سەرەکی » وتار » د.شیركۆ عبدالله‌‌ » به‌ قسه‌ی‌ راست

به‌ قسه‌ی‌ راست

× به‌گم دوێنێ‌ شه‌و دانیشتم هه‌ر بیرم كرده‌وه‌ تا گه‌یشتم به‌ ئه‌نجامێكی‌ زۆر موهیم.
ـ چی‌ یه‌ ئه‌نجامه‌ موهیمه‌كه‌؟
× ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نابێ‌ ئیتر دوعا له‌ زاڵم بكه‌ین و قسه‌یان پێ‌ بڵێین.
ـ راست ئه‌كه‌ی‌ به‌خوا. دوعا كاریان تێ‌ ناكات. كۆڵیان لێ‌ بده‌ین باشتره‌.
× نا له‌به‌ر ئه‌وه‌ نا.. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ مولاحه‌زه‌م كردووه‌ هه‌رچی‌ ده‌ستكه‌وت و داهێنان و پێشكه‌وتنه‌كانه‌ له‌ زه‌مانی‌ زاڵمه‌كاندا هاتوونه‌ته‌دی‌. تۆ ته‌ماشاكه‌ بزانه‌ له‌ زه‌مانی‌ به‌عسدا كورد ئه‌ده‌ب و شیعرێكی‌ چه‌ند به‌رزی‌ هه‌بوو.
ـ ئاخر چونكه‌ شاعیره‌كان مه‌جبوربوون به‌ له‌ف و ده‌وه‌ران شته‌كان بڵێن.
× كه‌واته‌ به‌ساقه‌ی‌ له‌ف و ده‌وه‌ران بم.
ـ له‌وه‌ ئه‌چێ‌ تۆیش به‌م له‌ف و ده‌وه‌رانه‌ بته‌وێ‌ شتێ‌ بڵێ‌ ی‌.
× ماشه‌ڵـڵا كه‌ زیره‌كیت گه‌وره‌م. ئاخر بۆیه‌ خۆشم ئه‌وێ‌ ی‌.
ـ داخڵی‌ مه‌وزوع به‌.
× وه‌عدم ئه‌ده‌یتێ‌ به‌ قسه‌م بكه‌ی‌؟
ـ تۆ بیڵێ‌ بزانم چی‌ یه‌؟
× مه‌علوم دڵم ناشكێنی‌؟
ـ من كه‌ی‌ دڵی‌ تۆم شكاندووه‌ خوانه‌ناس؟!
× به‌رێ‌ وه‌ڵـڵا هه‌موو جارێ‌ ئه‌یشكێنی‌.. دووصه‌د و شه‌ش ئێسقانم هه‌یه‌ كه‌چی‌ تۆ قه‌ت ئێسقانێكت نه‌شكاندووم، هه‌ر دڵم ئه‌شكێنی‌.
ـ ئێستا ئه‌یڵێ‌ ی‌ یان…..
× ئه‌یڵێم قوربان تووڕه‌ مه‌به‌.. ئه‌وی‌ راستی‌ بێ‌ ئه‌مه‌وێ‌ جیابینه‌وه‌.. به‌شی‌ خۆم چیم به‌رئه‌كه‌وێ‌ بمده‌رێ‌ و ماڵت ئاوا.
ـ یه‌عنی‌ چی‌؟!
× یه‌عنی‌ با من و تۆش وه‌كو ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌ ئینشیقاق بكه‌ین.
ـ كه‌ره‌كه‌ر هه‌تیو.. ئینشیقاق له‌سه‌ر چی‌؟!… ئه‌م دوكانه‌ بچكۆله‌یه‌ نه‌ ته‌ماعی‌ تیایه‌ و نه‌ مه‌سڵه‌حه‌ت. له‌سه‌رچی‌ جیابینه‌وه‌؟
× له‌سه‌ر مه‌سائیلی‌ مه‌بده‌ئی‌.
ـ رۆڵه‌ گیان ئێمه‌ مه‌سائیلی‌ مه‌بده‌ئیمان كوا؟!
× نیمانه‌؟!.. ئیهی‌ ئیهی‌ ئیهی‌…..
ـ نه‌خێر نیمانه‌.. ئه‌وه‌ چیته‌؟
× ئیهی‌ ئیهی‌ ئیهی‌ ئیهی‌…..
ـ بۆچی‌ ئه‌گریت رۆڵه‌؟!
× ناگریم… حه‌ساسێتم هه‌یه‌.
ـ حه‌ساسێت به‌ چی‌؟
× به‌ قسه‌ی‌ راست.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*