سەرەکی » ئەدەب و هونەر » ژیاننامه‌ و فیلمه‌كانی مارلۆن براندۆ

ژیاننامه‌ و فیلمه‌كانی مارلۆن براندۆ

ئاماده‌كردنی: شڤان نه‌وزاد

مارلۆن براندۆ جۆنیۆر»Marlon Brando» له‌ 3/4/ 1924 له‌ ئۆماها/ نیبراسكا/ ئه‌مریكا له‌ دایكبووه‌، له‌ 1/7/2004 له‌ ویستهود/ له‌ كالیفۆرنیا مردووه‌. دایكی ناوی دۆدی بووه‌، شانۆكار بووه‌. باوكی مارلۆن براندۆ ئێس.ئاڕ، خاوه‌ن كارگه‌ی كیمایی بووه‌. مارلۆنی ئه‌كته‌ر و ده‌رهێنه‌ر و چالاكوانی مه‌ده‌نی. به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك ئیرله‌ندییه‌كی‌ كریستیان/ مه‌سیحییه‌.

سه‌ره‌تاكانی ژیانی مارلۆن براندۆ
مارلۆن براندۆ منداڵی سێیه‌م و دوا منداڵی خێزانه‌كه‌یه‌تی و خاوه‌نی دووخوشكی له‌ خۆی گه‌وره‌تره‌ به‌ناوی (جۆسیلین (1919 ــ 2005) و فرانسیس (1922 ــ 1994)، له‌ ساڵی (1935) و له‌ ته‌مه‌نی (11) سالێدا دایك و باوكی مارلۆن براندۆ لێكجودا ده‌بنه‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ هه‌رسێ منداڵه‌كه‌ لای دایكیان ده‌مێننه‌وه‌، كۆچ ده‌كه‌ن بۆ ناوچه‌یه‌كی شاری كالیفۆرنیا، به‌ناوی ئۆرانج، پاشان بۆ جارێكی دیكه‌ دایك و باوكی پێكدێنه‌وه‌ و كۆچ ده‌كه‌ن بۆ ئیلینوی له‌ باكووری شیكاگۆ. له‌ ساڵی (1940) براندۆ ده‌چێته‌ ده‌نێدرێته‌ ئه‌كادیمیای (شاتوك)ی سه‌ربازی له‌ ناوچه‌ی مینیسوتا و هه‌ر له‌وێش خولیای نواندی تێدا دروست ده‌بێت، به‌ڵام به‌هۆی خراپی ره‌فتاره‌وه‌ له‌ ئه‌كادیمیا ده‌رده‌كرێت و پاشان وه‌ك كرێكار له‌ هه‌ڵكه‌ندنی خه‌نده‌ق كاریكردووه‌. پاش ئه‌وه‌ش بۆ خوێندنی نواندن روو ده‌كاته‌ نیویۆرك.

