سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » یەكێتیی ئەوروپا سزای سەرۆكی بیلاڕوسیا دەدات

یەكێتیی ئەوروپا سزای سەرۆكی بیلاڕوسیا دەدات

چەند رۆژێك لەمەوبەر، وەزیرانی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا لە لۆكسمبۆرگ كۆبوونەوە ‌و تیایدا بڕیاریاندا سزا بەسەر ئەلیكساندەر لوكاشینكۆ سەرۆكی بیلاڕوسیادا بسەپێنن، بەهۆی ئەوەی هێزە ئەمنییەكانی حكومەتەكەی بە شێوەیەكی توند بەرەنگاری خۆپیشاندەرانی وڵاتەكەی بوونەتەوە و جگە لە بڵاوەپێكردنیان، 700 خۆپیشاندەریان دەستگیركردووە، وێڕای ئەوەی بە گوللەی هێزە ئەمنییەكان، ژمارەیەكیشیان لێ كوژرا ‌و بریندار بوون.

لە چەند رۆژی رابردووشدا، 40 كەسی تر لە كەسایەتی و بەرپرس و دەسەڵاتدارانی بیلاڕوسیا لەلایەن یەكێتیی ئەوروپاوە بڕیاردرا سزا بدرێن.

9 ی مانگی ئەیلول، لە بیلاڕوسیا كە ئەندامی یەكێتیی ئەوروپایە، هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی بەڕێوەچوو ‌و تیایدا سەركەوتنی لۆكاشینكۆ راگەیەنرا، كە ماوەی 26 ساڵە و بۆ جاری شەشەم سەرۆكایەتیی ئەو وڵاتە دەگرێتەوە دەست، ئەوەبوو لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە پڕۆسەكە بە ساختەكاریی وەسفكرا ‌و ئەنجامەكەیان رەتكردەوە، بۆیە ژمارەیەكی زۆر لە خەڵك و لایەنگر و هەوادارانیان رژانە سەر شەقامەكان و داوای سەرلەنوێ ئەنجامدانی هەڵبژاردنیان كردەوە ‌و ماوەی دوو مانگە ئەو ناڕەزایەتییانە درێژەیان هەیە.

سزاكەیان چییە؟
لە ناو لیستی سزادراوەكاندا، جگە لە سەرۆكی بیلاڕوسیا، ناوی هەریەك لە وەزیری ناوخۆ و فەرماندەی سەربازی ‌و سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان هەیە و سزاكە بریتییە لە دەستبەسەرداگرتنی سامانەكانیان و سڕكردنیان لە بانكەكان و قەدەغەی هاتوچۆیان بۆ ئەوروپا.

بە بۆچوونی چاودێرانی سیاسی، ئەو سزایانە دەستپێك دەبن بۆ سزای ئابووری گەورەتر و دەركردنی ئەو وڵاتە لە ئەندامێتیی یەكێتیی ئەوروپا، ئەگەر چاكسازیی ریشەیی لەو وڵاتەدا نەكرێت.

ئێستا دۆخەكە چۆنە؟
لە تازەترین پێشهاتدا ‌و لە ئەنجامی بەردەوامبوونی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیدا، سەرەتای ئەم هەفتەیە لە گردبوونەوەیەكی 10 هەزار كەسیدا لە شاری مینسك-ی پایتەخت، هێزە ئەمنییەكان نزیكەی 40 خۆپیشاندەریان دەستگیركرد. ئەمەش لە كاتێكدا بوو كە سەرۆكی بیلاڕوسیا رۆژی شەممەی رابردوو، سەردانی سەركردە دەستگیركراوەكانی ئۆپۆزسیۆنی كرد لە زینداندا ‌و لەگەڵیان كۆبۆتەوە ‌و گوێی لێگرتوون. بەپێی میدیاكانیش، لۆكاشینكۆ رایگەیاندووە، كە دەستوور گەڵاڵە دەكاتەوە و ئەو رێ و جێیانە دەگرێتەبەر، كە ئۆپۆزسیۆن ‌و هاووڵاتیان داوای دەكەن ‌و بۆیان جێبەجێ دەكات.

سەرچاوە: فرانس پرێس، یۆرۆنیوز

 148 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*