەوە موبایلەکەت لێدەسێنم و هەڵیدەگرم خەمی ئەوەمە ئیتر یاری نەکەم.
لەکوردستاندا ئینتەرنێت بەتایبەت ئەو ئینتەرنێتەی کە هێڵەکانی تەلەفۆنات لەڕێگای باڵانسەوە دەیبەخشن بە هاوڵاتیان ئاسان دەست دەکەوێت، منداڵان سوود لەم هێڵانە وەردەگرن و بەکاری دەهێنن بۆ یارییە ئەلیکترۆنییەکان.
منداڵان لە هەر کوێ و لە هەر ژینگەیەکدا بن دەبێت بە وردی چاودێری بکرێن و دوور بخرێنەوە لەو یاریی و بابەتانەی کە لەگەڵ تەمەن و بیرکردنەوەی منداڵاندا ناگونجێت و یاسا و جاڕنامە جیهانییەکانیش داوا دەکەن منداڵان دووربخرێنەوە لە هەر شتێک کە لەگەڵ سروشت و توانای جەستەیی و عەقڵی ئەواندا ناگونجێت.

 

print

 139 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*