ژیانی خێزانی مارلۆن براندۆ
مارلۆن براندۆ سێ جار ژنی هێناوه‌، به‌ڵام له‌هه‌ر سێكیاندا شكستی هێناوه‌ و به‌رده‌وام نه‌بووه‌، واته‌ به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و گوته‌یه‌ی كه‌ خۆی له‌ فیلمیThe Godfather ــ 1972 ده‌ڵێت (هه‌ر پیاوێك كاته‌كانی له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا به‌سه‌رنه‌بات پیاوێكی راسته‌قێنه‌ نییه‌)، به‌ڵام براندۆ ئه‌و كه‌سه‌ بوو پاش سێجار ژن هێنان كۆتاییه‌كانی ته‌مه‌نی به‌ ته‌نها ژیاوه‌، بۆ یه‌كه‌مینجار له‌گه‌ڵ خانمه‌ ئه‌كته‌رێك ژیانی هاوسه‌ری‌ دروست كرد به‌ناوی (ئانا كاشفی)، به‌ڵام ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ ته‌نها دوو ساڵ به‌رده‌وامبوو له‌ نێوان ساڵانی (1957 ــ 1959)، ژنی دووه‌می هێناوه‌ له‌گه‌ڵ خانمه‌ ئه‌كته‌رێك پێكهێنا به‌ناوی‌ (مۆڤیتا كاستانیدا) به‌ڵام ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ش ته‌نها دوو ساڵ درێژه‌ی كێشا، له‌ نێوان ساڵانی (1960 ــ 1962)، بۆ سێیه‌مین جار له‌گه‌ڵ ئه‌كته‌رێك ژیانی‌ هاوسه‌ری‌ پێكهێنا به‌ ناوی (تاریتا تیریپاییا) و ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ ماوه‌ی ده‌ ساڵ درێژه‌ی كێشا له‌ نێوان ساڵانی (1962 ــ 1972)، له‌ نێوان ساڵانی (1988 ــ 2001) په‌یوه‌ندی هه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ خزمه‌تكاره‌ گواتیمالاییه‌كه‌ی به‌ناو (كریستینا ماریا رویز) و سێ منداڵی لێی بووه‌، براندۆ خاوه‌نی (11) منداڵه‌، به‌ڵام، هیچ منداڵێكی له‌ هاوسه‌ره‌ فه‌رمییه‌كانی نین، واته‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی هاوسه‌ریی چه‌ندین په‌یوه‌ندی سۆزداری دیكه‌ی هه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند خانمێكدا له‌وانه‌ (كریستینا ماریا رویز) و (ریتا مۆرینۆ) و (سینسیا لین)، ماوه‌یه‌كیش له‌گه‌ڵ خانمه‌ ئه‌كته‌ر و مۆدێل (مارلین مۆنرۆ) له‌ په‌یوه‌ندیدا بووه‌. منداڵه‌كانی براندۆ (كریستیان1959ــ 2008)،(چێینی1970 ــ 1995)، (میلێس جۆناسان ــ 1992)،(سایمۆن تیهۆتو ــ 1963)، (تیمۆس گاهان ــ 1994)، (میكۆ كاستانیدا ــ 1961) ، (رێبێكا ــ 1966)،(راییاتوا ــ 1982)،(مایمیتی ــ 1977)،(نینا پریسیلا ــ 1989)،(لیسا ــ 1964). به‌ڵام له‌ ساڵی(1991) گه‌وره‌كه‌ی (كریستیان) به‌هۆی ته‌قه‌لێكردن و كوشتنی بۆیفرێندی خوشكه‌كه‌ی به‌ به‌هانه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ خوشكه‌كه‌ی باش نه‌بووه‌، بۆ ماوه‌ی ده‌ساڵ زیندانی ده‌كرێت و ئه‌م حاڵه‌ته‌ش كاریگه‌ریی ده‌روونی و عه‌قڵی زۆر خراپ ده‌كاته‌ سه‌ر (چێینی) و له‌ ساڵی (1995) خۆی هه‌ڵده‌واسێت»خۆی‌ ده‌كوژێت»

