سەرەکی » وتار » مسته‌فا ساڵح كه‌ریم‌ » ئه‌نجامه‌كانی‌ مۆركردنی‌ په‌یمانی‌ نێوان…

ئه‌نجامه‌كانی‌ مۆركردنی‌ په‌یمانی‌ نێوان…

ئه‌نجامه‌كانی‌ مۆركردنی‌ په‌یمانی‌ نێوان  هه‌ر دوو سه‌ندیكا

(72)

دوای‌ ئیمزا كردنی‌ یاداشتی‌ لێك تێگه‌یشتنی‌ نێوان هه‌ر دوو سه‌ندیكا به‌ هاندانی‌ شه‌هاب ته‌میمی‌ بڕیاری‌ دیدارێكی‌ گه‌وره‌ی‌ ڕۆژنامه‌نووسانی‌ عیراق درا كه‌ له‌ هه‌ولێر بگیرێ‌. وا ڕێ‌ كه‌وت كاك شه‌هاب سه‌فه‌رێكی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵاتی‌ كه‌وتبوه‌ ئه‌و ڕۆژانه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ نه‌یتوانی‌ بێت، جه‌ببار ته‌ڕاد شه‌ممه‌ریی‌ كه‌ جێگری‌ یه‌كه‌می‌ نه‌قیب بوو سه‌رقافڵه‌ی‌ كاروانه‌كه‌ی‌ ڕۆژنامه‌نووسانی‌ عیراق بوو.
* له‌هه‌مان كاتیشدا كاك فه‌رهاد عه‌ونی‌ نه‌قیبی‌ ڕۆژنامه‌نووسانی‌ كوردستان ئه‌و ڕۆژگاره‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نیشتمانیی‌ بوو له‌ به‌غدا، به‌هۆی‌ كێشه‌ی‌ فڕۆكه‌وه‌ فریای‌ ئاهه‌نگی‌ كردنه‌وه‌ی‌ دیداره‌كه‌ نه‌كه‌وت كه‌ له‌ ئوتێل تاوه‌ر ڕێكخرا، به‌ ته‌له‌فۆن ده‌سه‌ڵاتی‌ دا به‌ من بۆ سه‌رپه‌رشتی‌ و خوێندنه‌وه‌ی‌ وتاری‌ سه‌ندیكا.
* نوێنه‌رانی‌ ڕۆژنامه‌نووسانی‌ عیراق ناوی‌ پرشنگداریان تێدا بوو، له‌وانه‌ عالیه‌ گالب، حسام الصفار، د.ندی‌ عبود، د.منتهی‌ القیسی و گه‌لێك كه‌سایه‌تی‌ دیاری‌ بواری‌ ڕاگه‌یاندن، له‌ هه‌ولێریش جگه‌ له‌ ته‌واوی‌ ستافی‌ ئه‌نجومه‌ن ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ ڕۆژنامه‌نووسان به‌شدار بوون، هه‌روه‌ها له‌ لقه‌كانیشه‌وه‌ چه‌ندین ڕۆژنامه‌نووس بانگهێشت كرابوون، كاك شێركۆ حه‌بیب سكرتێری‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌، ڕۆڵێكی‌ شایسته‌ی‌ بینی‌ له‌ ڕێكخستنی‌ دیداره‌كه‌داو شوێن گرتن و كاروباره‌ ئیداری‌ و دارایی. سه‌ره‌تای‌ دیدار هه‌ریه‌ك له‌ جێگری‌ نه‌قیبی‌ ڕۆژنامه‌نووسانی‌ عیراق و جێگری‌ نه‌قیبی‌ ڕۆژنامه‌نووسانی‌ كوردستان سه‌رو وتاریان خوێنده‌وه‌، ئه‌مجا ئیتر چالاكیه‌ هه‌مه‌ جۆره‌كان ده‌ستی‌ پێ‌ كردو كاك فه‌رهادیش گه‌یشت و به‌شدارییه‌كی‌ پڕ به‌ره‌كه‌تی‌ كرد، چه‌ند ڕۆژێكی‌ زۆر خۆش و چه‌ند شه‌وێكی‌ خۆشتریش بۆ میوانان ڕێكخرابوو.
شیعرو مۆسیقاو بابه‌تی‌ هه‌مه‌ جۆرو باسی‌ چڕو پڕی‌ خه‌سڵه‌تی‌ ڕۆژنامه‌نووسیی‌ و ئیتیكی‌ ڕۆژنامه‌نووس و پابه‌ند بوون به‌ئه‌مانه‌ت و ڕاستگۆیی‌ و دوور بوون له‌ ناو زڕاندن و جه‌خت كردن له‌ به‌گژدا چوونی‌ گه‌نده‌ڵی‌ له‌ هه‌ر شوێنێ‌ بێ‌، ئه‌مانه‌ كاكڵی‌ دیداره‌كه‌مان بوو.
به‌ گه‌یشتنی‌ كاك فه‌رهاد زیاتر گوڕوتین به‌ چالاكیه‌كان درا، له‌ ئاخه‌رین شه‌ودا خاوه‌نی‌ ئوتێله‌كه‌ كاك حه‌یده‌ر ئاهه‌نگێكی‌ خۆشی‌ له‌سه‌ر ئه‌ركی‌ خۆی‌ بۆ میوانان ڕێك خستبوو.
* دوای‌ ئه‌م دیداره‌ تا ئه‌و كاته‌ی‌ به‌ڕێز شه‌هاب ته‌میمی‌ شه‌هید كرا هامشۆی‌ گه‌رم و گوڕی‌ هه‌ولێریان ده‌كرد، بۆ یادی‌ ساڵانه‌ی‌ ڕۆژنامه‌نووسیی‌ كوردیی‌، بۆ چالاكیه‌ هاوبه‌شه‌كان بۆ ئاهه‌نگی‌ كردنه‌وه‌ی‌ كۆنگره‌ی‌ دوه‌م، هه‌موو جارێك ته‌میمی‌ شه‌هید به‌خۆی‌ و وه‌فدێكه‌وه‌ ده‌گه‌یشته‌ هه‌ولێر، دروود بۆ گیانی‌ پاكی‌ ئه‌و جوامێره‌ی‌ به‌ڕاستی‌ دڵسۆز بوو بۆ ڕۆژنامه‌نووسان، بۆ وڵاته‌كه‌ی‌، هه‌روه‌هاش بۆ مه‌سه‌له‌ی‌ ڕه‌وای‌ كورد كه‌ له‌ دڵه‌وه‌ بڕوای‌ پێ‌ بوو.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*