ژیانی هونه‌ری مارلۆن براندۆ
له‌ساڵی (1944) و له‌ ته‌مه‌نی (20) ساڵیدا ده‌ستیكردووه‌ به‌ كاری هونه‌ری و له‌ شانۆی (برۆدۆی)وه‌ ده‌ستیپێكردوه‌، له‌ ستودیۆی (ستۆدیۆی ئه‌كته‌ران) له‌ نیویۆرك له‌سه‌ر ده‌ستی (ستیلا ئادله‌ر)،(لی ستراسبێرگ) له‌سه‌ر شێوازی هونه‌ری (ستانسلاڤیسكی). هه‌ر له‌و ساڵه‌دا له‌ كارێكی شانۆییدا ده‌ركه‌وت (I Remember Mama) نووسینی (جۆن ڤان درۆتین) و (دیویت بۆدین) و ده‌رهێنانی (جۆرج ستیڤینس). كه‌ كارێكی شانۆیی سه‌ركه‌وتوبووه‌ و بۆ ماوه‌ی دووساڵ به‌رده‌وامبوو، پاشان له‌ ساڵی(1946) له‌ شانۆگه‌ری (قاوه‌خانه‌ی ترۆكلن) ده‌ركه‌وت و دواتر له‌ شانۆگه‌ری (كاندیدا) نووسینی (جۆرج بێرنارد شۆ) ده‌ركه‌وت، دواتر له‌ ساڵی (1947) ده‌رهێنه‌ری مه‌زن (ئیلیا كازان) پێشنیاری بۆ براندۆ كرد كه‌ رۆڵ بگێڕیت له‌ فیلمی(A Streetcar Named Desire) كه‌ نووسینی (تێنسی ویلیاس) و ده‌رهێنانی(ئیلیا كازان)، ئه‌ویش پێشنیاره‌كه‌ی قبووڵ كرد و له‌ ساڵی (1951) فیلمه‌كه‌ بڵاوبووه‌وه‌ و سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی تۆماركرد و بووه‌ به‌ردی بناغه‌ی كاری سینه‌مایی براندۆ و به‌هۆی رۆڵگێڕانه‌ ناوازه‌كه‌یه‌وه‌ سه‌رنجی بینه‌ران و سینه‌ماكارانی راكێشا و به‌و هۆیه‌وه‌ بۆ یه‌كه‌مجار له‌ كاروانی سینه‌مایی خۆیدا پاڵێورا بۆ خه‌ڵاتی ئۆسكار، خودی فیلمه‌كه‌ش بووه‌ (4) خه‌ڵاتی ئۆسكاری وه‌رگرت، سه‌ره‌تاكانی كاروانی هونه‌ری براندۆ له‌ ساڵی (1950) وه‌ به‌ رۆڵی سه‌ره‌كی له‌ فیلمی(The Men) له‌ ده‌رهێنانی (فرید زینیمان) ده‌ستپێده‌كات، پاشان بۆ جاری دووه‌م و له‌ ساڵی(1952) له‌گه‌ڵ ده‌رهێنه‌ر (ئیلیان كازان) له‌ فیلمێكی (ژیاننامه‌/مێژوویی) به‌ ناوی(!Viva Zapata) ده‌ركه‌وت و فیلمه‌كه‌ سه‌ركه‌وتنێكی باشی به‌ده‌ستهێنا و بووه‌ براوه‌ی خه‌ڵاتێكی ئۆسكار، پاشان بۆ سێیه‌مینجار و له‌ ساڵی (1954) له‌گه‌ڵ ده‌رهێنه‌ر (ئیلیا كازان) له‌ فیلمێكی (تاوان/دراما) به‌ ناوی»On the Waterfront» ده‌ركه‌وت، ئه‌م فیلمه‌ سه‌ركه‌وتنێكی بێ وێنه‌ی به‌ده‌ستهێنا و به‌هۆی نواندنه‌كه‌یه‌وه‌ براندۆ بۆ یه‌كه‌مینجار له‌ مێژووی هونه‌ری خۆیدا بووه‌ براوه‌ی خه‌ڵاتی ئۆسكار و خودی فیلمه‌كه‌ش بووه‌ خاوه‌نی (8) خه‌ڵاتی ئۆسكار، پاشان له‌ ساڵی (1957) له‌ فیلمێكی (رۆمانسی/دراما) به‌ ناوی (Sayonara) ده‌ركه‌وت، ئه‌م فیلمه‌ش سه‌ركه‌وتنێكی باشی به‌ ده‌ستهێنا و بووه‌ خاوه‌نی (4) خه‌ڵاتی ئۆسكار. له‌ نێوان ساڵانی (1951 ــ 1957) له‌ رۆڵی سه‌ره‌كیدا براندۆ چوار جار پاڵێوراو و یه‌ك جاریش براوه‌ی خه‌ڵاتی ئۆسكار بووه‌، ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كانه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دوو هۆی گرنگ یه‌كه‌م: ناوازه‌ی براندۆ له‌ رۆڵگێڕاندا، دووه‌م: گرنگی و لێهاتوویی ده‌رهێنه‌ر و نووسه‌ر و به‌رهه‌مهێنه‌ری (یۆنانی/ئه‌مریكی) (ئیلیا كازان (1909ــ 2003) ی براوه‌ی (2) خه‌ڵاتی ئۆسكار بووه‌. پاشان له‌ ساڵی (1961) وه‌ك ئه‌كته‌ر و ده‌رهێنه‌ر له‌ فیلمێكی (رۆژئاوایی/دراما) به‌ ناوی (One-Eyed Jacks) ده‌ركه‌وت، پاشان له‌ ساڵی (1972) له‌ به‌شی یه‌كه‌می فیلمێكی (تاوان/دراما) سێ به‌شیدا ده‌ركه‌وت كه‌ به‌ناوی (The Godfather) ده‌ركه‌وت، كه‌ به‌ یه‌كێك له‌ فیلمه‌ سه‌ركه‌وتو و مه‌زنه‌كانی مێژووی سینه‌مای ئه‌مریكا ده‌دانرێت، كه‌ به‌ روڵی سه‌ره‌كی و له‌ژێر ناوی (دۆن ڤیتۆ كۆرلیۆن)، رۆڵی گێڕا، فیلمه‌كه‌ ده‌رهێنانی (فرانسیس فۆرد كۆپۆلا) و نووسینی (ماریۆ پوزۆ، فرانسیس فۆرد كۆپۆلا)، ئه‌م فیلمه‌ بۆ براندۆ سه‌ركه‌وتن و ناوبانگێكی ئێجگار مه‌زنی هه‌بوو كه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی بۆ جاری دووه‌م بووه‌ خاوه‌نی خه‌ڵاتی ئۆسكار خودی فیلمه‌كه‌ش بووه‌ خاوه‌نی (3) خه‌ڵاتی ئۆسكار، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ هۆلیۆد له‌ شكاندنی هیندییه‌ سووره‌كان و خه‌ڵكانی ره‌سه‌نی ئه‌مریكا سیاسه‌تێكی كوشنده‌ی نواندووه‌ ئه‌مه‌ وایكرد وه‌ك ناڕه‌زایه‌تییه‌ك براندۆ ئاماده‌ی خه‌ڵاته‌كه‌ نه‌بێت و له‌جێی خۆی كچێكی به‌ره‌چه‌ڵه‌ك ئه‌مریكایی و به‌ پۆشاكی ره‌سه‌نه‌وه‌ به‌ناوی (ساشین لیتڵفیزه‌ر) خه‌ڵاته‌كه‌ وه‌ربگرێت. پاشان بۆ دووه‌مینجار له‌گه‌ڵ ده‌رهێنه‌ر (فرانسیس فۆرد كۆپۆلا) و له‌ ساڵی (1979) له‌ فیلمێكی (نهێنی/جه‌نگ) به‌ ناوی(Apocalypse Now) ده‌ركه‌وت و جارێكی دیكه‌ براندۆ درێژه‌ی به‌ سه‌ركه‌وتن و نووسینی مێژوویه‌كی دیكه‌ی زێڕینی له‌ ژیانی سینه‌مایی خۆیدادا و فیلمه‌كه‌ بووه‌ خاوه‌نی (2) خه‌ڵاتی ئۆسكار، كۆتایی ده‌ركه‌وتی له‌ فیلمێكی (ئاكشن/تاوان) له‌ ساڵی (2001) به‌ ناوی (The Score) هاوڕێ له‌گه‌ڵ رۆبێرت دی نیرۆ و ئێدوارد نۆرتۆن، به‌ڵام فیلمه‌كه‌ سه‌ركه‌وتنێكی باشی به‌ده‌ستنه‌هێنا، ئه‌گه‌رچی له‌و (39) فیلمه‌ی كه‌ براندۆ تێدا ده‌ركه‌تووه‌ رۆڵی ئێجگار قه‌شه‌نگ و سه‌وكه‌وتوی گێڕاوه‌، به‌ڵام خۆدی فیلمه‌كانی جگه‌ له‌چه‌ند فیلمێكی دیاری كراوی ئه‌وانه‌ی دیكه‌ی فیلمی زۆر سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون و ئاستیان مامناوه‌ند بووه‌. بینه‌ران و شاره‌زایانی سینه‌ما له‌رێگای ئه‌م شه‌ش فیلمه‌وه‌ سه‌ركه‌وتنی براندۆ ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن له‌وانه‌(A Streetcar Named Desire (1951))،(Viva Zapata! (1952))،(On the Waterfront (1954))،(The Godfather (1972))،(Last Tango in Paris (1972))،(Apocalypse Now (1979)). به‌پێی ئه‌و پۆلێنه‌ی رۆژنامه‌ی تایمز بڵاوی كردۆته‌وه‌ براندۆ به‌ یه‌كێك له‌(100)كاریگه‌رترین كه‌سایه‌تی (100) ساڵی سه‌ده‌ی بیسته‌م داده‌نرێت و له‌ ریزبه‌ندی ژماره‌ (4)دایه‌ و له‌ پاڵ هه‌ریه‌ك له‌ كه‌سایه‌تییه‌كانی (چارلی چاپلن و مارلین مۆنرۆ). براندۆ خاوه‌نی (2) خه‌ڵاتی ئۆسكار و خاوه‌نی (2) خه‌ڵاتی گۆڵدن گڵۆب و خاوه‌نی (3) خه‌ڵاتی بافتایه‌، خاوه‌نی (30) خه‌ڵات و پاڵێوراوی (35) خه‌ڵاتی دیكه‌یه‌. هه‌روه‌ها خاوه‌نی دوورگه‌یه‌كه‌ له‌ فه‌ره‌نسا و سه‌روه‌ته‌كه‌ی به‌ (100) ملیۆن دۆلار ده‌خه‌مڵێنریت، براندۆ له‌ كۆتاییه‌كانی ته‌مه‌نیدا كێشی زۆر زیادی كرد و بووه‌ (136) كیلۆ، هه‌روه‌ها نه‌خۆشی شه‌كره‌ و دڵ كاریگه‌ریی زۆر كوشنده‌ی له‌سه‌ر ته‌ندروستی به‌جێهێشت و له‌ ساڵی (2004) و له‌ ته‌مه‌نی(80) ساڵیدا له‌ كالیفۆرنیا كۆچی دوایی كرد.

سه‌رچاوه‌:

1.www.arageek.com

2.almalomat.com

 402 جار بینراوە